
دیمانه له‌گه‌ڵ شاعیر دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی……..
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
سه‌فه‌ری شاعیر گوڵه‌وه‌چنیکردنی کۆی ئه‌زموونێکه له خه‌ون و ڕامان له ترۆپکی منداڵیه‌تیاندا…….
پێموانییه شیعر جه‌نگ بێت، به‌ڵکو شیعر ڕه‌تبوونی منداڵێکی ترساوه به کۆڵانێکی تردا. ترسیش که‌م تا زۆر به‌شێکه له پێکهاته‌ی شاعیر و هه‌میشه ڕووبه‌رێک له ترس، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ژێر دهمامکیشدا بێت، له تێکسته‌کانیدا ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌وه به‌شێکی زۆری له‌به‌ر ترسه که دێینه قسه، که بۆ هاوده‌مێک ده‌گه‌ڕێین پیاسه‌یه‌کمان له‌ته‌کدا بکات و گوێمان بۆ ڕادێرێ و به چاو ته‌ماشامان بکات. شه‌ڕی من ( گه‌ر بشێ ناوی شه‌ڕی لێبنرێت ) بۆ پارێزگاری کردن له جوانیی ئه‌وه‌یه که خۆم بم، که له نزیک خۆمه‌وه بژیم نه‌ک به‌سه‌ر خۆمه‌وه، که پارێزگاری به‌م ڕووبه‌ره له ته‌نیایی و ئارامییه‌وه بکه‌م.
دلاوەر قەرەداغى یەكێكى لەو شاعیرانەى كە هەمیشە بە زمانى گووڵ نەك روو لە خودا، بەڵكوو روو لە مرۆڤە بێگەردەكانى وەكو ( ) دواوە و ستایشى باغەكەیانى كردووە. ئەم پیاوە ئەوەندە ناسك بووە كە تەنانەت كارى كردووەتە سەر قسەكردن و ئاخاوتنى و هەر بۆیەشە ئێمەى لە چاوەڕوانییەكى فرەدا هێشتەوە تا ئەم گفتوگۆیەى لەگەڵ ساز بدەین. بەهەر حاڵ ئەم رەنگە یەكێك بێت لە سیفەتە هەرە قەشەنگەكانى ئەم پیاوە باڵدارە و لە لاى ئێمەى خوێنەریش شیاوترین سیفەت بێت، قەشەنگترین و جوانترین، ئەو سیفەتانەن كە دەدرێنە پاڵ بێدەنگییەوە، ئەویش لە بەامبەر شاعیردا، چونكە تەنها ئەوە شاعیرە كە رێزى وشە دەگرێـ و ئەزانێت بەهاى وشەیەك چەندەیە.
سازدانى : سۆران عەزیز و رابەر فاریق……..
كوردستان راپۆرت: شاعیرهەمیشە لە سەفەرێكدایە لەگەڵ خۆى و لەگەڵ دونیا، ئێوە لەو سەفەرەتاندا گەیشتوونەتە كوىَ؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: وێستگه‌کان له ره‌وتی سه‌فه‌ری شاعیران‌دا به‌نیو خۆیان و به‌نێو دونیادا کۆمه‌ڵێک ئاوێنه‌ن که که‌سی موسافیر دوای هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک له‌به‌ریاندا له خۆی و له دونیا ده‌نۆڕێ و هیچ جارێکیش دوا بینین له‌وانه‌ی پێشووتر ناچێت، سه‌فه‌ری شاعیر گوڵه‌وه‌چنیکردنی کۆی ئه‌زموونێکه له خه‌ون و ڕامان و بینینی ره‌نگ و تامکردنی شته‌کان له ترۆپکی منداڵیتییاندا. گه‌رچی ئه‌وه ئه‌زموونێکه تایبه‌تی و هه‌رکه‌سێک قسه و گوزارشتی خۆی بۆی هه‌یه و خه‌ونێکه که هیچ دوو که‌سێک ناکرێ وه‌ک یه‌ک بیبینن، به‌ڵام به گشتی هه‌موو سه‌فه‌ره‌کان له خودی ژیانه‌وه دێن و گوڕی به‌رده‌وامبوون له جوانیی و ئه‌فسوونه نهبینراوهکانییهوه وه‌رده‌گرن. گه‌ر سه‌فه‌ری ئاسایی بریتی بێت له جیگۆڕکێ و جووڵه‌ی که‌سێک له جێگایه‌که‌وه بۆ جێگایه‌کی تر و نیشته‌جێبوون له جوگرافیایه‌کی تردا، ئه‌وا سه‌فه‌ری شاعیر جووڵه‌ی ڕێگاکان و شوێنگۆڕکێی جێگاکانه له‌نێو خودی خۆیدا. به مانایه‌کی دی سه‌فه‌ری شاعیر، سه‌فه‌ره بۆ جێگایه‌ک که دونیا هێشتا منداڵه، دوای گه‌ڕانێکی زۆر و سه‌فه‌رگه‌لی زۆر، دواجار سه‌ر داده‌گرێ و ده‌بینێت ئه‌و جێگایه ده‌که‌وێته بناری دڵی خۆی و ده‌که‌وێته چه‌په‌کترین شاری چراخانی ته‌نیایی خۆیه‌وه. سه‌باره‌ت به خۆیشم ده‌بێ بڵێم که من تازه‌کی که‌وتوومه‌ته ڕێ و جارێ چ وێستگه‌یه‌کی وا نه‌هاتووه‌ته ڕێم که شایانی باسکردن بێت و کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه که بڵێم گه‌یشتوومه‌ته کوێ، له‌ڕاستیدا پێناچێ (هیچ کوێیه‌ک) یش له نه‌خشه‌ی ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی گه‌ڕان و بینین و ئه‌زموونکردندا هه‌بێ، ئه‌وه‌ی هه‌یه و من جارێ هه‌ستی پێده‌که‌م و له‌ته‌کیدا ده‌ژیم، هه‌ندێجار ترس و زۆرجاریش شه‌پۆلی رژانێکه که به گوژم هه‌ڵده‌کا و ڕووناکم ده‌کاته‌وه. هه‌موو هه‌وڵی من بۆ خامۆش نه‌بوونی ئه‌و ڕووناکییه‌یه، من له‌وێدا و له‌به‌ر ڕووناکییدا ده‌توانم بنووسم و درێژه به سه‌فه‌رێک بده‌م که نازانم ده‌مگه‌یه‌نێته کوێ.
كوردستان راپۆرت: پێتوایه كه ته‌كنه‌لۆژیا شیعریشى ئازاردابێ كه ده‌توانیت شیعر وه‌كو بارمته له‌لاى كۆمپیوته‌ر جێبهێڵێت؟ ته‌كنه‌لۆژیا دووربكه‌وینه‌وه ئایا ئه‌لته‌رناتیڤێكى سوودبه‌خش هه‌یه له جێگه‌ى ئه‌م دایبنێین؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: ئه‌وه قه‌ده‌ری شیعره که ده‌بێ هه‌بێ، که ده‌بێ له ته‌ریکترین گۆشه‌ی دونیادا خوینه‌ری تاکوتهنیای خۆی بدۆزێته‌وه و پیاسه‌ی خۆی له‌ته‌کدا بکات و شتێکی نه‌گوتراوی پێبڵێت. له‌ڕاستیدا شیعر به‌و هاوسه‌فه‌ره که‌م و غه‌مگین و نائومێدانه‌ی خۆیه‌وه جوانه. شیعر خودان سیحری خۆی و ساته‌وه‌ختی خۆیه‌تی، ساته‌وه‌ختگه‌لێک که هه‌ست ده‌که‌ین شتێکمان بیرچووه و نازانین چییه، که‌سێکمان لێجێماوه و نازانین کێیه، سه‌فه‌رێک ده‌که‌ین و نازانین به‌ره‌و کوێ. ده‌کرێ وه‌ک یه‌که‌یه‌کی کهینوونی له شیعر بنۆڕدرێ که سه‌روکاری له‌گه‌ڵ هه‌ره تاریکترین گۆشه و قوژبنه‌کانی ناخی مرۆڤ و پرسه گه‌ردوونیی و ڕیشهییهکانیدایه. پرسگه‌لێک که نه‌ک هه‌ر ته‌کنه‌لۆژیا به‌لایدا گوزه‌ر ناکا، به‌ڵکو مه‌ودای جووڵه‌ی ئینسان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه و ڕۆحی داده‌هێزرێنێ و له قاڵبی ده‌دا. له ڕاستیدا ڕه‌خنه‌ی ته‌قلیدیی کوردی زوو زوو به شتێک له گاڵته‌جارییه‌وه ئه‌و قسه کڵێشه‌ییه ده‌جوێته‌وه که گوایه شیعر باوی نه‌ماوه یاخۆ زه‌مه‌نی شیعر به‌سه‌رچووه، پێموایه قسه‌یه‌کی له‌وجۆره چ ڕاڤه‌یه‌ک هه‌ڵناگرێ جگه له به‌دتێگه‌یشتن له ئه‌ده‌ب و له جه‌وهه‌ری شیعر، قسه‌یه‌کی له‌وجۆره ده‌شێ یان له ناکامبوونێکی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه هاتبێ به‌وه‌ی که ڕۆژیک له رۆژان ویستوویه‌تی ببێته شاعیر و نه‌یتوانیوه و که‌س گوێی لێنه‌گرتووه، یاخۆ ئه‌ویش حه‌زده‌کا بچێته ناو ئه‌و کۆرسه‌وه که ڕاهاتوون هه‌میشه پێکه‌وه قسه بکه‌ن، پێکه‌وه قسه له‌سه‌ر له‌که‌دارکردنی کاری جوان و به‌ئاسماندا بردنی ناشیرینی بکه‌ن. بیرمان نه‌چێ حه‌زێکی زۆر به‌هێز له ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه بۆ تهمجیدکردنی ناشیرینیی، مه‌ترسییه‌که له‌وه‌شدایه که ئه‌و ڕه‌خنه‌یه هه‌وڵ ده‌دا خۆی وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌کی مۆدێرن و جیددی نمایش بکات.
كوردستان راپۆرت: شاعیر ده‌توانێ به وشه نیشتمان بخوڵقێنێت؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانێ مومكینه زێدى دایك فه‌رامۆش بكات له‌و كاته‌دا ئه‌گه‌ر ناشتوانێ هۆكار چییه كه قه‌سیده‌ى نیشتمان نانووسێته‌وه؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: ئه‌مڕۆ له هه‌رکاتێکی تر زیاتر ده‌کرێ چه‌مکی نیشتمان بخرێته ژێر پرسیار و به‌رگه رۆمانتیکییه شۆڕشگێڕییه‌که‌ی له‌به‌ر دابماڵرێ. بیرمان نه‌چێ ئێمه لێره‌دا باس له ئینتیما ناکه‌ین و نه‌ک هه‌ر به‌وه‌وه نایبهستینهوه، به‌ڵکو ده‌کرێ جه‌خت کردن له‌سه‌ر ئه‌میان زیاتر مانا چه‌سپاوه ته‌قلیدییه‌که‌ی ئهویانمان له‌لا کاڵ بکاته‌وه، مانایه‌ک که حیزب له دونیای ئێمه‌دا به‌درێژایی چه‌ندین ده‌یه خوڵقاندوویه‌تی و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌کانی خۆی پێ ڕایی کردووه. به‌ر له‌هه‌ر شتێک مرۆڤ ئینتیمای بۆ جوانیی و داد و به‌خته‌وه‌ری هه‌یه و ئیدی له‌هه‌ر بوقعهیهکی سه‌ر ئه‌رزدا لێیان به‌هره‌مه‌ند بێ، ئه‌و جێگایه‌ی بۆ ده‌بێته نیشتمان. ئاخۆ ده‌بێ نیشتمان چی بێت جگه له زێدی منداڵیی و یاده‌وه‌رییه دووره‌کان، ده‌بێ نیشتمان چی بێت جگه له په‌نجه‌ره‌یه‌ک که ئێواره‌یه‌کی پاییز ده‌ستێکی میهره‌بان به ڕووی کۆڵاندا ده‌یکاته‌وه و ژووره‌کانی لێپڕ ده‌کات له بۆنی باران، ده‌بێ نیشتمان چ بێت جگه له‌وه‌ی که مرۆڤ تیایدا هه‌ست به دڵنیایی له گوزه‌ران و شکۆ و کبریائی بکات و که‌س بۆی نه‌بێت به پێوپلی قوڕاوییه‌وه خۆی به حه‌ره‌می ژیان و ئاینده‌یدا بکا و نه‌یکاته که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ کڕین و فرۆشتن و هه‌تک کردن، به‌ڵام که زێدی منداڵیی داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه نه‌ما و کۆڵانه باراناوییه‌کانی به ژه‌هر قیرتاوکران و باخچه‌کان کرانه کۆشک و چێشتخانه و ئوتێل و که هاووڵاتی ناچارکرا متمانه‌ی به هاووڵاتییبوونی خۆی نه‌مێنی، ئیدی گه‌ر ئینسان بۆی بلوێ ناچاره جێگایه‌کی تر و ڕووبه‌رێکی تر بکاته نیشتمان.
كوردستان راپۆرت: له شیعرى تۆدا به تایبه‌ت له دیوانى '' ماڵێک له‌ناو زه‌ریا … ماڵێک له ته‌نیشت بیابان'' دا، مۆسیقا كلیلى كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌ى قهسیدهكانه، ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ى گوێگرێكى زۆر باش نه‌بێ، ئه‌سته‌مه چێژێكى زۆر ببات. ئاخۆ شیعرى جوان به‌بێ موزیكێكى یهكریتمى بۆشاییه‌ك جێناهێڵێت؟ رۆژانه گوێ له موزیك ده‌گریت؟ پێتوایه ئه‌گه‌ر شیعر باڵندهبێ، موزیك باڵه‌كانى بێت؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: هه‌موو وشه‌یه‌ک چ له ناو شیعر و چ له ده‌ره‌وه‌ی شیعر و له نێو ژیان و له سروشتدا، هه‌ڵگری مۆسیقا و نه‌غمه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌تی. وشه به‌ر له‌وه‌ی چه‌ند پیتێکی نووسراو بێت، له‌ره‌ی نهغمهیهکه که دواتر له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌لی تردا ڕسته‌یه‌کی مۆسیقی پێکدینێ و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی هارمۆنیایی ده‌خوڵقێنێ. ته‌نانه‌ت له نێو خودی بێده‌نگییدا و له‌وکاته‌دا که گوێ له بێده‌نگیی ڕاده‌دێرین، ده‌نگگه‌لێک ده‌بیستین و شه‌پۆلێک له نهغمهمان ده‌ڕژێته گوێ. ده‌مه‌وێ بڵێم که هه‌موو وشه‌یه‌ک هه‌ڵگری هێزێکی تهقینهوهییه له ده‌نگ و مۆسیقا. ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه چۆناوچۆنی هه‌ست به وشه ده‌که‌ین و چۆن ئه‌و نۆته مۆسیقاییه له شیعردا ده‌ژه‌نین. ئیشی شاعیر له‌م ڕووه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ئیشی ئه‌کته‌رێک ده‌چێ که چۆن به هه‌ستکردنی به قووڵایی وشه و ژه‌نینی، هه‌ست وسۆزی ئه‌و کارئه‌کته‌ره‌ی که ده‌وره‌که‌ی ده‌بینێت و ئاوێته‌ی بووه، ڕاسته‌وخۆ بۆ بینه‌ر ده‌گوازێته‌وه و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌دا یه‌کانگیری ده‌کا و به درێژایی یه‌ک دوو سه‌عات له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی ده‌یهیڵێته‌وه. پرۆسه‌ی شیعرنووسین به بڕوای من هاوگونجاندنی ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و ڕیتم و مۆسیقا له سه‌ره‌تادا تێکچڕژاو و ناهارمۆنییهیه له یه‌که‌یه‌کی تۆکمه و ڕیتمیک و وه‌ستایانه تانوپۆ چنراودا. من هه‌وڵمداوه، وشه له شیعردا به‌ر له‌وه‌ی به‌ری بکه‌وم و بینووسم، هه‌زار حیسابی بۆ بکه‌م، هه‌وڵمداوه به‌رله‌وه‌ی بینووسم ده‌ستی لێبده‌م، نه‌وازشی بکه‌م و هه‌ست به گه‌رما و جووڵه‌ی هاتوچۆی خوێنی بکه‌م و ده‌نگی دڵی بژنه‌وم. شیعر به‌رله‌وه‌ی هه‌ر شتێک بێ، ده‌بی کائینێکی زیندوو بێت، ده‌بێ خاوه‌ن جووڵه‌ی خۆی و ڕیتم و مۆسیقای تایبه‌تی خۆی بێت. سه‌روکاری شیعر له‌گه‌ڵ ژیان و زیندووێتییدایه.
كوردستان راپۆرت: پێموایە زمانى وەرگێرانى تۆ، زۆر نزیکە لە زمانى وەرگێرانى "هەژار موکریانى" بە تایبەت کاتێ کە رۆمانەکانى ''مەسیح لە خاچ دەدەنەوە'' و ''فرانسیسکۆس قەدیسى من'' دەخوێنینەوە تەواو هەست بەم نزیکایەتییە دەکەین، ئایا بەرهەمە وەرگێردراوەکانى "هەژار موکریانى" ت خوێندۆتەوە؟ تا ئێستە بە هیچى سەرسام بوویت، تا ئەو ئاستەى کۆمەکت بکات بۆ کورداندنى ئەو بەرهەمانەى تەمەنات کردووە هاوزمانەکانت بیخوێننەوە؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: چه‌ند به‌رهه‌مێکی هه‌ژار موکریانی م خویندوونهتهوه. که وه‌رگێڕان ده‌که‌م ده‌چمه‌وه سه‌ر فه‌رهه‌نگی (هه‌مبانه بۆرینه) که‌ی. جگه له هه‌ژار و هێمن، به گشتی من زمانی نووسینی ده‌سته‌یه‌ک له‌و نووسه‌رانه‌ی موکریان و کوردستانی ئه‌ودیوم پێخۆشه و نووسینه‌کانیان ده‌خوێنمه‌وه. لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به‌وه بکه‌م، که وێڕای فه‌رهه‌نگی (هه‌مبانه بۆرینه) که‌ی مامۆستا هه‌ژار، بۆ کاری وه‌رگێڕان ده‌چمه‌وه سه‌ر فه‌رهه‌نگی (که‌مالنامه) که‌ی مامۆستا که‌مال جه‌لال غه‌ریب و فه‌رهه‌نگێکی سوێدی _ کوردی که کاک ڕێبوار ڕه‌شید نوسیویه‌تی و ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌کی سویدی تایبه‌ت به فه‌رهه‌نگه‌وه چاپکراوه. ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی کاک ریبوار به بڕوای من، نه‌ک هه‌ر بۆ سوێدی فێربوون به‌سووده، به‌ڵکو فێری کوردییه‌کی جوانیشمان ده‌کات.
كوردستان راپۆرت: بەتێڕوانینى تۆ شیعر و شاعیر دەتوانن بە دواى یەکتردا بگەڕێن؟ ئەگەر ئەوان بێزار بوون لە یەکترى پێتوایە شیعر و خوێنەر و خوێنەرو شیعر و شیعر و جواننووسى و شیعر و ئیستاتیکایش لە یەکترى بێزار ببن؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: شیعر و شاعیر له‌نێو یه‌کدیدان و یه‌کانگیر و ته‌واوکه‌ری یه‌کترین. نه شیعر که‌ره‌سته‌یه و نه شاعیریش کارگه‌یه بۆ به‌رهه‌مهینانی شیعر. هاوکێشه‌که له‌وپه‌ڕی ساکاریدایه و چ پێویست به‌و لهخۆئاڵۆزکردنه ناکات. شیعر پارچه‌یه‌که له ڕۆحی شاعیر، شیعر وه‌کی کرمی ناو قۆزاخه‌یه‌ک، له تاریکترین قووڵایی رۆحدا نووستووه و چاوه‌ڕێیه ڕووناکی شاعیر لێیبدا و ئیدی درز بکاته توێکڵی قۆزاخه‌که و به په‌پووله‌یی بێته ده‌ره‌وه و بفڕێت. وه‌کی تر من بۆ خۆم ناحه‌قی خوێنه‌ری ئێمه ناگرم که له شیعر بتۆرێ و جۆره کاردانه‌وه‌یه‌کی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر شیعر له‌لا دروست بێت. لێت ناشارمه‌وه که شیعرێکی ناشیعر ده‌خوێنمه‌وه، یه‌که‌نده‌ردوو دڵم ده‌چێته لای خوێنه‌ر که چۆن ده‌کرێ ئه‌و که‌ره‌سته ناشیرین و ناقۆڵایه‌ی به‌ناوی شیعره‌وه پێبفرۆشرێتهوه. هه‌ستده‌که‌م ئه‌وه به‌ر له هه‌ر شتێک سووکایه‌تی کردنه به خوێنه‌ر که به داخه‌وه ئه‌ده‌بیاتی ئێمه پڕه له‌و جۆره سووکایه‌تی کردنانه و هه‌ر خوێنه‌ری ئێمه‌یشه ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه پێ قه‌بووڵ ده‌کرێ. که‌چی هێشتا ئێمه خۆمان به‌سه‌ر خوێنه‌ردا با ده‌دین و لاف و گه‌زافی به‌سه‌ردا لێده‌ده‌ین، دوو شیعری بێ‌مانا بڵاوده‌که‌ینه‌وه که سه‌رتاپا دێڕ و وێنه و ئیشی خه‌ڵکی تره، ئیدی سێ چوار دیدارمان له‌گه‌ڵ ساز ده‌درێ و هیچ خه‌یاڵمان لای ئه‌وه نییه که ئێمه غه‌درمان له خوێنه‌ر کردووه و جگه له به‌هه‌ده‌ردانی کات و کاغه‌ز، هیچمان پێنه‌به‌خشیوه.
كوردستان راپۆرت: شیعر جەنگە، بەڵام شاعیر بە هیچ شێوەیەک نابێ هەڵگرى ترس بێ، بۆ ئەوەى لەو جەنگە داسەربکەویت پێویستیت بەچى هەیە؟ ئەو شتەى لە تەواوى تەمەنتدا شەڕى مانەوەى جوانى پێ دەکەیت چییە و پێویستە چۆن بەکار بهێنرێت؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی: پێموانییه شیعر جه‌نگ بێت، به‌ڵکو شیعر ڕه‌تبوونی منداڵێکی ترساوه به کۆڵانێکی تردا. ترسیش که‌م تا زۆر به‌شێکه له پێکهاته‌ی شاعیر و هه‌میشه ڕووبه‌رێک له ترس، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ژێر دهمامکیشدا بێت، له تێکسته‌کانیدا ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌وه به‌شێکی زۆری له‌به‌ر ترسه که دێینه قسه، که بۆ هاوده‌مێک ده‌گه‌ڕێین پیاسه‌یه‌کمان له‌ته‌کدا بکات و گوێمان بۆ ڕادێرێ و به چاو ته‌ماشامان بکات. شه‌ڕی من ( گه‌ر بشێ ناوی شه‌ڕی لێبنرێت ) بۆ پارێزگاری کردن له جوانیی ئه‌وه‌یه که خۆم بم، که له نزیک خۆمه‌وه بژیم نه‌ک به‌سه‌ر خۆمه‌وه، که پارێزگاری به‌م ڕووبه‌ره له ته‌نیایی و ئارامییه‌وه بکه‌م که ئه‌م وڵاته ( وڵاتێک که هه‌ست ده‌که‌م تیایدا به‌ڕاستی هاووڵاتیم و من و پادشاکه‌ی له‌به‌رده‌م یاسادا خاوه‌ن هه‌مان ماف و ئه‌رکین ) بۆی فه‌راهه‌م کردووم.