فووتێكردنی حكومه‌ت پێویستیی یان به‌رژه‌وه‌ندیی
له كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان, له‌به‌ر خاتری حزبه گچكه و گه‌وره‌كان, كابینه‌ی حكومه‌ت ئه‌وه‌نده فووی تێكرا كه خه‌ریك بوو بته‌قێ, مه‌به‌ستم زیادكردنی وه‌زاره‌ته‌كانه, ئه‌وكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕازی بكرێن, حكومه‌تی هه‌رێمێكی چوار ملیۆن كه‌سیی, (42) وه‌زاره‌تی بۆ دانرا, له كاتێكدا وڵاتی چین به‌و زل و زه‌به‌لاحییه‌ی خۆی كه یه‌ك ملیار و سێسه‌د و سی و هه‌شت ملیار كه‌سه و وه‌كو زۆر جار بۆ نوكته ده‌گوترێ, كوردستان له یه‌ك شوقه‌ی ئه‌وان جێگه‌ی ده‌بێته‌وه, ته‌نیا (22) وه‌زاره‌تی هه‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌و فووتێكردنه زانرا, له كابینه‌ی دواتر وه‌زاره‌ته‌كان كه‌م كرانه‌وه, به‌ڵام ئێستاش له به‌شێك له‌و وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی تێكه‌ڵ كرانه‌وه, كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌رتبوونه هه‌ر ماوه و هێشتا هه‌ندێ كێشه‌ی كارگێڕیی په‌یوه‌ست به‌م وه‌زاره‌ت زۆرییه و كه‌مبوونه‌وه‌یان, هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه چۆن دروستكردنی (42) وه‌زاره‌ته‌كه بێ پلان بوو, (به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كانه‌وه بوو نه‌ك به‌هۆی پێویستی), به هه‌مان شێوه‌ش تێكدانی وه‌زاره‌ته‌كان بێ پلان بوو, چونكه بۆ نموونه وه‌زاره‌تێكی وه‌كو ژینگه, بۆ سه‌رده‌می ئێستا له هه‌موو حكومه‌تێكدا زۆر پێویسته و گرنگی خۆی هه‌یه, كه‌چی له كوردستان تێكدرا و بچووك كرایه‌وه بۆ ده‌سته‌یه‌كی بێ كاریگه‌ر.
ئۆپۆزسیۆن بوو به چاو‌دێر به‌سه‌ر زۆر بوار و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخه‌كه دروست كرد, به‌ڵام ئێستا كه نیازی ئه‌وه‌یان هه‌یه پارچه كێكێكی حكومه‌تیان به‌ركه‌وێ و ده‌یانه‌وێ بزانن تامه‌كه‌ی چۆنه, خه‌ریكه هه‌مان فووتێكردن له‌به‌ر خاتری ئه‌وان دووباره بكرێته‌وه, بۆ نموونه باسی دانانی سێ جێگر بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و زیادكردنی چه‌ند وه‌زاره‌تێك ده‌كرێت, كه بێگومان به‌شێكی زۆری ئه‌م زیادكردنه په‌یوه‌ندی به به‌رژوه‌ندی هاووڵاتییه‌وه نییه, ئاخر سه‌رۆك وه‌زیران یه‌ك جێگری هه‌بێ یان سێ, هاووڵاتی هه‌ر برنج و زه‌یته‌كه‌ی جاران له بایهعییهكه وه‌رده‌گرێ و بۆ ئه‌و هیچ له دۆخه‌كه ناگۆڕێت.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات و وا ده‌كات خه‌ڵك گومانه‌كانیان له‌وه زیاد بكات كه هیچ كه‌سێك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان كار ناكات, ئه‌وه‌یه ئۆپۆزسیۆن قبوڵی ئه‌وه بكه‌ن كه له‌به‌ر خاتری ئه‌وان, ئه‌و هه‌موو پۆسته دابتاشرێ و ئه‌وانیش به‌شێك له‌و پۆسته داتاشراونه وه‌ربگرن, چونكه له‌سه‌رده‌می كابینه (42) وهزارهتییهكه, ئه‌وان (ئۆپۆزسیۆن) هیچ نه‌ما به حكومه‌تی نه‌كه‌ن و ناو و ناتۆره نه‌ما لێی نه‌نێن, ده‌بێ بایی ئه‌وه‌نده وشیار بن و بزانن خه‌ڵك له جاران چاو كراوه‌تر بووه, ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و پۆسته داتاشراوانه قبوڵ بكه‌ن, خه‌ڵك زۆر ساده و ئاسان ده‌توانێ به سندوقی ده‌نگدان تۆڵه‌یان لێ بكاته‌وه.
له لایه‌ی دیكه, پارتیش (كه براوه‌ی یه‌كه‌مه و پێكهێنانی حكومه‌تی له ئه‌ستۆدایه), ده‌بێ له‌وه تێگه‌یشتبێ كه بچووكترین جوڵانه‌وه‌ی سیاسی له‌سه‌ر حیسابه و كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر ده‌نگ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی, واتا ئه‌ویش ده‌بێ ئه‌وه قبوڵ نه‌كات كه له‌به‌ر خاتری چه‌ند كه‌سێك و بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌یه‌كی چه‌ور, پۆست دابتاشێ و به دیاری و بۆ ڕازیكردن بیداته ئه‌ملا و ئه‌و لا, هه‌ر جووڵه‌یه‌كی سیاسی ده‌نگ زیاد یان كه‌م ده‌كات, شوكور هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌وه‌نده زۆر بوونه, ناكرێ حزبه‌كان له ده‌نگی خه‌ڵك بێ منه‌ت بن.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com