Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە پەراوێزی نیشتمانپەروەریدا

لە پەراوێزی نیشتمانپەروەریدا

Closed
by January 29, 2014 گشتی

 

 

 

 

 

١ ـ ساڵی ٢٠١٣ ، سەروەختێ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتی نێجیریا گەشتە قۆناخی فینال و دەبوو رووبەرووی هەڵبژاردەی وڵاتی بورکین فاسۆ، بۆ بەدەستهێنانی جامی ئەفریکا بێتەوە، چەند رۆژێ بەر لە سازدانی یاریی کۆتایی،  ژنەلەشفرۆشەکانی نێجیریا، بە هەواڵێکی سەیر و سەمەرە  میدییەکانی جیهانیان ئەبڵەق کرد. کاتێ  رایانگەیاند، گەر بێتوو هەڵبژاردەی نێجیریا، یارییەکە بباتەوە و جامەکە بەدەست بهێنێ، بۆ  ماوەی هەفتەیەک،  کاری لەشفرۆشییەکەیان دەکەن بە خۆڕایی. بە واتایەکی دی بێ بەرانبەر تا حەوت رۆژ، هەر کەس ئارەزووی ئەو کارەی هەبێ، دەتوانێ لەگەڵیاندا جووت ببێت. بە کورت و کرمانجی ئەم کارە دەکەن، بەرامبەر بەخۆشی و شانازیکردن بە سەرکەوتنی وڵاتەکەیان لە یاریی تۆپی پێدا.  مەسەلەیەکی حاشاهەڵنەگرە،گەر ئامانج رزگارکردنی وڵاتەکەیان بوایە، بێگومان ئامادەی خۆبەختکردنی زیاتر بوون. بێژەرە ئەڵمانییەکەش کۆمۆنتێتی داو گوتی:تۆ بڵێی لەئەڵمانیاش شتی وا روو بدات؟!.

ئەو چرکەساتەی لە رادیۆی ئەلمانیا، گوێم لەم هەواڵە بوو، یەکەوراست خەیاڵم بەرەو لای ئێمەی کورد، فڕی و بەسەر چڵەپۆپەی رۆشنبیرانەوە نیشتەوە. بەراوردکردنەکە بەدەست خۆم نەبوو،چونکە هەواڵەکە هێندەی جوڵاندم، خێرا هێزە ناوەکییەکەم ناچاری کردم، ئەو کارە بکەم. 

 ئیدی، ئیستێکم کرد و لەگەڵ خودی خۆمدا کەوتمە تاوتێکردنی ئەم باسە هەژێنەرە و  پرسیم : میللەتی نێجیریا، هەر نەبێ، ساڵانێکی زۆرە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆیەتی. ناو و نەخشە و ئاڵای بە دنیا ناسراوە و مەترسییەکی جددی لەسەر قەوارەی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەستی نیشتمانپەری، لەفرۆش و سۆزانییەکانی هێندە بەرزە، داخۆ دەبێت، هەستی رۆشنبیرانی میللەتی بندەست و چەوساوەی وەک کورد، چۆناوچۆنی بێت؟!. و بەرانبەر بە پرسە نەتەوەییەکان چ هەڵوێستێکیان هەبێ!.

ئەفسووس ، ساتێ لەم بەراوردەدا، پانۆڕامای  گوتار و رەفتاری رۆشنبیرانی گەلەکەمم هێنایە بەرچاو، گەلێ کورتییان  هێنا.ـ  لەم وتارەدا مەبەست لە رۆشنبیران، ئەو لەشکرە قەڵەم بەدەستەی حیزبەکانە، ئەوانەی بە ئاشكرا و بە دەمامکەوە، ئۆپۆرتۆنیستانە،خۆیان کردۆتە وەستای پینەوپەڕۆکردنی سیاسەتی حیزب ـ .

ئاخر لە کەسمان شاراوە نییە، بەشە هەرە زۆرەکەی  رۆشنبیرانمان، نەک بە هیچ سەرکەوتنێکی کورد ئاسوودە نین، بگرە هەتا پێیان بکرێ خۆ دەکەنە ئاستەنگ و  رێگر لەبەدەم هەنگاوەکانی پرۆسەی کوردایەتیدا. بێ شەرمانە، هەزاران چیرۆک و سەدان فەلسەفە و دەیان  تیۆریی دادەتاشن و قسە پوواوەکانی ئێرە و ئەوێ دەجوونەوە، تاکو بیسەلمێنن، کورد شایانی سەربەخۆیی و دەوڵەت نییە. تێکڕای ئەم هەست و هەڵوێستانەشیان لە روانگەی سیاسەتی ئەو حیزبانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەسەر بنەمای ستراتیژی داگیرکەرچێتی هەڵچنراون، یاخود بۆ  ئایدۆلۆژیایەکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردی و ناکۆک بە بەرژەوەرندییە نەتەوەییەکان فیداکاریی دەکەن.

چەند سەیرە،ئەم بەڕێزانە، نەخشە و سنوور و ئاڵا و فەرهەنگ و تەنانەت سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریایان بەسەروبەرەوە پەسەندە و بە نیشتمانی دایکی خۆیانی دەزانن و دەبنە قەزاوەگێڕی. لە کاتێکدا نەخوێندەوارانیش لەوە ئاگادارن، کە ئەم دەوڵەتانە زۆڵەکن و بەچکەی ناشەرعی ئیستعماری ئینگلیزی و فەرەنسین.  کەچی بەناو رۆشنبیرانمان!!،خۆ دەکەنە قەرەوڵی پاراستنی یەکێتی سنووری ئەم دەوڵەتانە و بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی نەتەوەیی ـ بە بیانووی داتاشراوی جۆراوجۆرەوەـ یەک تاکە شەقاو لە پێناوی کورد دا هەڵنانێن.

گریمان مەسەلەکە کتومت، وەک قسە و راگەیاندنەکانی ئەوانە، بنەما پێویستەکانی دامەزراندنی دەوڵەت،هێشتا لە ئارادا نین. لێ ئەو بەڕێزانە، خاوەنی یەک تاکە پرۆژە نین، هیچ کام لەو بنەمایانە بخوڵقێنێ. کار لەسەر  هیچ بنەمایەک ناکەن، پرۆسەی رزگاریی کاراتر بکات، ئەم دەستە و تاقمە نە خۆیان کارێک دەکەن و نە رەزامەندن هێز و لایەنێکی دیکە قسە لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بکات. لای ئەم بەناو رۆشنبیرانە، ئەوەی دەمێنێتەوە، هەڵبژاردنی سەنگەری ناحەزیی و دوژمنکاری ویست و داخوازییە رەوا نەتەوەییەکانە و زارقەرەبالغانە کاوێژکردنەوەی تیۆرییە سواو و ناواقعییەکانی ناو کتێبە تۆز لێنیشتووەکانە، بە ئامانجی ئەوەی هەوڵ و خەباتی کوردایەتی، هەرگیزاو هەرگیز  دامەزراندنی دەوڵەتی لێ شین نەبێت. ئەم لەشکرە دەمامک داماڵراوانە،زۆرجاران لە بری داگیرکەران و دوژمنان ، یەخە بە کوردایەتی دەگرن و پلان و نەخشەی ئەوان بە ئاگایی بێت، یاخود بێئاگایی پێڕەو دەکەن.لێ ئەو وانەکانە!!، لە مێژە دەمامکەکانیان بە رووەوە نەماوە و رووخساریان بەدیار کەوتووە، باش دەزانن سەرباری رۆڵی نەگریس و  گێرەشێوێنییان، هێشتا لەدەرەوەی ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوایەتی لەدەرەوەی ویستی ئەوان، وەدەچەرخێ. باش دەزانن، هیچ هیزێک،چەند هەژموونیشی هەبێ،  ناتوانێ  ئیرادەی نەتەوەیەک  تا سەر بتاسێنێ . 

وتراوە: “ئەوەی نیشتمانی خۆش نەوێ،هیچی خۆش ناوێت”.

٢ـ  وەرزش لە دنیای ئیمڕۆدا  و بە تایبەت یاریی تۆپی پێ، بە جۆریک بۆتە خالیای خەڵکی و فراوان بووە و پەلی بە هەموو لایەکدا هاویشتووە، کەم یاری هەیە بەهەزاران و ملیۆنان بینەری نەبێت. مرۆ گەر خۆیشی وەرزشدۆست و لایەنگری یانەیەک نەبێ، وا کەسێک لە خێزانەکەی، یاخود هاورێیەکی  دەبێت، هاندەری یانەیەکە بێت و ئارەزووی بینینی تۆپی پێ بکات.

 هەڵبەت لە جیهاندا، هەردوو یانەی بەشەلۆنە و  ریال مەدرید دیارترین ئەو یانانەن، کە زۆرتین جەماوەریان هەیە و یاری و پێشبڕکێ و مێمڵی و رکەبەریی نێوانیان هێندە گەرم و بەهێز و پڕ لە خڕۆشە، گەلێک جاران کێشەش بۆ هاندەران دروست دەکات. یاری نێوان ئەم دوو یانەیە بە یاری کلاسیکۆ ناوزەدکراوە و بە ملیۆنان تەماشاچی لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە.

بەم پێودانگە، کەم کەس هەیە ئیمڕۆ لە دنیادا، ناوی یاریزان، لیۆنێل مێسی،بەر گوێی نەکەوتبێ.

ناوبراو، ئەستێرەیەکی درەوشاوەی  مێژووی تۆپی پێیە و تا ئێستا، چوارجار لەسەر یەک بە باشترین یاریزانی جیهان هەڵبژێردرا و بۆتە مایەی ئەوەی یانەکەی “بەرشەلۆنە”: چەندین خەڵاتی گەورە لەسەر یەک،  بەدەست بهێنێ. ناوبراو بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەرجەنتینە و یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەشێتی.

 خاڵی باڵکێش ئەوەیە، ئەم  یاریزانە، کاتێ بۆ وڵاتەکەی یاری دەکرد، ماوەیەکی باش نەیدەتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکا و هیچ رۆڵێکی نەدیووە بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەی. لێ کاتێ بۆ یانەی بەرشلۆنە  یاریدەکرد، بە گۆلێک و دوو گۆڵ و هاتریک  ـ واتە سێ گۆڵ ـ و سوپەرهاتریکیشەوەـ واتە چوارگۆڵ ـ نەدەوستا و بە نیودەرزەن گۆڵی تۆمار دەکرد.

 کە من نەخلی مرادم بێســــــــــــەمەر بێ

بە من چی باغی  عالەم جوملە بەر بێ

 مێسی،چەند لە بەرشەلۆنە و جیهاندا ناوێکی هەڵکشاو و خۆشەویست و ئەستێرەیەکی گەورە و خۆشەویستی جیهانی تۆپێ پێ بوو، لە ئەرجەنتین،نیشتمانی خۆی تا دەهات ناو و ناوبانگی  لە قوڕی خەستدا نقووم دەبوو،چونکە گۆڵی بۆ وڵاتەکەی نەدەکرد.

ئەم حاڵەتە وای لە ئەرجەنتنییەکان کرد،  لەو چەند ساڵەی رابووردودا، زۆر رکیان لە مێسی بێتەوە و هێرشی جۆراوجۆریی بکەنە سەری و، تەنانە بە ناشرینی بەرنەفرەتی هاهوها و بەردبارانکردنی بدەن. بەکورتی و کرمانجییەکەی، وەک  خۆفرۆش و جاشێک تەماشای بکەن.

ئەرجەنتینییەکان لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر بە مێسی هاووڵاتییان، ناهەق نەبوون، چونکە پێیان وابوو، کەوا ئەو یاریزانە هەڵکەوتووە، هەر بۆ پارە و ناوی خۆی و یانەی بێگانە باش  یاریدەکات و لە پەڕۆشی بردنەوە و سەرکەوتنی ئەرجەنتیندا نییە.

ئەم بەسەرهاتانە،منی کردەوە میوانی خەیاڵەکەی خۆم و یەکەو راست لە حاڵی مێسییەوە،سەرنجم دایە سەران و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و بەپرسانی  کورد. چۆن ئەمانیش بۆ  داگیرکەر،  فیداکار و زەلیلن و داگیرکەرچێتی  بۆ دوژمنانی کورد  دەکەن و هەمان کات چەند دڵرەق و زاڵم و بێمنەتن لە خاک و نەتەوەی خۆیان.

کەچی سەرانی ئێمە دەستناخەنە نێودەستی یەکتر و بە گوتارێکی یەکگرتووە  نایانەوێ قسە و هەڵوێست لەسەر کەرکوک وەرگرن، نەبا لە گەڕانەوەی کەرکووکی داگیرکراودا، لایەنێکیان  سوودی زیاتری بەرکەوێ.

سەرانی کورد، دەوڵەتیان ناوێ و بە خەونی شاعیرانی دادەنێن!، لە قەندیل و خواکورکەوە دیموکراسی بۆ کەربەلا و فەلوجە دەبەن!، بە فەلسەفە و دروشمی رەنگاورەنگ  رەواج بە داگیرکەرچێتی دەدەن!، . لە سیاسەتی دێزەیی خۆیانەوە پێیان باشە و دەڵێن: چ خەمە!؟ دەبا کورد هەر ژێردەستەبێ و  زیان بکات!!.خۆ بە درێژایی ساڵانێکە زۆرە، هەروا  کراوە و ئاشەکەشمان لەگەڕ نەکەوتووە.

پەندی پێشینانە”سەدساڵ بکەیت بێگانە پەرستی، ئاخرییەک هەر دەهێنی نووشستی”. 

٣ـ  تسیپنی لیڤنی، کچە شۆخوشەنگی ئیسرائیلی،سەردەمانێک وەرزیری دەرەوە و  ئێستا وەزیری دادە، پێش ماوەیەک  لەبەردەم میدیاکانی جیهاندا رایگەیاند: لە پێناوی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانیدا،چەندین جار لەگەڵ پیاوی بێگانە جووت بووە چۆتە باخەڵی کەسانێکەوە، قێزی لێیان هاتۆتەوە، شەوی لەگەڵیاندا رۆژ کردۆتەوە. لەو رستە خەڵکانەدا، بەرپرسی گەورەی عەرەب و فەلەستینیشی تێدایە، ئێستا کردوویەتی بەکارتێکی بەهێزی هەڕەشە بەسەر دوژمنانی ئیسرائیلەوە و دەڵێ: بڵێن لەل، بە ڤیدیۆ بڵاوی دەکەمەوە.

بنۆڕن، نامووس و سەروەری و نیشتمانپەروەری لێرەدا چەند هەڵکشاوە و چەند مەزنە و چ قاس بەهای زیادی کردووە . ژنێکی رۆژهەڵاتی  کەتا ئەو دەمە کەنیستێتی ئیسرائیلیش رێگەنەداوە بە لەشفرۆشی ئافرەتانی جوو، ئەو هێندە جەربەزە و باوەڕبەخۆیە، دەڵێ من گینبازیم بە نامووس و جەستە و سامانی مینۆکیم  کردووە لە پێناوی وڵاتەکەمدا.

میللەتێ رەگەزی مێینەی ئامادەبێ، هەموو بەهاکانی ژیان و بوونی خۆی بخاتە بەر مەترسی و ریسکەوە، بۆ خزمەت و سەرکەوتنی نیشتمانەکەی، دەبێ تێگەشتن و ناسینی ئێمە بۆ  سەرکردەکانی وەک ـ هێرتزل، وایزمان، بنگۆرین، بێگن ، شارۆن و نیتانیاهۆ ـ  چۆن بێ و ئەوان چییان کردبێ و ئێستا چی دەکەن!؟.کەواتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە، بە گفتێکی بەلفۆڕ ئیسرائیل دروست بووبێ،وەک مێژووی عەرەب بۆ ئێمەی نووسیوە.تەواو بە پێچەوانەی ئەمەوە،جارێ لە رۆژنامەیەکدا لەسەر ژەنەڕاڵ یەهود باراک،کە ماوەیەک سەرەک وەزیرانی ئیسرائیلیش بوو،خوێندمەوە کە وەک ئافرەت بە بەتەنوورە و جلی ژنانەوە چۆتە لوبنان و هەوڵی دامەزراندنی کۆنتاکتی داوە لەگەڵ بەرپرسە فەلەستینییەکاندا لە پێناوی بەدەستهێنانی هەندەک زانیاریدا.

ئێمە بەشێکی بەرپرس و سەرکردەکانمان فایلی رەشیان هەیە و ئەم هەڕەشە لەو دەکات،ئەو دەڵێ بە فەردە و تەن فایلم لایە و بۆ کاتی دیاریکراو بەکاریان دێنم.  

   هەر پەیوەست بەم باسە، لە بیرەوەرییەکانی مەناخیم بێگندا، خوێندمەوە چۆن  بۆ بەربەستکردنی شەڕی براکوژی لە نێوان جووەکاندا  دوو پرنسیبیان لەبەرچاو گرتووە :

یەکەم: کەوا ئەوان هەرگیز لایەنگرانی خۆیان بەوە گۆش نەکردووە، کە دژی مێمڵە سیاسییەکانیان بن،چونکە ئەوە دەتهاوێژێتە سەر کەڵکەڵەی شەڕی براکوژی.

دووەم: هۆیەکی تری ئەنجامدانی شەڕی براکوژی نیازی چوونە سەر تەختی دەسەڵاتە. ئێمە هەرگیز نەجەنگاوین بۆ دەسەڵات گرتنە دەست.بەڵکو تەنیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەجەنگاین. شۆڕشمان کرد بۆ رزگاری نەتەوەکەمان…. دواتر دەڵێ: چونکە ئەوەی بۆ دەسەڵات وەرگرتن شۆرش دەکات، ئامادەیە لەو پێناوەداهاوکاریی دوژمنی نەتەوەکەشی بکات؟؟.*

کەچی لای ئێمە مەرجی یەکەمی ئەندامبوون لە حیزبەکاندا، دژایەتی حیزبەکانی دیکە و ئامادەیی براکوژی بوو. لە خواخورکەوە دەهات بۆ هەورامان.لە گەرمیانەوە بۆ پشدەر و لە شارەزوورەوە بۆ دەشتی هەولێر بۆ راوڕاوێن و کوشتنی  پێشمەرگەیەکی حیزبەکەی بەرانبەری،بێ ئەوەی نقەیەک بکات و تەنانەت  تیرۆر و دیلکوژیمان کردووە و  تێکۆشەر و پێشمەرگەشمان داوەتەوە دەست داگیرکەرانی کوردستان… بە بلۆک سەری یەکترمان پان کردۆتەوە و ئاگرمان بەرداوەتە کوژراوی یەکتر ودەستمان بە خوێنی  هەزاران هەزار رۆڵەی کوردستان سوور بووە.

حیزبی کوردی،بێ ئەوەی  میللەت بە هیچ دوورگە و کەنارێکی ئارام و سەرفرازی بگەیەنێ، شەڕی قڕکردن و لووشدانی ئەوانی دیکەیەتی و خۆی بە قارەمانی گۆڕەپان ناوزەد دەکات و یەکلایەنە خۆی دەکاتە نوینەری رەوای نەتەوە. ئەو ئامانجەشی لە هاوکێشەی سیاسی ئەو حیزبانەدا جێی نەبێتەوە، پرسی رزگاریی و سەربەخۆیی خاکی داگیرکراو و دابەشکراو و نەتەوەی بندەستە.

گومانی تێدا نییە، ئەم کارە دزێو و ناشۆرشگێریی و ناکوردانەمان، رەنگانەوەی سەرتۆپی پرنسیپەکانی حیزب بووە. دەرئەنجامی ئەو فەلسەفەیەیە،کە پێی پەروەردە کرابووین. ئەفسووس، ئەوەی ئەمەی نەکردبێ،ئەوەی بە خوێنی خۆیی و براکەی کراسەکەی سوور نەکردبێ،  قارەمان و دڵسۆز نەبووە و ئافەرینی لێ نەدەکرا.

جوانیان گوتووە: “جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بمرێت،بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە کە لە پێناویدا بژێت”.

براکوژیش،وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ: مەتەڵێکە کورد بە خۆڕایی بۆ دوژمنانی هەڵهێناوە…هەتا ئێساتاش بە چەک و میتۆد و شێوازی براکوژی، کاردەکرێت و دەسەڵات بەڕێوەدەبرێت و تاکی کورد پەروەردە دەکرێ و  مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

یەکترکوشتن، بە کاتۆشابێ یان بە چەقۆی کول، ئەقڵێتێکە رەواجی خۆی لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا لەدەست نەداوە. هەزاران بەرە و رێکەوتنی ستراتیژی و هاوپەیمانێتی و  دۆستایەتی لەسەر کاخەز هەبێ، بەرگەی زمانی دژایەتی و  دڵی پڕ لە ناکۆکی  نێوان  حیزبە کوردییەکان ناگرێ.

٤ ـ پێش چەند مانگێکی، ئاشکرابوونی چاودێریی و سیخوڕی دەستگای هەواڵگیریی ئەمریکی ناسراو بە NSA، بەسەر تەلەفونی مۆبایلەکەی، راوێژکاری ئەڵمانی خاتوو ئەنگێلا مێرکل، هەم بووە هەواڵێکی گەرم و گوڕی میدیاکان و هەمیش  بێ بڕانەوە هەتا هەنووکە، گفتوگۆی لەسەر  دەکرێ و ئالۆزیی ئەڵمانیا و  زۆر وڵاتانی دیکەی لەگەڵ ئەمریکا بەدوای خۆیدا راکێشا. ئاستی قسەکردن لەسەر ئەو پێشهاتە، لەلایەن جەماوەر و کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان، لەم چەند رستەیەدا تۆمار دەکەم.

” ئەوە پێشێلکردنی سەروەی ئەلمانیایە. ئەمریکا دەبێت لەسەر خاکی ئەلمانیا پابەندی یاسا و دەستووری ئەم وڵاتە بێت. پێویستە ئەمریکا رێز لە سەروەری ئەڵمانیا بگرێت. پێویستە خەڵاتی ئاشتی لە ئوباما بسەندرێتەوە. ئەمە لادان و پێشێلکردنی یاسای پیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەمریکا ،وا و وا”.

ئەو خاڵەی لەو مەسەلەیەدا بە جددی سەرنجی راکێشام ، هەڵوێستی رەسمی و گەلێریی ئەلمانیا و ئەلمانییەکان نەبوو، هێندەی لێرەدا یەکگرتوویی گوتار و هەڵوێستیەکانم مەبەستمە، بەرانبەر بەو کارەیNSA  .بەدریژایی سەرهەڵدانی  کێشەیەی نێوان ئەم دوو وڵاتە، لە کۆی هەزاران راگەیاندن و هەڤپەیڤین و وتارنووسین و دەیەها جۆری دیکەی بیرورا دەربڕیندا . من تەنها، دوو بیروڕام دی و بیست و خوێندەوە، ئەو کارەی دەستگای سیخوڕی ئەمریکایان بەلاوە ئاسایی بوو، یاخود لە هێرشکردنەکەیدا بۆ سەر ئەمریکا،  هێندە توندو رادیکال نەبوو.

یەکەم: قسەکردنم لەگەڵ پرۆفیسۆرێکدا بوو، پێی گوتم: کەوا وەک راوێژکار لە لای ناتۆ، کار دەکات و گوتی: ئەمریکا دەزانێ، مێرکل ئەندامی دەرچووی ئەکادیمای کۆمۆنیستی  مۆسکۆیە ـ ک.گ.ب ـ ، بۆیە پێویستە چاودێری بکات… بە هەموو بەڵگەیەکەوە دەیویست رەوایەتی ئەو کارە سیخوڕییە بسەلمێنێ و پاساوەکانیشی پەردەپۆشی ئەنتی کۆمۆنیستی لە خۆگرتبوو. بەکورتی لەسەر بنەمای ململانێی شەڕی گەرم و ساردی ئەو دووبەرەیە قسەکانی  دەدەبڕی.

دووەم: شارەزایەکی پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا، سەر بە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوە بوو، گوتی: ئەڵمانیا ناتوانێ هیچ بەرانبەر بە ئەمەریکا بکات،چونکە بەشێکی هەرە زۆری سەرچاوەی هەواڵە سیخوڕییەکانی، بە تایبەت کاری تیرۆریستی و زانیاری دیکە، ئەمریکا دەیدات بە ئەڵمانیا.. گەر ئەمریکا نەبێ، رەنگە رووداو و کارەساتی خراپی وەک ١١ی سێپتەمبەر و زۆری دیکە لە ئەڵمانیاشدا رووی بدایە. بەکورتی زیاتری % ٩٨  ئەڵمانیا بە هەموو جۆرەکانیانەوە دژ بەو کارەی ئەمریکا بوون…

پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیاش لەوپەڕی چەپەوە تا دوا لیبەڕاڵ و  راست و میانڕەو پاڵپشتییان بۆ راوێژکارەکەیان دەربڕی و بە توندی مەحکومی ئەمریکایان کرد. لە کاتێکدا بەرژەوەندیی و جیهانبینی و فەلسەفەی سیاسی کۆمۆنیستێک و کریست دیموکرات و سۆسیال دیموکرات و کۆنزەڤاتیڤێک، جگە لە ئەڵمانیبوون و ئەڵمانیا، هیچ خاڵێکی دیکەی هاوبەشیان پێکەوە نییە. 

من لەمەشدا، بەراوردێکی بچوکم لە گەڵ هەڵوێست و ئەقڵێتی کورد دا کردەوە. بە نمموونە: سەروەختێ سەرۆکایەتی هەرێم و بەتایبەت سەرۆکی هەرێم، جا هەرکەس بێت؟! لێرەدا مەبەست پۆستەکەیە،نەک کەسایەتییەکە ـ سەرۆکێکی هەڵبژێردراوە ـ کەوتە کێشە و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداد دا، ـ ئەو دەسەڵاتەی هەتا ئێستاش هەر هەڕەشە و جێی مەترسییە بۆ کورد و ددان بە هیچ مافێکماندا نانێ ـ . کەچی بەرانبەر بەدەوڵەتێکی داگیرکەر و رژێمەکەی مالکی و موتلەگ، بەشێکی دیاری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، ئەندام پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، خەڵکی ناوچەکانی کوردستان دەیانگووت:

ئەوە شەڕی مەسعوود خۆیەتی، هی ئێمە نییە. حکومەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد نییە، حکومەتی هەرێم گێچەڵ بە بەغدا دەکات. ماددەی فڵانی دەستووری عێراق وا دەڵێ، هەرێم نایاسایی فڵانە کار دەکات .  دەبێت نەوت بە ئاگاداری حکومەتی مالکی بفرۆشرێت . 

ئیدی، رستێ لەم قسە پووچ و هەرزانفرۆشییە نامەسئولانە، کە بەرئەنجامی ململانێی حیزبی و رکی کەسی و ناحەزی سیاسی بوو،  بە قازانجی دوژمن و دژ بە کورد، رۆژانە میدیاکانی گەرموگوڕ  دەڕازاندەوە. رەنگە من لەوە تێ بگەم، بەرنامەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت پرۆژەی پارتی و مەسعوود بارزانی نییە، لێ هەرگیز ناتوانم لە دیدێکی تەسکی حیزبی و لە روانگەی بەخداوە و باس لەو پرسە بکەم. یاخود ئەو کۆمەڵە مەرجە سەختە بخەمە بەردەم گەلەکەم، شکۆی شەهیدانی وڵاتەم فەرامیش و پێشێل بکەم. چونکە  هەم دەوڵەت بە مافی هەرە سەرەتایی و رەوای  نەتەوەکەم دەزانم و هەمیش بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ چەندوچوونی هەر هێز و تاکێکی دەزانم داکۆکی لەم پرس و داوایە بکات. خۆ دزینەوە لە ژێر هەر بیانوو و پاساوێکدا،دەچیتە خانەی کەمتەرخەمی بەرپرسیارێتی مێژوویی.                                                                                 

دیارە هەلوێستی ئەو کەس و لایەنە  نەیار و ناحەزە ناوخۆییانە، کە خۆیان بە نوێنەری میللەتێکی بندەست دەزانن و، بەرامبەر بە  پرسی دەوڵەتی کوردیی دێوجامە دەگرن بە روویانەوە، زۆر کۆمێدیی بوو، لە لایەک سەر بە قوڕی دەهێنایە پیکەنین و لە لایەکی دیکەش، تک تک شەرمەزاریی لێ دەتکا. ئەوانە، گوایە پەیوەندییان بە دەیان دەزگای سیخوڕی ناوچەکە و جیهانەوە هەیە، هیچ لەولایەنانە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی رازی نین. ئەمە دەنگێکی ئاشکرای ئەو رۆژگارە بوو. دەنگی تریشمان لەتەک ئەم زڕە دەنگەدا دەبیست. دەنگی ئەو رۆشنبیر و بیرمەندانەی، سەراسۆییان بە هەموو لاپەڕە تاریکەکانی تیۆریی و تێزە ژەنگرتووەکانیان دەکرد، تا رستەیەکی هەڵپرووکاو بۆ بێئومێدکردنی تاکی کورد بە دەوڵەت ساز بدەن. 

گوتەیەکی هەنگاری هەیە دەڵێ: “میللەتی ترسنۆک نیشتمانی نییە”. هەڵبەت بۆ حاڵی کورد، کتومت مەبەست لە حیزب و سەرکردە و بەناو رۆشنبیرە ترسنۆکەکانە. چونکە ئەمانە باوەڕیان نە بە نیشتمانە و نە بە  سەربەخۆیی. هەروەک گوتراوە: “خۆشەویستی نیشتمان پێوەندیی بەخواست و قەناعەتەوە هەیە” . دیارە دەبێت ئەو پرنسیپە لای ناوبراوانی ئێمە، ئامادەیی نەبێت. دەنا ساڵانێکی ساڵە بەهەزاران دەرفەت هاتۆتە پێش، کەنا حیزب و رۆشنبیر و سەرکردەی ئێمە، لەسەر گوتارێکی یەکگرتوو، پرۆژەیەکی نەتەوەیی رزگاریی، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت رێدەکەوتن.

 بە پێودانگی ئەم بەرە سەقەت و سەرلێشێواو و وابەستەی بیگانەیە بێت، گەرەکە کورد: “وڵاتانی دراوسێ (واتە داگیرکەران) و دەستگا هەواڵگیرییەکانی نیوەی جیهان  رازی بکات ، دیموکراسی بۆ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق بەرێ ،چاوەڕێ بێ چینی کرێکاری عەرەب و فارس و تورک دەسەڵات بگرنە دەست و چەندەها ئەرک و مەرجی دیکە، جێبەجێ و پێڕەو بکات، ئەوجا دەرگای ئەگەری قسەکردن لەسەر دەوڵەتی  بۆ دەکرێتەوە و رەنگە مافی ئەم داخوازییەی  پێ رەوا ببینریت”. 

ئەرێ خەڵک و خوا بیستووتانە ! دیوتانە!، هیچ نەتەوەیەک بەدەست رۆڵەکانییەوە ئەم حەشری جەهەننەمەی بۆ ئامادە کرابێ!؟. داخۆ بەڕاست، چ میللەتێک تا ئێستا رەچەتەی دامەزراندنی دەوڵەت خراوەتە باخەڵ؟!  چما میللەتانی ئەلمان، بەرازیل، یابان، ئەرمەن و… دەوڵەتیان بۆ دروستکرا؟!. گەلۆ تۆ بڵێی سەرکردە و رۆشنبیرە میکیاجچییەکانی کورد، سەرگەرمی ئەوە بن میت و ئیتلاعات و موخابەراتی عێراقی و سوری و ئەرزوئاسمان رازی بکەن ، تا کورد بکەنە خاوەنی دەوڵەتی کەرامەتی نەتەوەیی!!؟؟. 

 

    هەڵۆ بەرزنجەیی    ٣٠/١/٢٠١٤ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.