Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پێشنیارێک بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی خولی سێی هەرێمی کوردستان

پێشنیارێک بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی خولی سێی هەرێمی کوردستان

Closed
by November 1, 2013 گشتی

 

 

 

مرۆڤی بەتواناو خاوەن هزری یەکسانی خوازی و ئازادی بەخش، ئەو مرۆڤەیە کە خەمی لای کۆی کۆمەڵگاکەیەتی، نەک تەنها بیری لای پڕ کردنی گیرفان و گەدەی بێت، چونکە کاتێک گیرفان پڕکردن بوو بەکار و پێشەی هەر مرۆڤێک یان سیستەمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، ئەوکات، واتادار دەبێت بەوەی کە ئەو گیرفان پڕ کردنە لە چەوساندنەوەی چینێکی کۆمەڵایەتیەوە بەدەست هاتوە و سەرچاوەی گرتوە.

دوای هەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣ بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، ئیتر ئەو پەرلەمانتارانەی پێشوو یاخود خولی سێەم، زۆرینەیان کۆتایی بە کاری پەرلەمانتارییان دێت و خانەنشین دەکرێن بە موچەیەکی زیاد لە پێویست، کەئەمەش بۆخۆی جێگای شەرمەزاریە بۆ ئەو پەرلەمانتارەی هێشتا لەتەمەنی گەنجیدایەو، پێی ڕەوایە خانەنشین بکرێت. لێرەدا باسەکەی من یان پێشنیارەکەم تایبەتە بە ئەو ٤٨ ملیۆن دینارەی کە قەرارە وەک  دیاری بدرێت بەو ١١١ پەرلەمانتارەی خولی سێیەم. دیارە موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک زۆر زیاترە لەوەی کە ئەمان بە حیساب نوێنەری خەڵک بن و بەڵام زۆرێک لە خەڵکی کوردستان و عێراق لە ئاستێکی زۆر نزمی گوزەراندنی ژیان کردندان تا ئەم ساتە وەختە. بەتایبەتیش لە عێراقێکی پڕ لە سامانی نەوتی و کشتوکاڵیدا، کە زیاد لە ٨ ملیۆن مرۆڤ لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن؟!!!!!!!!! ئەمە گەر مایەی شەرمەزاری نەبێت بۆ پەرلەمان و دەسەڵاتە حیزبیەکانی حکومەتی عێراق و کوردستان، دەبێت کام هۆکار هەبێت کە هەر پەرلەمانتارێک مانگانە زیاد لە ٦ ملیۆن دینار موچەکەی بێت و لەولاشەوە کۆمەڵگاکەی غەرقی نەخۆشی و پیسبونی ژینگە و هەژاری مرۆیی بوو بێت؟!.

ڕەنگە کوردستان بە ئەندازەیەک جیاوازی هەبێت لەگەڵ زۆرێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، لە ڕوی بژێویەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کوردستانیش بێبەری نیە لە کۆیەک لە گرفت و ژیان ناخۆشی بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیەکانی.

دیارە گەر پەرلەمان ئەو جێگایە بێت، کە وەک دامەزراوەیەکی ئیداری توانای کاریگەری کردنی هەبێت لەسەر خودی حکومەت و دەسەڵات، ئەو کات دەبێت خودی پەرلەمانتاران (گەر بەڕاستی نوێنەری خەڵکن و نوێنەری حیزب نین) ئەوکات ببن بەو نموونە لە خاوەن ڕەوشتی بەرزی سیاسیانە و، کاریگەری بکەنە سەر تەواوی ئەو دەسەڵاتەی کە کۆمەڵگا بەرەوە کۆیللە کردن دەبات. ئێستا لە کوردستاندا ڕۆژ نیە گوێ بیستی دەیان ڕوداوی هاتوو چۆ نەبین کە دەیان کەس تێیدا دەمرن و یان پەک کەوتە دەبن، بە هۆکاری خراپی ڕێگاو بانەکان. لەلایەکی دیەوە، ئاستی پیس بونی ژینگە و خودی ئەو خۆراکە بەسەر چوانەی دەهێنرێنە کوردستانەوە، بوون بەو هۆکارەی کە نەخۆشیەکانی وەک ژێر پەنجە و شەکرە و دەیان جۆری دیکەی نەخۆشی، ڕوو لە زیاد بوون دەکەن. ئاخۆ گەر پەرلەمەنتاران نوێنەری خەڵکی کوردستانن و بە دەنگی ئەو خەڵکە گەشتونەتە نێو هۆڵی پەرلەمان، بۆ نەیان توانیوە تا ئێستا کارێکی وا بکەن کە کۆمەڵگا ڕزگار بکرێت لەو دەرد و پەتایانەی کە یەخەی پێگرتوون؟

ئاوی سیروان، کە دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخانەوە، ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێت پیس بوە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، دەیان جار ئەو دەسەڵاتە بێباکە، پەیمانی داوە کە ئەو گرفتە چارەسەر بکات و ئاوەکە پاک بکریتەوە تا بەکەڵکی خواردنەوە بشێت، کەچی تا ئێستا هەر پەیمان بوە و کردار بونی نەبوە. لە دەربەندیخاندا ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی توشی نەخۆشی ژێرپەنجە بونە و تا ئێستا چەند کەس مردوون، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان دەرئەنجامی پیس بونی ئەو ئاوەیە، چونکە گەر ئاوەکە پاک بێت ئەو کات ئەگەری توش بوون بە جۆرەها نەخۆشیش کەمتر دەبێت!

پێشنیاری من بۆ سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی خولی سێەم ئەوەیە، کە ئەو بڕە پارەیە، بەدەستە جەمعی، بکەن بە پرۆژەیەک بۆ خاوێن کردنەوەی ئاوی دەربەندیخان و بسەلمێنن کە بەڕاستی ئێوە نوێنەری خەڵکن و نوێنەری حیزبەکانتان نین، کوردستان هەر لا زاخۆوە تا دەگات بە دوا سنوری لەگەڵ  عێراقدا هیچ جیاوازیەکی نیە، گەر پەرلەمانتار خۆی بە نوێنەری خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بزانێت. وەرن هەر لەم ڕێگایەوە، خودی حکومەتەکەشتان ئیحراج بکەن کە بە خێرایی دەست ببات بۆ تەرخان کردنی دوو هێندەی ئەو دیارەیەی کە بە ئێوە دەدرێت و بە هەردوو لاتانەوە دەتوانن ئەو خەڵکە ڕزگار بکەن لەو هەلومەرجە ناجوامیرانەی کە تێی کەوتوە. ئاخر سەختە بۆ خودی دەسەڵاتی حیزب بێت و بە کۆمەڵگا بڵێت؛ وەرە ببە بە پارتی یان یەکێتی یان گۆڕان یان ئیسلامی یان،،، دواتر خۆش بەختیتان بۆ دێنم. ئایا ئاوا بیر کردنەوەیەک دەچێتە خانەی دیموکراسیەتەوە یان دەچێتە نێو خانەی دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندنی دەسەڵاتدارێتیەوە؟

 ئێوەی پەرلەمانتار، هیچ یەکتان هەژار نین لە ڕووی مادییەوە و کەسیشتان کرێچی نین، بگرە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بوون بە خاوەن داهاتی زیاد لە پێویستیش، (دیارە لە سایەی سەری هەڵخەڵەتاندنی خەڵکیەوە لەکاتی بانگەشەی  هەڵبژاردنەکاندا، کە پەیمانتان دەدا گەر چونە پەرلەمانەوە، چۆن جیهانێکی بەختەوەری و پڕ لە ئازادی و شانازی کردن بۆ کۆمەڵگا وەدەست دەخەن) ڕاستیەکەشی تا ئێستا، تەنها پێچەوانەی ئەو بانگەشانە دەرچوون .

بۆیە دەمەوێت لە ڕێگای ئەم پێشنیارەمەوە، ئەو دیاریەتان بە کۆ بخەنە خزمەتی ئاوا پرۆژەیەکەوە، نەک هەریەک لای خۆیەوە دەڵێت دەیخەمە سەر بانکی نەخۆشخانەی هیوا یان دەیدەم بە خەڵکی هەژار یان….، چونکە ئەوە چارەسەری تەواو نیە، کێشەکان دەبێت لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکرێت، نەک سەرچاوە پیس بێت و تۆ لە لقەکانیەوە بە شوێن چارەسەریدا بگەڕێیت!!!!

بەهیوام بتوانن ئەو ئازایەتیەتان تێدا بێت کە بتوانن وەڵامی ئەم پێشنیارەم بدەنەوە، گەر بەڕاستی ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن و نوێنەری بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی حیزبەکانتان نین. لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتمدا.

تاهیر حاجی حەسەن

٣١/١٠/٢٠١

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.