Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گفتوگۆیەكى توانا ئەمین لەگەڵ مەریوان وریا قانع

گفتوگۆیەكى توانا ئەمین لەگەڵ مەریوان وریا قانع

Closed
by June 9, 2008 ئەدەب

  ئەمڕۆ نێوەندى روناكبیرى كوردى لەكۆمیدیایەكدا ژیان دەكات، بەدەست دەردێكەوە دەناڵێنێت كەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بكەین! دەیان روژنامەى زەردو سەدان كتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەكەون، دەزگاگەلێكى چاپو پەخش لەم هەرێمە بچوكەى ئێمەدا دەبینرێن كەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاكانیاندا كتێبێك، تەنها یەك كتێبى چاك دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
 رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆو پیشەیى، روشنبیرى موزەیەفو بەناو روناكبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێكى سیاسى بێخەمو بێخەبەر، لە زەمینە سازیەكانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەك هاوكێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێكمان لە ئاستێكدا هەن كەلێناگەڕێن هەموو شتێك بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێكى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێكى جدى تر لەدەیەكانى پێشوو بۆ خوێنەر بكات.
 ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوەو ئاشنابوون بە كتێبو كلتور، وەك دەروازەیەك بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێك وەك مرۆڤو جارێك وەك نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەك مەرجى یەكەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامو رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىو رۆشنبیرى كوردى، دەستەیەك روناكبیرو نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا كۆكردەوەو لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان كورتكردەوە:
  
 لەكاتێكدا تێكستە گەورەكانى دونیا زادەى مەعریفەن نەك ئیلهام، كەچى نووسەرى ئێمە كەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى كوردىو بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىو هیچ نەوتن نابات؟
 
 
 
مەریوان وریا قانع:
 لەناو هەموو نووسەرێكی ڕاستەقینەدا ڕەقیبێكی فیكریو ئیستاتیكیو ئەخلاقی هەیە. ئەو سادە نووسییەی لە كوردستاندا ئامادەیە بەرهەمی نەبوون و مردنی ئەم ڕەقیبە ناوەكییە

 
  سادەگۆیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا تەنھا وابەستەی بێدەربەستی و کەمخوێندنەوە و خەمساردی نووسەرانی کورد نییە، تەنھا لەوێوە نەھاتوە کە ژمارەیکەی زۆریان پشت بەو شتە ئەبەستن کە پێیدەڵێن ”ئیلھام!!!“ و واز لە دەوڵەمەندکردنی عەقڵ و خەیاڵیان ئەھێنن لەڕێگای خوێندنەوەی تێکستە گرنگەکانی دونیاوە. ڕاستە نەخوێندنەوە یان کەم خوێندنەوە زیانی گەورە بە توانای کرانەوەی خەیاڵ و توانای بەرخورد و بیرکردنەوەی نووسەر دەگەیەنێت، ئەگەری خۆتازەکردنەوە و ھێنانەپێشەوەی پرسیاری نوێ و دۆزینەوەی گۆشەنیگای تازە و بینینی پەیوەندی پێشتر نەبینراو لەنێنوان دیاردەکان و شتەکان و ئینسانەکاندا، لاوازدەکات. دەڵێم لەگەڵ ئەم ڕاستییانەدا ناکرێت سادەگۆیی تەنھا بۆ ئەم نووقساییە تاکەکەسییە لە کەسایەتی نووسەراندا بگەڕێنینەوە، ئەگەرچی ئەم نووقسانییە ڕۆڵێکی گرنگ لە سادەگۆیی و سادەنووسیدا دەگێڕێ. دۆخی سادەنووسی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا  پەیوەندی بە ئامادەگی پارادایمێکی ئەدەبییەوە ھەیە کە شێوازی ئیشکردنی ئەم پارادایمە لەنێو تێکستە ئەدەبییەکاندا بەردەوام سادەگۆیی بەرھەمدەھێنێت. واتە لە پشتی سادەگۆیی ئەدەبیات و نووسینی کوردییەوە شتێک ئامادەیە گەورەترە لە خوێندنەوە و نەخوێندنەوەی تاکەکەسیی نووسەران خۆیان. ئەم شتەش ئەو پارادایمە ئەدەبییەیە کە لەسەردەمی حاجی قادری کۆییەوە لە نووسین و ئەدەبیاتی کوردیدا باڵادەستە. بەڵام بۆئەوەی لەم حوکمە ڕەخنەییە تێبگەین دەبێت سەرەتا بزانین ”پارادیم“ چییە، بەبێ تێگەیشتن لە چەمکی ”پارادیم“ ئاشکرا نییە من چیم مەبەستە کە دەڵێم سادەگۆیی لەئەدبی ئێمەدا بەرھەمی پارادایمێکی ئەدەبییە. پارادایم بە سەرجەمی ئەو تیور و وێنە و گریمان و مۆدێلی بیرکردنەوانە دەگوترێت کە بەسەریەکەوە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ بیرکردنەوە دروستدەکەن، چوارچێوەیەک بەھۆیەوە واقیعێکی دیاریکراو وەسفدەکرێت و لێکئەدرێتەوە و ڕاڤەدەکرێت. پارادیم سەرجەمی مۆدێلەکانی بیرکردنەوەیە لە سەردەمێکی مێژوویی و مەعریفی تایبەتدا، ئەو چوارچێوە گشتییەی بیرکردنەوەیە کە پێماندەڵێت واقیع چییە، چۆن تێیبگەین و بە چ شێوەیەک وێنایبکەین. واتە پارادیم بونیادی قوڵیی بیرکردنەوەیە لە قۆناغێکی مەعریفی و مێژوویی دیاریکراودا. یەکێک لەسیفەتە سەرەکییەکانی ئەم چوارچێوە گشتییەی بیرکردنەوە ئەوەیە کە بە ئاسانی ناگۆڕێت و بۆ ماوەی درێژ دەمێننەوە و پێناسەکان و وێنەکان و تێگەیشتنەکانی بۆ واقیع دەکاتە پێناس و وێنە و تێگەیشتنی بەڵگەنەویستانە، بەجۆرێک دەرچوون لێیان کارێکی زەحمەت و گرانبێت. بێگومان ھەموو پارادیمێک پارێزەران و بەرگریلێکەرانی خۆی ھەیە، کەسانێکی ھەیە کە بەردەوام وێنە و پێناس و شێوازەکانی ڕوانینی بەرھەمدەھێننەوە ناھێڵن پارادایمی نوێ دروستببێت. لەکوێدا پارادیمی نوێ خەریکی سەرھەڵدانبێت، لەوێدا ئەو پارادایمە نوێییە دەکەوێتە ژێر فشار و پەلاماری ئەوانەوە کە پاردایمە کۆن و باڵادەستەکە دەپارێزێن. قسەکردن لەسەر ئەم لایەنەی پارادیم باسێکە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەم چاوپێکەوتنەوە. بەکورتی پارادیم بەو مۆدێلە باڵادەستە دەگوترێت  کە لە سەردەمانێکی دیاریکراودا وەکو چوارچێوەی گشتی بیرکردنەوە ئامادەیە و کاردەکات. بەم مانایە سادەگۆیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا وابەستەی ئەو چوارچێوە باڵادەستەی بیرکردنەوەیە کە ڕۆژگارێکی درێژە لە واقیعی ئەدەبی و فیکری ئێمە باڵادەستە. وابەستەی ئەو پارادیمە ئەدەبی و فیکرییەیە کە لەناوەوە جوڵەی ئەدەبیاتی ئێمە سنوورداردەکات و بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا دەیبات کە ئاراستەی سادەگۆیی و سادەکارییە لە نووسیندا. کە دەڵێم سادەگۆیی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا پارادیمێکی لەپشتە مەبەستم ئەوەیە لە پشتی ئەم سادەگۆییەوە چوارچێوە گشتیی بیرکردنەوەوە ئامادەیە.  بەم مانایە سادەگۆیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا لەدایکبووی ئەمڕۆ نییە، بەتەنھا دیاردەی دونیای دوای ڕاپەڕین و دوای لەدایکبوونی ئەو ئیمپراتۆریەتە ئیعلامییە گەورەیەی پارتە سیاسییەکان نییە کە دونیای کوردیان پڕکردوە لە نووسەری ئینشانوس و خراپنووس و بێڕۆحنووس، وەکچۆن تەنھا دیاردەی سەردەمی پەیدابوونی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و دروستبوون و کردنەوەی ئەو ژمارە گەورەیە لە ماڵپەڕی بێفیکر و بێقوڵایی و بێلەزەتیش نییە. بێگومان ئەم دیاردەی خراپنووسی و ئینشانووسیە لەمڕۆدا ڕووبەرێکی ھێجگار فراوانی نووسینی کوردیی داگیرکردوە و لەڕێگای میدیای حیزبی و تەکنۆلۆژیای نوێی پەیوەندیشەوە گەشتۆتە ژمارەیەکی زۆرتر لە خوێنەران بەبەراورد بە قۆناغەکانی پێشتری نووسین و بڵاوکردنەوەی کوردی. ھەر خودی ئەم بەرفراوانیەش لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا کارێکی کردوە نووسین لەمڕۆدا ببێتە پیشەیەکی بێبەھا و بێنرخ و بێڕۆڵ و ئەو قورساییە ڕەمزییە لەدەستبدات کە لە قۆناغەکانی پێشتردا ھەیبوو.   دیاردەی سادەنووسی لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەرچەرخانە ئەدەبییەی حاجی قادری کۆیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا دروستیکرد. حاجی قادر یەکەمین نووسەری کوردە کە نووسین بەڕادەیەکی ترسناک سادەدەکاتەوە تا ئەو ئاستەی جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان زمانی نووسین و لەنێوان زمانی قسە و باس و ئاخاوتنی ژیانی ڕۆژانەدا نەمێنێتەوە. بێگومان حاجی قادر بە وشیارییەکی تەواوەوە ئەم کاردەکات و مەبەستێکی تایبەتیشی لە ئەنجامدانی ئەم کارە ھەبووە و لە ھەندێک تێکستیشیدا بە ئاشکرا ئەم مەبەستە ڕووندەکاتەوە. ئەم مەبەستەش خەون و ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی ”نەتەوە“ لە ئەدەبدا. ئەو پارادیمەی لەگەڵ حاجی قادردا دروستدەبێت پارادیمی ”بنیادنانی نەتەوەیە لەڕێگای نووسین و زمانەوە“. ئەمەش لەیەککاتدا پرۆژەی تازەکردنەوەی سیاسی و تازەکردنەوەی کۆمەڵایەتی و تازەکردنەوەی ئەخلاقیاتی کۆمەڵایەتییە. نەتەوە لەدوا دەرەنجامدا بریتییە لەو پێکھاتە گشتییەی کە دەرەنجامی دروستکردن و بەرھەمھێنانی چەندان ”یەکەی گشتی“ و ”لێکچووە“ کە وادەکات کۆمەڵێک ئینسان خۆیان وەک بوونەوەری لێکچوو و ھاوشێوە و ھاوزمان وێنابکەن و ئەم وێناکردنەشیان لە فۆرمێکی سیاسی تایبەتدا بەرجەستەبکەن کە فۆرمی سەربەخۆیی سیاسییە.    کەواتە لەپشتی ھەوڵدانی حاجی قادرەوە بۆ سادەنووسی خەونێکی سیاسی و پەیامێکی ئەخلاقی و پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی نوێی پەنھانە کە نووسین نەک تەنھا ڕۆڵی ئەوەدەبینێت تەعبیریانلێبکات و بیانناسێنێت، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی لە دروستبوون و بەرھەمھێنانیشیاندا دەگێڕێت. نووسین لای حاجی قادر دەبێتە خولقێەنەر و پیادەکەر و بڵاوکەرەوەی ئەو پرۆژەیە. کەواتە خودی سادەکردنەوەی زمان و سادەکردنەوەی نووسین لای حاجی قادر بەشێکە لە پرۆسەیەکی تازەبوونەوەی گەورەتر کە تیایدا لەیەککاتدا وێنەکانی خود خۆی و وێنەکانی ئەویدی و تێڕوانین بۆ ئەدەب و بۆ ڕۆڵی زمان و بۆ خەیاڵی سیاسی و بۆ ڕۆڵی دین دەکەونە ناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی سەرلەنوێ دەستنیشانکردن و پێناسەکردنەوە. سادەکردنەوەی زمان و سادەکردنەوەی نووسین لای ئەم شاعیرە بەشێکە لەم پرۆژە گەورەیەی گۆڕان و تازەبوونەوە. بەڵام ھەر خودی ئەم تازەکردنەوە تایبەتە وادەکات بەشی ھەرەزۆری ئەدەبی ئێمە لەسەردەمی حاجی قادرەوە ئەو قوڵاییانە لەدەستبدات کە دەرەنجامی ئیشکردنی ئەدەبە لەسەر ئینسان و ئاڵۆزییە ناوەکییەکانی، لەسەر ژیان و ماناکانی، لەسەر دونیا وەک چوارچێوەی بوون و چوارچێوەی زیندەگی ئینسان. لەباتی ئەمانە یەک چەمک لەئەدەبیاتی ئێمەدا سەروەردەبێت کە چەمکی ”نەتەوە“ یە، وردتربدوێم ئەوەی دەبێتە بابەتی ھەرسەرەکی، ئەگەر ناڵێم تاقە بابەتی، ئەدەبیاتی کوردی لەسەردەمی حاجی قادرەوە ”پرۆژە و ئەرک و کۆششە بۆ دروستکردن و بونیادنانی نەتەوە لە ئەدەبدا“. ئەم پرۆژەیە دەبێتە ئەو پارادایمەی ئەدبییە لە سەردەمی حاجی قادرەوە چوارچێوەی سەرەکی بیرکردنەوە لە ئەدەب و تێگەیشتن و پێناسەکانمان بۆ زمان و بۆ نووسین دەستنیشاندەکات. بەردێژایی سەدەی بیستەم ئەدەبی ئێمە لەدەوری چەمکی نەتەوە سوڕاوەتەوە بەجۆرێک ئەکرێت بڵێم بەشی ھەرەزۆری ئەدەبی ئێمە ئەدەبێکە دەکرێت ناوی ”ئەدەبی دروستکردنی نەتەوە“ی لێبنێین. لە حاجی قادری کۆییەوە تا سەر شێرکۆ بێکەس بە دەگمەن نەبێت، نووسەرێکی کورد نادۆزینەوە کە تەوەرە سەرەکییەکانی نووسین و ئەدەبیاتی پرۆژەی دروستکردنی نەتەوە نەبێت. ئەو سادەگییە ترسناکەی لە نووسین و ئەدەبیاتی ئێمەدا سەروەرە پەیوەندی بەم دۆخە تایبەتەی ئەدەبی کوردییەوە ھەیە، لەم پارادایمە ئەدەبییەوە دێت و بەبێگۆڕینی ئەم پارادایمەش زەحمەتە بگۆڕێت.  بێگومان بەر لە حاجی قادری کۆیی ڕەگوڕیشەیەکی بچووکی ئەم دیاردە ئەدەبییە، واتە دیاردەی دروستکردنی نەتەوە بە ئەدەب و بەتایبەتی بەشیعر، لای نالی ھەیە. بەرگریکردنی نالی لەوەی کە بە کوردی دەنوسێت، بەزمانێک کە دواتر لای حاجی قادر وەک زمانێکی نەتەوەیی مامەڵەدەکرێت، سەرەتای ئەم پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەیە پێکدەھێنێت لە ئەدەبی ئێمەدا. دەڵێم سەرەتای ئەم پرۆسەیە چونکە لای نالی زمان ھێشتا مانای نەتەوەیی وەرنەگرتوە و ھێشتا لە جوغزی زادگا و دیالێکتێکی دیاریکراو و ڕۆحی ئیمارەتێکی کوردیی و سەلیقەیەکی شیعری دەرنەچووە. زمان لای نالی زمانی زاتێکی شیعرییە بەبێ زاتێکی نەتەوەیی، زمانی ھەستێکە بە زادگا بەبێھەستکردن بە نیشتیمانی نەتەوەیی، زمانی پێداگرتنە لەسەر نرخێکی تایبەت بەبێئەوەی ئەم نرخە بووبێت بەنرخێکی نەتەوەیی. بەکورتی زمانێکی پیاوێکی دینییە بەبێئەوەی دین بووبێت بە ئامرازێک لە ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی نەتەوە. بەڵام ھەموو ئەم شتانە لای حاجی قادر گۆڕانێکی گەورەیان بەسەردادێت و ھەموو بەھا و نرخە ئەخلاقییەکان، دین و زمان دەبنە ئامرازی دروستکردنی نەتەوە. من لێرەدا تەنھا لەسەر گۆڕانی ماناکانی زمان لای حاجی قادر ئەوەستم. لای حاجی قادر زمان دەبێتە بناغەی شوناسی تاکەکەسی و شوناسی نەتەوەیی، دەبێتە ئەو سەرزەمینەی نەتەوەی تێدا دروستدەبێت و نەتەوەی تێدا دێتە قسە و نەتەوە تێیدا خەونە سیاسییەکانی دەبینێت. لای ئەم شاعیرە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە و پرۆسەی بونیادنانەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی زمان لەیەکدی جیانکارێنەوە. بە مانایەک لەماناکان ئەم شاعیرە زمان یەکساندەکات بەنەتەوە و نەتەوەش بە زمان. دەرەوەی زمان دەرەوەی نەتەوەیە و ناو زمانیش ناو نەتەوە خۆیەتی. لە ڕاستیدا لای حاجی قادر زمان ھەنگاوێک زیاتر دەڕوات و دەبێتە مەقولەیەکی ئەخلاقی و لەوە دەرئەچێت بەشێکبێت لە کردەی بەرھەمھێنانی ئەدەب و کردەی نووسین، یان ئامرازێک بێت بۆ تێگەیشتن لە دونیا و لە ئیسنان و لە دیاردەکان. زمان لای حاجی قادر دەبێتە پێوەرێک بۆئەوەی ئینسانی ڕاستەقینە، واتە کوردی ڕاستەقینە، لە ئینسانی ناڕاست، واتە کوردی ناپاک، جیابکاتەوە. دەبێت بە ئامرازێک بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی ئینسانەکان و نرخاندنیان. زمان دەبێت بە پێوەری جیاکردنەوەی ئەخلاقی ڕاست لە بەدئەخلاقی، نیشتیمان پەروەر لە خائین. لەھەردوو دۆخەکەدشدا ھەریەکێک لەم لایەنانە تەعبیر لە دۆخێکی دەستەجەمعی نەتەوەیی و نانەتەوەیی دەکەن. لای حاجی قادر کەسێک زمانی خۆی نەزانێت بێشک دایکی سۆزانییە و باوکیشی شەرواڵپیسە. حاجی قادر ئەندامانی نەتەوە وەک میر و پادشا و ڕۆستەمی زاڵم و حاتەمی تائی وێنادەکات و شوێنێک بۆ ئافرەتی سۆزانی و شەرواڵپیس لەناو نەتەوەدا ناھێڵێتەوە. ھەموو ئەمانەش لەڕێگای سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی زمان و سادەکردنەوەیەوە ئەنجامئەدات. بەکورتی حاجی قادر دووشت ئەنجامئەدات کە کاریگەریی گەورە لەسەر سەرجەمی ئەدەبیاتی دوای خۆی بەجێدەھێڵێت. یەکەمیان کردنی زمانە بە بنەمای شوناسی تاکەکەسی و شوناسی نەتەوەیی و لەوێشەوە بە سیاسیکردن و بە بەئەخلاقیکردنێکی بەرفراوانی زمان، بەجۆرێک وادەکات زمان کورتببێتەوە بۆ ھێمایەکی سیاسی و ھەڵوێستێکی ئەخلاقی بەتەنھا. دووھەمیان سادەکردنەوەی زمانی نووسین و دابەزاندنێکی ترسناکی بۆ ئاستی زمانی قسەکردنی ڕۆژانە و داماڵینی لەھەموو ئاڵۆزییەک کە لە ئاڵۆزییەکانی ئینسان و ئاڵۆزییەکانی ژیان و ئاڵۆزییەکانی دونیاوە ھاتبن. بە مانایەکی دیکە لەکاتێکدا حاجی قادر زمان دەکاتە سێنتەری ئەدەبیات و سێنتەری شوناسی نەتەوەیی، لەھەمانکاتداا بەشێوەیەک سادەیدەکاتەوە لەوەدەکەوێت زمانی ئەدەبیات و زمانی فیکر و زمانی ھەر تێڕامانێکی جدی و ڕاستەقینەبێت لە ئینسان و لە دونیا و لە ژیان. وەک وتم ئەم سادەکردنەوەیەی زمان لە ئەدەبی حاجی قادردا وابەستەی خەونی گۆڕینی زمانی کوردییە لە زمانی نوخبەیەکی خوێندەواری بچووکەوە بۆ زمانی نەتەوەیی، واتە پرۆژەیەکی سیاسی نەتەوەیی گرنگی لەپشتەوەیە و مانا سیاسییەکانی ئەم کارەی حاجی قادر بۆ دروستبوون و گەڵاڵەکردنی شوناسی نەتەوەیی کوردیی ھێجگار ھێجگار گرنگن، بەڵام ھەرخودی ئەم کارە زیانێکی کوشندە لەسەرجەمی توانا تەعبیرەییەکانی زمانی کوردی و ئیشکردنی فیکری و ئیستاتیکی ئەم زمانە لەناو تێکستە ئەدەبییەکاندا ئەدات. حاجی قادر لەڕێگای کردنی زمانەوە بە بنەمای شوناسی تاکەکەسی و شوناسی دەستەجەمعی و لەڕێگای سادەکردنەوە و بەخشینی ئەو شەحنە ئەخلاقییە گەورەیەوە بە زمان، ئەرکی زمان لە ئەدەبدا کورتدەکاتەوە بۆ ئەرکی دروستکردنی ئەخلاق و شوناسی نەتەوەیی. زمان لەم پارادایمەدا یەک ئامانج و یەک ھۆکار ئاراستەی دەکات: دروستکردنی نەتەوە. زمانی نەتەوەش زمانی زاتێکی تاقانەی پڕ پرسیار و پڕ دڵەڕاوکێ و پڕ نائارامی نییە کە بۆ دەربڕین و باسکردنی خۆی خۆی پێویستی بە زیاد لە زمانێک بێت لەناو ھەمان زاندا، یان وەک دۆڵۆز دەڵێت پێویستی بە ”بوونی زمانێک بێت لەناو زمان خۆیدا“. زمانی دروسکردنی نەتەوە زمانی زاتێکی دەستەجەمعییە، ئەو زمانە سادەیەیە کە لانیکەمی پەیوەندی لەنێوان ھەموو بەشە جیاوازەکانی نەتەوەیەکدا مەیسەردەکات و وادەکات خەڵکی ئەم سوچی نیشتیمان لەگەڵ خەڵکی ئەو سوچی نیشتیماندا لێکتێبگەن. ھەموویان بەیەک زمان بدوێن و یەکشت بڵێن. ئاشکرایە زمانێکی لەم بابەتە ناتوانێت ببێتە زمانی ئەدەبیاتێکی قووڵ و بارگاوی بە پرسیاری ڕۆحی و فیکری و فەلسەفی قووڵ، ناتوانێت ببێتە زمانی زاتێک کە دونیا تەنھا لەدیدی خۆیەوە ببینێت و لەو دیدە تاکەکەسییەشەوە تەعبیریلێبکات، زمان لەناو زماندا دروستبکات و زمان دابەشبکات بۆ چەندەھا زمانی جیاواز و تایبەتی. بۆئەوەی ئەم خاڵە زیاتر ڕوونبکەمەوە با ئەم زمانەی سادەیەی حاجی قادر بە زمانی مەحوی بەراوردبکەین.   حاجی قادر و مەحوی لەیەک ڕۆژگاردا ژیاون، زمانی مەحوی زمانی ئەدەبیاتی کلاسیکییە لە چڵەپۆپەی داگیرسان و بارگاویبوونیدا بەدەلالەتی فەلسەفی و دینی و ڕۆحیی تاکەکەسی، بەڵام چونکە زمانێکە ناتوانێت ببێتە زمانی دروستکردنی نەتەوە، چونکە ناتوانێت ببێتە زمانی زۆربەی خەڵک، چونکە ناکرێت کورتبکرێتەوە بۆ ئەو زمانە سیاسییەی کە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە لە کوردوستاندا پێویستی پێیەتی، چونکە ناکرێتە زمانێکی دەستەجەمعی، دەبینین ھەر لە دەیەی یەکەمی دوای مردنی مەحویدا لەناو شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا بزردەبێت و زمانی حاجی قادر جێگەی دەگرێتەوە و دەبێتە زمانی باڵادەستی ئەدەبیات و سیاسەت لە دونیای ئێمەدا. ئەم وەرچەرخانە ڕیشەییە، ئەم پارادایمە، وادەکات زمانی ئەدەبیاتی ئێمە و زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە و زمانی  داواکارییە سیاسییەکانی میللەتی ئێمە ببێتە یەک زمان و سنوورێکی ڕاستەقینەنەبێت ئەمیان لەویدیان جیابکاتەوە. ئەمەش وایکردوە ئەم زمانە نەتوانێت ئەدەبیاتێکی بەرز و قووڵ و فرە ئاراستە و فرە مانا بەرھەمبھێنێت و لەپاڵ نەتەوەدا تاکەکەسێکی پڕ پرسیار و پڕ گومان و پڕ لێکدانەوە و پڕ خەیاڵ و پڕ ئاست و پڕ ناکۆکی لەئەدبی ئێمەدا دروستببێت. ئەوەمان لەبیرنەچێت ڕۆژگارێکی درێژ لەژێر سایەی ئەو ھەمو فشار و ھەڕەشە ترسناکانەدا کە لەسەر زمان و ئەدەبیات و ژیانی میلەتی ئێمە ھەبووە، دۆخێکی دروستبووبوو تەنانەت خودی نووسین بە زمانی کوردی خۆی یەکێک بوو لە نیشانەکانی بوون و زیندویی نەتەوە خۆی. بەکارھێنانی زمانەکە خۆی ھێمایەک بووە بۆ بوون و ئامادەگی نەتەوە خۆی، ئیدی زۆر گرنگ نەبووە بەو زمانە چی دەنوسرێت و چی دەگوترێت. ئەوەی گرنگ بووە بوون و ئامادەگی زمانەکە خۆی بووە وەک ڕەمزی بوون ئامادەگی نەتەوە خۆی. ئەم دۆخەش وایکردوە مانا سیاسییەکانی زمان لە ئەدەبیاتی ئێمەدا لە ھەموو ماناکانی تری گرنگتربێت و لەزۆر دۆخیشدا ئەم مانا سیاسیانە سەرجەمی ماناکانی تری زمان بکوژێت. بەڵام بۆئەوەی نەتەوە دروستبکەیت پێویستت بەچییە؟ یان وردتر بپرسین دەبێت زمانی دروستکردنی نەتەوە لەسەر چ بابەتێک ئیشبکات و چی دروستبکات و چ مانایەکی ھەبێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زەحمەتە و دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەم چاوپێکەوتنەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەکرێت زۆر بە خێرایی ھێمای پێبکرێت ئەو ڕاستییە کە زمانی دروستکردنی نەتەوە زمانی پێداگرتنە لەسەر یەکبوون و وێکچوون و ھاوبەشبوون و سەرجەمی ئەو شتانەی کە کاراکتەرێکی دەستەجەمعی یەکگرتوو بە نەتەوە دەبەخشن. ئەدەبی دروستکردنی نەتەوە ئەدەبی دروستکردنی ئەو ئینسانانەیە کە لەیەکدەچن، کە جیاوازییەکانیان لەبیردەکەن، کە بەدوای یەک ئامانج و یەک ھیوادا دەڕۆن، یەک جۆر خۆشەویستی و یەکجۆر ڕق و یەکجۆر خیانەت دەناسن، یەک دوژمنیان ھەیە، یەکجۆر دۆست دەبینن و لەھەمووشی گرنگتر بەیەک زمان قسەدەکەن. واتە ئەدەبی دروستکردنی نەتەوە ئەدەبێکە بەدوای شتە جەمعییەکاندا دەگەڕێت، بەدوای ئەو ھاوبەشانەدا دەگەڕێت کە کۆمەڵە خەڵکێک دەکات بە ئەندامی یەک نەتەوە و ھەرچی شتێکیش ئەم یەکبوون و وێکچوون و ھاوشێوەییە زەحمەتبکات و ڕێگربێت لەبەردەمیدا لاببرێت، لەپێش ھەمووانیشەوە بەکارھێنانە فەردی و نا دەستەجەمعییەکانی زمان خۆی. ئەمەیە وادەکات لەدوای حاجی قادرەوە زمانی شاعیرانی کورد ببێتە زمانێکی وێکچو و ھاوشێوە و زۆر لەیەک نزیک، بەجۆرێک ئینسان ھەستدەکات ئەم شاعیرانە ھەموویان بەیەک زمان ئەدوێن و زۆربەشیان یەک شیعر ئەنووسن. ئەو جیاوازییەی لە ئەدەبیاتی کلاسیکیدا لەنێوان زمانی نالی و زمانی سالم و زمانی مەحوی و جیھانە شیعرییەکەی ھەریەکێکیاندا ھەیە، لە ئەدەبیاتی دوای حاجی قادردا نایدۆزینەوە. زمانی زێوەر و بێکەس و شێخ سەلام و قانیع و زۆرانێکی دیکە بەڕادەیەکی گەورە لێکدەچن، زۆربەی بابەتە شیعرییەکانیان یەکن، گۆشەنیگاکانیان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە ھتد… بە کورتی زمان لەئەزموونی ئەم شاعیرانەدا کەمتر زمانی ئەدەب و زیاتر زمانی دروستکردن و بونیادنانی نەتەوەیە. ھەر ئەمەشە نیشانمانئەدات بۆ لەئەدەبی کوردیدا ئەو ھەموو شیعرە پڕ موبالەغەیە بەسەر کڕینی مەکینەی چاپ و درچوونی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا ووتراوە، بۆ ئەو ھەموو شیعرە بەسەر دامەزراندنی یانە ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکاندا گوتراوە، بۆ ئەو ھەموو شیعرە بەسەر کردنەوەی قوتابخانەیەکدا، کردنەوەی سەندیکایەکی مامۆستایان و یەکێتییەکی خوێندکاراندا گوتراوە. ھەریەکێک لەم شتانە ئامرازی دروستکردنی نەتەوە و مۆدێلی بەرھەمھێنانی نەتەوە بوون، بۆیە ھەموویان بوونەتە بابەتی ئەدب و دەیەھا تێکستیان دەربارە نووسراوە. لە ئاستی ویژدانی و ڕۆحیی دروستکردنی نەتەوەشدا ئەم ئەدەبیاتە بەشێوەیەکی گشتی وێنەی ئینسانێکمان بۆ دەکێشێت کە شتێکی دیکە لە ژیانیدا نییە جگە لە خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و ئامادەگی بەردەوام بۆ قوربانیدان، بەبێئەوەی ئەم ئامادەگییە بووبێتە ھۆیەک بۆ بیرکردنەوە لە عەشق و لە قوربانی و لە نیشتیمان وەک بابەتی ئەبستراکت یان موجەرد. لەڕاستیشدا ئەوەی نەتەوە دەیەوێت دروستبوونی ھەستێکی سادە و بەھێزە بە ئینتیما، نەک شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی ئاڵۆزییەکانی ئەو چەمکانەی لەپشتی ماناکانی ئینتیما یان بێئینتیماییەوە ھەن. ئینسانی ناو ئەدەبیاتی کوردی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ئینسانێکە عاشقی نیشتیمانە و وەک ”بەرخی نێر“ ئامادەگی سەربڕینە، وەک قانیع دەڵێت، واتە کەسێکە لە فۆرمی پرۆژەیەکی بەردەوامی خۆفیداکردن و بوون پێشمەرگەدا ئامادەیە. لە نیوەی دووھەمیدا کە یەکەمین فیشەکی شۆڕشی چەکداری دەتەقێت و گینفیدایی ڕاستەقینە لەپانتاییەکی زۆر فراوانتردا دەستپێدەکات ئیدی وێنەی ئەم ئینسانە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا دەبێت بە پێشمەرگەی ڕاستەقینە، بەکەسێک کە لەبەردەم مردنێکی واقیعی و ڕاستەقینەدایە نەک لەبەردەم مردنێکی ڕەمزی. ئامادەگی ئەم مردنە بەڕادەیەک نزیک و حازرە و شۆڕشیش بەشێوەیەک لە دۆخی بەرەنگاربوونەوەی ئەم مردنە و بەرھەمھێنانی مردن خۆیدایە مەودایەک بۆئەوە ناھێڵنەوە مردن ببێتە بابەتێکی فەلسەفی و فیکری قووڵ، بەڵکو وەک شتێک کە نابێت لێیبترسی و وەک شتێک کە بارگاوییە بە مانای سیاسی ئامادەیە. ئەزموونی مردن کە تاکەکەسیترین ڕوداوی ژیانی ئینسانە لەم ئەدەبیەتدا وەک بابەتێکی سیاسی و وەک ڕووداوێکی دەستەجەمعی و ڕەمزی مامەڵەیلەگەڵداکراوە. بەکورتی ئینسان لە ئەدەبیاتی نیوەی یەکەم و نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمی ئەدەبی ئێمەدا جگە لە ھەڵگری خۆشەویستییەکی سروشتی و غەریزی بۆ نیشتیمان ھەڵگری قووڵاییەکی دیکەی شایانی باسکردن نییە. قۆناغی شۆڕش و خەباتی چەکداریی ئەدەبیاتی ئێمە بەڕادەیەکی ھێجگار ترسناک سادەدەکاتەوە، خولقاندنی حەماسەت و کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوری شۆڕش دەبێتە خەمی ھەرەسەرەکی ئەم ئەدەبیاتە. ئەمەش لەژێر ڕەحمی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەر و ستەمگەر و توڕانەدا کە ئەم ئەدەبیاتەیان لەسایەدا نوسراوە، دۆخێکی دروسکردوە نووسین ببێتە گەمەکردنێکی ڕاستەقینە بە ژیانی نووسەرەکە خۆی. ئازاردان و ڕاونان و گرتن و کوشتنی نووسەران لەسەر تێسکتەکانیان ئەو ڕیسکەبووە کە ئەدەبیاتی قۆناغی شۆڕش تێیدەکەوێت. ئەمەش وادەکات وێنەیەک بۆ کەسایەتی نووسەر دروستببێت تەریب بە کەسایەتی پێشمەرگە و ھەڵگری ھەمان مانا بێت. ئەوەشی دەنووسرێت لەباتی ئەوەی وەک تێکستێکی ئەدەبی ببینرێت و وێنابکرێت وەک چەکێک لە کاروانی ئەو شۆڕش و خەباتەدا وێنابکرێت. ئەم دۆخە وایکردوە پێوەری نووسەربوون و نووسەرنەبوون بەھا ئەدەبی و فیکریی و ڕۆحییەکانی ناو تێکستەکان نەبێت، بەڵکو شێوازی ھەڵوێست و بڕی ئازایەتی و ڕادەی ئامادەگی نووسەرەکە بۆ قوربانیدان بێت. ئەمەش وایکرد بڕێکی زۆری ئینسانی ئازا ببن بە نووسەر و بڕێکی زۆی نووسەرانیش بەدوای ئەو جۆرە لە ئازایەتیدا بگەڕێن. ھەموو ئەم شتانە چەند لەڕووی سیاسییەوە گرنگبووبن و چەند دڵسۆزی و قارەمانێتی گەورەی نووسەرانی نیشاندابێت و چەند پێداویستییەکی گەورە و گرنگی دروستکردن و پەرەپێدان و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی ئاراستەیکردبێت، لەوە دەربازنابێت ھۆکارێکی گەورەی ھەژارکردنێکی ترسناکی ئەدەبیاتی ئێمە بووە. چونکە ھەمیشە مانا ساتەوەختەییەکانی ئەم ئەدەبە لە مانا ستراتیژییەکانی گرنگتربوون. خولقانی دەستەبەجێ و خێرای حەماسەت و ڕۆحی بەرگریی چەکداری لە ئینساندا لە خولقاندی ڕۆحێکی پرسیارگەر و قەلەق و نائارام گرنگتربووە. ئەمەش وایکردوە بەھای مێژوویی ئەم ئەدەبیاتە لە دروستکردنی نەتەودا تەواو ناکۆکبێت بە بەھا ئەدەبی و فیکری و ڕۆحییەکانی دروستکردنی ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند. ئەگەر بمەوێت ئەو ووتە بەناوبانگەی مارکس کەدەڵێت کاری فەیلەسوفان لێکدانەوەی دونیا نییە بەڵکو گۆڕانیەتی ببەستمەوە بە ئەدەبی ئێمەوە دەکرێت بڵێم: ئەدەبی ئێمە ئەدەبی ھەوڵدان نییە بۆ تێگەیشتن لە دونیا، بەڵکو ئەدەبی ھەوڵدانە بۆ گۆڕینی. گۆڕانیشی نەک بەشێوەیەکی ڕەگوڕیشەیی کە تێییدا ئینسان و بوون و ژیان وەک گشتێک بگۆڕێن و سەرلەنوێ دروستببنەوە، نەک بەمانای گۆڕانی زمان و لەوێشەوە گۆڕانی دیدەکان و چاوەڕوانییەکان و خەونەکان، بەڵکو گۆڕان بە مانا سیاسییە بەرتەسکەکەکەی. واتە یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی ئەو پارادیمە ئەدەبییەی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا کاریکردوە ئەوەیە ھەموو ئاڵۆزییەکانی ژیان و ھەموو کێشەکانی بوونی ئینسانی کورتکردۆتەوە بۆ ھێنانەکایەی گۆڕانێکی سیاسی. ئەدەبیاتی کوردی بەم مانایە ڕێک وەک داواکارییە سیاسییەکانی میللەتی ئێمە بەدوای ئیعترافێکی سیاسیدا گەڕاوە. لەم گەڕانەشیدا سەرجەمی چالاکییەکانی ئینسانی ئێمەی کورتکردۆتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەم ئیعترافە سیاسییەدا. بە کورتی ئەوەی لەپشتی لاوازی ئەدەبیاتی ئێمەوەیە ئەم پارادیمە ئەدەبی و سیاسییە، نەک مەسەلەی خوێندنەوە و نەخوێندەوەی نووسەران. من گومانم لەوە نییە کە بڕێکی زۆری نووسەرانی کورد تێکستە ئەدەبییە گەورە و گرنگەکانی دونیایان خوێندۆتەوە، بەڵام نەبوونی ئەم تێکستانە بە بەبەشێک لە خەیاڵی ئەدەبیمان و ڕەنگنەدانەوەیان لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەم پارادیمە ئەدەبییە لێۆبەرپرسیارە کە باسمکرد. ئەو پارادیمە لێیبەرپرسیارە کە ھەموو کرانەوەیەک بەسەر ئەدەبیاتی دەرەوەدا جارێکی تر لەناوخۆیدا بەو کێشە سەرکییەوە گرێئەدات کە ئەم ئەدەبە پێیەوە دەرگیرە و بونیادی قووڵی تێکستەکان، یان خەیاڵی ئەدەبی، ئاراستەدەکات، کێشەی دروسکردنی نەتەوە لە ئەدەبدا.   وەک ووتیشم چونکە نووسەربوون لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە داگیرکەرەکاندا ئەو ھەموو ئەگەرە ترسناکانەی بەدواوەوەبوو کە باسمکرد، لەگرتن و ڕاوەدونانەوە بۆ کوشتن، بۆیە ژمارەی نووسەرانی کورد لە شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکاندا ھێجگار کەم و سنوورداربوو. ڕاستە بەشی ھەرەزۆری ئەوەی دەنووسرا قووڵاییەکی فیکریی و ئەدەبی گەورەی نەبوو، بەڵام پێویستی بە ئازایەتییەکی زۆر و ئامادەگییەکی بەردەوام ھەبوو بۆ گەمەکردن بە ژیان. لەو ڕۆژگارەدا بەشی ھەرەزۆری نووسینی کوردی گرێدراوی مەسەلەی کوردبوو، داواکاری مەسەلەی کوردیش لە ئینسانی کورد لەو ڕۆژگارەدا لە ئامادەگی بۆ مردن کەمتر نەبوو. ئەمە یەکێکە لەو ھۆکارە گرنگانەی کە نەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی نووسەران کە ئەمڕۆ لە کوردوستاندا ھەیە، لێکدەداتەوە. بێگومان ئەمە تاقە ھۆکارێک نییە، زۆر ھۆکاری دیکە ھەن کە باسکردنیان دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەم باسەوە.  تا قۆناغی ڕاپەڕین نووسینی کوردی لە چوارچێوەی ئەم پارادیمەدا مایەوە کە باسمانکرد، بەڵام دونیای دوای ڕاپەڕین دەرگا لەسەر قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە و دۆخێکی نوێی نووسین و ئەدەبیات دێنێتەپێشەوە، بەڵام ئەم دۆخە ناتوانێت ئەو پارادایمە باڵادەستەی ناو ئەدەبیاتی کوردی بگۆڕێت. ڕاستە قۆناغی دوای ڕاپەڕین قۆناغی دروستبوونی دونیایەکی نوێ و ھێزی نوێ و کێشەی نوێیە، نووسین لەم قۆناغەدا دەکەوێتە ناو فەزا و دۆخێکی تازەوە و باس لەکۆمەڵێک کێشەی نوێ دەکات، بەڵام ناتوانێت لەو سادەگۆییەی ڕزگاریببێت کەبەشێکی دانەبڕاوە لەو پارادایمە ئەدەبییە باڵادەستەی کە ھەیە. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا نووسینی کوردی بەشێوەیەکی دیکە سادەدەبێتە و ئامرازی دیکەی بۆ سادەبوونەوە لەبەردەستدایە جیاواز لەوانەی لە قۆناغی بەر لە ڕاپەڕیندا ھەبوون. بەرلەوەی وێنەیەکی گشتی ئەو دیمەنە بکێشم کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستبووە، دەمەوێت سەرەتا لەو گریمانەوە دەستپێبکەم کە سادەگۆیی نووسین و ئەدەبیاتی دوای ڕاپەڕین سادەگۆییەکە لەدەرەوەی مەسەلەیەکدا بەو شێوەیەی بۆ نموونە لای حاجی قادر ئامادەبوو، سادەگۆییەکە بێ پرۆژە، بێ چاوەڕوانیەکی سیاسی و فەرھەنگی لەجۆری ئەوەی لای بێکەس و قانیع و ئەحمەد موختار ھەبوو. چیدی پارادیمی دونیای دوای ڕاپەڕین پارادیمی دروستکردن و پاراستنی نەتەوە نییە لە نووسیندا، بەڵکو پارادیمی پاراستن و گەورەکردنی حیزبە لەسەر حیسابی نەتەوە، پارادیمی جێگرتنەوەی نەتەوەیە بە حیزب، پارادایمی بە حیزبیکردنی زمان و بەحیزبیکرنی نووسین و بە حیزبیکردنی نووسەرانە. یادکردنەوەی نووسەری حیزبی و ڕێکخستنی ڤێستیڤاڵ و بۆنەی حیزبی بەشێکن لەڕووە ڕێکخراوەییەکەی ئەم پارادایمە ئەدەبییە. بەشی ھەرە زۆری نووسینی کوردیی دوای ڕاپەڕین نووسینێکی حیزبییە، ئیدی لەدەنگوباسی حیزب و سەرکردەکانییەوە بیگرە، بۆ داھێنانی زمانی تایبەت بۆ شەڕی ناوخۆ و بۆ خۆشکردن و قووڵکردنەوەی ئاگری ململانێ و ناکۆییەکان. لە قۆناغی دوای شەڕیشدا ئیدی ئەم نووسینە حیزبییە لە خۆشکردنی ئاگری شەڕەوە دەپەڕێتەوە بۆ باسکردنی پرۆژەکانی ئاشتی و دروستکردنی ڕێگاوبان و چاندنی نەمامەکان. دوای ئەمانەش دەپەڕێتەوە بۆ ھەوڵی بەگشتیکردنی خەونە نوخبەوییەکانی حیزب لە خەونی بە دوبەیکردنی کوردوستانەوە، بۆ خەونی ملیۆنێرە سیساسییەکان. ھەموو ئەمانە وادەکەن بەشی زۆری نووسینی کوردی قۆناغی دوای ڕاپەڕین کورتببێتەوە بۆ پروپاگەندە و لەچوارچێوەی ئەو ململانێ حیزبییەدا بژی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ بۆتە شێوازی سەرەکی ململانێ لەکوردوستاندا.   بەدیوی ئەودیودا دونیای دوای ڕاپەڕین دەبێتە دونیای دەیەھا ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی جۆربەجۆر، دەیەھا ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و ناوندی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی، دەیەھا قەڵەم بەدەست و کادری ئیعلامی خراپ و بێخەیاڵ، کە سەرجەمیان، چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەو چەرخوفەلەکە گەورەیەی حیزبە سیاسییەکانەوە گرێدراون کە لەکوردوستاندا دەسوڕێتەوە و نووسینی بێناوەرۆک و بێقووڵایی و بێفیکر بەرھەمدەھێنێت. کەم ئەندم سەرکردایەتی ئەم یان ئەو حیزبی سیاسی ھەیە کە گۆڤار و ڕۆژنامە و نووسەری تایبەت بەخۆی نەبێت، کەم باڵی حیزب ھەیە درێژکراوەیەکی ئیعلامی و ڕۆشنبیریی نەبێت و بەدەیان سەدان کەس لەو بوارانەدا کاریان نووسین و بڵاوکردنەوەنەبێت. کەم حیزب ھەیە خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی بچووک یان گەورەی ڕاگەیاندن نەبێت و بە دەیان و سەدان نووسەری نەکڕیبێت و لەناو چەرخ و فەلەکە تایبەتەکەیدا داینەنابێت. ئەم دەریایە لە ڕۆژنەما و گۆڤار و بڵاوکراوەی حیزبی پێویستیان بەلەشکرێک نووسەر ھەیە کە بتوانن ھەموو ڕۆژ و ھەموو ھەفتە و ھەموو مانگێک پڕیانبکەنەوە لەنووسین. نووسینی بێقوڵایی و بێناوەرۆک و بێخەیاڵ و بێفیکر. پێدەچێت ژمارەی نووسەرانی کورد لەمڕۆدا لە ژمارەی وەرزشکارانی کورد کەمترنەبن، ئەگەر وەرزش پێویستی بەخۆماندووکردن و مەشق و ڕاھێنانی زۆر ھەبێت، ئەوا بەشێکی زۆری ئەوەی ئەمڕۆ ئەنوسرێت و بڵاودەبێتەوە پێویستی بەو ماندووبونە نییە. ئەم دۆخە بۆ بڕێکی زۆری ئەو نووسینانەش ڕاستە کە خۆیان وەک دیوی ئەودیوی ئەو نووسینە حیزبی و ئینشائییە نیشانئەدەن. بەشی زۆری ئەوانەی گوایە لە دۆخی ئۆپۆزیسیۆنە دەنووسن لەناو ھەمان دونیای بێفیکر و بێقووڵایی و بێزانیارییەوە دێن و دەنووسن، بەجۆرێک نووسینەکانیان سێبەرێک لە سێبەرەکانی ئەو نووسینە حیزبییە ئیعلامییەیە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە بۆتە شێوەنووسینی باڵادەست لە کوردوستاندا. ئەو سەدان ھەزار لاپەڕەیەی مانگانە لە کوردوستاندا دەنووسرێن لەشکرێک نووسەری بێبەھرە و بێفیکر و بێزانیاری و بێخەیاڵی دروستکردوە کە ئیمتیازی ھەرە سەرەکیان ئەوەیە دەتوانن ئینشایەکی مامناوەندی بنووسن. لەشکرێک لە نیوە نووسەر و نیوەخوێندەواری کاسبکار کە حیزب فڕێیداونەتە ناو بازاڕی نووسینی کوردییەوە. بێگومان ئەم زۆر نوسینە بێقوڵاییە دۆخێکی بێگوناھ و خۆبەخۆ نییە، بەڵکو دەرنجامی ستراتیژیەتی کارکردنی دەسەڵاتە لە کوردوستاندا. زۆرکردنی بەرفراوانی پانتایی نووسین لە کوردوستاندا بەوشێوەیەی لەمڕۆدا دەیبینن، ستراتیژیەتێکی تایبەت بۆ بێنرخکردنی نووسین بەڕێوەیدەبات. ئەمڕۆ سیستمی سانسۆرکردنی حیزبی ناتوانێت ڕێگە بە نووسینە ڕەخنەییەکان بگرێت، لەبەر پەیدابوونی ئینتەرنێت و لەبەر پاراستنی وێنەی دیموکراسیەت لە کوردوستاندا لەبەرچاوی دونیادا، بۆیە لەباتی ڕێگرتن لە نووسین ھەوڵئەدات نووسین بێنرخبکات. گواستنەوە لە بێدەنگکردنەوە بۆ بێنرخکردن یەکێکە لەو کەناڵە سەرەکییەکانەی کە پرۆسەی ھیچ نەوتن و سادەگۆیی نووسین لە کوردوستاندا بەناویانا تێدەپەڕن. زۆرکردنی نووسین بەشێکە لەپلان بۆ شاردنەوەی ئەو کەمە نووسینەی کە شتێک دەڵێن، زۆرکردنی ڕۆژنامە بۆ شاردنەوەی ئەو کەمە ڕۆژنامانەیە کە شتگەلێکی جیاوز دەڵێن لە میدیای کۆنتۆڵکراوی پارتە سیاسییەکان، زۆرکردنی کتێبی بەتاڵ بۆ شاردنەوەی ئەو کتێبانەیە کە بەتاڵ نین.  بە کورتی ڕەگە ڕاستەقینەکانی لاوازی نووسینی کوردی دوای ڕاپەڕین لەناو ئەم دۆخەوە تایبەتەوە ھاتوە. ئەم نەوەیە لە نیوەنووسەران و نیوەخوێندەوارنی کورد کێشەیەکی ڕاستەقینەیان نییە کاریبۆکەن و بۆیبنووسن، ئەمانە وەک زۆربەی ھەرەزۆری فەرمانبەرانی دونیا فەرمانبەرن و نووسین ئیشێکە لەڕێگایەوە دەژین و لەڕێگایەوە بە پلە حیزبییەکاندا سەردەکەون. ئەگەر زۆربەی نووسین و نووسەرانی کوردی بەر لە ڕاپەڕین لەپاڵ کێشەی دروستکردنی نەتەوەدا نوسوسیبێتیان و بیریانکردبێتەوە، ئەوا ئەمڕۆ بڕێکی زۆری ئەو نووسەرانە پێداویستییەکانی سیاسەت و ململانێی حیزبی و لۆژیکی فەرمانبەربوون لە کوردوستاندا کردونی بەنووسەر و ھەر ئەمانەش نووسینەکانیان دەکات بە نووسین. ئەوەشی ئەم دۆخە وێرانیدەکات و وێرانیکردوە ئەو سڵەمینەوە مەعریفییەیە کە لەپشتی ئەخلاقیاتی نووسینەوە ھەیە. وەکچۆن حیزبە سیاسییەکان بێھیچ سڵەمینەوەیەکی سیاسی دەستیاندایە جەنگ و ململانێیەکی وێرانکار، وەکچۆن بێھیچ ھەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی سیاسەتکردن و گەندەڵی بەیەکدی تێکەڵبوون، بەھەمانشێوە بڕێکی زۆری نووسینی ئەم ناوەندە نووسینێکە بێھیچ سڵەمینەوەیەکی مەعریفی. لەناو ھەموو نووسەرێکی ڕاستەقینەدا ڕەقیبێکی فیکری و ئیستاتیکی و ئەخلاقی ھەیە. ئەو سادە نووسییەی لە کوردوستاندا ئامادەیە بەرھەمی نەبوون و مردنی ئەم ڕەقیبە ناوەکییە. مردنی ئەم ڕەقیبە ناوەکییە لە نووسیندا ھەمان پرۆسەی مردنی ئەو ڕەقیبە ئەخلاقییە بەڕێوەیدەبات کە چاودێری کاری سیاسی دەکات. نەمانی ئەم ڕەقیبە ناوەکییە نووسینی کردۆتە یەکێک لە ئاسانترین ئەو کارانەی ئەمڕۆ لە کودوستاندا ئەنجامبدرێت. مەبەستم لە ڕەقیب لێرەدا مەسەلەی بەناوەکیکردنی سیستمی سانسۆرە دەرەکییەکان نییە، مەبەستم لەو ترسە مەعریفی و ئیستاتیکی و ئەخلاقییەیە کە لەپشتی ھەموو تێکستێکی ڕاستەقینەوەیە و بەشێکی ھێجگار گرنگی ئەخلاقیاتی نووسین و بڵاوکردنەوەش دەستنیشاندەکات.  مەسەلەکە بەتەنھا ئەوە نییە لەمڕۆدا ئینتەرنێت و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی زۆر ھەیە و ئینسان بە ئاسانی ئەتوانێت ئەوەی ئەینووسێت بڵاویبکاتەوە، ئەم دیدە بۆلێکدانەوەی سادەنووسی دیدێکی نووقسان و سادەیە، مەسەلەکە لەوەدایە ئاساننووسی بۆتە شێوازی باڵادەستی نووسین لە کوردوستاندا. نەمانی ڕەقیبی ناوەکی نووسین وایکردوە کێ چی بەخەیاڵا دێت بینوسێت و بڵاویشیبکاتەوە. کێشەکەش لەوەدایە ئەمڕۆ ئەوەندە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتی ئینتەرنێتی بێناوەرۆک ھەن ئەمادەن بۆ پڕکردنەوەی لاپەڕە سپییەکانیان ھەموو ئەوشتانە بڵاوبکەنەوە.  دواھەمین خاڵێک بمەوێت لێرەدا زۆر بەکورتی قسەی لێبکەم مەسەلەی نووسین خۆیەتی وەک چالاکییەکی ئینسانی. بەبۆچوونی من نووسین دروستکردنی پەیوەندییەکی دوو جەمسەرە لەنێوان نووسەر و دونیا و نووسەر و ناوەوەی خۆیدایە. لەڕێگای نووسینەوە نووسەر دەیەوێت ھەم خۆی وەک ئینسانێک بناسێت و خۆی دروست و تازەبکاتەوە، ھەم لەو دونیاش تێبگات کە ژیانی دەکەوێتە ناویەوە و ڕووی بە دیاردە و دەرکەوتەکانیدا دەتەقێتەوە. ھەردوو دیوی ئەم پەیوەندییەش، واتە پەیوەندی ئینسان بەخۆی و  بە دونیاوە، پێویستی بە بڕێکی زۆری زانین و فیکر و خەیاڵ و توانای لێکدانەوە و ڕاڤەکردن ھەیە. ناسینی ئینسان و ناسینی کۆمەڵگا شتێک نییە ئینسان لەخۆیەوە فێریانببێت و پێیانبگات، ئیلھامێک بەم یان بەویدی نابەخشێت. بەپێچەوانەوە ھەریەکێکیان پێویستی بە گەڕانەوە بۆ چەندان زانست و بۆ چەندان قوتابخانەی فیکری و ئەدەبی و ھونەری ھەیە. ئەوەی پێیوایە تەنھا لە ڕێگای تەماشاکردنەوە دەتوانێت ئینسان بناسێت و قووڵایی و گومان و وەسوەسە ناوەکییەکانی بخوێنێتەوە بەھەڵە لە ئینسان گەیشتوە. ئەوەشی پێیوایە ناسینی دونیا ناسینێکی خۆڕسکە و پێویستی بە فیکر و زانست نییە، بەھەڵە لەدونیا گەیشتوە. نووسەری ڕاستەقینە کێشەیەکی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دونیادا ھەیە و نووسین دێت بۆئەوەی بتوانێت چارەسەرێک بۆئەو کێشەیە بدۆزێتەوە. سەرەڕای ئەمە نووسین لە حەزی گەورە و بێئۆقرەیی ئینسانەوە دێت بۆ ناسینی خۆی و ناسینی دونیا. بەبێ ئەم حەزە زەحمەتە نووسینێک لەدایکببێت بەھایەکی ئیستاتیکی و فیکری و ئەخلاقی ھەبێت.  بەڵام بۆئەوەی ئەدەبیاتی ئێمە، بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەتەنھا کورتنەکەینەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی تێکست کە ھیچی ئەو تۆ ناڵێن، یان بۆ ئەو تێکستانەی کە پڕن لە بێدەنگیەک کە لە بێزمانی و بێفکری و دووبارەکردنەوەیەکی بێزارکەری پێدراوەکانی ئەو پارادیمە کۆنەوە دێن کە باسمانکرد، پێویستە ھەڵوێستەیەکی خێرا لەسەر کار ئەدەبییەکانی بەختیار عەلی بکەین. دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای پەیدابوونی تێکستە ئەدەبییەکانی ئەم نووسەرەشە. لەگەڵ تێکستە ئەدەبیەکانی ئەم پیاوەدا ئێمە لەبەردەم لەدایکبوونی پارادیمێکی ئەدەبی نوێداین. واتە لەبەردەم وەرچەرخان و گۆڕانێکی ئەدبی ھەمەلایەن و ڕیشەییدان کە سەرەتایەکی تازە و مەرجی تازە و بەھای تازە و مۆدێلی تازەی بۆ ئەدەبیات لە دونیای ئێمەدا دێنێتەکایەوە. ئەگەر پارادایمی باڵادەست لە حاجی قادری کۆییەوە تاسەر شێرکۆبێکەس پارادایمی بەرھەمھێنانی نەتەوەبێت لە تێکستە ئەدەبییەکاندا، ئەوا ئەم پارادیمە نوێیە لەسەر بەرھەمھێنانی تاکەکەسێکی دەگمەن وشیار بە تاکەکەسبوونی خۆی کاردەکات. ئەدبێک دێتە کایەوە لەباتی دروستکردنی نەتەوە وەک دیاردەیەکی دەستەجەمعی، خەریکی دروستکردنی ئینسانە وەک تاکەکەسێکی وشیار بە خۆی و وشیار بە دونیا و وشیار بە توانا گەورەکانی زمان لە تەعبیرکردنێکی فەردیانەدا. ئەم گۆڕانە گۆڕانێکە جگە لەوەی پابەندی لەدایکبوونی ئەزموونێکی حەیاتی و مێژوویی تایبەتە بەڵام لەھەمانکاتدا پابەندی لەدایکبوونی وشیارییەکی نوێ و ڕۆشنبیرییەکی نوێ و حەساسیەتێکی ئەدەبی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ ئەدەب. لەم دۆخەدا ئێمە لەبەردەم ئەو گۆڕانانەداین کە تۆماس کون ناویدەنێت ”وەچەرخان لە پارادیم“دا. لەھیچشوێنێکدا ئەم پارادایمە نوێیە بە ئاشکرا نابینرێت بەقەد ئەوەی لە زماندا. لەکۆتایی ھەشتاکەنەوە بەگشتی و لەدوای ڕاپەڕینەوە بەتایبەتی نەوەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیران لە کوردوستاندا دێنەکایەوە کە دەسکارییەکی ڕادیکاڵی زمانی نووسین دەکەن، بەم دەسکاریەشیان دەسکاری وێنەکانی ئینسان و وێنەکانی کۆمەڵگا و وێنەکانی دونیا دەکەن. لەم ئاستەدا دونیا دوای ڕاپەڕین دونیای دروستبوونی پارادایمێکی ترە کە تەواو پێچەوانەی ئەو پارادیمە باڵادەستەیە کە بەرپرسیاری ئەو سادەگۆیی و بەتاڵیەیە کە ئەدەبیاتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا دەکەوێتە ناوییەوە. ئەم پارادایمە دابڕاو نییە لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە، بەڵام ئەم دروستکردنە لەم پارادایمەدا بەناو دروستکردنی زمانێکی گشتی و کەسانی لێکچوو و خەونی لێکچوودا تێناپەڕێت، بەڵکو بەناو دروستکردنی ئینسانێکی وشیاردا تێدەپەڕێت بە جیاوازییەکانی خۆی و بە لەکەسنەچوونی خۆی. ئەمەش ئەو دیوە تاکەکەسییە گرنگەیە کە ھیچ دروستبوونێکی نەتەوەیی ناتوانێت وازیلێبھێنێت.   ئەمەیە وادەکات دونیا و ئینسان و کۆمەڵگا لە نووسینی ئەم نەوەیەدا لە نووسەران و ڕۆشنبیرانای وکردا تەواو جیاواز دەردەکەوێت لەوانەی بەر لەخۆیان. لەم پارادیمە تازەوە چ مێژووی کورد، چ ئەدەبیاتی کوردی، چ واقیعی کوردستان، چ کێشە سەرەکییەکانیان بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دەردەکەون لەوەی کە تا ئەوکاتە ئامادەبوون.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.