Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
جوانترین شاژنی فیرعەونییەکان ـ نەفەرتیتی ـ کورد بوو

جوانترین شاژنی فیرعەونییەکان ـ نەفەرتیتی ـ کورد بوو

Closed
by January 17, 2014 مێژوو

 

 

 

 

لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ، میسر گرنگترین وڵاتانی عەرەب بووە ، کە پەیوەندییەکی دێرین و بەهێز و باشی لەگەڵ گەلی کورد دا هەبووە .. ئەم پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ( ٣٥٠٠ ) سال پێش ئێستا .. کە لە نێوان کورد و فیرعەونییەکاندا ، پەیوەندییەکی دۆستایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی و هاوسێتی و ژنخوازی هەبووە .

تا ئەمڕۆش لە باکوورەوە ، تا باشووری وڵاتی میسر ، چەندین گوند و شاروچکە و گەڕەک و ناوچە هەن ، کە بە ناوە رەسەنە کوردییەکانیانەوە ناودەبرێن ، خەڵکی ئەم گوند و ناوچانە ، خۆیان بە کورد دەزانن و شانازی بە کوردبوونیانەوە دەکەن .. لە شێوە و رووخسار و رەنگ و بۆدا ، لە هەڵسوکەوت و رەفتار و رەوشت بەرزیدا ، لە سەدا سەد سیمای رەسەنی کوردییان پێوە دیارە و کاڵنەبوونەتەوە .. چەندین بنەماڵە و خێزانی ناسراو و بەناوبانگیان هەیە .. بە دەیان کەڵەنووسەر و شاعیری گەورە و بیرمەندی بلیمەت و هونەرمەندی ناسراو و پیاوان و ژنانی ناوداریان لێ هەڵکەوتووە ، کە لە هەموو بوارەکاندا شوێن پەنجەیان دیارە ، لە کۆن و لە ئەمڕۆشدا خزمەتێکی مەزنیان بە کولتوور و شارستانییەتی میسر بەخشیوە .. بێگومان بەبێ ئاماژەکردن بۆ رۆڵی کورد ، مێژووی میسر بە نەتەواو دەزانرێت .. چونکە لە ( نەفەرتیتی ) یەوە بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی و محەمەد عەلی پاشا و ، تا دەگاتە کەسایەتییە ناودارە کوردەکانی ئەمڕۆی میسر ، لە هەموو بوارەکاندا ، چەندین لاپەڕەی زێڕینیان لە مێژووی میسردا تۆمار کردووە .. ئەوە مەحاڵە کە نکووڵی لەم راستییە بکرێت و کورد لەیاد بکرێت .

لە ساڵی رابردوودا ( ٢٠١٣)  ، لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا ، کە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر ( سلێمان عوسمان ) کرا .. بەڕێزیان ئاماژەی بە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی میسری کرد و .. گوتیشی :  ” چوار ملیۆن لە هاوڵاتییەکانمان لە میسردا ، بە رەچەڵەک کوردن .. لە هەموو بوارەکاندا شارەزاییەکی باشیان هەیە .. “

سەرەتای دۆستایەتی نێوان گەلی کورد و گەلی میسری ، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان میتانییەکان ( حۆرییەکان )  کە باپیرانی کوردن ، لەگەڵ فیرعەونییەکاندا .. ئەم پەیوەندییانەش لەسەر بنەماکانی ئاشتی و رێزگرتن لە شکۆداری یەکتری و ، لەڕێی تێکەڵاوی و ژنخوازییەوە بووە .. پەیوەندییەکان تا دەهات بە هێزتر دەبوون .

میتانییەکان لە سەدەی شانزەمینی پێش زایینیدا ، لە دەوروبەری ( ١٥٠٠ پ . ز) دا ، دەوڵەتی ( میتانی ) یان دروست کرد ، کە پایتەختەکەی شاری ( واشوکانی ) بوو ، کە دەکەوتە سەر ( رووباری فیشخابوور ) .. زۆربەی خاکی کوردستان لەژیر سایەی ئەم دەوڵەتەدا بوو .. بە ناوبانگترین و بەهێزترین شای دەوڵەتی میتانیش ، شا ( توشرتا ـ تا ١٣٩٠ پ . ز ) بوو .. میسرییە کۆنەکان ، میتانییەکانیان بە ( نەهاریین ) ناودەبرد .

لە سەردەمی فەرمانڕەوای میسر ( تەحتمس ی یەکەمدا ) لەشکرێکی میسری هێڕشی کردە سەر وڵاتی میتانی .. بەڵام کوردان بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کرد و .. بە زوویی لەشکرەکەی میسریان شکاند و،  لە وڵاتەکەیاندا دەریان کردن و .. سەربەخۆیی و دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردنی خۆیان راگەیاند .. لە کۆتایی سەدەی سیانزەمینی پێش زاینییشدا .. رێکەوتنامەیەکی ئاشتی و دۆستایەتی لە نێوان دەوڵەتی میتانی و دەوڵەتی میسردا مۆرکرا .. لەو کاتەوە هەردولا ، رێزیان لە دەسەڵات و لە شکۆداری و لە سەروەریی یەکتری گرت و ، بوون بە دوو دەوڵەتی دۆست و دراوسێ . 

 

شای میتانی ( تۆشرتا ) پەیوەندی و دۆستایەتییەکی زۆر باشی لەگەڵ شاکانی میسردا هەبوو .. لە نێوان تۆشرتا و شاکانی میسر ( ئەمنحۆتیپ ی سێیەم ـ ١٣٧٥ پ . ز ) و ( ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ـ  ١٣٥٨ پ . ز ) دا .. چەندین نامە و وەڵامیان بۆ یەکتری ناردووە .. کە بە رێز و بە دڵسۆزی و ، بە تاج و بە شکۆداریی یەکتریدا هەڵییان داوە .. پەیوەندییەکانیان لەم سنوورەش زیاتر پەڕییەوە .. ژنخوازیش کەوتە نێوانیانەوە و ، بوون بە زاوا و خەزوورانی یەکتری .. ژنخوازیی سیاسیش ، لەو سەردەمەدا ئاسایی  بووە و ، بۆتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکی و ، بۆتە مایەی بەرقەرابوونی ئاشتی و ، بەهێزکردنی دۆستایەتی و هاوسێتی لە نێوان گەلان و وڵاتاندا .

ژنخوازیی سیاسی ، لە نێوان دەوڵەتی ( میدیا ) ی کوردی و ، دەوڵەتی ( بابلی ) یشدا هەبوو .. ئەوەبوو کچە شازادەی دەوڵەتی میدیا ( نۆمیت) ، درا بە کوڕەشای بابلی .. شای بابلی لە پێناوی دڵخۆشی و خۆشنوود ی و دڵنەگوشینی شاژنەکەی ( نۆمیت ) دا بوو .. کە ( باخچە هەڵواسراوەکان ) ی لە شاری ( بابل ) دا دروست کرد .. کە بە یەکێک لە حەوت شتە سەیروسەمەرەکانی دنیای کۆن ناسراوە .

شا ( تۆشرتا )ی میتانی ، خوشکێکی دا بە شای میسر ( ئەمنحۆتیپ ی سێیەم ) ، کچەکەشی کە ( نەفەرتیتی ) بوو ، دای بە شای میسر ( ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ) کە دواتر بە ( ئەخناتوون )ی بەناوبانگ نادودەبرا .

بەر لە هاتنی ئایینی زەردەشتی ، میتانییەکان تەنها خوایەکیان دەناسی و دەپەرست ، ئەویش ئەستێرەی خۆر بوو .. لە رووی لۆژیکییەوە ، میتانییەکان لە بڕوا و باوەڕ و ئاییندا ، لە گەلانی دەوروبەریان پێشکەوتووتر بوون .. چونکە خۆر سەرچاوەی ژیان و ژیانەوەیە ، هۆی شینبوونی رووەک و گەشەکردنە ، وزە و گەرمی و رووناکی و باران بە مرۆڤ دەبەخشێت ، هەرچوار  وەرزەکانی ساڵ دێنێتە کایەوە ، شەو و رۆژی بە دوادا دێت .. بەڵام زۆربەی گەلان بتیان دەپەرست و قوربانیان پێشکەش دەکردن .

باوەڕ و ئاینی میتانییەکان پەڕییەوە بۆ وڵاتی ميسریش ، بە تایبەتیش لە رێی کۆششی شاژن نەفەرتیتیدا .. میتانییەکان ، لە سەرەتای سەدەی شانزەمیندا بوو کە ، باوەڕیان بە ئایینی زەردەشتی هێنا .

دەوڵەتی میتانی کوردی ، لە سەردەمی شای ئاشوورییەکاندا ( ئاشوور ناسرباڵ ) ، لە ساڵی ( ١٣٣٥ ) پێش زایینیدا کۆتایی پێهات .

نەفەرتیتی کێیە ..؟

شازادەی مەزن نەفەرتیتی کچی شای بە ناوبانگی میتانی ( تۆشرتا ) یە .. زۆربەی ئەو مێژوونووس و ڕەچەڵەکناسانەی ، کە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی ژیاننامەی نەفەرتیتی ئەنجامداوە .. گەیشتوونەتە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی ، کە شاژنی میسر نەفەرتیتی ، بە رەسەن کوردە و لە کوردستاندا لەدایک بووە و گەورەبووە .. یەکێک بوو لە جوانترین کچە شازادەکانی میتانییەکان .. مێژوونووسان بە زۆریش لەگەڵ رایەدان ، کە ناوە کوردییەکەی شاژن نەفەرتیتی ( تـادوخیبا ) یا ( نـافـتیتا ) یە .. ناوی ( نەفەرتیتی ) ش ، هەر لە ناوە کوردییەکەیەوە وەرگیراوە .

مانای وشەی ( نەفەرتیتی ) لە زمانی ( هێرۆگلێفی ) دا ، بە واتە ( جـوانەکە هـات ) یا ( شۆخەکە دەرکەوت ) .. نەفەر تیتی لە تەمەنی پانگزە ساڵیدا بوو ، کە درایە شای میسر ئەمنحۆتیپ ی چوارەم ( ئەخناتوون ی هەژدەم ) ، تەمەنی ئەخناتوونیش چواردە ساڵان بوو .. ( ئەخناتوون ی هەژدەمین  :  ١٣٦٩ ـ تا ـ ١٣٥٣ پ . ز ) فیرعەونی میسر بووە .. سەردەمەکەی بە سەردەمێکی زێڕینی فیرعەونییەکان هەژماردەکرێت .. نهێنیی ئەم دەسەڵات بەهێزی و پێشکەوتن و ناوبانگ دەرکردنەشی ، دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزیی و هاوکاری کردنی شاژنی مەزن و بلیمەت نەفەرتیتی ی هاوسەری .. ئەوە راستە کە دەڵێن : ( لەپشت هەر پیاوێکی مەزنەوە .. ئافرەتێکی مەزن هەیە .. )

نەفەرتیتی خەسووی شای بەناوبانگ ( توت ئانخ ئاموون ) یش بوو .

نەفەرتیتی و ئەخناتوون ، لەو کاتەوە کە بوون بە هاوسەری یەکتری ، زۆر بەسۆز و دڵسۆز بوون بۆ یەکتری و ، زۆریش یەکترییان خۆش دەویست .. بە هاوبەشیش هەموو کارووبارێکی وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد ، تەنانەت نەفەرتیتی لە بواری سوپا و لەشکرسازیشدا سەرکردەیەکی سەربازیی زۆر دلێر و بوێر و کەڵەمێرد و دوور ئەندێش بوو .. ئەخناتوون بەبێ راوێژکردن بە نەفەرتیتی ، هیچ بڕیارێکی نەدەدا .. دەشڵێن کە نەفەرتیتی پایەی فیرعەونی هەبووە و ، بە یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر دەزانرێت .

شاژن نەفەرتیتی کە ( ٣٣٠٠ ) بەر لە ئێستا ژیاوە .. بە جوانترین و ناسکترین شاژنی فیرعەونییەکان و ، جوانترین و بەهێزترین و بەناوبانگترین شاژنی جیهانیش ناسراوە .. جوانی و شۆخ و شەنگی نەفەرتیتی ئەفسانەیی و بێ وێنە و ، لە رادەبەدەر بووە .. تا ئەو رادەیەی کە میسرییەکان بە ( خـوای جـوانی ) یان دەزانی .. زۆر خۆشەویست و رێزدار و پيرۆز بوو بەلایانەوە .. بە سومبلی جوانی و بە هێمای خواپەرستی و بەهێزی و بلیمەتییان دەزانی .. نەفەرتیتی هەمیشە کراسێکی تەنک و ناسک و درێژی لەبەر دەکرد و تاجی شاهانەی لەسەر دەکرد و لە بۆنەکاندا داری شاهانەی ( سەولەجان ) ی بەدەستەوە دەگرت و هەمیشە خۆی دەڕازاندەوە  .. ئەو بەبێ  ئارایشکردن زۆر جوان بوو .. بەڵام ئارایشی دەکرد و چاوەکانی دەڕشتن .. دوو هێندەی تر جوانتر دەبوو .

نەفەرتیتی زوریش حەزی لە هەڵپەڕکی و سەماکردن بوو .. رۆژانە مەشقی هەڵپەڕکێ و سەماکردنی بە کچەکانی ناو کۆشک دەکرد .. رەنگە ئەمە نهێنیی لەشسووکی و رێک و پێکیی بەژن و باڵای بووبێت .. دەشێ لە کاتی کچێنیدا ، لە کوردستاندا ئەم ئارەزوو و خولیایەی هەبووبێت .. دواتریش بووە بە بەشێک لە ژیانی .

لە باسی جوانیی رووخسار و لەشولاری نەفەرتیتی دا وتراوە : جوانترین ئافرەت بوو ، بەژن و باڵای زۆر رێک و جوان بوو .. زۆر خوێن گەرم و رووخسار شیرین بوو .. دەموچاوی وەک مانگ دەدرەوشایەوە .. ئەبرۆکانی کەوانی و ڕەش بوون .. گۆناکانی خڕ و سوور و سپی بوون .. لێوەکانی قەیتانی و بەخەندە بوون .. ملی درێژ و گەردن قاز بوو .. لووتی ناسک و باریک و رێک بوو .. چەناگەی خڕ بوو .. چاوەکانی رەش و گەش بوون … هتد .. بە کورتی نەفەرتیتی ، توحفەیەکی بێ وێنەی جوانی بوو .

جوانی نەفەرتیتی بوو بە ئیلهامی دروست کردنی بە دەیان پەیکەر و تابلۆ و نەقش و نیگاری هەڵکۆڵراوی سەر بەردەکانی دیوارەکان و دەروازەکانی پەرستگاکان .. جوانییەکەی بوو بە هەوێنی شاکارترین پەیکەر و وێنەی کێشراو .. کە بەشێکیان تا ئەمڕۆش ماونەتەوە و .. بوونەتە مایەی شانازی و رێز و .. بە سەرچاوەیەکی بێ مایەی ئابووری بۆ میسر .

مێژوونووسان و زانا بە ناوبانگەکانی شوێنەوارناسی ، ئەوە دەسەلمێنن ، کە شاژن نەفەرتیتی شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاوەدانیی لە میسردا بەرپاکرد .. خزمەتێکی زۆری بە وڵاتی میسر بەخشی .. سەردەمەکەکەی  بە وەرچەرخانێکی شارستانی و مێژوویی گرنگی میسر دادەنرێت .

نەفەرتیتی بە فەرمی ئاینە تازەکەی راگەیاند بە ناوی( خوای ئاتوون )ەوە ، واتا خوای خۆر کە هێماکەی بریتی بوو لە خۆرێکی خڕی تیشکدار .. نەفەرتیتی باوەڕی بە ئایینی یەکتاپەرستی هەبوو .. میسرییەکان تا ئەو کاتە چەند بتێکێکی جیاوازیان دەپەرست لەسەرووی هەموویانەوە ( خوای ئاموون ) .. زۆر بە زوویی ئەم تازەیە ئایینە بوو بە ئایینی زۆربەی میسرییەکان .. نەفەرتیتی و ئەخناتوونی هەژدەمینی هاوسەری ، بە دوو خواپەرستی مەزن و ، بە دوو رابەری پیرۆزی ئەم ئایینە ناسران .. لە چەندین نەقش و نیگاری سەر دەروازە و دیواری پەرستگاکاندا وێنەی نەفەرتیتی و ئەخناتوون و ئاتوون  کێشراون .. ناوبانگێکی تازەشیان لە شاژن نەفەرتیتی نا : ( نەفـەر نەفـەر ئاتـوون نەفـەرتیتی )  واتە ( خۆر هەڵهات و جوانەکەش هات ) .. ئەخناتوون لە زۆر شوێنی میسردا پەرستگای بۆ ئایینە تازەکەیان دروست کرد .. پەرستگایەکی مەزنیشی بەناوی ( پەرستگای نەفەرتیتی ) یەوە دروستکرد .. لە دوای راگەیاندن و بە فەرمی کردنی ئەم ئایینە .. لە ساڵی ( ١٣٤٠) پێش زایینیدا ، پایتەختێکی تازەیان بۆ فەرمانڕەواییەکەیان دروست کرد .. بە ناوی شاری ( ئەخیـاتوون ) واتە ( شـاری ئاسـۆی روونـةاکی ) .. یا ( شاری ئاسۆی ئاتوون ) پایتەختەکەیان لە شاری ( تیبە) ەوە ، گواستەوە بۆ ( ئاسۆی ئەئاتوون ) .. زیاتريش لە پەنجا هەزار خەڵکی دوای نەفەرتیتی کەوتن و .. ماڵەکانیان گواستەوە بۆ ئەم پایتەختە تازەیە .. شوێنی ئەم پایتەختەش ئێستا بە (تەل ئەلعەمارنە ) ناودەبرێت .. تا ئێستا لە شوێنەواری ئەم شارەدا بە دەیان گۆر و پەیکەر و کەرستە و پاشماوەی دێرین و خانوبەرە و لاشەی مۆمیاکراویان لێ دۆزیوەتەوە .

نەفەرتیتی دەسەڵاتێکی رەهای هەبوو ، بنکەیەکی ئایینی و جەماوەریی فراوانی هەبوو .. چەند نازناوێکیان لێ نابوو وەک : ( شاژنە جوانەکە ) ،( شاژنە مەزنەکە) ،( شاژنە خواپەرستەکە ) ، ( شاژنە بەهێزەکە) .. ئەخناتوونی هاوسەری ، بە چەند رستەیەکی ناسک ، گوزارشت لە خۆشەویستی و رێز و دڵسۆزیی خۆی بۆ نەفەرتیتی دەکات و ، نزای بۆ دەکات و دەڵێت : ” دڵـم پـڕ لە خۆشـەویستییە بۆ شاژن و بۆ منـداڵەکانی .. ئەی ( ئاتـوون ) تەمەندرێژی بە شاژن نەفـەرتیتی ببەخشە ..”

نەفەرتیتیش نزا بۆ هاوسەرەکەی دەکات و دەڵێت : ” ئەی ئاتوون ، بە گەورەی زەوی ئەخناتوون ( خۆشەویستی ئاتوون ) کە خۆشتی دەوێت ، ژیان و راستیی پێ ببەخشە “

نەفەرتیتی ( شەش کچ ) ی لە ( ئەخناتـوون ) بوو .

نەفەرتیتی و ئەخناتوون ، زۆر بە خۆشی و شادی و تەبایی دەژیان و هيچ کێشەیەکیان نەبوو .. تا ئەو کاتەی کە شاژنی خەسووی نەفەرتییتی ( تــی ئـی ) دێت و سەردانی شاری (ئەخـیاتوون ـ تـەل ئەلعـەمارنە) دەکات .. ئەو کاتە دوانگزە ساڵ بەسەر فەرمانڕەوایی ( ئەخناتوون ) دا تئپەڕی بوو  .. خەسووکەی ناکۆکی دەخاتە نێوان نەفەرتیتی  و  ئەخناتوونەوە  و ژیانیان لێ تاڵ دەکات و ، دەست لە کاروباریان وەردەدات .. ئەو هێشتا بڕوای بە خوای ئاموون هەبوو .. بڕوای بە ئاتوون نەبوو .

نەفەرتیتی دڵسۆز بوو بۆ باوەڕ و ئایینە تازەکەی .. لۆمە و سەرزەنشتی خەسووی کرد کە دەست نەخاتە ژیانیانەوە .. بەڵام بێ سوود .. خەسووەکەی وازی لێ نەهێنان ، تا لەیەکتریی دوورخستنەوە  .. ئەخناتوون لە کۆشکەکەیدا مایەوە و ، بەڵام نەفەرتیتی رووی لە شوێنێکی تر کرد و ، ئیتر یەکتریان نەبینییەوە .. هەر لەم کاتەشدا بوو ، کە شەپۆلێکی ( نەخۆشی تاعوون ) میسری گرتەوە و ، خەڵکییەکی زۆری کوشت .

لە هەندی سەرچاوەدا ، وای بۆ دەچن کە نەفەرتیتی لە ساڵی ( ١٣٣٠ پ . ز ) دا ، لە تەمەنی ( ٢٩) بۆ ( ٣٨) ساڵان کۆچی کردووبێت .. لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی شاری ( ئەخیاتوون ـ تەل ئەلعەمارە ) دا نێژرابێت .. بەڵام لە راستیدا تا ئێستا نەزانراوە ، کە کەی نەفەرتیتی مردووە و ، بە چی کۆچی دوایی کردوە و .. لە کوێشدا نێژراوە .

پەیکەرێکی نەفەرتیتی لە بەرلین :

دەستەیەکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی ، بە سەرۆکایەتی زانای پسپۆری شوێنەوارناس و شارەزا لە پاشماوە دێرینەکانی میسر ( لۆدڤیک بوردشاردت ) لە ( دۆڵی شاهان ) لە ناوچەی ( تەل ئەلعەعەمارە ) دا ، دوای هەڵکۆڵین ، لە شوێنکاری پەیکەرتاشی ناسراوی فیرعەونییەکان ( تەحتمس) دا ، لە بەرواری ( ٦ / دێسەمبەری /  ١٩١٢ ) دا پەیکەرێکی تا نیوەقەدی شاژن نەفەرتیتی یان دۆزییەوە .. کە ساغە و نەڕووشاوە . ئەم پەیکەرە لە بەردی جیری دروستکراوە و بە گەچاو بۆیە کراوە و ، بە ( قسڵ ) یش جوانکاری بۆ کراوە .. ئەم پەیکەرە یەکێکە لە شاکارە هونەرییەکانی فیرعەونییەکان و ، یەکێکە لە جوانترین پارچە هۆنەرییە بەجێماوەکانی سەردەمی کۆن .

مێژووی ئەم پەیکەرە دەگەڕێتەوە بۆ (٣٣٠٠) ساڵ پێش ئێستا  کە لە ساڵی ( ١٣٤٥) ی پێش زایینیدا ، پەیکەرتاشی فیرعەونییەکان ( تەحتمس ) درووستی کردووە .

درێژیی پەیکەرەکەی نەفەرتیتی ( ٤٧) سەنتیمەترە و کێشی ( ٢٠) کیلۆگرامە .. چاوی چەپی نەماوە .. دەشی کەوتبێت یا نەدۆزرابێتەوە .. پەیکەرەکە رەنگاورەنگە .. رەنگەکانیش تێکەڵەن و ، لە هاڕاوەی چەند ماددەیەک گیراونەتەوە و ، پەیکەرەکەیان پێ رەنگ کردووە .. تا ئەمڕۆش ئەو رەنگانە کاڵ نەبوونەتەوە .. جونکاریشیان بۆ چاوەکانی و هەندێ شوێنی تری کردووە .

( لۆدڤیک بورشاردت ) لە یادداشتەکانیدا نووسیوێتی  و دەڵێ : ” لە پڕێکدا شاکارترین هونەری لەناونەچووی میسری کەوتە بەردەستمان .. مەحاڵە کە باسی بکرێت ، پێویستە ببینرێت ” .. لۆدڤیک دەیباتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە زەمالیک لە قاهیرەدا ..  لە ساڵی ( ١٩١٣) دا پەیکەرەکەی نەفەرتیتی دەباتەوە بۆ بەرلین ی پایتەختی ئەڵمانیا.

ئەم پەیکەرە ، هێمایەک بۆ جوانترین و بە ناوبانگترین شاژن لە کۆندا .. نەفەرتیتی و جوانییەکەی بە بیر جیهان دەهێنێتەوە و ، بە نەوەی ئەمڕۆی دەناسێنێت .

لە ساڵی ( ١٩٢٣) دا ، بۆ یەکەمین جار پەیکەرەکەی نەفەرتیتی لە مۆزەخانەی شاری بەرلین دا پێشاندرا .. ئێستاش لە مۆزەخانە تازەکەی شاری بەرلین دانراوە .. ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار سەردانی بینینی ئەم پەیکەرە دەکەن .. پەیکەرەکەی نەفەرتیتی بۆتە ( هێمای رۆشنبیرریی بەرلین ) .. لە ساڵی ( ١٩٨٩ز ) دا ، وێنەی دەمووچاوی ئەم پەیکەرە ، خرایە سەر کارت و سەر پوولی پۆستە لە ئەڵمانیادا .. لە ساڵی ( ١٩٩٩) دا پارتی سەوزی ئەڵمانی لەسەر پۆستەرەکانی هەڵبژاردن دایان نا .

تا ئەمڕۆش میسر داوای ئەم پەیکەرەی نەفەرتیتی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە .. بەڵام ئەڵمانیا دەڵێت بەپێی پرۆتۆکۆڵێکی مۆرکراو لە ( ١٩١٣) دا بووە بە موڵکی ئێمە .. بەڵام میسر دەڵێت کاتی خۆی ( لۆدڤیک بورشاردت ) فێڵی لێکردوون .. لەو کاتەشەوە رێیان بە لۆدڤیک نەدا وە ، کە جارێکی تر پشکنین لە شوێنەوارەکانی میسردا بکات .

لە کاتی ( هیتلەر ) یشدا .. هەوڵی گەڕانەوەی ئەم پەیکەرە بۆ میسر درا .. بەڵام هیتلەر رازی نەبوو کە بۆ میسری بگەڕێنێتەوە .. هیتلەر لە بارەی گرنگی و بەهای مێژوویی ئەم پەیکەرەدا ، گوتی : ” شتێکی هونەریی  زۆر نایاب و بێ وێنەیە ، گەنجینەیەکی راستییە ” بەڵینی ئەوەشی دا ، کە مۆزەخانەیەکی بۆ دروست بکات کە لێی دابنرێت .

لە ساڵی ( ١٩٣٢) دا ، لە لایەن توێژێنەری بەریتانی ( جۆن بەندلبیری ) یەوە ، پەیکەرێکی تری سەری نەفەرتیتی لە میسر دۆزرایەوە ، کە ئێستا لە مۆزەخانەی میسری لە ( قاهیرە ) دا دانراوە ، کە لە کانزای ( کوارتزی سوور ) دروست کرراوە .. بەڵام هیچ نەقشێکی ئەوتۆی لەسەر نییە .. لە روخساردا ، لە پەیکەرەکەی بەرلین کەمتر نییە ، بەڵام ناگاتە بەها و ناوبانگی ئەوەی بەرلین .

ئایا تەرمی مۆمیاکراوی نەفەرتیتی دۆزراوەتە .. ؟

لە سەدەی نۆزدەمیندا ، شوێنەوارناسی فەرەنسی ( ڤیکتۆر لۆریت ) لە ( دۆڵی شاهان ) لە ( تەل ئەلعەمارنە ) دا ، لە سەردابێکی نهێنیدا ، دیوارێکی کردەوە ، لە ژووریێکدا سێ تەرمی مۆمیاکراوی دۆزییەوە .. یەکێکیان پیاوە و ، دوانەکەی تریشیان ئافرەتن .. یەکێک لە ئافرەتەکان لەوی تریان گەنجترە ، مۆمیاکان رووتن .. لە ساڵی ( ١٩٠٧) دا ، وێنەی ئەم سێ مۆمیایە گیران .. لەو کاتەدا بایەخێکی ئەوتۆیان بەم تەرمانە نەدا .. بەڵام زاناکان ئەو گومانەیان لا دروست بوو ، کە یەکێک لەو دوو ژنە مۆمیاکراوانە ، دەشێ شاژن نەفەرتیتی بێت .

لە ساڵی ( ٢٠٠٢) دا ، توێژەری بەناوبانگی بەریتانی ، پسپۆر لە بواری مۆمیادا دکتۆرە ( جوان فلیتشەر ) لە زانکۆی نیۆیۆرک ، بە هۆی ئامێری پشکنین و ، چەند بەڵگەیەک ، زۆر بە دڵنیاییەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ، کە مۆمیای ژنە گەنجەکە ، نەفەرتیتی یە ، ئەوەشی گوت ، کە ئەمە راستییە و هیچ گومانێک هەڵناگرێت .

دکتۆرە جوان فلیتشەر بە خۆشیشەوە گوتی: ” ئەمە گرنگترین دۆزینەوەیە لە ژیانمدا ”  ئەم قسەکردنەشی دوای پشکنین و چەند بەڵگە و نیشانەیەکەیەکی سەر مۆمیاکە کرد. 

نیشانەکانیش : قژی تاشرابوو ، چونکە نەریت وابوو کە شاژنەکانی فیرعەونییەکان ، قژی خوازراویان ( باروکە ) یان لەسەر دەکرد .. دوو کونی شوێن گوارە لە گوێی چەپیدا یە .. ئەم گوێ کونکردنەش لە لای  شاژنەکان دا  باوبووە .. دەستیشی نوقاوە ، لەوانەیە سەولەجانی بە دەستەوە بووبێت .. لەو وێنانەش دەچێ کە لەسەر دیواری پەرستگاکاندا کێشراون . ئەگەرچی ئەم تەرمە مۆمیاکراوە ، ئێسکەکانی سەر سگی شکاون و ، کونێک لە کاسە سەرەکەیدایە .. دەستی چەپیشی لێ بۆتەوە و ، لە نزیک تەرمەکەدا کەوتبوو .. دەشێ دز و جەردە بۆ دۆزینەوەی زێری لەشی گەڕابێتن و ئەوان ئێسکەکانیان شکاندووبێت .. ئەمەش تا ئێستا ، تەنها بۆچوونە .

بەڵام زانای شوێنەوارناسی میسری ، دکتۆر ( زاهی حەواس ) کە وەزیری دەوڵەتی پێشووی میسر بوو ، ئێستاش ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای میسرییە ، بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان .. رەخنە لە دکتۆرە ( جوان فلیتشەر ) دەگرێت و دەڵێت :

” ئەو مۆمیایەی جوان فلیتشەر بە مۆمیای شاژن نەفەرتیتی دەزانێت ، هی ئەو نییە .. بەڵکو مۆمیای کچە شازادەیەکە ، کە تەمەنی لە نێوان ( ١٦ تا ٢٠) ساڵانە .. بەڵام نەفەرتیتی لەم تەمەنە گەورەتر بووە ” .. زانایانی میسری ئێستا لە تەرمی ژنە مۆمیاوەکراوەکەی تر دەکۆڵنەوە .. لەوانەیە ئەمیان نەفەرتیتی بێت یا ئەو نەبێت .

مەگەر لە داهاتوودا ، بە هۆی ( پشکنینی ترشەڵۆکی ناوکی ) یەوە ، بدۆزرێتەوە .. دوای ئەوەی کە تەرمی یەکێکی تر لە خێزانی نەفەرتیتی بدۆزرێتەوە .

میسرییەکان بڕوایان بە پشکنینی زاناکانی بێگانە نەماوە و ، ئێستا خۆیان تاقیگەیەکیان بۆ پشکنین و توێژینەوە دروست کردووە .. بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و ، هەر خۆیان توێژینەوە لەسەر هەرسێ مۆمیاکە ، یا هەر مۆمیایەکی دوزراوەی تر بکەن .

بێگومان ، لەوانەیە لە پەیکەرێک و دووان زیاتر بۆ نەفەرتیتی دروست کرابێت و ، تا ئێستا نەدۆزرابێتنەوە .. لەوانەیە لە داهاتوودا تەرمی مۆمیاکراوی نەفەرتیتی بدۆزنەوە و ، هەموو گومانەکان بڕەوێننەوە .

هیوادارم خوێنەرانی کوردمان ، سوود لەم بابەتە وەربگرن .. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە ئەوەیە ، کە ئەوە بزانن کە نەفەرتیتی ، کچە شازادەیەکی کورد بووە .

 

 

رەزا شوان / نەرویج  :   ١٥/ ١/  ٢٠١٤

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.