Skip to Content

134 Views

”زەوی لەنێو گوڵەکەمدا پێدەکەنێ” … خەندە حەمید

”زەوی لەنێو گوڵەکەمدا پێدەکەنێ” … خەندە حەمید

Be First!
image_print

ڕامان لە گوڵی نێو ئینجانەکەم دەم باتەوە بۆ یادەوەرییەکانی منداڵیم، ئەو یادەوەرییە گەرمانەی لەنێو گوڵەکاندا هەم بووە. ئەو گوڵەی لەلایەن هاوڕێیەکمەوە بە دیاری پێم دراوە. کاتێ بەجێی دێڵم و دەڕۆم بۆ سەفەر دڵم لای گوڵە بچوکەکەمە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی تینوی دەبێ، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانم قسەی بۆ بکەم و ڕۆحی ئەو هەست پێ بکەم. من گوڵەکەم وەک منداڵێک دەدوێنم ڕازەکانمی بە گوێیدا دەچرپێنم، هەست دەکەم ئەویش بۆم پێدەکەنێ ئەمەش ئومێدم پێدەبەخشێ. هەروەک شاعیر و نووسەری دانیمارکی هانس کریستیان ئەندرسن دەڵێ: ”تەنیا ژیانکردن بەس نییە، بەڵکو یەکێک گەرەکە خۆرەتاو، ئازادی و گوڵێکی بچووکی هەبێت”.

هەربۆیە بەشێوەیەک بە دەستەکانم گەڵاکانی گوڵەکەم خاوێن دەکەمەوە هەست دەکەم سەری پەنچەکانم گەڵاکان ماچ دەکەن. ئاخر زۆر کات گوڵەکان تەنیا نایانەوێ پارێزراوبن، بەڵکو دەشیانەوێ خۆشبویسترێن. هەموو بەیانییەک هەڵدەستم گوڵی سەر تاقی پەنچەرەکەم چێژێکی تایبەت لە ڕەنگ و تیشکم پێدەدات. ئەم پەیوەندییە دوانەییە واتا بەخشین و بەخشراوە، بەو مانایەی ئەوەی کە تۆ پێی دەدەی بە هەمان جوانی و چێژەوە پێت دەداتەوە، هەربۆیە ئەمە شتێکی سروشتییە، گوڵەکان وا دەکەن مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی بکات، چونکە جەوهەری ڕەنگەکانن. هەروەک چۆن گوڵەکان خۆیان یادەوەرین جگە لەوەی خۆت یادەروەری منداڵی لەنێو گوڵەکاندا بچنییەوە.

کاتێ گوڵێک دەچێنی واتا تۆ باوەڕت بە سبەینێیە. من ئەزموونێکی باش و جوانم لە نازهەڵگرتنی گوڵ و لاواندنەوەیاندا هەیە، ئەوکاتەی منداڵ بووم و لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندن دابووم، باوکم بڕیاریدا نەمامگە و گوڵفرۆشییەک بکاتەوە، چونکە باوکم باوەڕی بەو سبەینێیەیە کە دادێت. ئەو ئێستاش زۆر نزیکە لە گوڵ و تێکەڵە لەگەڵیان، مامەڵەی لەگەڵ گوڵ و سەوزایی زۆر تایبەتە. ئەو یەکەم کەس بوو لە ڕانیە شەتڵگەیەکی بەو شێوەیە گەورە دابنێت. نزیکی من و باوکم وای کرد پێکەوە شەتڵگەکە بەڕێوەبەرین، هەم لە ماڵەوە و هەم لە دوکانەکەشدا کارمان دەکرد. لەنێو باخی حەوشەکەمان شەتڵمان دەگرت و دەمان چاندن، چونکە ئەوکاتە زۆربەی ماڵەکان فەزای ژیانێکی سەوزی تێدابوو، باخچە و سەوزایی بەشێکی گرنگ بوون لە ماڵی کوردیدا، بەداخەوە ئەمە لە ئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونی باڵەخانە بازرگانییەکان و دروستکردنی خانووی چەند قات بە بلۆک و چیمەنتۆ فەزای حەوشە و سەوزایی بەرتەسک کراوەتەوە. ئەوکاتە دوکانەکەمان لە سەری کۆڵانەکەماندا بوو، دەرفەتی ڕاکردنم لە دوکانەوە بۆ ماڵەوە و بە پێچەوانەشەوە هەبوو. ئەو کاتانەی بابم دەچوو بۆ سلێمانی بۆ هێنانی شەتڵ و جۆری تازەی گوڵ، من خۆم بە تەنیا لەسەر دوکانەکە دەمامەوە و ڕۆژانە چەند دڵم بەوە تەنگ دەبوو کاتێ گوڵە جوانەکانم دەفرۆشران، لە هەمان کاتدا هێندەش دڵم خۆش دەبوو کە دەفرۆشران و پارەکەیم وەردەگرت، هەستم دەکرد من ئەرکێک بەجێدێنم و بەو ڕێیەوە خێزانێک دەژیێت.

ئەو کەسانەی دەهاتن گوڵیان لێ دەکڕیم بە بچکۆلەی گوڵفرۆش ناویان دەبردم هەندێ جاری تر دەیان وت گوڵەباخ. یاخود دەیان دواندم کە من بێزارنابم لەسەر ئەو دوکانەم یان من منداڵم دەبوایە یاری بکەم، ڕاستی من خۆم بەرگەی ئەوەم نەدەگرت گەر ئیشێکی تربوایە و گوڵفرۆشی نەبوایە، چونکە من منداڵێکی بە جووڵە و پڕ وزە و یاری بووم لەوێشدا زۆرکات بیر و هۆشم دەچوو بۆ لای یاریکردن و هاوڕێکانم لە کۆڵان، بەڵام دواتر خۆم بە ئاودان و ڕێکخستنی گوڵەکانەوە مەشغوڵ دەکرد، چێژم لە خزمەتکردن و نازهەڵگرتنی گوڵەکان وەردەگرت. ئەوانیش لەبەرانبەردا جوانی و ئارامیان پێدەدام، گوڵفرۆشی یەکێکە لەو دەگمەنە ئیشانەی کە تەنیا بازرگانی نییە، بەڵکو ئیشێکە وەرگرتن و بەخشینە، گوڵەکان چی لە تۆوە وەربگرن لەوە زیاترت پێدەبەخشنەوە!
مامەڵەی من لەگەڵ کڕیارەکانم زۆر منداڵانە بوو، لەو کڕیارانە توڕە دەبووم کە عەزێتی گوڵە شەرمنیان دەدا و بەلایانەوە سەیربوو کاتێ شەرمی بۆ دەکردن، دەستیان لێدەدا و وایان دەکرد شەرم بکات و خۆی دابخاتەوە. مۆنەم لەوانە دەکرد کە بە گوڵە دڕکەکانمیان دەگوت چۆن دەبێ دڕک ئەوەندە گرانبێ! بیرمە یەکەم گوڵ کە فرۆشتم گوڵە سادۆنیا بوو.

هەرچەندە ئیشکردن و دوکانداری بۆ کچێکی بچووک هێندەش ئاسان نییە، بگرە هەندێجار مەترسیدارە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا، بیرمە پیاوە چاوبرسییەکان بە حەز و شەهوەتەوە سەیریان دەکردم هەتا دەگاتە ئەوەی یەکێکیان بە زمانێکی شیرینەوە دەی دواندم کە سبەی دەگەڕێتەوە، شیرینی و بووکم بۆ دێنێت، داوای لێدەکردم لەگەڵیدا بڕۆم، من ئەوکات تێنەدەگەیشتم لە مەبەستی تەنیا دەترسام و دەم زانی مەترسییەک هەیە، بێ ئەوەی بزانم ڕادەی مەترسییەکە چییە و چۆنە. هەر بۆیە بێ ئەوەی بە هیچ کەسێ بڵێم، ڕۆژی دواتر بەزۆر خوشکە بچوکەکەم لەگەڵ خۆم برد بۆ دوکانەکە، تەواوی ئەو رۆژە لای خۆم هێشتمەوە، تاکو لەو مەترسییە دەربازبووم.

ئەوەی داخە بۆ من لەگەڵ گەورەبوونم، کاتێ لە جەستەدا بووم بە کچێکی کامڵ، بەپێی کات وردە وردە ئەو ئیشەم لێ زەوتکرا، بەڕادەیەک غەم دایگرتم کە حەزم نەدەکرد هەواڵی بێنازی گوڵەکان ببیستم و بیان بینم، ماڵەوەمان بێ ئەوەی دەرک بەوە بکەن گەورەبوونی من لە جەستەدا مەترسی نییە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەترسی لە هەر دۆخ و ساتێکدا بێت، بوونی هەیە. یان دەشێ لە ترسی پلار و قسەی خەڵک بووبێت. براکەم بۆ ماوەیەکی کەم لەگەڵ باوکم خەریکبوو، بەڵام بەردەوام نەبوو دواتر کوڕە خاڵەکەم، تا دواجار بەهۆی گۆڕینی دۆخ و ژیانەوە کەوتینە سەر زەرەر و وەک زۆربەی پیشەکان دەسبەرداری بووین.

تۆ کاتێک بەئاگا بیت بەرانبەر بە گوڵەکان ئەوا بەها و نرخیان دەزانی ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە یاخود گرنگ نییە کە زۆر جۆری گوڵت هەیە یان کەم. هەروەها فەیلەسوفی گوڵفرۆش ئانجا دەڵێ: ”ئەگەر تۆ بوەستی و بۆنی گوڵەکان بکەی، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت ئێمە بەئاگاییەوە دەزانین هەموومان بەشێکین لە زەوی. ئەمە ڕۆحت بەرز دەکاتەوە و بەختەوەرت دەکات. بۆیە ئەمە وا دەکات گوڵ شتێکی کڕۆکی بێت نەک تەنیا شتێک بێت بۆ دیاری یان بۆ ڕازاندنەوە”.

دەکرێ ئەمە بگەڕێنمەوە بۆ ئێستیتیکی سەوز، کە لەتەک یەک ئیدێی ناوەندیدا خەریکە ئەویش ژینگەناسییە (ئێستێتیکی ئیکۆلۆژی)، بەپێی ئەم ئێستێتیکە نابێت سروشت وەک ئۆبژێکتێک ببینرێ، بەڵکو وەک ژینگەیەک کە ئێمە پابەندین پێوەی. هەروەک چۆن سروشت و جوانی لە کۆنسێپتە بناغەییەکانی ئێستێتیکن، بە هەمان شێوە لای کانت هەمیشە ”جوانی سروشت” لە پێش ”جوانی هونەرە”، چونکە هۆشسامبوون بە یەکەمیان نیشانەیە بۆ هەڵوێستێکی مۆڕاڵی. کەوایە مەزنی سروشت لەوەدایە کە ئەو وەک سروشت دەتوانێت لەنێو مرۆڤدا بەڕێی لێڕوانینەوە ئیدێی مۆراڵ بێداربکاتەوە و بەئاگای بێنێتەوە. ئەمە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەم دەکاتەوە ئایا ئێمە لە کوێی هەڵوێستێکی مۆڕاڵیانەداین بەرانبەر بە سروشت؟ لە کاتێکدا سەری گوڵەکان دەقرتێنین، دەچینە نێو سروشتەوە بە کۆمەڵی پاشماوە سروشت پیس دەکەین و بەجێی دێڵین.

ئەمە بەرەو پرسیارە کرۆکییەکەی (ئانجا)م دەبات کە دەڵێ: ”گوڵەکان دیاری زەوین، چونکە زەوی هەموو ئەوەیە کە ئێمە هەمانە و ئێمە پێویستمانە. ئەگەر ئێمە سەرچاوەکان پتر لەوە بەکاربهێنین کە سروشت بەرهەمیان دەهێنێ، ئەوا دواتر ئێمە ڕوو لە کوێ دەکەین؟ بۆیە ئەم پەیوەندییە گوڵفرۆشی دەکاتە شتێکی کڕۆکی” .
ئێستاش خۆزگە و خەونی من ئەوەیە ڕۆژێ بتوانم دوکانە گوڵفرۆشییەکەم دابنێمەوە و بە ئومێد و خەونی ئێستامەوە ئاگام لێیانبێ و بەردەوام بم لەگەڵیاندا.

Previous
Next

Leave a Reply