Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە بارەی (تازیەدارانی بەیەل) ی (غولام حوسێن ساعێدی)

لە بارەی (تازیەدارانی بەیەل) ی (غولام حوسێن ساعێدی)

Closed
by November 21, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

ئەو بەرهەمە نووسەرێکی نوێ بە ئەدەب و رۆشنبیری کوردی دەناسێنێت، یەکەم کاری ئەو نووسەرەیە وەردەگێڕدرێتە سەر زبانی کوردی. پێش بەرهەمەکە (بەرۆژ ئاکرەیی) (غولام حوسێن ساعێدی)یمان پێ دەناسێنێت. وێنەیەکی چڕوپڕی ئەو نوسەرەمان پێشان دەدات. کە خۆی وەک کارئەکتەرەکانی کەسێکە سەر بە دنیایەکی ماتەمینی، زیندانی کردن، تێهەڵدان، ئەشکەنجە، هەلاتن و ئازارەکانی تاراوگە.پنتە سەرەکییەکانی ژیانی ئەو بنیادەمەن.

وەک لە پێشەکییەکەشدا هاتووە چیڕۆکەکانی ساعێدی دنیای ماتەمینی کارمەند و هەژارانی کۆمەڵگە و نەزانین و خورافات و ئاین و مەرگە. هەوڵ دەدا زەوینەی فەوتان و پێشێلبوونی کەسایەتیی مرۆڤ لە کۆمەڵدا وێنا بکات.

ئەو بەرهەمە خوێنەر دوودڵ دەکات لە نێوان ئەوەی کە رۆمان بێت یان کۆمەڵە چیڕۆک، ئەگەرچی هەرکامەیان بێت، دنیا، کارئەکتەر، ریتم، وێنە، هەوا و کەشی جیهانەکە هەر یەک شتە و بەقەد سەرەدەرزییەک ناگۆڕێت. چ رۆمان بێت و چ کۆمەڵە چیرۆکێک، بە هەمان تەکنیک درێژدەبێتەوە و دەپچڕێت و دەست پێ دەکاتەوە.

کتێبێکی روونە و زۆر شتی لەبارەوە ناگوترێت، ئەوەی هەیە دنیایەکە خوێنەر بە ئاسانی تێی دەگات و دەیبینێت. کەسەکان وەک ئەوەی خەڵکی گەڕەک و گوندەکەی خۆت بن و هەموویان بناسیت و خزم و کەسوکارت بن. ئەوەندەی کەسن ئەوەندە کارئەکتەری ساعێدی نین کە خۆی قیافە و قەڵافەت و کنج و بۆن و بەرامە و کەسایەتییان بۆ درووست بکات. بەڵکو کەسانێکن خۆیان هەن و چوونەتە نێو چیڕۆکەکان، نەوەک ئەوەی لە چیڕۆکەکانەوە بێنە دەرێ. ئەوە خاڵێکی جوایەزی ئەو بەرهەمەیە دەگەڵ زۆرێک لەوانەی من دیومن. نووسەرانێک هێز لەوە دەبیننەوە کە خۆیان کارئەکتەر درووست بکەن، هەموو شتێکی ئەو کارئەکتەرانە خۆیان خەڵقی بکەن و لە کتێبەوە بەڕەڵای ژیانی بکەن. وەلێ ئەو بەرهەمە بە پێچەوانەیە، تاقانەش نییە لەو بوارەدا، وەلێ تەکنیکی گێڕانەوەی رووداو و بەسەرهاتەکان شتێک بە کەسەکان دەبەخشێت کە دەیانکاتە کارئەکتەر. بەوەی دەگەڵ بەسەرهاتی کەسەکان، کەسایەتییان لە شێوە و ناوەڕۆکدا دەگۆڕێن. ژیان و چارەنووسییان بزاوێکی وای تێدایە کە دەیانکاتە نمایندەی ئەو جیهانەی قووڵ پەلکێشییان دەکات. ئازارییان دەدات، شێتییان دەکات، نەخۆشییان دەکات، دەریان دەکات و دەیانکوژێت. 

ئەوەی جێگەی سەرنجی منە یەک نوختەیە، کە بە گۆڕینی کەس و رووداکان، چارەنووسێکی هاوبەش لەو دنیایەدا هەیە، کە ئەویش بەجێهێشتنی کەسەکانە لەو دنیایەدا. ئەو نوختەیە وەک تەکنیکیش فرە جوان بۆتە ئاماژە و رەنگدانەوەی ئەو دنیایە لە زیهنی(ساعێدی)دا، بەوەی کە لە نێوان پچڕان و دەست پێ کردنەوەی چیڕۆکەکاندا کارئەکتەرەکان هەمیشە بەجێدەمێنن، لە نەخۆشی و مەرگ و شێتی و بێزاری و نەهامەتییەکاندا. ئەمە لەسەر ئاستی تەکنیک و ناوەڕۆکدا بۆتەوە ئاماژەیەک بۆ ئەو دنیاییەی لە نەهامەتییەکانی خۆیدا بە جێهێڵراوە. دنیایەک لە نێو، مەرگ، شێتیی، برسێیتی، جەرگبڕیی و هەر ناوێک دەربڕین لە دۆخێکی خراو بکات داینێ و دنیاکە بەجێبێڵە.

خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە، کارێکی خاس بوو، دەستی (بەڕۆژ ئاکرەیی) خۆش بێت، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەو دنیایەدا بە جێمان دێڵێت.

غولام حوسێن ساعێدی

تازیەدارانی بەیەل

وەرگێڕانی: بەڕۆژ ئاکرەیی

کتێبی ئاراس ژمارە ١٢٦٧

چاپی یەکەم. چاپخانەی ئاراس.

 

 

وەرگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەیی

هۆشەنگ شێخ محەمەد

٠١/٠٤/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.