Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
بەسەرهاتی جەژنی قوربان … هەژێن

بەسەرهاتی جەژنی قوربان … هەژێن

Closed
by October 15, 2013 گشتی

 

 

 

 !کاتێك کە ئیبراهیم پەیامبەر وەك پابەندییەك بە ڕێسای دواکەوتووانەی خێڵەکانی چەند هەزار ساڵ پێش، ئاوای نیشاندا، کە ئەویش ئامادەیە کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت، بەپێی گێرانەوەکە، بەهۆی دەرکەوتنی مەرێکەوە ….. بڕیارەکەی گۆڕیوە

 

من لەو گێڕانەوە و بەسەرهاتەدا دوو شت دەبینم، کە ئەوڕۆکەش ڕامیارەکان و دەسەڵاتداران هەمان شتدەکەن :

یەکەم یا وەك ئەوەی کە ‘مایکڵ مۆڕ’ لە پاش ١١ی سێپتەمبەر لە بەرامبەر لەشکرکێشیی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفگانستان و ‌عیراق، لە پەرلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی دەپرسی “بۆچی کورەکانی خۆتان نانێرنە بەرەی جەنگ ؟”

ئەوانیش بۆ بەرگرتن لە دەرکەوتنی دەستەکەیان، وەڵامیاننەدەدایەوە یا دەیانکردە دەرەوە یا ئەگەر وەڵامیان بدایەتەوە، هەزار و یەك پاساویان بۆ دەتاشی. ئیبراهیم پەیامبەریش، بەو درۆیە “گوایە خودا مەڕێکی ناردووە، تاوەکو کوڕەکەی سەرنەبڕێت” خۆی لە ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیی خێڵەکەی ڕزگارکردووە، چونکە ئەوساش، تەنیا کوڕی هەژاران و خۆشباوەڕان شایستەی مردن بوون ! هەروەك چۆن ئەوڕۆکەش ئەوە تەنیا هەژارانی ناهوشیارن، کە پابەندی ئەم پووچگەراییە ماونەتەوە !

 

دووەم، یا دەتوانین بڵێین دڕندەیی خێڵەکەی ئیبراهیم و ڕێسا ئایینییەکانیان بە ڕادەیەك بووە، کە مەڕێك لە بەرامبەر دیمەنی ڕاکێشراوی کوڕی ئیبراهیم لەژێر چەقۆدا، فرمێسك زاوەتە چاویی و وەك هەر ئاژەڵێکی دیکە کە دەبێتە دۆستی خاوەن و شوانەکەی، بە باعەباع لە ئیبراهیمی پرسیوە ئەوە ‘ئیسماعیل’ی شوانەم بۆ سەردەبڕیت ؟ 

ئیدی ئیبراهیمیش بە هەڵبەستنی ئەو درۆیە، لەجیاتی شەرمەزاریی لەبەرامبەر مرۆڤدۆستی ئاژەڵان و هەستبەتاوانکردن، بە سەربڕینی مەڕەکە خۆی لە ئەنجامدانی ئەرکە خیڵەکیی و ئایینییەکەی دزیوەتەوە !

بە بۆچوونی من، ئەمانە ئەو دوو ئەگەرەن، کە بە پشتبەستن بە لۆجیك و تێگەییشتن لە کەتواری ئەو کاتە و داتا دراوەکانی نێو بەسەرهاتەکە، کەسی هزر ئازاد دەتوانێت لە سەرهەڵدانی ڕێسای قوربانیکردنی ئاژەڵ تێبگات.

 

لە کاتێکدا، هەموو ئایینداران و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و زانایان لەسەر باڵابوون و جیابوونی مرۆڤ پێدادەگرن، ئەگەر ئەم پاگەندە پووچ و بێبنەمایە وایە، ئەدی جیاوازی مرۆڤی سەرەتای هەزارەی سێیەم، کە هەموو ساڵ و ڕۆژ و ساتێك جەژنی کوشتن و ئازاردان دەگێرێت لەتەك گورگێك کە لە ناچاریی و ناهوشیاریی و بێدەرکییدا پەلاماری ئاژەڵان دەدات، چییە ؟

ئایا مرۆڤە مرۆڤکوژەکان و ئاژەڵکوژەکان و گۆشتخۆرەکان توانیویانە لە بنەچە ئاژەڵییە دڕندەیییەکەیان دووربکەونەوە، ئەگەر نا، ئیدی باڵابوونی ئێمەی مرۆڤ لە چێدایە و شانازی بە چییەوە دەکەین یا چیمان هەیە شایانی شانازییپێوەکردن بێت ؟

 

سەرەنجام، من ئاوای دەبینم، بەڕاستی دەبەنگییە، کە مرۆڤ هێشتا دەبەنگیی چەند هەزار ساڵەی خێڵەکی پیرۆز ڕابگرێت و سادیزمی خۆی بەسەر ئاژەڵی بێزیان و بێزماندا دامرکێنێتەوە. ئەگەر قسەش لەسەر ماف و ئازادییە، ئەوا هیچ کەس ماف و ئازادیی ئەوەی نییە، کەسی دیکە بکوژێت یا بۆ تێرکردنی گەدەی دڕندانەی قەسابخانە بۆ ئاژەڵان بەرپابکات، بەتایبەت مرۆڤ کە خۆی هوشیار و باڵا و بەدەرك دەزانێت، بۆی نییە لاسایی ئاژەڵە بەناچار دڕندەکان بکاتەوە. ئەگەر قسە لەسەر مافی ژیانە، ئەوا دەبێت هەموو بوونەوەرێك هەمان مافی هەبێت، ئەگەر قسە لەسەر بەجێهێنانی فەرمانی خودا ئافەرینراوەکانی نێو مێشکانە، ئەوا کەسانێك کە خۆیان ناچار بە قوربانیدان دەبینن و پێداگریی لەسەر دەکەن، با بڕۆن لەسەر کێوێك خۆیان بخەنەخوارەوە یا خۆیان بکوژن و خودا دڕندە و تینوو بەخوێنەکەیان ڕازی بکەن، بەڵام مافی سەربڕینی ئاژەڵ و خۆتەقاندنەوەیان لەنێو خەڵیکدا نییە و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤە ئازادیخواز و ئاژەڵدۆست و ژینگە پارێزەکان بەر بە دڕندایەتی ڕەوایەتیپێدراوی تاکەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، بگرن!

 

دە با هەموومان پێکەوە جیهانێك دوور لە ستەم و سەرکوت و ڕەنجخۆریی و نایەکسانی و  نادادوەریی چێبکەین و دوور لە ترس و پووچگەرایی، هەموو ڕۆژێکمان جەژن و گەردن ئازادی بێت؛ مرۆڤ ئازاد و ئاژەڵ دۆست و ژینگەش پارێزراو و ئاوەدان !

 

*******************

www.hezheen.tk

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.