Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانەی نامق هەورامی لەگەڵ فریشتە كەوە

دیمانەی نامق هەورامی لەگەڵ فریشتە كەوە

Closed
by July 24, 2008 جینۆساید

 فریشتە كەوە…هەر بەرپرسێك بارودۆخی خەڵكی هەڵەبجە نەگۆڕێت بەكەمتەرخەمی دەزانم
 فریشته‌ که‌وه‌ نووسه‌ری کتێبی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌ه‌بجه‌ و خاوه‌نی پرۆژه‌ی لێکردنه‌وه‌ی پاشگری شه‌هید له‌ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ که‌مپینێکی ساز کردوه‌، له‌م دیمانه‌یه‌دا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئامانجه‌کانی له‌و که‌مپینه‌دا و مه‌ترسییه‌کانی به‌کارهێنانی وشه‌ی سه‌هی له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌وشاره‌دا و کاریگه‌رییه‌ ده‌رونییه‌کانی له‌سه‌ر پاشماوه‌کانی ئه‌و شاره‌
.
 
 نامق هەورامی: نامەی ماستەرەكەت لە سەر كارەساتی هەڵەبجە بوو، ئێستاش كەمپینێك رێكدەخەی بۆ لابردنی پاشگری شەهید كە بە ناوی هەڵەبجەوە لكێنراوە، مەبەست لەم كارە چییە؟
 فریشتە كەوە: ماستەرەكەم لە سەر هەڵەبجە بوو لە زانكۆی (لۆند) لە وڵاتی سوید بە ناوی (كارەساتی هەڵەبجە)، كارێكی تەواو زانستی و دەروونناسی بوو لە سەر نەخۆشی (PTSD)، هەڵبەتە ماستەرنامەكەم لە یادی 20 ساڵەی كارەساتی هەڵەبجە دا وەك كتێب بەزمانی كوردی و….. بڵاوكرایەوە، لە سەرەتای توێژینەوەكەدا باسم لەوە كردووە، هەر توێژینەوەیەك ئەگەر سوودمەند نەبێت، نەكردنی باشترە، سەبارەت بە ئامانجی من لەم كەمپینە ئەوەیە ئێمە بیست ساڵە غەدر لە هەڵەبجەییەكان دەكەین، بە بەكارهێنانی وشەی شەهید، ئەگەر پێمانوابێت چاكەمان لەگەڵ كردوون، ئەوە هەڵەمان كردووە. بۆماوەی بیست ساڵە بەهەڵەبجە دەگوترێت شەهید، لە بیست ساڵدا بە شارێك بگوترێت شەهید، ئیدی مانای ژیان تێیدا كاڵ دەبێتەوە، لەڕووی رێزمانەوە وشەكە هەڵەیە، شار شەهید نابێت، هەڵەبجە ماوە، لەگەڵ رێزم بۆ ئەو هەوڵانەی تا ئێستا دراون، بەڵام ئەوەی كە باسدەكرێت بە هیچ شێوەیەك ناگاتە كەمترین ئاستی داواكاری ئەو خەڵكە. بەكارهێنانی ئەم وشەیە زیانی گەورەی بەو خەڵكە گەیاندووە، بۆ نموونە لە ماوەی ساڵێكدا بەردەوام بە كەسێك بڵێ تۆ نەخۆشی، دەبینین ئەگەر نەخۆشیش نەبێت، نەخۆش دەكەوێت، ئەی ئەگەر 20 ساڵ بەردەوام بە شارێك بگوترێت شەهید، لە كاتێكدا ژیان لەو شارە هەیە و خەڵكی تێدایە بە ئومێدەوە دەڕواننە ژیان، ئەی ئەوانە دەبێ تووشی چ حاڵەتێك ببن؟ لە بری ئەوەی هێزی ژیان بەو خەڵكە بدرێت، فەزای ژیانیان لێ ئاڵۆز دەكەن.
 نامق هەورامی: پێتوایە بەكارهێنانی وشەی شەهید لە رووی دەروونییەوە مانای لێسەندنەوەی جوڵە و ژیانە؟
 فریشتە كەوە: بێگومان هەر ئەوەیە، مانای لێسەندنەوەی ژیانە لە شارێك و خەڵكەكەی، كاتێك كارەساتێك روودەدات، بۆنموونە كارەساتی هەڵەبجە، بێگومان قوربانی لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئەم قوربانییە پێویست ناكات هەتا هەتایە هەر قوربانی بێت، دەكرێت دۆخی بۆ بڕەخسێت تابگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان هەروەك جارانە، قوربانی هەر قوربانییە، ئەم تەمومژە چڕ و تەڵخە هەرماوەتەوە، ئەگەر كۆمەكی هەمەلایەن بە رزگاربووانی شاری هەڵەبجە بكرایە، بڕوام نییە بە قوربانی یان رزگاربووان ناویان ببەین. ئەوانە كەسی ئاسایین، كارەساتێكیان دیوە و پێویستە لە دەرئەنجامی ئەو كارەساتە قوتار بكرێن، بەڵام ئەو كارە نەكراوە، هەمیشە باس لە شەهیدەكان دەكەین و قسە لەسەر ژیانی رزگاربووان ناكەین. بۆیە لەم كەمپینەدا ئامانجم ئەوەیە زیاتر بایەخ بە زیندووەكان بدرێت، چونكە ئەوانەی كە ماونەتەوە 20 ساڵە ژیان دەكەن، بەڵام چییان بۆ كراوە؟ بە بڕوای من سەرەتای كۆمەك و هاوكارییەكان، ئەوەیە پاشگری (شەهید) لە ناوی هەڵەبجە بكرێتەوە.
 نامق هەورامی خەڵكی هەڵەبجە لە گۆڕستانێكی گەورەدا دەژین و بەردەوام ناوی شەهیدیشیان پێوە دەلكێ، كاریگەرییە دەروونییەكانی بۆ نەوەكانی داهاتوو چۆنە؟
 فریشتە كەوە: نەخۆشیpost traumatic stress disorder) ) لەتوێژینەوەكەمدا باسمكردووە بەو جۆرەیە، ئەگەر نێر و مێیەك هەڵگری ئەم نەخۆشییە بن و دواتر هاوسەرگیری بكەن لە رێگەی (جنات)ەوە بۆ منداڵە كە دەگوازرێتەوە. لەئەنجامدا منداڵەكە خەمۆك دەبێت، جگە لەوەی لە دایك و باوكەوە ئەم نەخۆشییە دەگوازرێتەوە، دەوروبەریش كاریگەری هەیە، ئەمە دەرەنجامێكە لە توێژینەوەكەی مندا هەیە و ترسی گەورەم لە درێژبوونەوەی ئەو حاڵەتە هەیە وەك نەخۆشییەكی دەروونی، ئامانجی كەمپینەكە ئەوەیە دەسەڵات و خەڵك ئاگاداربن لەمەترسییەكانی ئەم حاڵەتە، چونكە ئەو فەزا خەمۆكییە كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی خەڵكی هەڵەبجە.
 نەخۆشی (PTSD) لە هەڵەبجەدا زۆر بڵاوبۆتەوە، بەبێ ئەوەی دیراسەیەكی لە سەر كرابێت، بۆیە باری دەروونی دانیشتوانی هەڵەبجە زۆر خراپ و خەڵكەكەی كۆڵەوارە، دەبوایە دوێنێ یارمەتییان بدایە، نەك ئەمڕۆ و سبەینێ.
 نامق هەورامی: لە بەشێكی راگەیەنراوەكەتا گلەییت لە رۆژنامەنووسان كردووە كە غەدریان لە شاری هەڵەبجە كردووە، دەكرێت ئەوە زیاتر روونبكەنەوە؟
 فریشتە كەوە: راگەیاندن لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا خۆی دەسەڵاتە، راگەیاندن دەتوانێ دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێ، ئەم دەسەڵاتە دوو سەرەیە، دەكرێت بەباشی یان خراپ بەكاربهێنرێت، كۆمەڵێك لە رۆژنامەنووسان، بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانن، بەبێ ئەزموون دێن باسی هەڵەبجە دەكەن. ئەخلاقی رۆژنامەنووسی گرنگە بۆ رۆژنامەنووس و دەبێت ئاگاداری بێت، دەبوایە ئەوان بیریان لەو كارە بكردایەتەوە و دوای بیست ساڵ لە كارەساتی هەڵەبجە هەنگاویان بنایە بۆ لابردنی ئەو پاشگرە، هەڵەبەت رۆژنامەنووسانی كوردستان بێبەش ناكەم لەو گلەیی و رەخنەیە، راگەیاندن دەبوایە زووتر ئەم هەڵەیەیان راست بكردایەتەوە.
 نامق هەورامی: چی بەردەوام سیفەت و ناو و پاشگری وەك ئەوەی هەڵەبجە بەرهەم دێنێ و ئایا ئێوە سەبارەت بە كەمپینەكە لەگەڵ دەسەڵاتیش قسەتان كردووە؟
 فریشتە كەوە: لەڕاستیدا من لەدەسەڵاتی باڵاترەوە واتە لە سەرۆك كۆمارەوە دەستم پێكردووە، وەك سەرۆك كۆمار نەك وەك بەڕێز (مام جەلال تاڵەبانی)، چونكە ئەو سەرۆكی وڵاتێكە كەناوی عێراقەو لەسەر دەستی حوكمڕانیی ئەو دەسەڵاتەی عێراقدا هەڵەبجە وای لێهات، بۆیی هەرلەوێوە دەبێت بكرێتە بڕیار، دواتر لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان، ئینجا وەزارەت و سیاسەتمەداران و ئەوانەی دەتوانن بڕیارێك بدەن و بارودۆخی ژیانی منداڵێك، خانوویەك، مرۆڤێك، لەهەڵەبجەدا باش بكەن، هەركەس لەوان ئەگەر لەم بوارەدا كاری نەكردبێت بە بەبرپرسیاری دەزانم، بگرە كەمتەرخەمیشە. لەو بانگەوازەدا فەزایەكی تووڕەیی تێدایە، ئەوەش ئەو هەستەیە لە دوای ماستەرنامەكەوە پێی گەشتم، ئەو برینە جەستەیی و دەروونییانەی لە هەڵەبجەدا هەن گوێمان پێنەداون، كارەكەی من یەكەم كاری مەیدانی و دەرونناسییە كە لەسەر هەڵەبجە كرابێت، ئەمەش كارەساتە، لەدوای بیست ساڵ من یەكەم هەنگاو هەڵگرم.
 نامق هەورامی: پەیامتان بۆ خەڵك چییە لە بارەی ئەم كەمپینەوە؟
 فریشتەكەوە: هیوادارم ئەم كەمپینە دەنگ و سەدای هەبێت، شەرمە بۆ كورد، بۆ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، تا ئێستا نەیتوانیبێت ئازاری ئەو خەڵكە چارەسەر بكەن و تەنانەت بریندارەكانیش نەگەیەنراونەتە دەرەوە، هێشتا بەدەم هاواری رزگاربووانی هەڵەبجەوە نەچوون، دروستكردنی فڕۆكەخانە و هێنانی 10 ئامێر و هتد. دەرمانی دەردی هەڵەبجەییەكان ناكات، هەڵەبجە پێویستی بە كەمپینێكی لەوەی من گەورەترە تا كورد وەك نەتەوە بەخەبەر بێتەوە، داوای قەرەبوو لەحكومەتی عێراق و لەو وڵاتانە بكەین كە بەشداربوون لەو كارەساتەی بە سەر هەڵەبجەدا هاتووە، هەتا باری دەروونی خەڵكی هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەی بەر ئەنفال كەوتوون، نەهێنرێتە سەر ئاستی گفتوگۆ كردن، بڕوام نییە رۆژێك لە رۆژان بتوانین ئەنفال بەجینۆساید بناسێنین كە هەڵەبجە بەشێكە لەو كارەساتە. هیوادارم هەموو كەس، بە تایبەت ئەوانەی كە شتێكیان لە دەسەڵاتدایە بە دەنگ ئەم كەمپینەوە بێن.
 
 
 
 
 http://anfalnama.blogspot.com/2008/07/blog-post_21.html
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.