Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كورد و مەدەنیەت..خەون و مەحاڵ

كورد و مەدەنیەت..خەون و مەحاڵ

Closed
by July 22, 2008 گشتی

 هەدا…
 كورد و مەدەنیەت..خەون و مەحاڵ
 "چەند جوانە كە بەرگمان لە بەفر و شەختەیە – ئەسكیمۆییەكان/ لە پەرتوكى چیرۆكى شارستانیەت"
 نورى بێخاڵى دەینووسێت
 (1)
 سەرەتا و سادەترین مافە سروشتییەكانى مرۆڤ دابینكردنى ئاسایشى ژیان و گوزەرانییەتى، مافگەلێك كە بۆ كەس نییە لەوەى بەرامبەرى زەوتى بكات، كەچى لە دونیاى رۆژهەڵاتدا دەسەڵات ئەو مافانە وەك بەخشین و خێر بە خەڵك رەوا دەبینىَ، بۆیەشە سیاسەتى برسیكردن و راهێنانى خەڵك بۆ چاولەدەستى بە مەبەستى بە كۆیلەكردنیان، خەونى بەردەوامى سوڵتانەكانى سەر تەختە و سیحرێكیشە بۆ مانەوەى خۆیان و بەرهەم هێنانى پیاوى بچووك، ئەوانەى كە لە ساى سێبەرى ئەو سیاسەتە چاوچنۆكییە و لە سەر پێستى ئەوانى دى ژیانى خۆیان درێژە پێدەدەن.
 (2)
 كە ئەمە واقیعى راستەقینەى مامەڵە و پەیوەندى نێوان دەسەڵات و خەڵكى ئەو جوگرافیایە بێت و تەنها پەیوەستێك بەیەكەییانەوە گرىَ بدات، ملكەچى و خۆ بە مێگەلزانینى زۆرینە بێت لە بەرامبەر كەمینەیەكى چڵێسدا، ئەوا ئاساییە تا ئەمڕۆشى لەگەڵ دابێت، زۆرینەى مرۆڤەكانى رۆژهەڵات و لە نێویاندا (ویل دیورانت) گوتەنى " مرۆڤەكانى ئاسیاى باشوور و رۆژهەڵات لە زۆربەى حاڵەتەكاندا گالیسكە و گوێدرێژ و هەموو شتێك بن"، چوون بە چاوى خۆمان دەبینین كە چۆن لەو كیشوەرەدا تەنها وەكو بارەبەرێكى گوێڕایەڵ مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەكرىَ!
 (3)
 چیڕۆكى شارستانیەت ئاماژە بەوە دەكات، كە (شارستانیەت لە كوخى جوتیارەكان دەستپێدەكات)، كەچى تازە بەتازە لە كوردستانى نقوومى بانگەشەكانى كۆمەڵى مەدەنى و گەشەپێدان و بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى و لەساى سیاسەتى تەجنیدكرنى بىَ مووچە و پڕكردنەوەى سەنگەرەكانى حزب و قەڕەباڵعكردنى دیوەخانەكانى سیاسەت، گوند و گوندییەكان، شوان و گاوان و جوتێر و كشتیاران دەكرێنە خۆراكى تەمبەڵى و هەرچى رۆحى كار و بەرهەمهێنانە لە مرۆڤى ئەو لادێیانەدا كوشتوویانە و دەیكوژن، كە بڕبڕەى پشتى ئابوورى وڵاتن و لە بەرامبەریشدا بازاڕەكان پڕ دەكرێن لە كاڵاى بەكاربردنى خێرا، هاوكات بازرگانى لە گواستنەوەى چپس و بنێشت و كێك و شیرنەمەنى بەسەرچوو، پیشەسازى و كارگەى بەرهەمێنانیش لە كۆمپانیاى ئۆتۆمبێل و سوپەرماركێت كورت و پێناسە دەكرێنەوە.
 (4)
 خوا چاوى خێر و بەرەكەتى سەر و ژێر زەوى نەبڕێتە هیچ جوگرافیایەك، چونكە ئەو سامانە لە بن نەهاتووانە لە دوا وێستگەدا بوونەتە و دەبنە مایەى كوێرەوەرى و مەینەتى بۆ خەڵكە سادە و ستەمدیدە و بێدەسەڵاتەكەى، بۆیەشە جێى سەرسوڕمان نییە، كە ئەسكیمۆییەكان خۆشحاڵن بەوەى بەرگیان لە بەفر و شەختەیە و زەویەكانیان نەزۆكن و بە هۆیەوە خۆشبەخت و دوورە مەترسى چاوتێبڕینن.. ئەوەتا كوردستان بەو دەوڵەمەندییە سروشتییەى خۆیەوە، نە دوێنىَ خێرى بۆ خەڵكەكەى هەبووە، نە ئەمڕۆش وەك پێویست خەڵكەكەى لىَ بەرخوردە و دیاریش نییە سبەى نەوەكانمان چەندە پێى ئاسوودە و خۆشبەخت دەبن!!
 (5)
 لە كاتێكدا ئەو بڕە هیوا و ئومێدەى لادێیەكان بە دەسەڵاتى كوردیان هەبوو، لە ئاوەدانكردنەوەى ئاواییە وێرانكراوەكانیان و رەخساندنى زەمینەى كار و بەرهەمهێنان بۆیان، لە رێگەى ئاوەدانكردنەوە و گرنگیى پێدان و دابینكردنى ئامێر و كەلوپەل و پێداویستى سەرەكى بەرهەمێنانى زەوى و چاودێرى تەندروستى بوارى كشتوكاڵ و ئاژەڵدارى، كەچى ئەو هیوایەش بە مووچەى مانگانەى پەلاپیتكەى تفەنگ، گەنج و نەوەى دێكانى ئاییندە كوژراوكرد، لەوەش وێرانتر ئەوەیە، كە كەمترین سەرمایەدارى كورد بە گشتى و سیاسییە قۆرخكارەكانى بازاڕى سیاسەت و دراو بەتایبەتى دەبینى سەرمایەكانیان لە بوارى بەرهەمیهێنان و پڕۆژەى درێژخایەندا بخەنە گەڕ، بەڵكو دواجار چاوەڕێى خێراترین و زۆرترین قازانجن، لەوەش كۆمیدى تر ئەوەیە موژدەى بە مەدەنى كردنى كۆمەڵگا و كرانەوە و پێشكەوتنمان پێدەدەن!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.