Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی

شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی

Closed
by November 11, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

کتێبی ( شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی ) کتێبێکی هەرە نایابی نێو کتێبخانەی ئەدەبی ئەمریکایە ، ئامادەکردن و نووسینی لەلایەن پۆل هوڤێرە .. نزیکەی هەزار لاپەڕەیەک دەبێت . ئەم کتێبە بەرهەمی ١١٣ شاعیری هاوچەرخ لەگەڵ کورتەیەک لە زیان و داهێنانەکانیان و ٥٥٧ شیعری لەخۆ گرتووە ، هەروەها ١٥ وتار و لێکۆلینەوەی شیعری کە لە لایەن ئەو نووسەرانەوە نووسراون ، کە لە گۆشەی جیاوازەوە لە شیعر و نووسین و داهێنانیان ڕوانیوە و هاوکات پەیوەندی نێوان شیعر و زمان و ئیستاتیکا و ستایلی جودا و نویخوازی و زۆرێک لە بنەما و پێکهاتەی تر ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە گوتاری شیعری و بە داهێنانەوە هەیە . نووسین و شیعری ئەو شاعیرە هاوچەرخانەی کە پێیان وابوو ، نوێخوازی بریتیە لە گەران و هەولی بەردەوام لەنێو ڕووبەرەکانی زمان بۆ کەشفکردن و دۆزینەوەی هێما و مانا و دەستەواژەی نوێ ، یان دووبارە ناونانەوەی وشەکان و بنیادنانەوەی پەیوەندیەکانی نێوان چەمک و هێما و کۆدەکان . بۆ نموونە وتارێکی ” چارلس ئۆلسن ” لە ساڵی ١٩٥٠  ، لە ڕاستیدا مانیفێستێکی شیعر بوو بەناوی ( Projective verse  ) لەو وتارەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بونیادی شیعر دەکات لەڕووی ماناوە .. بەو مەبەستەی مەرج نیە هەموو بونیادی شیعرەکە لەسەر یەک مانای بڕوات یان یەک مانای هەبێت .. وەک ئەو پێکهاتە تەقلیدیەی کە ( سەرەتا و ناوەڕۆک و کۆتایی ) لەسەر هێلێکی راست بڕوات . دەکرێ هەر کۆپلەیەک ، هەر دێرێک مانایەکی دیاری کراو و سەربەخۆی هەبێت .. ئۆلسن لەم وتارەی ئازادیەکی فراوانتر بە وشەکان و ڕستە شیعریەکان و کۆپلە شیعریەکان دەبەخشێ و لەنێو بازنەیەکی داخراوی مانا دەریان دەهێنێ ، ڕووبەرێکی فراوانتریان دەخاتە بەردەم . بە مانایەکی تر ئەم مانیفێستەی ئۆلسن هەولێک بوو بۆ  تێکشکاندنی بەها و پیرۆزی مانا و هەڵوەشاندنەوەی میتافیزیقیەتی مانا لە دەق ، ئۆلسن پێی وابوو ، مانایەکی یەکڕەنگ و نەگۆڕ وەک ڕاستیەکی ڕەها بوونی نیە  ..  ئەم ڕوانینەی ئۆلسن بۆ زمان و بونیادی شیعری بۆ سەرەتای پەنجاکان ، ڕوانینێکی تەواو نوێ و هاوچەرخ و تەواو جیاواز بوو . لەهامانکات کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر ستایل و گۆشەنیگای نوێخوازانەی شاعیرانی هاوتەمەنی خۆی .. یان وتارێکی تر کە لەلایەن ستیڤ ماکفێری نووسراوە ، دەکرێ ناوەڕۆکی ئەم وتارە لەوەدا کورت کەینەوە کە ئیشکردن لەسەر پێکهاتە زمانەوانیەکانی دەق و کاریگەری زمان لەسەر دەق ، بە مانای ئەگەر نووسین موغامەرەیەک بێت لە پێناو زماندا ، چۆنیەتی مەمەلەکردن و چۆنیەتی ئاکت کردن لەنێو ڕووبەری ئەم موغامەرەیە و لە پێنا و بونیادی دەقێکی سەرکەوتوو بە فۆرم و ستایلێکی نوێ و جیاوازەوە ، لە دیوێکی تری ئەم وتارە باس لە پەیوەندی و کاریگەریەکانی شاعیر و خوێنەر یان وەرگر و دەق دەکات ، هاوکات ستیڤ جەخت لەوە دەکات گرینگی دان بە هێما و کۆدەکان زیاتر لە وشە ، لە ڕوانگەیەکی فرۆیدیانەوە لە پێکهاتەی زمانی دەق دەروانێت . لە سەرەتای کتێبەکە ، پۆل هوڤێر پێشەکیەکی دڕێژ و هەمەلایەنەی بۆ کتێبەکە نووسیوە و بە هەناسەیەکی درێژەوە باس لە شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی و سەرەتای دەسپێکردن و سەرهەڵدان وگەشەکردنی دەکات ، هەروەها باسی ئەو سیما هاوچەرخ و یاخیانە دەکات کە بوونە هۆی بەرهەمهێنانی شیعری پۆستمۆدێرنی و کاریگەری دانان لەسەر نوێبوونەوەی شیعری ئەمریکی ، هەروەها قوتابخانە شیعرییەکانی نێو ئەم تەوژمە پۆستمۆدێرنیە بۆ نموونە وەک قوتابخانەکانی 

black mountain poetry

New York school

Language poetry

Beat poetry

هەوڵدەدەین لە خوارەوە ، هەریەکێک لەو قوتابخانە و تەوژمە ئەدەبی و شیعرییانە بە کورتی بناسێنین .

Black mountain school ئەم قوتابخانە شیعریە لە سەرەتادا پەیمانگایەکی هونەری بوو ، بیناکەی لە کەنیسەیەک بوو لە هەورازێک بە ناوی ( چیای ڕەش ) لە ساڵی ١٩٣٣ دروست بوو تا ساڵی ١٩٥٦ .. وانەی هونەری تیا دەگووترا .. وانەکانی  شێوەکاری و مۆسیقا و شیعریش یەکێک بوو لە بابەتەکان .. دواتر وەک قوتابخانەیەکی شیعری هاوچەرخ و نوێخواز بە ناوی ( قوتابخانەی چیای ڕەش ) ناویان دەرکرد . شاعیرە دیار و ناسراوەکانی ئەمانە بوون ( ڕۆبێرت کریلی ، ڕۆبێرت دانکان، دەنیز لێڤەرتۆڤ ، چارلس ئۆلسن و ولیەم کارلۆس ولیەم ، … ) لە ڕووی مەعریفەی شیعری و توانای شیعری کەسەکانی لێهاتوو و بە توانا بوون .. بە تایبەت چارلس ئۆلسن ، لە ئاستێکی فراوان وەک بیرمەندێک و تەنانەت وەک فەیلەسوفێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئەمریکیدا ناسراو بوو . مانیفێستە شیعریەکەی کاریگەری و  زۆری لەسەر شیعری ئەمریکی دانابوو .. بەتایبەت لەسەر پێکهاتە و بونیاد و مانا و فۆرمی نوێ و زۆر لایەنی تر . ڕۆبێرت کریلی و دەنیز لێڤەرتۆڤ دوو کەسایەتی ناسراوی پڕ داهێنانی ئەم قوتابخانەیە بوون ، دەنیز لێڤەرتۆڤ بە نووسینی شیعری سیاسی بەناوبانگ بوو  .. ئەزرا پاوەند وەک بیرمەندێک و شاعیرێک لە نووسەران و شاعیرانی چیای ڕەش زۆر نزیک بوو .. ئەم قوتابخانە شیعریە ڕۆلێکی کاریگەری هەبوو لە سەرهەڵدانی شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی .

 New York school     ئەم قوتابخانەیەش لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری نیۆرک سەریهەڵداوە .. شاعیرە دیار و ناسراوەکانیان ئەمانەن ( جۆن ئەشبێری ، بەربارا گەست ، کەنێس کۆست ، فرانک ئۆهارا …) شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە زۆر بە تۆخی لەژێر کاریگەری سوریالیستەکان و مۆدێرنیستەکان بوون .. شاعیرانی قوتابخانەی نیۆرک هەم کەسانی جدی و هەم ئایرۆنی بوون .. بە حەزەرەوە دەیاننوسی ، جگە لە شێوازی نویی نووسین ، بەرگری زۆریان لە مرۆڤ و ماف و ئازادیەکانی تاک دەکرد .. ماف و ئازادیەکانی تاک چەقی قوڕسایی ئیشکردن و بیرکردنەوەکانی ئەم گروپە بوون . لە هەمانکاتیش گرنگی زۆریان بە هونەری شێوەکاری دەدا .. زۆرێک لە شاعیرەکان هونەرمەندی شێوەکاریش بوون .. شاعیرانی قوتابخانەی نیۆرک لە ڕووی پەیوەندی و دۆستایەتیەوە لەگەڵ هونەرمەندە شێوەکاریەکان لە پەیوەندیەکی بەهێزدا بوون . بەتایبەت لەگەڵ ( چارلس پۆلۆک و ولیەم دیکۆنین ) .. هەروەها فرانک ئۆهارا و جەیمس سیلەر لە مۆزەخانەی ( هونەری مۆدێرم ) کاریان دەکرد .

 

Beat poetry school   قوتابخانەی شیعری بییت لە سەرەتای ١٩٤٠ سەری هەڵدا و گەشەی کرد .. لە شارەکانی نیۆرک و وێست کۆست و  بەڵام شاری سانفرانسیسکۆ وەک ناوکۆکە و دڵی ئەم قوتابخانەیە بوو .. لە سەرەتای ساڵەکانی پەنجا واتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هەوڵ و داهێنانەکانیان لەوپەڕیدا دەبێت . شاعیرە دیار و ناسراوەکانیان ئەمانەبوون ( ئالێن گێنسبێرگ ، گێری سنیدێر ، لۆرانس فێرلێنێتی ، گریکۆری کۆرسی ..) شاعیرانی ئەم قوتابخانە شیعریە گرینگیان بە کەلتوور و سیاسەت دەدا .. بیرکردنەوە و پرسیارەکانیان لە پەیوەند ئەم چەمکانە چڕکربوویەوە . زۆر لە شاعیرانی بزووتنەوەی فڕانسیسکۆی ڕێنسانسەوە نزیک بوون . بەتایبەت لەگەڵ ( کەنێس ڕێکسڕۆت و ڕۆبێرت دانجان ) وەک گرووپێکی ڕادیکال بە دژی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و کەلتوورە دواکەوتووەکان و شێوازەکانی ئەدەبی تەقلیدی کاریان دەکرد .. ئەمانیش وەکو سوریالیستەکان باوەڕیان بە هەستی لاشعوری و نائاگایی هەبوو .. دەرمانی بێهۆشکەریان بەکار دەهێنا تا بگەنە ئاستی هالۆسینەیشن و بێئاگایی ، لاسایی کەسە ئاینیەکانیان بەتایبەت بودیەکان دەکردەوە .. لە نێو دونیای بێئاگایی دەقەکانیان دەنووسی .

The language school of poetry   ئەم قوتابخانە شیعریەش لە ساڵی ١٩٧٠دەستی پێکرد ، بۆ وەڵامدانەوە بە ستایلی تەقلیدیەکانی شیعری ئەمریکی و فۆرمە کۆنەکانی . لە پاژنەی پێیەکانی قوتابخانەی چیای ڕەش و قوتابخانەی نیۆرکەوە هاتبوون .. واتە درێژکراوەی ئەوان بوون . ئامانجی ئەم قوتابخانە شیعریە ئەوە بوو ، لەنێو ڕووبەری زمان زیاتر چڕ ببنەوە و مانایەکی تر بە زمان و شیعر ببەخشن ، هاوکات پەیوەندی نێوان وەرگر و دەق ببەنە ئاستێکی تر .. لەگەڵ ئەم پەیوەندیە ئەدەبیە زمانەوانیە بەشداریان لە سیاسەت دەکرد .. سیمای دیار و هەوڵەکانی ئەم قوتابخانە شیعریە زمان بوو .. زمان لە پێنا و دروستکردنی بیرۆکە و هێما و چەمکی نوێ .. ئیشی زۆریان لەسەر مانا دەکرد ، بیرۆکە و مانا و کۆد و وشەکانیان لە رێی گەمەکانیان و مەمالەکردنیان لەگەڵ زمان دەخستە ڕوو . هەوڵیان دەدا خوێنەر بەشدار بکەن لە دەقەکانیان .. خوێنەریان هاندەدا لە ڕیی خوێندنەوە و قووڵبوونەوەیان لە دەقەکان مانای دەق و وشە و هێماکان شیبکەنەوە . ئەویش لە ڕێکە هەلوەشاندنەوەی مانا ی دەقەکە و دووبارە بونیادنانەوەی ، گەیشتن بە خوێندنەوە و مانایەکی نوێ بۆ تێکستەکە .. ئەم گرووپە گرنگیان بە پەخشانیش دەدا و وتاری ئەدەبیشیان  زۆر دەنووسی . لەسەر ئامانج و شیوازی نووسین و داهێنانەکان و جیاوازیەکانیان .. ڕۆن سمێل مان ی شاعیر یەکێک لە وتارنووسە بەناوبانگەکانیان بوو .. یان لین هێژینەین ئەم شاعیرە وتارە ئەدەبیەکانی لە کتێبێک کۆدەکاتەوە بە ناوی ( the language of ingurity  ) لە یەکێک لە وتارەکان دەلێت ( زمان هیچ نیە جگە لە مانا ، مانا هیچ نیە جگە لە تەوژمێکی نێو دەق ، ئەو دەقانەی بە دەگمەن لەنێو وینەکان کۆدەبنەوە و یان دەبن بە چەمکی نوێ ……) جگە لەم دوو شاعیرە ، شاعیرە دیارەکانی ئەم قوتابخانەیەش ئەمانە بوون ( چارلز بێرنستین ، بارێک واتین ، باب پێریلمان ..) . شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی جگە لە شاعیرانی ئەم چوار قوتابخانە شیعریە زۆرێک لە شاعیرانی تریش کە لەدەرەوەی ئەم قوتابخانانە بوون ، هەندێکیان بە شاعیرانی یاخی  ناویان دەبردن و زۆرانی تر .. هەروەها زۆرێک لە شاعیرانی نەوەی نوێش چونکە شیعری پۆستمۆدێرن وەک و تەوژمێک هەتا ئێستاش  هەر بەردەوەوامە ..  زۆرێک لەو شاعیرانە سەرسامبوون بە تەوژم و شاعیرانی ( ئاڤان گرەیدی ) ئەوروپی .. بە پێی زۆرێک لە سەرچاوەکان ( پۆستمۆدێرنیزم ) وەک قۆناغێک لە شەستەکانەوە دەست پێدەکات بەڵام بە پێی پێشەکیەکەی پۆل هوڤێر شیعری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی لە پەنجاکانەوە دەست پێدەکات .. ئەوەتا لە سەرەتای نووسینەکەی لە شوێنێک دەڵیت ( چارلس ئۆلسن لەسەرەتای ١٩٥١ وشەی پۆستمۆدێرنیزمی لە نامەیەکدا بۆ ڕۆبەرت کریلی لە چیای ڕەش نووسیوە ) ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی ترەوە ، ئەو شاعیر و قوتابخانانەی لەم کتێبەدا ناویان هاتووە و ڕۆلیان بووە لە بنیاتنانی شیعری پۆسمۆدێرنی ئەمریکی ، ئەو شاعیر و قوتابخانە شیعریانە بوون کە لە چلەکانەوە بەدواوە . بۆیە دەتوانین بلێین شیعری مۆدێرنیستی ئەمریکی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە ئەویش ( پۆستمۆدێرنیزم ) ە . هەروەها پۆل هوڤەر باسی ئەوەمان بۆ دەکات ، کەوا پۆستمۆدێرنیزم چەندین بیرمەندی بە دنیای ئەدەب و مەعریفە بەخشی لەوانە ( جاک لاکان و جاک دریدا و جولیا کریستیڤا و بێل هوکس و ……… و ) چەندانی تر ، جولیا و بێل هەم بیرمەند و هەم هەڵسووڕاوی کارای بواری فیمینیستی بوون . پۆل هۆڤێر لەسەر شێواز و ستایلی نووسینی شاعیرە پۆستمۆدێرنەکان پیی وابوو شاعیرانی ئەم گرووپانە فۆرم و ستایلەکانیان هاوچەرخانە و لە یەکتریەوە نزیک بوون ، لە هەمانکات جیاوازیش بوون .. یان پیی وابوو زۆرێک لەم شاعیرانە لە پێناو زمان فۆرمەکان دیاردەکەن ئەمەش بۆ خولقاندنی سیمایەکی نوی . ئەراگۆنی شاعیر لە شوێنێک دەلێ ( پێویستە نووسین کردارێکی سیحری بێت کە بتوانێ سیحر وەبەرهەم بێنێت ) .. شیعری پۆستمۆدیرنی لەسەر ئەم سیحرە ئیش دەکات ، لەسەر بنەما و پاشخانێکی مەعریفیەوە گومان و پرسیاری نوێ بەرهەم دەهێنێ . لە شیعری پۆستمۆدێرنیزم زەمەن بە هێلێکی ڕاست و ئاسۆییدا  ( ڕابردوو ، ئێستا ، داهاتوو ) ناروات .. ڕابردوو ئەو بناغە تۆکمە و ئەو کاریگەریە تۆخەی نیە ، زیاتر ئیش لە ئێستادا دەکات و هاوکات ڕووە و ئایندەش .. ئەوە بەو مانایەی نیە ڕابردوو هیچ کاریگەریەکی نیە لە رووبەری شیعری پۆستمۆدێرنی .. بەمانایەک شیعری پۆستمۆدێرن هێندەی لەسەر کەلتوور ئیش دەکات هێندە لەسەر مێژوو ئیش ناکات ، زیاتر بە ناخی پەیوەندی تاکەکان و ژیانی ڕۆژانە و بۆ ناوەوەی تاکەکان شۆڕدەبێتەوە ، بە دیوێکی تر لە کەنارەوە بەرە و قووڵاییەکان دەڕوات لە ڕێگای هونەری زمان و بەکارهێنانی پارادۆکس و گومان و دووبارەبوونەوە و پرسیارکردن و زۆر شتیتر . 

 

شیعری پۆستمۆدێرن و یان پۆسمۆدێرنیزم و شیعر

ئەگەر بمانەوێت باسی شیعری پۆستمۆدێرنی بکەین یان باسی پۆستمۆدێرنیزم بکەین ، ناتوانین باسی شیعری مۆدێرن یان باسی مۆدێرنیزم نەکەین .. ڕاستە هەندێک لە بیرمەندەکان پێیان وایە مۆدێرنیزم فەشەلی هێنا و لەبەرامبەر پڕۆژەو ئامانجەکانی شکستی خوارد ، بەڵام هەندێکی تر ، بە پێچەوانەی ئەم ڕوانینە بیردەکەنەوە و پێێان وایە مۆدێرنیزم شکستی نەخواردووە بەڵکو چۆتە قۆناغێکی تروە بە مانایەکی دیکە ، پستمۆدێرنیزم درێژکراوەی مۆدێرنیزمە .. ئەوەتا فرێدریک جیمسۆن دەڵێ ( پۆستمۆدێرنیزم هاوشێوە و هاوکۆپی مۆدێرنیزمە ) . بەڵام لە هەردوو قۆناغدا ، چ مۆدێرنیزم و چ پۆستمۆدێرنیزم لە ئەنجامی گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا و زانستە کۆمەلایەتیەکان و گەشەی شارستانیەت دروستبوون ،بە مانای ، ئەگەر ژیان وەکو دەقێکی ئەدەبی وەربگرین دەبینین فۆڕمەکانی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم نەیانتوانی بەرامبەر ئەم ستایلە نوییەی ژیان ڕێک و هاوتەریب بڕۆن . هەروەک ( ڤێرگینا وۆلف ) لە شوێنێکدا دەلێ ( هەموو پەیوەندییەکان گۆڕاون … ) بۆیە ژیان پێویستی بە فۆڕمێکی تر بوو لە ئەدەب و شیعر هاوکات پێویستی بە میتۆدێکی تر بوو بۆ بیرکردنەوە .. بۆیە فۆڕمێکی نوێ بە دیدگا و بیرکردنەوەی نوێ پشت بەستوو بە گەشەی زانست و مەعریفە و تەکنۆلۆژیا لە سەرەتای دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم واتە مۆدێرنیزم دواتر لە لە دوای ساڵەکانی پەنجاش بەناوی پۆستمۆدێرن خۆیان ڕاگەیاند ، بۆ وەڵامدانەوە بە فۆرمە کۆنەکانی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم و تەوژم و قوتابخانە کلاسیک و تەقلیدیەکانی پێش خۆیان . بۆ بە مۆدێرنکردنی کۆمەڵگە و دەستەبەربوون و وەڵامدانەوە بە ماف و ئازادیەکانی تاک و کەلتوورێکی شارستانی . گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی چ لە دەورانی مۆدێرنیزم یان پۆستمۆدێرنیزم ، گوتارێکی ڕەخنەیی زانستی عەقلانی بوو .. بە مانای دانانی یاساکان و بەڕێوەبردنی دەزگاکان لەسەر بنەمایەکی زانستی واتە لە هەموو بوارەکان زانست شوێنی ئایین و ئایدیۆلۆژیا دەگرێتەوە . چونکە زانست ئەو چوارچێوەیەیە ، دەتوانێت تەفسیر و شیکردنەوەیەکی واقیعی و دروست پێشکەش بە ژیان بکات .. هەروەک دەبینین سەدەی بیستەم سەدەی پاشەکشەی ئایین و ئایدیۆلۆژیایە .. سەدەی سەردەرهێنانی زانست و پێشکەویتنی تەکنەلۆژیایە .. بەمانایەک زانست دەبێتە هۆکارێک بۆ دۆزینەوە و خولقاندنی پرسیار و گومانی نوی . یان زانست و مەعریفە وەزیفەی سەرەکیان ئەوە دەبێت ژیان بەرە و پێشەوە ببەن و ئاسۆ و ڕووبەری بیرکردنەوە فراوانتر بکەن ، لە هەمانکاتیش ببن بە میتۆدێک بۆ بەرهەمهێنانی فکر ، یان بەمانایەکی تر زانست دەبێتە کەرەسەی بیرکردنەوە و داهێنان .. چونکە ناتواندرێ لە ئەدەبدا ، گومانی گەورە بخولقێندرێ گەر پشت بە مەعریفەیەکی گەورە نەبەسترێ ، یان ناتوانین پرسیاری گەورە بهێنیتە ئاراوە گەر زانست و مەعریفە نەبێتە کەرەسەی بیرکردنەمان .. بەمانایەکی تر ، عەقلی زانستی ناتوانێت کار بکات گەر میتۆدی بیرکردنەوە پشت بە بنەما مەعریفی و زانستیەکان نەبەستێت .. پۆستمۆدێرنیزم بە دژی کەلتوورە کۆن و تەقلیدیەکان دەوەستێ و لەبەرامبەردا کار بۆ کەلتوورێکی شارستانی و پێشکەوتوو دەکات . دەتوانین بە شۆرشی تەکنەلۆژی و دیموکراتی ناوی بەرین و وەک ڕێبازێکی فیکری زانستی یاخی لە واقیعی کۆمەلایەتی ..  ئەگەر لێرەوە مەبەستەکانمان جڕ کەینەوە و لە شئعری پۆستمۆدێرنی یان هەندێک لە ئەدگار و سیماکانی شیعری پۆستمۆدێرنی بخەینە ڕوو دەتوانین بڵێین ..

شیعری پۆستمۆدێرنی لەسەر گومان کاردەکات .. بە سوود وەرگرتن لە بیردۆزی نیسبی ئانیشتاین چونکە وەک چۆن تەکنەلۆژیا ژیان خێراتر دەکات بیری ئانیشتاینیش گۆشە نیگا و سیمای پۆستمۆدێرنی بە جیهانی کرد .. پۆستمۆدێرنەکان باوەڕیان بە هیچ بیرۆکەیەکی ڕەها و موتلەق و بە هیچ ڕاستیەک نیە  .. بوارێک بۆ ئەوی تر دەهێڵنەوە .. هەروەکو قسەیەکی بەناوبانگی پۆست مۆدێرنیستەکان هەیە کە دەڵێن ( ڕاستی نە لەلای منە نە لەلای تۆ بەڵکو لە هەمانکاتدا لای هەردووکمانە ) بەمانایەک هیچ شتێک حەقیقەتی ڕەها نیە ، بە گومانەوە لە هەموو شتێک دەڕوانن .. لە تەمەنی مۆدێرنیزم دونیا دەرگیری دوو شەڕی کاولکاری جیهانی بوو .. ئەمەش لە ئەنجامی باوەر هێنان بە حەقیقەتی ڕەها و بوار نەهێشتنەوە بۆ ئەوی بەرامبەر ، بۆیە هەندێ کەس پیێان وایە مۆدێرنیزم لە بەرامبەر هەندێک لە پڕۆژە و ئامانجەکانی خۆی شکستی خواردووە ، بەڵام پۆستمۆدێرنیزم بە گومانەوە لە هەموو شتێک دەڕوانێ و شیعری پۆستمۆدێرنی لەسەر ئەم گومانە کاردەکات . ڕەگەز و پێکهاتەیەکی تری شیعری پۆستمۆدێرنی ( پارادۆکسە ) .. بە مانای بەکارهێنانی دوو بیرۆکە و یان وشە و دوو چەمکی پێچەوانە و هاودژ لە یەک ڕستە یان لە یەک کۆپلەی شیعری بۆ خولقاندنی مانا و دەستەواژەیەکی نوێ .. ئەم بەکارهێنانی هاودژی و پارادۆکسیە لە شیعری پۆستمۆدێرنی زۆر دەبیندرێت بۆ نموونە ( ئێلین مایلێس ) لە شیعری ( خوێنبەربوونی دڵەکان ) دا دەلێ ..

ئێستا چی 

من ئیرەییم 

بە دوێنێ شەو دێت 

هەردووکمانی لە باوەش بوو

لە نێو 

مەچەکە ڕەشەکانی 

من ئەمڕۆ 

لە نێو 

ڕانەکانم ڕامگرتووە 

… ێکی بێ موو

خوێنی لێ دێ و 

دەلەرزێ

تەڕە

بە یادگاریە خەمناکەکان …. .

ئەگەر لەم شیعرە ورد بینەوە ، دەبینین پارادۆکسێکی تیایە کە قوڵی و جوانیەکی بێوێنەی بە شیعرەکە بەخشیوە .. ئەگەر ورد بینەوە و بڕوانین .. کۆ ئەندامی مێ یان نێر ، کاتی لەرزین و تەربوون ئەوکاتەیە ، گەیشتن بە لوتکەی لەزەت واتە ئۆرگازم .. گەیشتن بە ئۆرگازم بە تێکەڵاوبوونی ڕۆح و ئەتمۆسفیرێکی ڕۆمانسی یان ئیرۆسی و یادگاریە خۆش و لەزەتبەخشەکانەوە دەبێت ، نەک بە یادگارییە خەمناکەکان .. بە پێچەوانەوە ، یادگارییە خەمناکەکان حەز و ئارەزووەکانمان دەپووکێنێتەوە .. بەڵام شاعیر لە نێو ئەم خەیاڵە شیعرییە بە ئارەزووە خەمناکەکان دەمانگەیەنێتە لەرزین و تەڕبوون واتە دەمانگەیەنێتە ئۆرگازم .. پارادۆکس و هاودژیەکە لێرەدایە .. 

شیعری پۆستمۆدێرنی ستایلێکی دیاریکراوی نیە ، زۆرجاران بە ڕوالەت سادە و بەلام لە ناواخن و ڵە ڕووی ماناوە قووڵ .. ئێلین مایلێس ، هەر لەهەمان شیعر لە شوێنێکی تردا دەڵێ .

نازانم

بۆچی گەردوون 

منی هەڵبژارد 

ببم بە مێ یەکی 

جوانیەکی زۆر و

ئازارێکی بەردەوام …

نازانم بۆ گەردوون منی کرد بە مێ ؟ یان جوانیەکی زۆری بێوێنە و ئازارێکی بەردەوام .. لەنێو هەناوی ئەم پرسیارە چ گلەییەک لە گەردوون دەکات ؟ ، چ بێ ئەمەکی و بێوەفاییەکی گەردوون پێشان دەدات بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ ، جوانیەکی بێوێنە و ئازارێکی بەردەوام و ناخێکی پڕاوپڕ لە نائومێدی .. چ دەربەست و سپلە و بێهودەیە ژیان ؟ ئەم کۆپلە شیعرە بە ڕوالەت وشەکانی سادە و ناسکۆلەن بەلام ، چ قوولیەک و دوورنماییەک و هاودژیەک لەودێو پرسیار و وشە و هێماکاندا هەیە ؟. کێشە و ماف و ئازادی تاک و نا بەرابەری ڕەگەزی و تووڕەهاتی گەردوون و ژیان ، هەمووی لە پرسیارێک و لە جەند وشەیەکی ناسک خستۆتە روو .. سیما و رەگەزێکی تری شیعری پۆستمۆدێرنێ ئەوەیە ، ئاراستەکان بەرەو ناوەوەن ، بە مانایەک شاعیر خۆی دەنووسێتەوە و لە سەر حەز و ئارەزووەکان و هەستەکانی ناوەوەو ئومێد و خواستەکانی خۆی ئیش دەکات و یان گومان و نیگەرانیەکانی خۆی دەنووسیتەوە .. کەمتر وەک ڕۆمانسیەکان و ریالیستەکان ئیش لەسەر جوانیەکانی سروشت و داستانەکان و مەزنی پەروەردگار و ڕووداوەکان دەکەن .. زیاتر بە ناخی خۆیاندا دەچنە خوارەوە ..  هەروەک ( ڕۆبەرت کریلی ) لە شیعری ” باران  ” دا دەڵێت .

هەموو شەوەکە 

ئەم دەنگە دووبارە دەبوویەوە

جارێکی تریش ئەم بێدەنگیە 

بارانێکی بەردەوام

من کێم لە بەرامبەر خۆمدا

دەبێ بیرم نەچێ 

ئەو هەمیشە 

کاریگەری بەسەرمەوە هەیە …

 

لە شەوێکی خامۆشدا باران دەبارێ .. ئەمیش لە ژوورەوە ڕۆچووە بە نێو خەیاڵەکانیدا .. لە ئەتمۆسفیرێکی بێدەنگ ، ئەمیش دەروانێ و بیردەکاتەوە ، لە خۆی و پرسیار دەکات ، من کێم لەبەرامبەر خۆمدا ، بەدوای کەسەکەی ناوەوەی یان منەکەی خۆی دا دەگەرێ ، خۆی دوو کەسە منێکی نەناسرا و لەبەرامبەر خۆی .. لەهەمانکات نەک لەنێو قوڵایی ئەم بێدەنگیە نەک هەر بیر لە خۆی بەڵکو بیر لەو کەسەش دەکاتە کە هەمیشە کاریگەری بەسەریەوە هەیە . ئەم ڕۆچوونە بەناو ناخ و حەز و خەیاڵ و ئارەزووەکانی خود شێوازێک و سیمایەکی شیعری پۆستمۆدێرنە بە مانایەکی تر شیعری پۆستمۆدێرنی فۆرمێکە لوولدراو بە سیستەم و پێکهاتە دەروونیەکان و گوڵدانێکە پڕ لە پشکۆکانی حەزوو ئارەزوو .. سیمایەکی تری شیعری پۆستمۆدێرنی .. باوەڕیان بە نەهیلیزم ئەو پووچگەراییەی نێتشە بانگەشەی بۆ دەکرد هەیە ، تێکشکانی بەها و پیرۆزی شتەکان .. هیچ شتێک ئەو بەها و پیرۆزییەی نیە کە نەتوانی ڕەتی کەیتەوە ، مرۆڤ لوتکەی بەهاو پیرۆزیەکانە .. زۆرێک لە شاعیرانی پۆستمۆدێرنەکان ڕەچاوی خالبەندیان نەدەکرد بۆ شیعرەکانیان ، واتە باوەریان بە خالبەندی نەبوو ، ئەمەیان بۆ خوێنەر جێدەهێشت .. بۆ ئەوەی پەیوەندی خوێنەر  و دەق لە ئاستێکی باڵا بێت .. خوێنەر قووڵتر تێکەڵ بە دەقەکە بێت و وریاتر مەمەڵە لەگەڵ دەقەکەدا بکات . پۆستمۆدێرنیستەکان لە ڕێی پوخت بەکارهێنانی زمانەوە گۆڕانگاری گەورە لە دەق و پرسیاری گەورە دروست دەکەن ، لە ڕێی دووبارەکردنەوە و گەمەکردن بە وشەکان و بەمانای لەنێو ڕووبەر و پانتاییەکی فراوانتری زمان ، بەدواداگەڕان و کەشفەکانی خۆیان دەکەن ، هەروەها هارمۆنی و پەیوەندی نێوان کۆد و وشەکانیش لە هەر ڕستەیەک و کۆپلەیەک و وێنەیەک دەگۆڕێت ، هیچ کاتێک وشەکان و هێماکان خۆیان قەتیس ناکەن لەنێو بازنەی مانای ڕووتی وشەکان .. خوێنەریش بۆ تێگەیشتن لە مانا و بونیادی دەق و گەیشتن بە ڕووبەرە قووڵەکان و دۆزینەوەی پرسیارەکان ، پێویستی بە میتۆدی بیرکردنەوە و پاشخانێکی مەعریفی باڵا هەیە . 

 

                                                      تەموزی ٢٠١٣  

 

 

سەرچاوەکان :

Postmodern American Poetry

A NORRTON ANTHOLOGY

     Edited by       

PAUL HOOVER    

 

  POSTMODERNISM IN POETRY  –

POETS.ORG     –

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.