Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ئایا ئێمە لە کوێداین لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا؟

ئایا ئێمە لە کوێداین لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا؟

Closed

 

 

 

منداڵێکی چوارساڵانە لە یەکێک لە باخچەکانی ساوایانی شاری سلێمانی لە گەڵ یەکێک لە منداڵەکانی باخچەکەدا پێکدادەدەن و لێیان دەبێت بە شەڕێکی منداڵانە. لەو کاتەدا ئافرەتە سەرپەرشتیاریکەرەکە سەرقاڵ دەبێت بە کارێکی تایبەتی خۆی، هەتا بارەکە وای لێ دێت، کە منداڵی یەکەم بە هۆی پاڵنانێکەوە منداڵی دووەم بریندار دەکات. بەڕێوبەرایەتی باخچەکە بڕیاری دەرکردنی منداڵی یەکەم دەکەن. 

کیژۆڵەیەکی پانزە ساڵ لە بارێکی خێزانیی و پەروەردەیی دژواردا دەژی و بەڕێوبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەش شارەزای بار و دۆخی ژیانی ئەو کیژۆڵەیەن. ڕۆژێک لە قوتابخانە لەگەڵ قوتابییەکدا لێیان دەبێت بە هەرا و شەڕ و پێکدادان، هەتا ئەگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی جەستەیی. پاش ئەوەی کە دایکی کیژۆڵەکە بانگ دەکرێت، لە بری هەوڵ بۆ چارەسەر و گەڕان بەدوای شەڕەنگێزێتیی ئەو کیژۆڵەیەدا، مامۆستاکان هەڵدەستن بە بێبەها کردنی قوتابییەکە لەبەردەم دایکەکەدا و خستنە پاڵی شێتیی بەسەر کیژۆڵەکەدا. هاوکات یەکێک لە مامۆستاکان ئامۆژگارییەکی (یەکجار باش)ی دایکەکە دەکات، کاتێک پێی دەڵێت: تۆ بۆچی ئەو کچەت لە مەکتەب دەرناکەیت و پیاوێکی بۆ بدۆزیتەوە و بیدەیت بە شوو؟ هەموو ئەمانە لەبەردەم توێژەری کۆمەڵایەتی قوتابخانەکەدا ڕوودەدەن. دایکەکە بە غەم و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دێتە دەرەوە. 

ئەمە تەنها دوو نمونەن کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕویان داوە و بەر گوێی من کەوتووە و ئایا چەند ڕووداوی هاوشێوەی دیکە ڕوویان داوە و ئێمە نەمانبیستووە و ئاگامان لێیان نییە؟

لە نمونەی یەکەمدا دوو خاڵ سەرنجمان ڕادەکێشێت، کە ستافی بەڕێوەبردنی باخچەیەکی ساوایان بەپێی ویست و هەڵسەنگاندنی خۆیان دەتوانن منداڵێک ڕەت بکەنەوە و ڕەوانەی ماڵەوە بکەنەوە یاخود ڕێگەی پێبدەن بەردەوام بێت لە باخچەکەدا. لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە هەتا ئێستا بیرۆکەی سزادانی منداڵ (بە شێوەیەک لە شێوەکان) لە ناخیاندا زاڵە، بەبێ ئەوەی ئاستی زانستیی پەروەردەیی و دەرونناسیی ئەو بەڕێوبەرە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی، کە هەرچەندە منداڵێک مامەڵەی ئاسایی نەبێت یاخود شەڕەنگێز بێت، بەڵام بەر لە هەموو شتێک پێویستە پاشخانی ژیانی ئەو منداڵە بزانرێت و هاریکاری باوک و دایکەکە بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ڕەفتاریی و دەرونییەکانی، چونکە دوورخستنەوەی منداڵێک واتا باخچەکە هەڵدەستێت بە هاریکاردن لە زیادکردنی کێشەکانی ئەو منداڵە نەک بۆ کەمکردنەوە و چارەسەریان. 

لە نمونەی دووەمدا: مامۆستاکە بە هەموو توانای زانستیی و ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی خۆیەوە هەڵدەستێت بە پێشاندانی ڕێگەیەکی پڕ هەڵە بۆ دایکێک، کە لەوانەیە هێندە ڕۆشنبیر نەبێت و بکەوێتە ژێر کاریگەریی وتەی مامۆستاکەوە و ئایندەی ئەو کیژۆڵەیە بەرەو ئاراستەیەک بەرێت، کە هەموو ژیانی تیادا بگۆڕێت. بێگومان بۆ زۆرینەی دایک و باوکەکان مامۆستای قوتابخانە نموونەیەکن بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری، بەڵام ئایا ئەو بەنموونەبوونە مافی ئەوە دەبەخشێت بە مامۆستایەک، کە ئەو پێشنیارە نابەجێیە بکات؟ لەوەش زیاتر خاڵێکی گرنگ هەیە ئەویش بریتییە لە دەرکەوتنی ئاستی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی و ناسینی لایەنە جیاوازەکانی دەرونناسی هەرزەکار و چۆنیەتی مامەڵەی ئەو مامۆستایە لەگەڵ کێشەکانی ئەو کیژۆڵەیەدا. 

ئایا لە قوتابخانەکانماندا چەند ڕێنماییەکانی دەرونناسی و کۆمەڵناسی بەرجەستە دەکرێت؟ ئایا مامۆستا و دەستەی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکانمان چەند زانیارییان هەیە سەبارەت بە دەرونناسی منداڵ و هەرزەکار، زانستی فێربوون، ڕێبازە نوێکانی پەروەردەکردن و فێرکردن؟

سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی کە تەکنەلۆجیای نوێ بەسەر ژیانی کۆمەڵگا و تاکی سەرتاپای جیهاندا هێنا کۆمەڵگای کوردیشی گرتەوە، هاوکات گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابوورییەکانی پاش پرۆسەی ئازادی ساڵی ٢٠٠٣ و بەر لەوەش ئازابوونی هەرێمی کورستان لە ساڵی 1991 گوژمێکی دیکەی بە باری ژیانی کۆمەڵگا بەخشی. ئەم بارە نوێیەش توێژینەوە و هەنگاوی نوێ دەخوازێت بۆ ڕێکخستنی سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، چونکە بەردەوامیی لە مامەڵە بە شێوازی ڕێچکە کۆنەکەی بەڕێوەبردن تەنها کێشە و چەرمەسەری بۆ توێژ و چینە جیاوازەکان دەهێنێت. 

بە داخەوە هەتا ئێستاش پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەر لە دایەنگەکانەوە هەتا زانکۆکانمان گۆڕانکارییەکی وای بە خۆیەوە نەبینیوە گەر بەراورد بکەین لەگەڵ ڕێباز و شێوازی کۆنەکەدا و ئەوەی گۆڕدرا بێت بریتییە لەو باڵەخانە و تەکنەلۆجیایەی، کە بەکاردەهێنرێن. بە شێوەیەک سیستم نەیتوانیەوە پرۆسەی پەروەردە لە چوارچێوەیەکی زانستییی و یاسایی مۆدێرندا دابڕێژێتەوە، کە بتوانێت لەگەڵ بار و دۆخە نوێکەی کۆمەڵگادا بگونجێت. ئەوەشی کە پشتگوێ خراوە و کەمتر لە هەموو لایەنێکی دیکە بایەخی پێ درابێت بریتییە لە پەروەردە ڕۆحیی و دەرونییەکە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی ژیانی تاک و لە ئایندەشدا لەسەر سەرجەم کۆمەڵگا. 

چونکە زۆر جار لێرە و لەوێ سکاڵا و ناڕەزایی دەبیستین سەبارەت بە نەوە تازەکە، ئەوا لە لایەک دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە نەوەکانی پێش ئێمەش سکاڵایان لەدەست نەوەکەی ئێمە دەکرد و ئەم سکاڵایانە هەموو نەوەیەک لە نەوەی دوای خۆی کردووە و دەیکات، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگ بێت ئەوەیە، کە پێویستە ئێمە تێگەشتنمان بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کۆمەڵگا هەبێت و لەبری سکاڵا پێویستە شیکردنەوە، توێژینەوە، قوڵبوونەوە هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەناو ئەم ژیانە ئاڵۆزەی سەردەمدا ڕێگەچارەی واقیعیی و زانستیی بۆ خاڵە لاوازەکانی ژیان بدۆزینەوە، کە ڕووبەڕووی منداڵ و هەرزەکارەکانی ئەم نەوە نوێیە دەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پێویستە ئێمە تێگەشتنمان بۆ ژیان و نەوە نوێکان هەبێت، نەک ئەوان تێگەشتنیان بۆ بیروبۆچوون و تێگەشتنی ئێمە هەبێت و هەر لەم گۆشەنیگایەوە پێویستە پەروەردە خۆی لەگەڵ ژینگە نوێکەی ژیاندا بگونجێنێت و گۆڕانکاری نوێ بخاتە سەر زەمینەی واقیع. 

ئەگەر بە هەمان ڕەوشی کۆن سیستمی پەروەردە و خوێندن ببرێت بەڕێوە، ئەگەر پێشکەوتن لە بواری دەرونی پەروەردە و فێرکردندا بۆ سەرجەم مامۆستا و ستافی ئەو بوارانە ئەنجام نەدرێت، بە شێوەیەک کەرەستەیەکی لەبار و گونجاو لە پرۆسەی پەوەردەدا بەکار نەهێنرێت، هەروەک کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهان سەرقاڵن بەدوای گۆڕینی سیستم و شێوازی پەروەردە لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا، ئەوا ئاستی گەلێک لایەنی کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە دەڕوات، چونکە پاش چەند ساڵێک هەر ئەم نەوەیە کێشەدارەی ئێستامان، دەبێت بە نەوەی بەڕێوبەری داهاتوومان و جێگەی ئێمە دەگرنەوە و ڕابەرایەتی ئەم کۆمەڵگایە دەکەن. 

بۆ ئەوەی بتوانین بەم ئامانجە بگەین وەزارەتی پەروەردە و پلاندانان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش پێویستە ڕەوتی دامەزراندنی مامۆستا و ستافی لایەنە جیاوازەکانی پەروەردە (دایەنگە هەتا زانکۆ) دەست لەم شێوازە نەریتییە پڕ هەڵە و کەموکورتییە هەڵبگرێت و پلانێکی زانستییانە دابڕێژێت بۆ دابینکردنی مامۆستا و ئەندامی کاری پەروەردەیی کارامە، کە بتوانێت بەر لە هەموو شتێک لەوە تێبگات ئایا پیشەی فێرکردن و پەروەردەکردن چییە و ئەرکی سەر شانی چییە، سنورەکانی بەرپرسیارێتییەکانی لەکوێوە دەست پێدەکات و لە کوێدا کۆتایی دێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە  پێویستە کار لەسەر دەوڵەمەندکردنی مامۆستا و ستافەکان بکرێت سەبارەت بە زانیاریی و ئەزموون لە لایەنەکانی پەروەردە و فێربوون و دەرونناسی تەمەنە جیاوازەکان، هەروەها دیاریکردنی ڕێبازێکی زانستییانە و دەوڵەمەندی بۆ پرۆسەی خوێندن و پەروەردەکردن، نەک (هەروەک هەتا ئێستا کاری لەسەر دەکرێت) دەرچووی زانکۆیەک لە کۆلێژێک دابمەزرێنرێت بە مامۆستای یەکێک لە قۆناغەکان بەبێ ئەوەی ئەو مامۆستایە هیچ زانیارییەکی لەسەر زانست و پرۆسەی فێربوون و لەوەش کەمتر زانیاریی لەسەر دەرونناسی منداڵ و هەرزەکار هەبێت. هەمان دیاردەش سەبارەت بەو دادانەی کە سەرپەرشتیاری منداڵەکانی باخچەی ساوایان و دایەنگەکان دەکەن، کە لایەنی پەروەردەیی و گەشەی منداڵ تیایاندا زۆر لاوازە و نەک تەنها لەگەڵ دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی جیهان بەراورد ناکرێت بەڵکو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا ناتوانین خۆمان بەراورد بکەین. 

کورد وتەنی: هەرگیز درەنگ نییە. بۆ کۆمەڵگا و دەسەڵاتی کوردیش هێشتا درەنگ نییە ئەگەر بمانەوێت فریای ئەو شەمەندەفەرە بکەوین، کە لە گەلێک بواری ژیاندا بەجێی هێشتووین، درەنگ نییە بۆ ئەوەی هەنگاوەکان جێگیرتر بکەین و ئاراستەی پەروەردە دیاری بکەین، درەنگ نییە بۆ ئەوەی زانستییانە بیر بکەینەوە و سود لە ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتووەکان بکەین، درەنگ نییە بۆ ئەوەی قوتابخانە و زانکۆکانمان لەوە زیاتر نەکەین بە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ژمارەیی دەرچوان، بەڵکو بیر لە ئاستەکان و جۆرێتیی بکەینەوە، هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەوەی خۆمان بهاوینە ناو شەمەندەفەرێکی دیکە بۆ پێشکەوتن و هەنگاوی جێگیر بۆ کۆمەڵگاکەمان دیاری بکەین. 

کامەران چروستانی 
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.