Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانه‌ له‌ گه‌ڵ نووسه‌ر شوان ئه‌حمه‌د

دیمانه‌ له‌ گه‌ڵ نووسه‌ر شوان ئه‌حمه‌د

Closed
by June 3, 2008 گشتی

  سازدانی: سۆران عه‌زیز…..
 شوان ئەحمەد
 باس و خواسی ئیسلامییەكان لەمەڕ دیموكراسی جگە لە درۆیەكی شاخدار هیچی دیكە نییە

 
 بۆ قسەكردن لە سەرئایین و چەمكى عەلمانیەت وەك دوو پرەنسپى درێژكراوەى نێو بابەتە فیكرى و كلتوریەكان، نووسەر  شوان ئەحمەد لە میانەى دیدارێكماند بەم شێوەیە راو سەرنجى خۆى لە باریەیانەوە دەربڕى
 
  سۆران عەزیز : بۆ قسەكردن لەسەر هەر چەمكێك دەبێـت سەرەتا قسە لەسەر توانای كۆمەڵگە بكەین لەسەر عەلمانییەت, ئایا كۆمەڵگەیەكی ئایینی چۆن دەتوانێت عەلمانییەت وەك پرەنسیپ قبووڵ بكات؟
 
 شوان: ئەڵبەتە قبووڵكردنی هەر چەمكێك و دیاردەیەكی نوێ لە لایەن كۆمەڵ"ەوە, بەندە بە ئاستی گەشەكردن و كرانەوەی ئەو كۆمەڵگە خۆیەوە, كۆمەڵگەیەكی ئایینی داخراوە, زەحمەتە جێگای هیچ شتێكی تازەی تێدا بێتەوەو مەحاڵە گۆڕانكاری ناوەكی و ریشەیی تێدا رووبدات. بۆ نموونە لەسەر زەمینی تاڵیباندا, هیچ شتێكی مۆدێرن قبووڵ نەدەكراو گۆڕانكاری وەك كوفرو بیدعەیەكی گەورە سەیر دەكرا, بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی كراوەدا و لە ژینگەیەدا كە ئاستی هوشیاری لە هەڵكشاندا بێت, پەسەندكردنی گۆڕانكاری و گەشەكردن بەڕووە ئیجابییەكەیدا كارێكی هێندە قورس و گران نابێت. بێگومان ئێمە كە لێرەدا بە موشەخەسی مەبەستمان پرسی عەلمانییەت بێت, ئەوا دەتوانین لەسەر قبووڵكردن و نەكردنی لە كۆمەڵگەیەكی ئایینیدا بەم شێوەیەی لای خوارەوە قسە بكەین:  راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بۆ یەكەمجار عەلمانییەت لە خۆرئاوادا هاتە ئارا, واتە عەلمانییەت چەمكێكە بەرهەمی پرۆژەی رۆشنبیری خۆرئاوایە و مێژووی ئەوروپا دروستی كردووە, بیریشمان نەچێت ئەو چركەساتەشی عەلمانییەتی تێدا دەڕستكێ, كۆمەڵگەی ئەوروپی سەر لەبەر كۆمەڵگەیەكی ئایینی بووە, عەلمانییەتیش بۆ ئەوە هات تا ئەو قەیرانە كوشندانەی كۆمەڵگەی ئایینی ئەوروپی چارەسەر بكات, عەلمانییەت كە بە  مانای جیاكردنەوەی دەسەڵاتی روحی و زەمینییە, لە لایەن ئەو نوخبە رۆشنبیرەی خۆرئاواوە بۆ ئەوە هات, تا بەر بەو شاڵاوی خوێنڕشتن و ماڵوێرانیە بگرێت, كە بەرەنجامی تێكەڵكردنی ئەو دوو دەسەڵاتە بوو, واتە لە خۆرئاواشدا كە عەلمانییەت دێت, لە چوارچێوەی  كۆمەڵگەیەكی ئاییندا سەردەردێنێت, قبووڵكردنیشی بەندە بە رادەی سووربوونی هەڵگرانی ئەو چەمكە لەسەر پراكتیزەكردنی لە واقیعدا, هەروەها بەندە بەو ئومێدو مژە و رێگا چارانەشی كە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت, بۆ تێپەڕاندنی دۆخێكی ناهەموار و جەهەنەمی, رووەو قۆناغێكی دیكە لە ئارامی و سەقامگیری و هەست بە دڵنیایی كردن, مێژووی عەلمانییەت لە خۆرئاوادا ئەو دەرسەمان پێدەڵێت كە خۆجێكردنەوەو قبووڵكردنی ئەو چەمكە لە فەزایەكدا كە تبۆلۆژیستەكان حوكمی تێدا دەكەن و شەڕی مەزهەبی و ئایینی برستی لەبەر بڕیوە, كارێكی هەروا ئاسان نییەو رەنج و كۆششێكی تاقەت پرۆكێنی دەوێت, نوخبەی رۆشنبیری ئەوروپیش لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە دابوو, بۆیە لێبڕاوانە ئەو كارەیان تا دوا مەنزڵی خۆی گەیاند.
 سۆران عەزیز : "بەختیار عەلی" پێیوایە عەلمانییەت یان دیموكراسی, دەبێت ببێتە زەروورەتی كۆمەڵگە, ئایا چۆن دەتوانین عەلمانییەت بكەینە زەروورەتی كۆمەڵگەی كوردی؟
 
 شوان: هەر كۆمەڵگەیەك لەدنیای ئەمڕۆدا بیەوێت لە رەوتی شارستانییەت جێ نەمێنێت و بەشدارییەكی كارای هەبێت لەسەر گۆی ئەم هەسادەیە, ئەوا پێویستی بە تەبەنیكردنی تەواوی ئەو پرەنسیپانە هەیە, كە بوونەتە پرەنسیپ گەلێكی گەردونی و گەلانی شارستانی و پێشكەوتوو كاری پێدەكەن. دیموكراسی و عەلمانییەت و تۆلیترانس و كرانەوە بە رووی ئەوی دیدا و كۆمەڵگەی مەدەنی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ, لەمڕۆدا لە ریزی پێشەوەی ئەو زەرووراتانەدان كە پێویستە هەموو كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن باوەشیان بۆ بكاتەوەو كاریان پێ بكات, ئەگەر نا دەبێت دەرگا بەسەر خۆیدا دابخات و وەكی رژێمی پێشووی تاڵیبان لە دەرەوەی مێژوودا بژی, لە راستیشدا بۆ ئێمەو لەم چركەساتەدا عەلمانییەت و دیموكراسی, ئەوەندە پێداویستییەكی حەیاتین كە لە ئاستی ناوخۆدا ئاشتییەكی كۆمەڵایەتیمان بۆ بەرقەرار دەكەن و لەسەر ئاستی دەرەكیش كەناڵی پەیوەندی و تێكەڵبوونمان بە دەوروبەر و كلتوورە جیاوازەكانی جیهان بۆ فەراهەم دەكەن.
 
سۆران عەزیز : ئێمەی كورد چۆن دەتوانین فۆرمەلەی پرۆژەیەكی وەك عەلمانییەت بكەین, لەكاتێكدا عەلمانییەت باس لەكردنە دەرەوەی ئایین دەكات لەبواری سیاسەت و دەسەڵات, جگە لەمەش كاریگەری پرۆژەیەكی ئاوا لەسەر ژیانی ئێمە چی دەبێت؟
 
 شوان: فۆرمەلەكردنی پرۆژەیەكی وەك عەلمانییەت لە واقعی كۆمەڵگەی كوردیدا, پەیوەندی بەهێز و تواناو كارایی ئەو بكەرە كۆمەڵایەتیانەوە دەبێت, كە هەڵگری پرۆژەیەكی وان, ئەوانە تا چەند بتوانن شێلگیرانە كار بكەن و بەشێوەیەكی جدی ئەو مەسەلەیە تەرح بكەن, ئەوەندە ئەگەری سەركەوتنی جێگیربوونی پرۆژەیەكی وا لە واقعی كوردەواریدا گەورە دەبێت, لە پرسیاری پێشوودا كە تاو كورتێك باسم لەوە كرد كە كاریگەری پرۆژەیەكی وا لەسەر ژیانی ئێمە چی دەبێت.
 سۆران عەزیز : یەك لە رێگرە گەورەكانی بەردەم عەلمانییەت و دیموكراسی لە وڵاتی ئێمەدا خێڵ و عەشرەتە, چۆن دەتوانین باس لە نەمانی ئەم كۆسپە گەورەیە بكەین, لە كاتێكدا تا ئێستاش حزبەكانی ئێمە بەگشتی خەریكی تۆخكردنەوەین؟
 
 شوان: لە راستیدا بەشێكی زۆری شكستی پرۆژەی عەلمانییەت لە خۆرهەڵاتدا, ئۆباڵی بەئەستۆی ئەو هێزو دەسەڵاتە شەرمن وناكارایە كە ویستی سەپاندنی عەلمانییەت بووە, كاری ئێمەش لەم شانزە ساڵەی دوای بەهاری ئازادیدا, دەقاودەق كۆپیكردنەوەی ئەو ئەزموونە شكست خواردو ناچێزانەی دەوروبەر و وڵاتانی ئیسلامی بووە, واتە ئیدیعاكردنی عەلمانییەت و مۆدێرنە لەگەڵ موداركردن و تۆخكردنەوەی هەموو ئەو بنەما تەقلیدیی و كۆنسێرڤاتیڤیانەی, رێگرن لەبەردەم پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی و پێشكەوتندا, قەیران و شكستی پرۆژەی مۆدێرنە لای ئێمەو تەواوی وڵاتانی ناوچەكە, لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
 سۆران عەزیز : بۆچی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە بە گومانەوە دەڕوانێتە عەلمانییەت؟
 
 شوان: ئەوە هەر بە تەنها كۆمەڵگەی كوردی نییە كە بە گومانەوە لە عەلمانییەت دەڕوانێت و وەكو پەتاو شتێكی گڵاو مامەڵەی لەتەكدا دەكات.
 ئەم حاڵەتە لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامیدا هەیەو تا هەنوكەش بەردەوامە. علمانییەت وەكی لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا لەبەر ئەوەی هەڵقوڵاوی كلتووری رۆژئاواییەو جەخت لە جیاكردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی لە دەسەڵاتی سیاسی دەكاتەوە, هەمیشە لەلایەن پیاوانی ئایینی و گروهە موحافیزكارەكانەوە وەكو بەڵاو موسیبەتێك سەیركراوە.
 لە راستیشدا دوای دروستبوونی ئیخوان موسلمین و گروهە ئیسلامییەكانی دی, ئەوەندەی دیكە ئەم چەمكە لە ئەدەبیاتی ئەو هێزانەدا بەدناوتر كرا. چونكە ئەوان چاك دەزانن سەركەوتنی عەلمانییەت و چەسپاندنی لە كۆمەڵگادا, دەبێتە مایەی سەندنەوەی تەواوی ئەو دەسەڵاتە مادی و مەعنەویانەی هەیانو ئایین لە دەسەڵاتیكەوە بۆ لە قاڵبدانی ژیان, دەبێتە مەسەلەیەكی شەخسی و كایەیەكی روحی كە مرۆڤەكان بە بێدەنگی و دوور لە هەرزە بروزۆرێك مومارەسەی دەكەن.
 ئیسلامییەكان و هێزە كۆنسێرڤاتیڤەكان  بۆ پاراستنی هەیبەت و دەسەڵات و پلەو پایەی كۆمەڵایەتی خۆیان, هەمیشە وایانكردووە عەلمانییەت بەشێوەیەك وێنا بكەن كە هاوتای بەدرەوشتی و بێ باوەڕی و كوفرو ئیلحاد بێت. هەر ئەم پاشخانەش وایكردووە لە كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵگە ئیسلامییەكانی دیدا, وێنەیەكی شێواوی عەلمانییەت هەبێت و لەسەر ئەم وێنە شێواوەش, تێگەیشتنێكی سەقەت و نا دروست بەرامبەری دروست بێت.
 سۆران عەزیز: بۆچی حزبەكانی ئێمە نەیانتوانیوە كادێرو لایەنگرانی خۆیان لەسەر عەلمانییەت و دیموكراسی گۆشە بكەن, ئایا نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە؟
 
 شوان: هەر هێزو لایەنێك گەر بیەوێت ئەم چەمكانە لە واقیعدا پراكتیزە بكات و هەوادارانی خۆشی پێ گۆش بكات, بێگومان دەبێت چەكدار بێت بە فیكرو جیهانبینی نوێ, پێویستە رۆشنبیرو تیۆریزەكاری وای هەبێت كە توانی خوێندنەوەو توێریزەكردنی واقیع و دەوروبەری هەبێت, بەڵام كە هیچ یەك لەمانە لە ئارەدا نەبوو, بێگومان قودرەتی گەیاندنی بچووكترین دەستەواژەت نابێت, حزبەكانی ئێمە خاڵیین لە فیكرو بێبەشن لە هەر جیهانبینییەك, هیچ شتێكی دیكەیان لە دەست نایەت.
 سۆران عەزیز: بۆچی پارتی و یەكێتی نەیانتوانیووە, عەلمانییەت لە دروشمەوە بكەنە ئەمری واقیع؟
 
 شوان: بەشێكی وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی پرسیاری پێشودایە, هاوكات پارتی و یەكێتی وەك زۆر هێزی دی ئەم ناوچەیە, لە هەوڵی موسابەرەكردنی واقیعدان, نەك لە خەمی گۆڕانی واقیعدابن, ئەمانە دوو هێزن شوێن كۆمەڵگە دەكەون و ئەوە دەكەن كە كۆمەڵگە دەیكات, نەك بە پێچەوانەوە هێزی پێشڕەوبن و لە هەوڵی ئەوەدابن كۆمەڵگا وەك خۆیان لێبكەن, هەر بۆیە ئەم دوو هێزە ئەگەر لە هەندێ قۆناغیشدا ئیدیعای شتێكی تازەیان كردبێت, ئیدیعاكردنێكی زۆر شەرمنانەو كورتخایەن بووەو دواتر لێی پەشیمان بوونەتەوە.
 ئێستا كادیرێكی ئەو دوو حزبە نییە بزانێت شوناسی ئەو حزبەی كاری تێدا دەكات چییە؟ عەلمانییە, موحافیزكارە, ئایینییە, یان سۆسیال دیموكراتە, رەنگە پێت بڵێن هەموویانین و لە راستیشدا هیچیان نەبن.
 سۆران عەزیز: رایەك هەیە دەڵێت: عەلمانییەت یان دیموكراسی كاتێك دەچەسپێت كە پارتی و یەكێتی بە قاعیدەو قەواعیدیانەوە ببنە دیموكراسی, بۆ ئەمە یان دەڵێی چی؟
 
 شوان: نا, مەسەلەیەكی وا هەر تەنها دەرگیری ئەو دوو هێزە نییە, ئەگەر چی ئەوان پشكی شێریان لەو پرۆسەیەدا بەردەكەوێت, لە راستیدا واقیعی كۆمەڵگەی ئێمە واقعێكی ئاڵۆزەو بڕیاردانیش لەو مەسەلانە بە تەنها لە دەستی ئەم هێزو ئەو هێزدا نییە, بەڵام بەو پێیەی ئەو دوو حزبە كە ماوەی شانزە ساڵە فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتە دەكەن, ئەوا دەیانتوانی بنەمایەكی پتەو و كۆنكریتی بۆ عەلمانییەت و دیموكراسی و كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ و لێًكبوردن دابڕێژن.
 
سۆران عەزیز: ئەگەر پارتی و یەكێتی پێناسەبكەین, ئایا عەلمانین, دیموكراسین, ئایین, نەتەوەیین, یان عەشایەرین؟
 شوان: كێشەیەكی گەورەی ئەم دوو حزبەی ئێمە ئەوەیە ناچنە ژێر باری هیچ پۆڵین كردنێكەوە, ئەمانە هەموو ئەوانەن و هیچیشیان نین. خۆزگە ئەم پرسیارەت لەوانەدەكرد كە كادیرو لایەنگری ئەم دوو هێزەن, تا وەڵامێكی دروستمان دەسگیر بێت.
 سۆران عەزیز: ئیسلامییەكانیش ئێستا باسی دیموكراسی دەكەن, ئایا ئیسلامییەت تا چەند لە هەناوی خۆیدا جێگەی بۆ دیموكراسی هەیە, یان ئایا ئەم دوو چەمكە گرفتەكانیان چییە؟
 
 شوان: ئیسلامییەكانی ئەمڕۆ دوو بەرەن, بەرەیەكییان كە جیهادییە رادیكالەكانن بە ئاشكرا نەفرەت لە هەموو ئەو چەمك و وتەزایانە كە سەرچاوەیان شارستانییەتی خۆرئاوایە, لەوانەش عەلمانییەت و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ.بەرەكەی دیكەیان كە میانڕەوەكانییان پێدەڵێن, ئەمانە وەكی تاكتیك و فریودانی بەرامبەر, جار نا جارە وەكی دروشم و ئیدیعای بێ بناغە, باس لەو وتەزایانە دەكەن بە خەڵكی دەفرۆشنەوە, بەڵام لە چاكترین حاڵەتدا ئەمانەش باوەڕیان پێی نییەو وەكی تاكتیكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.
 دواجار باس و خواسی ئیسلامییەكان لەمەڕ دیموكراسی, جگە لە درۆیەكی شاخدار هیچی دیكە نییە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.