Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
هەردى شەفیق و شیعرى گوناهبارترین

هەردى شەفیق و شیعرى گوناهبارترین

Closed
by July 18, 2008 ئەدەب

 شیعرى( ئێمە گوناهبارترین كوڕەكانى ئادەمین) كەلە( دەنگەكاندا بڵاوكراوەتەوەو لەنوسینى( هەردى شەفیق)ە، یەكێكە لەو شیعرانەى كەخوێنەر دەباتە نێو دنیایەكى فانتازیاى ناباو لەشیعرى كوردیدا. زیاتر شیعرى كوردى بەدەر لەدنیاى فانتازیاو خەیاڵ درێژەى بەجوینەوەى دێڕەكانى پێشوترى خۆیداوە.. بەڵام ئەم نەوە نوێیەى شیعر، بەتایبەت دواى رێچكە شكانى بەختیار عەلى لەشیعرى كوردیدا، هەندێكیان توانیان ئەو بەشكڵێكى تازەو جیاواز بكەونە كارو زۆر ناویشمان هەن وەك نمونە(ئاسۆ جەبار و هەردى شەفیق و ئالان پەرى و ئیدریس عەلى و زانیار محەمەد) كەتوانیویانە دەستكارى فۆرم و ناوەڕۆكى شیعر بكەن و شتێك بڵێن كەپێشتر نەگوتراوە و بەفۆرمێكى جیاواز شیعر دابڕێژن و لەگەڵ جیهان بینى و دونیاى جیاوازیان لەنوسیندا، زۆر پرسیار لەخۆ ئەگرآ و لەمڕۆدا پێویستە رەخنەى كوردى ئاوڕیان لێباتەوە، چونكە وەك هەر شتێك ئەدەبیش بەرەو پێش ئەچىَ و مانەوەو هەر نوسین لەسەر نوسەرانى پێشوتر كارێكى باش نیەو خزمەت بەئەدەبى كوردى ناكا.
 هەردى شەفیق لەم شیعرەیدا خوێنەر ئەباتە سەر زەمینێكى تر، زمانە شیعریەكەش لەمەدا رۆڵێكى زۆر باش دەبینێت. ئیقاعى شیعرى زۆر هێواش و لەسەرخۆیەو وردە وردە دەتباتە ناو فەزاى شیعرەكەوە، پرسیارەكان گەلێكن، كەگرنگترینیان شرۆڤەكردنى گوناهە، هەست كردن بەگوناهى كوشتنى پاساریەك ئەگەر لەمناڵیشا كوژرابآ، بیركردنەوە لەگەلێك گوناهى تریش، ئەزەلیەت و ئەبەدیەتى گوناه كێشەى فەلسەفى ئەم شیعرەیە، كاتێك شیعرى ( ئێمە گوناهبارترین كوڕەكانى ئادەمین)م خوێندەوە تاكۆتایى هەستم بەهیچ دابڕانێك نەكرد، لەكاتێكدا بەپێى گۆرانى حاڵەتەكان و جیاوازى دژەكان، ناكرێت رانەچڵەكێیت و بەخۆتا نەچیتەوەو ئەمەش وائەكا بەردەوام و چەند جارێك حەزت بەخوێنەوەى بآ، سەركەوتنى دەقەكەش لەوەدایە، كەلەهەموو دەرگاكانیەوە ئەتباتە ناو خۆى.
 هەردى ئەڵآ:
 لەو كوچانەى لەبوونەوە دەتبەنە ونبوون
 لەو رێگایانەى بەسەوزەڵاییەكانى مەرگدا دەتبەنەوە وڵاتى بەختیارى
 گومان ئەم بەخشێت بەیەقین و ئاخر شەوێك
 بەیانیەكیش یەقین بەگومان………
 كەواتە لاى هەردى شتێكى جێگیر نیە، هەمیشە گوزارەكان ئەگۆڕێن.. لەكوچەى بونەوە بۆ ونبوون.. لەرێگەكانى سەوزەلانى مەرگەوە بۆ وڵاتى بەختیارى..لەگومانەوە بۆ یەقین و بەم شێوەیە تادوایى هاتنى شیعرەكە دڵەراوكێیەكى قوڵ هەیە كەكەم شاعیر هەن ئاوا بتوانن، لەناو شیعر مامەڵەى پآ بكەن.
 شاعیرانێكى نەوەى پێش هەردى كەلەو بوارەدا بەتوانان و ئەكرآ ئاماژەى پێ بدەین، وەك دلاوەر قەرەداغى كەشیعرەكانى قوڵن، لەكاتێكا هەر لەو نەوەیە شاعیرى وەك( ئەنوەر رەشى ئەوڵڵا) مان هەیە، كەبەشێوازى لەتیف هەڵمەت ئەنوسآ و لەرووى سادەییەوە، شاعیر هەن حەز ئەكەن بەسادەى بنوسن، یان ناتوانن بێجگە لەسادەنوسین بەجۆرى تر بنوسن!؟ وەلىَ دلاوەر تاقانەیە لەنوسینى شیعرى جوان بەبەراورد لەگەڵ نەوەى خۆى و پێش خۆى.
 هەردى لەو جۆرانەیە وەك دلاوەر شیعرەكانى قوڵن و بەردەوامبونى بەم شێوازە ئایندەیەكى گەش چاوەڕێى ئەكات و هەموو توانا شیعریەكانى تیا بەدیئەكرآ.
 بەخوێندنەوەى شیعرەكەى هەردى خوێنەر ئەچێتە دنیاى نامۆبوونەوەو پێویستە جارێكى تر پرسیار لەبارەى زانراوەكانى خۆى بكات، هەمان چێژى شیعرەكانى بۆدلێر و رامبۆ و هۆڵدەرلینم لەشیعرەكەى هەردى بینى و دڵنیام بەبەردەوام بوونى ئەبێتە یەكێك لەشاعیرە باشەكانى ئێمەى كورد، لەداهاتوودا زیاتر رۆئەچمە ناو دنیاى ئەو شاعیرەوەو ئەمە وەك سەرەتایەك، ویستم راوبۆچوونەكانى خۆم بخەمە روو.
 
 Shabazkarim@yahoo.com
 شاباز كەریم-كەركوك-07701932444 مۆبایل
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.