Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مرۆڤ و كاریزما ……… حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

مرۆڤ و كاریزما ……… حەمەی ئەحمەد رەسوڵ

Closed
by June 5, 2008 گشتی

      هەمیشە هەروا بووەو لەوەدا مێژوو خۆى دووبارە ئەكاتەوەو لەهەموو كۆمەڵگەیەكدا ئەو هاوشێوەیە هەبووە كە توێژێك یان چینێك رۆڵى گرنگ ئەبیننو حوكمڕانىو فەرمانڕەوایەتى ئەگێڕن ، لەولاشەوە چینێك كە لەزۆرینە پێكدێن رۆڵى كۆمەڵانى خەڵك یان میللەت وەرئەگرن ، ئەو فەرمانانە جێبەجىَ ئەكەن كە چینە كەمینەكەى سەرەوە دەریدەكات .. ! دیارە سوننەتى ژیان وەهایە كەوا ئەبێت چینىَ یان توێژێك ئاغاو دەرەبەگو سمێڵ سوور بنو چینىَ یان توێژێك كە زۆرینە پێك دێنن ببنە مسكێنو جوتیارو سەپانو بەرهەمهێنو ئیشكەرو رێژەیەك لە بەرهەمەكەیان بدەن بەدەمى ئاغاكانیاندا ! بەڵگەنەویستەو لەهەموو دەورو زەمانێكداو لەهەموو كۆمەڵگەیەكدا پێشڕەو پێشەنگێك خوڵقاونو رۆڵى فێركاریان بینیوە … قیبلەنوما بوونو رێ نیشاندەر بوون ، وەكو مامۆستا بوونەتە فێركارو راوێژكار هەمیشە ئەركى فێركردنو ئاراستەكردنى لەسەرشان بووە ، ئەلفوبێى زمانو خوێندنو زانستیان فێركردوون، قۆناغ بە قۆناغ پیتو وشەیان فێركردوون ، رێى تاریكیان بۆ روناك كردونەتەوە .. !
          ئەو پێشەنگو پێشڕەوانە وەكو باوان وابوون نەوەى نوێیان گۆش كردوە ، بوون بەمامۆستاى دیارى كۆمەڵگەكەیان ، ئاستى هۆشیارىو فەرهەنگى كۆمەڵانى خەڵكیان بەرز كردۆتەوە ، هەر بۆ نموونە لە كۆمەڵگەى كوردەوارى كۆندا ، پیرەمێردو قانیعو حوسێن حوزنىو موكریانو چەندانى دیكە لەو منەوەرو رۆشەنفیكرانە كە لە دەورو زەمانى خۆیاندا زاناو داناو هۆشیار بوونو جێى پەنجەیان دیارە لەهاندانى خەڵك بۆ خوێندنو خۆ وشیاركردنو ئازادكردنى ژنانو پەروەردەكردنى ئاقڵانەى مناڵو رۆڵەكانیان ..!ئەو پێشڕەو و رێبەرانە وەكو پێشەوایەكى میللىو جەماوەرىو سەرۆك حیزبێك چالاكو منەوەر مامۆستاو فێركارن ، وەكو هاوڕىَو برا وایە ، كێشەو ئلریشەى كۆمەڵایەتىو دەروونى خەڵكان (بەتایبەت مناڵو لاوەكانو ژنان) كۆمەڵگەكەى چارەسەر ئەكاتو پەیوەندى كۆمەڵایەتیان پتەو ترو پەرەسەندووتر ئەكات … گرىَ كوێرەو گرفتى دژواریان بۆ شى ئەكەنەوەو فێریان ئەكەن چۆن رێگاچارەى دژوارىو سەختى ژیان بدۆزنەوە .. !
         دیارە دەركەوتنى پێشەنگو رێبەرى منەوەرو زانا كە ببێتە كاریزماو هەڵبكەوێتو نەزانىو جەهالەتو ستەمكارى كۆمەڵگەیەكى دواكەوتوو قەڵاچۆو بنەبڕ بكات ، كارێكى سەختو دژوارە،بەتایبەت لەكۆمەڵگەى كوردى دواكەتووى چەقبەستوودا ، كە هەر لەكۆنەوە شێخو پیاوانى ئاینى ئینتهیازىو ئاغاو دەرەبەگو سەرۆك خێڵو هۆزەكان تێكوَشانو لەپێناو پتەوكردن هێزى كۆمەڵایەتى كۆنەخوازو نەریتى كۆنەپەرستانەدا ، كەتوانیوویانە ببنە هێزێكى لەبن ، بەداخەوە ئەوەى بووەتە دابو نەریتى فەرهەنگىو لەنێو تاكەكانى كوردا تەنیوەتەوەو بۆتە كاریزما ، كەسایەتى ئەو شێخو ئاغاو دەرەبەگە سمێڵ سوورو زاڵمانە بووە ، كە هەمیشە توندو روخسار گرژو مۆنو مەچەك ئەستوورو دار بەدەستبوون ، بەبىَ هیچ یاساو رێسایەكى دەستوورىو شەرعیانە خۆیان سەپاندووەو فەرمانڕەواو بڕیاردەر بوون ، هەر بەپێى ئەو دەستوورە نا شەرعییەو بەیارمەتى پیاوە ئاینییە بىَ هەڵوێستەكان حوكمى نادادوەرانەو نایەكسانیان سەپاندووە … هەمیشە بێگاریان بەخەڵك كردووەو بەزۆرى زۆردارەكى فەرمانى ناڕەواى خۆیان سەپاندووە ! كەوا بوو لەكۆنەوە هەر وابووە ، كەسێكى منەوەرى روناكبیر ، زاناو وشیار بووبێتو رۆڵى پێشەنگى بینیبىَ ، رێگەكەى گوڵبارانو نیرگزەجاڕ نەبووە ، هەمیشە دەربەدەرو بێدەرەتان ژیاوە ، هەر بۆ نموونەش ئەحمەد موختار بەگى جافو جەمال عیرفان تا بە مەلا جەمیل رۆژبەیانى ئەگات ، شەهیدى وەكو عەبدولخالیق مەعروف كەم نەبوو كە لەسەر كتێبێك تیرۆركراو بووە كۆچى قوربانى زانستو زانین .. !
         شتێكى دیارەو بەڵگەنەویستە كە لەگەڵ ناوهێنانى چەمكى پێشەنگو پێشڕەودا ، كە ئەبنە كارێزمایەكى دیارو گرنگ ، زۆر نموونەو توێژى كۆمەڵایەتیمان دێنەوە بەرچاو ، بۆ وێنە لەسەرەتادا رەنگە بە نیسبەت زۆربەى خەڵكانى كوردستانەوە كە موسڵمانن ، رەنگە مامۆستایەكى ئاینى كە خیتاب بێژەو رۆژانى هەینى چەندان هەزار لەخەڵكى نوێژكەرو خواناس لێى گرد ئەبنەوەو گوێڕایەڵى حەدیسو فەرمایشتەكانى ئەون ، بەبىَ ئەوەى یەك تاكە كەس فزەى لێوە بێتو تاقە  یەك پرسیاریش بكات … ئەو مامۆستا ئاینیە كارێزمایەكى گەورەو بێهاوتاى هەیەو رۆڵى رێبەرو پێشەوا ئەبینىَ .. یاخود رەنگە سەرۆك خێڵو هۆزو تایفەیەكمان دێتەوە پێشچاو كە وەكو پیرانو پیاوانى ماقووڵو ریش سپى ناو مەجلیسەكان رۆڵى گرنگو كاریگەرى كارێزمایى خۆیان هەبووە لەمێژووى كورداو بگرە هەتا ئەمڕۆش ئەو رۆڵەى خۆیان لەدەست نەداوە .. هەروەها رەنگە سەرۆك حیزبێك یان شۆرشگێڕێكى وەكو جیڤارامان بێتەوە بەرچاو كە لەنێو جەماوەرێكى بیشوماردا كاریزماى خۆى وەكو رەگ بەناخیاندا داكوتیوە ، كە بەرژەوەندى هەژارو چەوساوەكانى هێنایە دى..! هەروەها لەگەڵ ناوهێنانى كاریزماى پێشەوادا ، چەندان زاناو داناو بلیمەتمان دێنەوە بەرچاو كەهەتا دونیا دونیایە مێژوو ناوەكانیانو كارو كردەوە نەمرەكانیان لەبیر ناكات … كە سەراپاى مرۆڤایەتى بەموڵكى خۆى ئەزانێتو شانازیان پێوە ئەكات جا ئەگەر سەر بەهەر نەتەوەو زمانێك بووبن گرنگ نیەو دۆزى مرۆڤایەتى وەكو مۆسیقا وایە ، جیهانیەو بىَ سنوورەو گشت بەربەستو ئاستەنگەكان ئەبەزێنىَ ، بۆ وێنە هەموو مرۆڤایەتى جیهان شانازى بە بسماركى ئەڵمانىو لینینى روسیاو گاندى هیندستانو مارتن لۆسەرى ئەمەریكاو جیڤاراى ئەمریكاى لاتینىو عومەر موختارى لیبیاو سەڵاحەدین ئەیوبى كوردو ( موسڵمانەوە) ئەكات ! ماندێلا رۆڵى وەكو پەیامبەرو پێغەمبەرێك وابووە لە ئەفریقاى باشووردا … لە ئاسیاى رۆژهەڵاتداو لەكۆنەوە ، كۆنفۆشیۆسو تاو و بودا زۆر گرنگ بوونو كاریزماى بێهاوتاى ئەوان هەتا ئەمڕۆكەش بریقەى دێتو لەناخو دەروونى ملیۆنەها كەسدا بە نەمرى ماونەتەوە … !
               شایانى باسە لەمێژووى مرۆڤایەتیدا كاریزما مەعریفىو زانستیەكانیش رۆڵى گرنگیان بینیوەو هەیانە چەندان سەدەیە هێشتا كەناو و كارەكانیان بە نەمرى ماوەتەوە تازە بەتازە راڤەو لێكدانەوەى نوێى بۆ ئەكرێت ، كارەكانیان بۆ هەزاران زمان وەرگێڕدراونو كتێبخانەو فەرهەنگخانەى دونیایان پىَ روناك كراوەتەوە .. هەربۆ وێنە كىَ هەیە هەر لەمناڵیەوە ناوى پلاتۆ (ئەفڵاتۆن)و ئەرستۆو سوقراتى نەبیستبێت ؟! كى َهەیە سەرسام نەبووبىَ بە  وتەو رستەو تیۆرو بۆچونەكانى هەریەك لەو فەیلەسوفانە كە دونیایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ كرد ، دونیایان فێرى وتووێژو دیالۆگو ئەرگیومێنت كرد ، دونیایان بەخۆیانەوە كرد بە بیرمەندو حەكیمو فەیلەسوف … هەوادارو قوتابىو شاگردو گوێڕایەڵى ئەوان لەسەرتاپاى جیهاندا بىَ وێنەیەو بیشومارە ، كاریزماى كاریگەرى ئەوان بێهاوتایەو نەمرە .. هەتا ئەمڕۆ كەس ناتوانىَ جێگەى ئەو پلەو پایە كاریزمییە گرنگە پڕ بكاتەوەو بە مەرجێك ناوى ئەوان بسڕدرێتەوە !؟ هەروەها دواى ئەو كەسایتیە كاریزماییانە ناوى هەریەك لە هیگلو گۆتەو ماركسو سارتەرو ماركۆزەو هابرماسو میشێل فۆكۆ دێن، كە ئەمانیش كاریزماى گرنگو كارتێكەرى خۆیان هەیەو هەوادارو قوتابىو گوێرایەڵیان دواى خۆیان جێهێشتووەو چەندان قوتابخانەى فەلسەفىو رێبازى مەعریفیان دواى خۆیان لىَ بووەتەوەو بەجیهاندا تەشەنەیان كردوە ..!
       لەبوارەكانى زانستو هونەرو فەرهەنگیشدا ، كەسایەتى گەورەو كاریزماى بێهاوتا ئافەریدە بوونو وەكو رێبەرو پێشەنگ رۆڵى گرنگیان هەبووەو داهێنانى ئەوان هەتا هەتایە دونیاو گۆى زەمین شانازیان پێوە ئەكەنو هەموو مرۆڤایەتى ئاسوودەو بەختەوەر بوون لەپاى ئەو داهێنانە مەزنانەى كە ئەو كاریزما گرنگانە بۆیان جێهشتووین .. بۆ نموونە هەر یەك لەنیوتنو ئینشتاینو ئەدیسۆنو گراهام بێلو پاستۆرو مەدام كورىو چەندان زاناى دیكە كە بلیمەتى ئەوان تا هەنووكەش جێى سەرسوڕمانەو بەناوهێنانى ئەم بلیمەتانە ، دەستبەجىَ وێنەى كاریزمایەكى بێوێنە دێتە بەرچاومان .. هەروەها ئەتوانین لەبوارى هونەریشدا ناوەكانى وەكو شارلى شاپلنو ئەنتۆنى كوینو بیرگمانو ستیڤن سپیلبێرگو چەندانى دیكە ، گەورەترین پێشڕەوو پێشەنگ بوون لەبوارى سینەماداو كەم كەس ناوى (شاپلن)ى نەبیستبىَو بە فیلمەكانى سەرسام نەبووبێت ..!ئەو كەسایەتییە ناودارە گرنگانەى ناومان بردن بۆ ئێمە رابەرو پیشەواو مامۆستاو فێركارن ، هەر یەكە لەبوارى خۆیدا كاریزماو مەزنە مرۆڤێكەو خاوەنى داهێنانو كارو كردەوەى تایبەت بە خۆیانن ، لەوێنەیان دروست نابێتەوە ، جێى پەنجەو مۆركى خۆیان بەسەر هزرو مێژووى مرۆڤایەتییەوە جێهێشتوە ، كە هەتا ئەمڕۆكەش هەوادارو قوتابیان داكۆكیان لىَ ئەكەنو لەسەریان جەنگو جەدەل بەرپا ئەكەن ، سەدان هەزارو بگرە ملیۆنان كەس لەجیهانداو بەدرێژایى مێژو و مەشخەڵى پەیامى ئەوانیان بەدەستەوەیەو لەسەر رێبازو شێوازو رێچكەى ئەوان لەكاركردندانو بەخولیاو حەزى كارو بەرهەمەكانى ئەوانەوە ئەژین ..!
        ئێمەى كوردیش ، وەكو هەموو نەتەوەو میللەتێكى دیكەى جیهان كاریگەرى ئەو كەسایەتییە كاریزمییانەمان بەسەرەوەیەو پێشەواو پێشەنگى جیاوازمان هەیەو لەمێژووى كۆنو نوێدا رۆڵى كاریزماى خۆیان گێڕاوە ، كارو ناوو بەرهەمەكانیان جێى شانازیو شكۆمەندین ، هەر لەكۆنەوە ناوى سەڵاحەدینى ئەیوبى هاتوە كە قارەمانو سەركردە بووەو لەپێناوى بیرو باوەڕێكدا خەباتو تێكۆشانى هەبووەو هەموومان بەوە شادمانین كە ئەڵێن بەڕەگەزو رەچەڵەك كوردە ، هەروەها پێشەوا قازى محەمەدو قاسملۆو بارزانىو ئیبراهیم ئەحمەدو رەنگە شەهید ئارامو مامە ریشەش هیچیان لەخەباتگێڕو شۆرشگێڕەكانى جیهان كەمتر نەبووبىَو كاریزماى خۆیان هەیە ، هەروەها شێخ عوبێدوڵاى نەهرىو ئەحمەدى خانىو یەڵماز گوناىو چەندان ناوى دیكەش كە پێشەواو پێشڕەو بوونو ئەو كاریزمایەى ئەوان تا ئەمڕۆش كاریگەرى خۆى هەیەو موریدو هەوادارى خۆیان هەنو لەسەر هەمان رێبازى ئەوان ئەژینو كار ئەكەن ! .
 
 
hemea.rasoeL961@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.