Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لێزان نێت و به‌چکه‌ عه‌ره‌باکان ی چۆپی فه‌تاح

لێزان نێت و به‌چکه‌ عه‌ره‌باکان ی چۆپی فه‌تاح

Closed

 به‌ پێی هه‌واڵێک که‌ له‌ سایتی لێزان نێتدا بلاوکراوه‌ته‌وه‌، "چۆپی فه‌تاح"ی گۆرانیبێژ، کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ منداڵه‌ ئاواره‌ "عه‌ره‌به‌کان" سازکردووه‌. به‌رپرسی سایتی ناوبراویش، هه‌واڵه‌که‌ و کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی ئه‌و کۆنسیرته‌ی له‌گه‌ڵ ناونیشانێکی وه‌کو:" تا ماڵ پێویست بێت مزگه‌وت حه‌رامه‌" ، وه‌ک هه‌واڵێکی سه‌ره‌کی له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌که‌دا داناوه‌. نووسه‌ری هه‌واڵه‌که‌ که‌ له‌ شێوه‌ی نامه‌یه‌کدا ئاڕاسته‌ی چۆپی کراوه‌، به‌ ئیمزای ئاشنا که‌رکوکی، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. بیربۆچوونی ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ بۆ ئاشنا که‌رکوکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و جێگاپێدانێکی گه‌وره‌ی هه‌واڵه‌که‌ له‌ به‌رپرسیارێتی "لێزان به‌رزنجی"، به‌رپرسی سایتی ناوبراودایه‌.
 
 ئاشنا که‌رکوکی ده‌نووسێ:" چۆپی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگ و کولتوری نه‌ته‌وه‌که‌یدا بێت، ئێستا له‌ هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌دایه‌ به‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌فیری ئاسیاسێل و کۆنسیرت بۆ به‌چکه‌ عه‌ره‌به‌کان ده‌کات"
 
 هاوکات نووسه‌ری نامه‌که‌ ده‌زانێت ده‌ربڕینی له‌ چه‌شنی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌کرێ ئاسان نه‌بێت، پاساوی قسه‌کانی به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ ئه‌و :" که‌سیكێ نه‌ژادپه‌رست نییه‌ و باوه‌ڕی ‌ به‌ کرانه‌وه‌ی جیهان و فره‌نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، به‌ڵام"
 
 ئه‌وه‌یشی عوزر له‌ قه‌باعه‌ت خراپتر ده‌کات، به‌ڵامی نووسه‌ری نامه‌که‌یه‌‌.
 
 هه‌موومان ده‌زانین "به‌چکه‌ عاره‌ب و کۆلکه‌ عاره‌ب" له‌ زمان و ئاخاوتنی خه‌ڵکی کوردستاندا، چ مه‌غزایه‌کی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ش ده‌ربڕینی به‌چکه‌، ناچێته‌ سیاقی خۆشویستن و نازپێبه‌خشینێک که‌ وشه‌ی به‌چکه‌ له‌ ناو خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌.
 
 ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ربڕینی نه‌ژادپه‌رست، له‌ زمانی کوردیدا هێشتا زرنگانه‌وه‌یه‌کی ناشیرینی له‌ گوێدا پێکنه‌هێناوه‌، به‌ڵام ده‌ربڕینه‌که‌ بکه‌ به‌ "من ڕاسیست نیم"، هه‌ستده‌که‌یت، ئینسان خۆی له‌به‌رانبه‌ر جیهانێکی دیکه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
 
 ئاشنا که‌رکوکی ئازاده‌ ڕاسیست یان ئینساندۆست بێت. به‌ڵام بۆ سایتێکی گۆرانی، ئازاد نییه‌ بیروبۆچوونی راسیستییانه‌ یان ده‌ربڕینێک که‌ هه‌ڵاواردن به‌ که‌سان و گروپی دیکه‌ له‌ خۆ بگرێت،  هه‌ر وا به‌ ئاسانی بخاته‌ سه‌ر نێتی خۆی.
 
 ئه‌مڕۆ گۆرانی چه‌کێکی کاریگه‌ری گه‌وره‌یه‌ له‌ خه‌باتی دژی ڕاسیزمدا و هیچ کۆنسیرتێک و گۆرانیبێژێک له‌ ئه‌وروپادا نابینیت به‌م خه‌باته‌ی دژی ڕاسیزمه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بوبێت. لانی که‌م ئه‌گه‌ر له‌ باری ئایدیۆلۆژیشه‌وه‌ خۆیان باوه‌ڕیان پێی نه‌بێت، بۆ ڕاگرتنی ناوی خۆیان ده‌بێ وا بن. ئاخر له‌مڕۆی ئه‌وروپاشدا، نه‌ته‌وه‌په‌رستانێکی وه‌کو ئاشنا که‌رکوکی هه‌ن که‌ پێیانوایه‌ ستۆکهۆلم و له‌نده‌ن و به‌رلین که‌رکوکی سوید و ئینگلیز و ئه‌ڵمانیایه‌ و ده‌بێ" به‌چکه‌ کوردو عه‌ره‌ب و باقی  سه‌رڕه‌شه‌کانی دیکه‌ی" ئه‌مڕۆی ئه‌وروپای لێ پاکبکرێته‌وه‌.
 
 گوناحی مندالێک چی بێت به‌وه‌ی رۆژگارێک دایکو باوکی له‌ پرۆسه‌ی ته‌عریبدا هێنرابنه‌ مه‌مله‌که‌تی شۆخان که‌رکوکییه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ گۆرانی بێبه‌شبکرێت.
 
 تۆ بڵیی ئه‌گه‌ر به‌رپرسی سایتی "لێزان نێت" له‌ ئێواره‌یه‌کی ستۆکهۆلم یاخود به‌رلیندا هاوکارانێکی خاچی سووری ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ شه‌قامه‌کانی ئه‌و شارانه‌دا بێنه‌ سه‌ ڕێ و ده‌ستی سندوقه‌کانی کۆمه‌ککۆکردنه‌وه‌ی خۆیان بۆ درێژ بکه‌ن و داوای دوو کرۆنی لێبکه‌ن بۆ کۆمه‌ک به‌ ئاواره‌کانی جه‌نگ، پێیان بڵێت:" بۆ به‌چکه‌ عه‌ره‌باکانی عێراقه‌ یان به‌چکه‌ کورده‌کانی تورکیایه‌"
 
 کۆنسیرتی چۆپی فه‌تاح، هه‌ر مه‌غزایه‌کی ئابووریشی له‌ پشته‌وه‌ بوو بێت، له‌ شارێکی له‌سه‌ر بۆمبدانراوی وه‌ک که‌رکوکدا، په‌یامێکی دیکه‌ی پێیه‌ که‌ بۆنی باروتی لێنایه‌ت. 
 2008-07-23
  baker.ahmed@comhem.se
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.