Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

راگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

Closed
by October 17, 2013 شانۆ

 

 

 

 

کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تا ئێستا وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە راستای گەشەی شانۆی کوردی‌، بە هەوڵ و ماندوو بوون و کاری خۆبەخشی کۆمەڵێک شانۆکاری کورد لە ئەوروپا بە ئامانجی درووستکردنی مەکۆیەک بۆ شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، ئەمساڵیش واتە ساڵی ٢٠١٣ سێهەمین کۆنفڕانس لە رۆژەکانی ٤ و ٥ی ئوکتۆبر لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شارەکانی میونشن و نورنبێرگ بەڕێوە چوو.

لە دوو رۆژ کاری چڕ و پڕی کۆنفڕانسدا، کۆمەڵێک سمینار و باسی زانستی تایبەت بە شانۆ و چەمکە شانۆییەکان لە لایەن شانۆکارانی بیانی و هەروەها شانۆکارانی کوردەوە پێشکەش کرا. 

رۆژی یەکەمی کۆنفڕانس لە میونشن بەڕێوە چوو، کە جگە لە شانۆکارانی کورد کۆمەڵێک شانۆکاری بیانی لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، کۆلۆمبیا، بەڕازیل، پۆلۆنیا، سووریا، بەشداری کۆنفڕانسیان کرد و بە نوێنەرایەتی هەر کام لەو وڵاتانە شانۆکارێک سمینارێکی زانستی لە سەر مێژوو و ئەزموونی شانۆی وڵاتەکەی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، هەروەها بەڕێز هاوڕێ زەنگەنە بە نوێنەرایەتی شانۆکارانی کورد، باسێکی لە سەر شانۆ لە کوردستان و ئەزموونی شانۆ لە باشووری کوردستان پێشکەش بە ئامادە بوان کرد، و لە ئاکامدا بووە هۆی خۆشحاڵی ئامادە بوان و کۆمەڵێک وتووێژی بە نرخی لێکەوتەوە،  شانۆکارانی بیانی دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ شانۆکارانی کورد، ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە زۆرتر لە شانۆکارانی کوردستان نزیک ببنەوە و بە تایبەت بتوانن لەگەڵ شانۆکارانی کورد، لە کوردستان کاری شانۆیی هاوبەش پێشکەش بکەن.

رۆژی دووهەمی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بۆ سمیناری شانۆکارانی کورد بە زمانی کوردی؛ و بە میوانداری ناوەندی کولتووری کورد لە نۆرنبێرگ بەڕێوە چوو، سمینارەکانی رۆژی دووهەم بریتی بوون لە: 

– مەهدی جاف، شانۆکاری دانیشتووی وڵاتی سوید؛ سمینارێکی لە ژێر ناوی “تەنگەژەی کولتور پۆلەتیکی شانۆ لە کوردستان” پێشکەش کرد.

– جەمشید بەهرامی، شانۆکاری دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا؛ سمینارێکی لە ژێر ناوی “شانۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان” پێشکەش کرد.

–  دکتۆر شوان جافەر شانۆکاری دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا؛ سمینارێکی لە ژێر ناوی “رۆڵی شانۆ لە کاری رامیاری‌دا” پێشکەش کرد.

– خاتوو ئاوات سەدیقی نیا شانۆکاری دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا؛ سمینارێکی لە ژێر ناوی “تایبەتمەندییەکانی شانۆیی لە چریکەی کوردی‌دا” پێشکەش کرد.

– هاوڕێ زەنگەنە شانۆکاری دانیشتوی وڵاتی ئەڵمانیا سمینارێکی لە ژێر ناوی “شانۆ وەکوو هزر بۆ ئیستاتیکای دانوستاندێکی نوێ” پێشکەش کرد.

دوای پێشکەش کردنی هەر سمینارێک، ماویەک تەرخان کرا بۆ پرسیارەکانی پێوەندیداری ئامادەبوان، و وەڵامی پێشکەشکاری سمینار و هەروەها راگۆڕینەوەی شانۆکارانی کورد لە هەمبەر شانۆ و تەوەری سەرەکی سمیناری پێشکەشکراو.

بەشی کۆتایی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بۆ پۆلۆنۆمی شانۆکاران کورد، کە بە بەشداری بەرپرسانی ناوەندی کولتووری کورد لە نورنبێرگ و کۆمەڵێک شانۆکارانی رێکخەری کۆنفڕانسەکە بەڕێوە چوو.

لە پۆلۆنۆمدا باسێکی گشتی لە سەر چۆنیەتی بەڕێوە چوونی کۆنفڕانس خرایەڕوو، و لایەنە باش و لاوازەکانی کۆنفڕانس لێکدرانەوە؛ دواتر دوای راگۆڕێنەوە لە چۆنیەتی و چۆنایەتی کونفڕانسەکانی داهاتوو کۆمەڵێک بڕیار پەسەند کران کە بریتی بوون لەم خاڵانە:

– کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا هەر دوو ساڵ جارێک دەبەسترێت.

– دەرگای کۆنفڕانس بۆ هەموو تاکێکی کورد ئاوەڵایە کە بەشداری چالاکانەی تێدا بکات.

– جگە لەوەی کۆنفڕانس پێگەیەکە بۆ کۆبوونەوەی شانۆکارانی کورد لە ئەورووپا، هەموو لایەنگران و ئۆگرانی شانۆ بۆیان هەیە بەشداری تێدا بکەن.

– بڕیاڕدرا شانۆکارانی کورد لەگەڵ شانۆکارانی بیانی چەند پرۆژەیەکی هاوبەشی شانۆیی بەڕێووە بەرن. بۆ وێنە لە ئەڵمانیادا شانۆکارانی کورد لەگەڵ شانۆکارانی بیانی بەشداربووی کۆنفڕانس لە شاری میونشن ناوەندێکی فەرمی شانۆیی درووست دەکەن، کە هەموو شانۆکارێکی کورد دەتوانێت لە دانیشتنی دامەزراندنی ئەو ناوەندەدا بەشداری بکات.

– بڕیاردرا هەموو سمینارەکانی شانۆکارانی بیانی و شانۆکارە کوردەکان کە لە کۆنفڕانس‌دا پێشکەش کران،لە کتێبێکدا چاپ بکرێت.  

– بەڕێز نەوزاد قەفتان بەرپرسی ناوەندی کولتووری کورد لە نورنبێرگ ئامادەیی خۆی و بەرپرسانی ناوەندی دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەکی کۆنفڕانس، لە ئاکامدا بەڕێز هاوڕێ زەنگەنە وەک یەکێک لە دامەزرێنەران و رێکخەرانی کۆنفڕانس، بڕیارەکانی داهاتووی کۆنفڕانسی خستە ئەستۆی ناوەندی کولتووری کورد لە نۆرنبێرگ و بڕیار درا ناوەند کۆنفڕانسی چوارەمی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا، لە ساڵی ٢٠١٥ بەڕێوە ببات.

–  بڕیاڕدرا کۆمیتەیەک لە شانۆکاران پێک بهێندرێت بۆ یارمەتیدانی ناوەندی کولتووری نۆرنبێرگ بۆ کۆنفڕانسەکانی داهاتوو و هەروەها ئەو کۆمیتەیە دەبێت داڕشتنی پرۆگرامی کۆنفڕانسی چوارەمی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا بگرێتە ئەستۆی خۆی.

– بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە کۆمەڵێک شانۆکار لە کوردستانەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداری کردن لە کۆنفڕانسدا،بەڵام بە هۆی لە بار نەبوونی هەل و مەرجی تایبەت نەیانتوانی بەشداری کۆنفڕانس بکەن، هەر بۆیە پۆلۆنۆم بڕیاڕی ئەوەی دا کە لە ساڵانی داهاتوودا ئامادەکارانی کۆنفڕانس هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەشداری شانۆکاری کوردستان لە کۆنفڕانسەکانی داهاتوودا. 

– بە پێی ئەوەی کە کۆمەڵێک شانۆکار لە کوردستانەوە داخوازیان پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی کە لە شێوەی ئەم جۆرە کۆنفڕانسە لە داهاتوودا لە کوردستان پێشکەش بکرێت، سەرجەم ئامادەبوانی پۆلۆنۆم ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە پێناو خزمەتی شانۆی کوردیدا هەموو ئەزموون و زانستێکی کۆنفڕانس بخرێتە بەردەستی هەر تاکێکی شانۆکار و هەر گرووپێکی شانۆیی و سەندیکا و بەرپرسانی ئەمڕۆی شانۆ لە کوردستاندا. 

دوای کۆتایی پۆلۆنۆم، سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا لە کەش و هەوایەکی دۆستانەدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

بە هیوای گەشەی هونەر بە گشتی و گەشەی شانۆ بە تایبەتی لە کوردستان

سێهەمین کۆنفڕانسی شانۆکارانی کورد لە ئەوروپا

د.شوان جافەر، هاوڕێ زەنگەنە، مەهدی جاف، ئاوات سدیقی نیا، جەمشید بەهرامی 

ئوکتۆبری ٢٠١٣ ئەڵمانیا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.