Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کۆتایی خوشکایەتی ـ … بەفراو نوری

کۆتایی خوشکایەتی ـ … بەفراو نوری

Closed
by January 25, 2014 فەلسەفە

 

 

 

کۆتایی خوشکایەتی ـ 

 فەلسەفەی «گایاتری ئیسپیواک» لە نێوان پۆست کۆلۆنیالیزم و فیمنیزم دا

 

 

گایاتری چاکراورتی ئێسپیواک ، یەکێکە لە فەیلەسوفە بە ناوبانگەکانی ئەمڕۆ  و لە پاش ئێدوارد سەعید یەکێکە لە  دامەزرێنەرانی تێوری پۆست کۆلۆنیالی. ئێسپیواک لە ساڵی 1924 لە وڵاتی هێند لە دایک بووە، بۆ خوێندن  رووی کردوەتە ئەمریکا و  تا چەند ساڵێک لەوەوبەر مامۆستای زانکۆی کۆلەمبیا بەشی ئەدەبیاتی تەتبیقی بوو، ناوبانگی ئێسپیواک یەکەم جار ئەگەڕیتەوە  بۆ تەرجەمە و نووسینی پێشەکی لە سەر بەرهەمەکانی درێدا کە وای کرد لە زانکۆ ئێنگلیزی زمانەکاندا، لە ناو  ئەوانەی بە دوای تێگەیشتن لە تکێستی درێداوە بوون  ناوبانگ دەرکات . هەندێ پێیان وایە ئێسپیواک دەرگایەکی نوێ بۆ فەلسەفە و فیکر  لە دنیای غەربدا کردوەتەوە. کایەی کاری ئەم نووسەرە   بوارەکانی ئەدبیات و مارکسیسم و فمێنێزم و جیهانی بوون و پۆست مۆدێرنەیە. لە بەر ئەوەی فەلسەفەکەی نزیکە بە درێدا، وەک درێدا خۆی، ئێسپیواک زۆر لەسەر پارادۆکسە دوانەیەکان کاری کردوە.  هەم لە گوفتمانی پۆست کۆلۆنیالی و هەم لە گوفتمانی  فێمینێزمدا، پارادۆکسەکان شی ئەکاتەوە و ئەو چەمک و زاراوانەی لە زمانی ئێمپریالیستی و داگیرکەراندا بوونیان هەیە  ئەیانخاتە وە بەر پرسیار.

چەمکی سەرەکی و بۆنیادی لای ئێسپیواک، چەمکی (ژێردەستە ) .  ئێسپیواک ئەم چەمکەی لە ئانتونیو گرامشی وەرگرتوە کە بە ئەو چینە لە کۆمەڵگا  ئەوترێ لە ژێر هژمۆنی نۆخبە حاکمەکاندان، چینگەلێ بە هۆی رەگەز و جنس و نەتەوە و دین و …هتد لە ماڤەکانی کۆمەڵگا بێ بەش ئەبن. ئێسپیواک ئەم چەمکە بۆ سوژەکانی داگیرکراو یا کۆلۆنی کراو بە کار ئەهێنیت، بە تایبەت بۆ خەڵکی هیند کە لە لایەن ئێنگلیزەوە داگیر کراون  و دواتریش بۆ ژنانی خۆرهەڵاتی  وەک چینێکی ژێردەست و بێ دەسەڵاتی ناو کۆمەڵگاکان . ئیسپیواک باس لەو حالەتە  ئەکات کە داگیرکەران و دەسەڵاتە پاتریارکیەکان تا ئەو شوێنە دەنگی ژێردەستانیان خنکاندوە کە ژێردەست ئیتر شوێنێکی بۆ قسە کردن نەماوە. لە کتێبێکدا بە ناوونیشانی (ئایا ژێردەست قسە ئەکات) ئەو پرسە ئەوروژێنێت کە ئایا ژێردەستان ئەتوانن قسە بکەن. ئەو وا بیر ئەکاتەوە کە قسە لە (وتن) و (بیستن) دروست ئەبێ. گەر ژێر دەست بشتوانێ بەسەر مەرج و شەرایتێکی دژواریشدا سەرکەوێ و زمانی بێتە گۆ، ئەوا هیچ کەس نیە بیبیستێ، مەگەر ئەوەی بۆ قسە کردن گوفتمانی داگیرکەری سەرکوتکەر، خۆی بە کار بهێنێتەوە. دەنگ و قسە پەیوەندییەکی قولیان لە گەڵ شوناسدا هەیە ، لە واقیعدا  قسە و دەنگ دیاردەن بۆ شوناس، تا شوناسی خۆمانمان نەبێت ناتوانین دەنگ و قسەشمان هەبێ و گەریش هەبێ ئەو دەنگە ، دەنگی خۆمان نییە و دەنگ و قسەی داگیر کەرە کە لە دەممانەوە دێتە دەرێ. شوناسی هەر کەسێک یا نەتەوەیەک، میژو و کەلتور و زمانیەتی، کاتێک داگیر کەران کتێب و کەلتور و زمانی نەتەوە  خۆرهەلاتیەکانیان بە کەشتییەکانیان ئەبردەوە بۆ ڕوژئاوا، لە واقیعدا دەنگ و شوناسی ئەو نەتەوانەیان لەگەڵ خۆیان ئەبرد و دەنگ و شوناسێکی تریان ئەنایە جێی. کاتێ لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا باوکەکان زمان و دەنگ لە ژن ئەسێنن و فەزا و شوێنی قسەی بۆ ناهێڵێن، لەگەڵ ئەوەشدا شوناسی مێ ئەکۆژرێ و دەنگی ئەخنکرێ و گەر دەنگێکیشی هەبێ، ئەوا دەنگی خودی ژن نییە بەڵکو دەنگی کۆمەڵگا و گوفتمانی نێرە کە بە سەریدا زاڵە و جارێکی تر لە گەروی ژن دێتەوە دەر. ئەم بۆچونە ئێسپیواک، بەرەو ڕەخنەکردنی مەرکەزاگەرایی ئەوروپی ئەبات، بە دیدی ئێسپیواک ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیستەکان جۆرێ لە باڵادەستی (ئبستمولۆژی) یان هەیە بەرەو کرداری بایەخ نەدان و گوێ نەگرتنی بردون لە بن دەستەکانیان،  ئەو ئەم دۆخە بە (زەبروزەنگی ئبستمۆلۆژی) ناوئەنێ. گوفتمانی خۆرئاوا بە هۆی ئەوەی لەسەر دابەشکردنی دنیا بۆ دوو تەرەفی (پێشکەوتو) (دواکەوتو) قەراری گرتوە، ئەوروپا خۆی بە پێوەری پێشکەوتن ئەزانێ، دنیاشی مەحکوم کردوە لەسەر خەتی ئەو و بەدوای ئەودا بروات، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی گوفتمانی ژێردەست گوێ بیستی نەبێ و کەس گرنگی نەداتێ، چونکێ گوفتمانی دنیای بێ زانیاری و بێ پێشکەوتنە.

چەمکێکی تر کە ئێسپیواک باسی لێ ئەکات چەمکی (ئەویدی سازی ـ دیگرسازیە). ئاشکرایە ئەم چەمکە لە ئێدوارد سەعیدەوە خوازراو و لە بازنەی باس و خواسی سەر بە پۆست کۆلۆنیالیزمەوە هاتوە بۆ ناو فێمێنزم. وەک چۆن ئێدوارد سەعید پێی وایە خۆرئاوا لە خۆرهەڵات ئەویدیەکی وێنەکردوە، کە لەگەڵ ڕوخساری خۆرهەڵات خۆیدا جوت نایەتەوە. ئێسپیواک وائەبینێ فیمینزمی خۆرئاواش لە چێوەی هەمان گوفتمانی پۆست کۆلۆنیالی و ئۆرینتالیستیدا ئەسورێتەوە و ژنێکی خۆرهەڵاتی وێنە کێشاوە کە واقعیەتی ژنی خۆرهەڵاتی دەرناخاتەوە. لە روانگای ئێسپیواکەوە (ئەویدی سازی) کارێکە، گوفتمانی ئێمپریالیستی بە کاری ئەهێنێت تا سوژەیەکی  ژێردەست بە پێودانی ڕوانین و پێویستی خۆی بەرهەم بێنێت. سوژەی ژێر دەستەکان، سوژەی خۆیان نیە، بەڵکو لە دەستکردی سەردەستەکانە و ئەوان سەپاندویانەتە سەریان. ئێسپیواکیش وەکوو  ئێدوارد سەعید (ئەویدی سازی) بەجۆرێکی دیالکتیکی ئەبینێ، سوژەی داگیرکەر خۆشی هەمان کات دروست ئەبێ کە سوژەی داگیرکراو دروست ئەبێت. بەم جۆرەیە کە پەیوەندییەکی نابەرابەر لە رێگای ئەویدی سازیەوە دائەمەزرێ. لەم وێنەیەشدا  داگیرکەران و پیاوسالارانی ڕؤژئاوا، شوناس و گوفتمانیان بۆ چینی ژیردەست و ژنان و خەڵکی کۆلۆنیال کراو بەرهەم هێناوە. ئیسپیواک پێ وایە فیمێنیزمی ڕؤژئاواش بە جۆرێک لە جۆرەکان  وەک گوفتمانێکی داگیرکەر لە گەڵ ژنی خۆرهەڵاتدا ئەجوڵێتەوە، هەتا لە جێیەک بە گاڵتەوە ئەو بابەتە دیاری ئەکات کە فەرهەنگ و سینەما و ئەدەبیاتی خۆرئاوا زۆر لەسەر ئەو بابەتە ئیشیان کردوە، کە چۆن (پیاوی سپی، ژنی ئەسمەر لە پیاوی ئەسمەر ڕزگاربکا).   بۆ ئەم مەبەستەش هێندێ لە بەرهەمی ئەدەبی فێمێنیزمەکان وەک نمونە ئەهێنیتەوە کە تێدا رۆڵی کارەکتەرەکانیان گوفتمانی  فێمێنیزمی  ژنی خۆرئاوا بۆ ژنی خۆرهەڵاتی بەرهەم دێننەوە.  ژنی خۆرئاوا بۆ ئەوە شوناسی خۆی بۆنیاد بنێ، ژنی خۆرهەڵاتی ئەکاتە قوربانی و سەرکوتی ئەکا، بەوەی دەنگ و ڕەنگ و تێگەیشتنی خۆی ئەخاتە بری ژنی خۆرهەڵاتی و ئەوەی خۆی بە مافی ژنی ئەزانێ، بە گوفتمانی ژنی ئەزانێ، ئەیسەپێنێ بەسەر ژنی تەواوی دنیادا. لەم بابەتەشدا ئێسپیواک یەکێک لە بابەتە هەستیارەکان ئەوروژێنێ، کە دەمێ ساڵە جێگای باس و خواسە، ئەویش پەیوەندی ژێندەر و ڕەگەزە. بە جۆرێ ئەشێ وابێ لە جێیەک ژن وەک ڕەگەز و فێمێنیزم وەک رەگەزپەرستی دەرکەون. ئێسپیواک خۆی نزیکایەتی فیکری لەگەڵ ئەو سەیرکردنە فێمێنستیە هەیە کە بە ناوی (فیمنیزمی ڕەش) ئەناسرێ. ژنانی ڕەش یەکەمین تاقمێ بوون ڕەخنەیان لە گوفتمانی (خوشکایەتی) نێو فێمنێزم گرت. فێمنیستەکان لە نێوان ساڵانی شەست بۆ هەشتا، زۆر پێداگریان لەوە ئەکرد ژنانی دونیا یەک شتن و ژن لە هەر جێگایە بێ، هەر ژنە و ئەوەی پێکیانەوە ئەبەستێ (خوشکایەتیە)، بەوەش باسیان لە خوشکایەتی نێوان ژنانی هەموو دنیا ئەکرد. ئەم گوفتمانە لای ئێسپیواک ئەدرێتە بەر ڕەخنەی توند. بە دیدی ئێسپیواک ژن وەک سوژەیەکی گشتی و یەک ڕەنگی بوونی نیە. شتێ نیە ناوی ژن بێت بە گشتی، ژن لە جێگایەکدایە، شەرایت و جەریاناتی ئەو جێیەیە واتای ژن بوونی دیاری ئەکەن. ژنێکی سپی پێست کە لە زانکۆیەکی ئەمریکا ئەخوێنێ، هەمان ژن نیە کە لە گوندێکی ئەفغانستاندا  مەینەتی ئەکێشێ، بە بڕوای ئێسپیواک، ژن لە موحیتی خۆی جیاناکرێتەوە تا سوژەیەکی جیهانی بۆ دروست بکرێ. ژن ئەبێ لە چێوەی نەتەوەکەی، شوێنەکەی، چینەکەی، مەزهەبەکەیدا ببینین، چونکە ژنێکی سەر بە چینێکی هەژار گوفتمان و قسەیەکی هەیە جیا لە گوفتمان و کێشەی ژنێک سەر بە چینە زەنگینەکان. گوفتمانی فێمنیستی کاتێک قسە لە ژنێکی جیهانی ئەکەن، جیاوازی و خسوسیەتی ژنان لەدەرەوەی غرب ئەسڕنەوە و یەک وێنە بۆ ژن دائەنێن کە لە خۆرئاوا و زانکۆکانیدا وێنەیان لێ  کێشاوە.

بە بڕوای ئیسپیواک جەریانی فێمێنیزم لە خۆرئاوا هەرچەند یەکێ لە گەورەترین بزوتنەوە رزگاری خوازەکانی سەدەی بیستم بووە بەڵام لە بارەی ژنانی جێهانی سێهەمەوە بە هەڵەدا چووە. ئێسپیواک پێوایە هەرچەند فێمێنیزمی خۆرئاوا هەوڵی داوە هەم زمانی ئەوانە بێت کە زمانی قسەیان نییە و هەم رێگایەکیشیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ قسە کردن، بەڵام لەم رێگایەدا پەلەی کردوە و بە هەڵەدا رۆیشتوە. فێمێنیزمی ڕۆژئاوا نەیتوانیوە تێبگا لە ژنی دەرەوەی غەرب. هەمان نوسخە (رەچەتەی)  بۆ ژنی خۆرهەڵات نوسیوە  کە بۆ ژنی خۆرئاوا نوسیوێتی. لەم وێنەدا ژنی خۆرهەڵاتی. یان ژێردەستێکی بێ دەسەڵاتە کە لە ژێر فەرمان و حوکمی باوک و مێرد و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەسیرە یان خراپتر لەوە خۆی وردە وردە بووەتە فەرمانبەرێکی ناو سیستمی حاکم و بە بەشێک لە هۆی سەرکوتی خۆی یا ئەبێتە  شورشگێرێکی قین لە دڵ و تۆلەسێن کە هەموو نۆرم و هنجار  و نەزمێکی کۆمەڵگا رەدئەکاتەوە. فێمێنیزمی خۆرئاوا ئەیەوێ ژنی خۆرهەڵاتی وەک خۆی لێ بکا، دەقیق لێرەوەیە کە ئیسپیواک رەخنە ئەگرێ و دەڵێ هەوڵدان بۆ یەک رەنگ کردنی ئەوانی تر لە گەڵ خۆمان، بنەما و بۆنیادی کار و نیازی ئێمپرالیستی یە، ئیمپریالیستەکان هەوڵیان بووە وڵاتانی داگیرکراو بۆیەکاری بکەن و رەنگی خۆیانی لێ بدەن، کاری ئیمپرالیستیش، توانا و هێز نابەخشێتە ژێردەست، بەڵکو ژێردەستێکی نوێی لێ دروست ئەکات. فێمنیزمی ڕۆژئاوا بەرای ئێسپیواک دەنگی ژنی خۆرهەڵاتی ئەخنکێنی، لە دەرەوەی موحیتی راستی خۆی تەماشای ئەکا، وێنەی ژنێکی جیهانی بەسەریدا ئەسەپێنێ، کە دوورە لە ژنی خۆرهەڵاتی خۆیەوە. 

ئیسپیواک هەوڵی ئەوە ئەدات تا تێبگات دەنگ و قسەی ژنی خۆرهەڵاتی کامەیە?. پێ وایە  ، ئەو دەنگە و زمانەی فێمنیزمی خۆرئاوا ئەیدات بە ژنی شەرقی و ئەو ستەمەی کۆمەڵگای ستەمگەری جیهانی سیهەم لە ژنی ئەکات، هەردوو بە قەد یەک زوڵم لە ژنی خۆرهەڵات ئەکەن و هیچکامیان دەنگ و زمانی ژنی شەرقی نییەن . فێمنیزمی خۆرئاوا ئەیەوێت ژنی خۆرهەڵات فەردیەتی خۆی لە کۆمەڵگادا بسەلمێنێ و هەر ماف و شتێکی لێ سەندراوە ، بە هەر نرخێک بووە وەریان گرێتەوە، بەڵام ژنی خۆرهەڵات خۆی لە شەرایتێکدا ئەژی ئەم گوفتمانە هیچ جەشنە پەیامێک رۆشن بەو ناگەێنێ. لەو لایشەوە کۆمەڵگای ستەمکار داوا لە ژنی خۆرهەڵاتی ئەکات هەمیشە ژێر دەست بێت و گۆڕانکاریەکانی جیهان کاریگەریان لە سەری نەبێ، بەردەوام رازی بێت بەو دۆخەی تێدا ئەژی. بەڵام ژنی خۆرهەڵاتی ئەمەشی ناویت و نە حەزی لە تۆڵەسەندنە و نە ئەیەوێت دۆخەکەش بەو جۆرەی کە هەیە بمێنێتەوە. ئیسپیواک ئەوە مەبەستییە بڵێت بۆ یارمەتی دان و چارەکردنی کێشەی کەسێک سەرەتا ئەبێ لە کەسەکە تێبگەین، ئەگەر وا نەبێ زیاتر لەوەی یارمەتی بدەین زەرەری پێ ئەگەینین، ئەبێ پێش ئەوە دەرمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان بنووسین، رێگا چارەکانی خۆیان، شێوەکانی بەرەنگاری و شەڕکردنیان ، مێژویان، خواستەکانیان و ئارەزوەکانیان و ژیانیان بەو جۆرەی خۆیان تێی ئەگەن لەبەر چاو بگرین، تەنیا دوای ئەم قۆناغەیە ئەتوانین بە دوای چارەسەردا بین. فێمنیزم بە شێوازە خۆرئاوایەکەی، بەردەوام چارەسازی بۆ نەخۆشیەک ئەکا کە هێشتا تێی نەگەیشتوە و نازانێت چیە. ئێسپیواک کێشەی ژن بە تەنیا ناگێرێتەوە بۆ خودی ژن بوون، ژن تەنیا وەک ژن سەیر ناکات  بەڵکو وەک بەشێک لە گوفتمانی کۆمەڵگا سەیری ئەکا، بۆ ئەوەی تێیبگەین ئەبی کێشەکانی جیابکەینەوە لە خۆدی ژن ، ئەبێ ئەو شوێنەی تێیدا ئەژی بە باشی بناسرێت.کێشەی ژن تەنیا لە ڕەگەزەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو هەڵگری سیفەتەکانی ئەو جێ و کلتورەشە کە تیا ئەژی. 

گەر لەم روانگە پۆست کۆلۆنیەوە سەیری کێشەی ژن بکەین لە کوردستان، ئەبینین ئەوانەی لە بواری ژندا ئیش ئەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەچنە ژێر خانەی ئەو گوفتمانەی ژن سەرکوت ئەکا، ئەوان یەک وێنەی ژنیان لایە، وێنەی ژنێک کە دواجار فێمنیزمی خۆرئاوا کێشاوێتی. وێنەیەک هەموو وێنەکانی تری ژن ئەسرێتەوە. ئەوان گوفتمانێک بەسەر ژندا ئەسەپێنن کە زۆر ئۆرینتالیستە و ژنی کورد خۆی تەواو بێدەنگ ئەکات و لە شەرایتی دەوروبەری دای ئەبڕێ. ژن بوونەوەرێکە وەک ئێسپیواک ئەڵێ، جیاناکرێتەوە لە جێی خۆی، لە چینەکەی، لە شوێنی نەتەوەکەی. گوفتمانی ژنێکی کورد نا توانێ وەک گوفتمانی ژنێکی تورک بێ لە ئەستەمبول یان ژنێکی فارس بێ لە قوم. (خوشکایەتی) فێمنیزمی بە خنکانی ژنە ژێردەست و بێ زمانەکان تەواو ئەبێ. ژنی کورد لە ناو خۆشیدا شتێکی هۆمۆژین نیە، جیاوازی زۆر لە نیوان ژناندا هەیە، گوفتمانێ نیە بتوانی زمان حاڵی ژنانی چەوساوە و بەشمەینەت بێ و زمانحاڵی ژنی چینە دەوڵەمەندەکانیش بێ، ژنی ئەو جێگایانەی کە توشی کارەسات و جەنگ هاتون گوفتمان و زمانێکیان ئەوێ کە قسە و باسی ژنانی شارەکان نین، لەو جێگایانە کە ستەمی نەتەوەیی زۆرە، مەسئەلەی ژن جۆرێکی تر ئەنوێنێ، وەک لە جێگایەک ئەو ستەمە بوونی نەبێ. فێمنیزمی کوردی کەوتۆتە هەمان هەڵەیەک کە ئێسپیواک پەنجەی ناوەتە سەر، کاتێ باسی ژن ئەکرێ، ژنانێک لە ئوروپا خوێندوویانە، لەوێ ژیاون خۆیان بە ژنانێ بەراورد ئەکەن کە لە گوندە دورەکان و لە نێوچە هەژارەکان ئەژین. لەسەر ڕۆشنایی سەرنج و دیدی ئێسپیواکدا ئەکرێ بڵێین شتێکیش نیە بە عمومی ناوی ژنی کورد بێ. ژنی کورد بوونێکی هۆمۆژینە نیە، تا بە یەک گفتمانی عمومی باسی لێوە بکرێ.

 

 

بەفراو نوری

———————————

سەرچاوەکان

گایاتری چاکراورتی اسپیواک ،نویسندە:استفان مورتون،مترجم: نجمە قابلی، نشر بیدگل 1392 

کرسی زنان،گایاتری چاکراورتی اسپیواک،مترجم :مجیداکبری،نشریە :روزنامە ایران 

نقد ادبی ففینستی،گایاتری چاکراورتی اسپیواک.مترجم؛ مهناز وطن پور،نشریە؛روزنامە شرق

فیلسوفی از بنگال،مروری بر اخرین کتابهای گایاتری اسپیواک.نویسندە؛ پرویز براتی، نشریە؛روزنامە شرق

ایا فرودست میتواند سخن گوید?گایاتری اسپیواک، مترجم:مهسا اسداللەنژاد.نشریە؛

 هفتەنامە چشم اندازایران

Bafraw noori

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.