Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كام لیژنەى ئیغتیالات سۆرانى كوشت ؟

كام لیژنەى ئیغتیالات سۆرانى كوشت ؟

Closed
by July 26, 2008 گشتی

 لەسەردەمى حكومڕانى شێخ مەحمود ئەگەر كورد نەیزانیبێت سیاسەتى حكومڕانى مەیسەربكات و لەنێو گەمەسیاسیەكاندا یاریزیانێكى باش بوبێت ئەوا كەم تازۆر  بە پێى گێراِنەوە مێژوییەكان ڕێز لەئیرادەى دەنگى جیاواز گیراوەو سەكۆیەكى فراوان ئامادەى هەبوە بۆتەعبیر كردن لە جیاوازییەكان و لە نائامادەبونى هۆشیارى سیاسیشدا هێشتا كورد لەو كاتەدا لەغیابى فیكرى تیرۆردا ژیاوەو بۆكپكردنەوەى دەنگە جیاوازەكان لەئەداى كاربەدەستانى حكومەت , هێشتا هیچ دەزگایەكى سەركوتكەر وەك دەزگایەكى پۆلیسى یان عەسكەرتاریەت بەشێوەیكى وەها نەبوە كە ژیانى كەسە ئۆپزسێونەكان یانە گروپ و لایەنە نەیارەكان بخاتە بەردەم هەڕەشەى كوشتن و لەناوبردنەوە و ئیهانەیان بكات , كە ڕەنگە هۆكارى ئەوەش بونى داگیركارى سۆپاى ئینگلیزو نەیارانى كورد بوبێـت لەسەرخاكەكەى و ئەوەندەى لەو كاتەدا كورد چ نەتەوە چ وەك دەسەڵات تەنها بیریان لەڕزگاركردن كردبێتەوە و بیرى كوشتنى دەنگى جیاواز لە ئەجنداى پێكهاتە ئەمنیەكانى حكومەتدا بوبێت , بەڵام بە دیوێكیتردا هێشتا ئەو دەسەڵاتە لەسەرەوە تا خوارەوە بە پێى سەرچاوە مێژویەكان بەردەوام لەململانى و كپكردنەوەى دەنەگە نەیارەكاندابوە لەناوخۆى سنورى قەڵەمڕەویەكانی خۆیدا و ئەوەندەى لەهەڵدانەوەى لاپەڕەكانى مێژودا لەسەردەمى حكومەتى شێخ مەحمودا وەدەستم گەیشتبێت تەنها كوشتن یان تیرۆركردنى (  جەمال عیرفان ) بوە , كوشتنى ( عیرفان ) دەمانباتە بەردەم پرسێاریك و دەڵێت ئایا كوشتنى  ( عیرفان ) لەوكاتەداچیى بەرهەمێكى بەخشیە بیر تەسكى ئەوانەى لە ووشە دەترسان ؟ ئایا تیرۆركردنى ووشە لەو كاتەدا نابێتە سەرەتایەك بۆكوشتنى بەردەوامى هێزى ( ووشەى ئازاو ئازاد )  لەئێستاماندا ؟ ئایا باگراوندنى كوشتنى ووشەى ئازاد لەسەردەمى حكومەتە جیاوازەكاندا لەگۆڕەپانى سیاسى و كۆمەڵایەتى كوردیدا سەرەتاى ستنوێكى درێژخایەن نیە بۆپەرەپێدانى بیرى كوشتن و تیرۆركرندى ئەوانەى لەدەرەوەى هەیمەنەى هێزەباڵادەستەكانەوە , كۆمەڵگاو كایەجیاوازەكانى ترى كۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەكى تردەبەن كە دەخوازێت لەبازنەى بیرتەسكى ئەجنداى دەسەڵاتەوە بیانكاتەدەرەوە و ڕێڕەوەى ئایندەى هاوڵاتى بون و دروستكردنى تاكى ئازاد سەربەستانە لە پانتایى یەكى تردا دروست بكات و كەرامەت بۆئەو مرۆڤانە بگەڕێنێتەوە كە جەبەروتیەتى دەسەڵاتى پاوەنخواز تەواوى بونەورەكانى لەپێكهاتەیەكى تەواو تەندروستەوە تێكشكاندو وەو بۆمەبەستى سەرخستنى پرۆژە جەهەنمیەكانى خۆى مۆنۆپۆلیان دەكات ؟ ئایا كوشتنى مرۆڤ لەسەر دەربڕینى بیرێكى جیاواز یان ئەو پرسیارانەى كە دەستەواژەى ( بڤە ) ى بۆداداشراەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە چی مانایەك دەبەخشێت ئەگەر ئێمەتەنها ماناى دیكتاتۆربون و مرۆڤ كوژى و ژیان كوژ نەبەخشینە خودى ئەو دەسەڵاتە ؟
 لە ماوەى ( 15 ) پانزە ساڵى ڕابردودا هەرلەكوشتنى ( بەكر عەلى ) و تەواوى ئەوكەسانەى تر كە لیژنەكانى كوشتن  یان ( لیژنەى ئیغتیالات ) ى حیزبەكوردیەكان لەسەر دەربڕینى بیروڕاى جیاواز یان لەبەر لایەنگریان ولایەنداریان بۆحیزبەكانى تر كردیان , جگەلەوەى گۆمانێكى گەورەمان لادروست دەكات لەوەى كە هێشتا عەقڵیەتى كوشتن و بڕین و سوكایەتى كردن وەك ئەوەى لەهەناوى بەعسیەكاندا تائێستاش بونى هەیە بەهەمان شێوەش لەهەناوەى حیزبەكوردیەكاندا خۆى مەڵاس داو هەرساتێك ختوكەى ئەو عەقڵێتە ئیرهابیە بدرێت گورزى خۆى دەوەشێنێت و ژیان پڕدەكات لەخوێن و خویشى بەڕشتنى خوێن و بەبۆنكردنى ( مەست ) دەبێت و بوار بۆپێناسەكردنێك یان خوێندنەوەیكى تر ناهێلێتەوە كە بەسەر ئەو عەقلێتەدا دایببڕیت و ئەوەندە نەبێت كە حیزبەكوردیەكان لیژنەكانى ئیغتیالات كردنى خۆیان فراوانتركردو نێچیرەكانى یەكتریان بردە گۆڕەپانى شەڕى ناوخۆوە و لەوێندەرىَ یەكەیەكە ( تەسفێكران ) و بەناوى پارستنى ئەمنى قەو مى و دەسكەوتەكانى ڕاپەڕین و خۆێنى شەهیدانى شاخ ,  سوكایەتى دونیایان بە كوردو گونجانى كوردو ماناكانى حكومكردن كردو تۆوى دوبەرەكى و نایەكسانیان لە خاكێكدا چان كە هێشتا بونەوەرە چەقۆبەدەستەكانى جەلادانەتر مرۆڤ دەكوژێت و دوا قوربانیشیان ( سۆرانى مامەحەمە ) بو ؟! ئەگەرچى كوشتنى ( سۆران ) دەكەوێتە دەرەوەى پانتاى بیرى ( لیژنەكانى كوشتن ) ى حیزبەكوردیەكان , بەڵام هێشتا لەناو ئەجنداى لیژنەكانى كوشتنى ( پەرپرسە جەلادەكاندا خول دەخوات و سۆران دوا قوربانى چەقۆبەدەستەكان و چەتەكان و دوژمونانى ووشەى ئازاد نابێت و ڕەنگە نێچرى ئەم جارەیان تەنها كەسێك نەبێت و بەكۆمەڵ نیچیرەكانیان ڕاوبكەن بەتایبەتى ئەو كەسانەى تەنها قەڵمیان چەكى دەستیانەوە بە ووشە وێنە ناشرینەكانى كاربەدەستان و مەرامە شەهوانییەكانیان ئاشكرادەكات و ئەو هەنگاوانەیان بۆچەڵ دەكاتەوە كە پێى دەوڵمەند دەبن لەسەر حسابى خەباتى پێشمەرگە خاكیەكان و خەڵكانى دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر .
 شەهید كردنى سۆرانى گەنج و سۆرانى خاوەن  وشەى  ئازاد جگەلەوەى بانگەشەكانى سەركردایەتى سیاسى كورد بۆ ئازادى و دیموكراتیزەكردن دەخاتەژێر پرسیارەوە , بە هەمانشێوەش گومانێكى وەها دروست دەكات كە مەحاڵە بڕو ابەوەبهێنم كە ئەو ئازادیەى بانگەشەى بۆدەكرێت جگەلە حیكایەتێك هیچ مانایەكى تر هەڵبگرێت ؟ كوشتنى ڕۆژنامەنوسێك لەسەر دەربڕینى جیاواز و هەڵدانەوەى نهێنى ناخى بەرپرسانى گەندەڵ و شەهوەتبازەكانى ناو كایەجیاجیاكانى دەسەڵات لەكەركودا  لەبن دەستى دو ئاسایش و ئەو هەمو هێزەكوردیەدا لە كەركوك چیى دەبەخشێت جگەلە زیندوكردنەوەى لیژنەى ئیغتیالات ) كە بەدەستى ئەو لیژنانەى حیزبەكان زۆرترین خەڵكانى ڕۆشنبیر و نەیارى یەكترى لەناوچون , بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كام لیژنەى ئیغتیالاتى حیزبەكوردیەكان  ( سۆران )  یان كوشت ؟ كام لەو بەرپرسانەى كەناوەكانیان لاى سۆرانە و لەگەڵ سۆزانیەكانى كەركودا دەستیان تێكەڵ كردبو ( سۆران ) یان بەوشێوە ترسنۆكانەیە كوشت  ؟ كوشتنى سۆران چیى مانایەكى دەبەخشێت بە ئەجنداى كارى بكوژەكانى ؟ ئایا لەبیركردنەوەى ئەواندا كوشتنى سۆران  بێدەنگ كردنى تەواوى خاوەن قەڵەمە ئازادەكانە ؟ یان كوشتنى سۆران سەرەتاى هەرەس هێنانى ئەو پانتایە ئازادەیە كە سەركردایەتى كورد لەخەیاڵدانى خۆیدا وێناى كردوە و لەڕاگەیاندن و گوتارەكانیاندا بانگەشەى بۆدەكەن و لۆژیكیەن هیچ بونێكى نیە ؟ یان بكوژان و جەلادان لە ڕێگەى كوشتنى (  سۆران ) ە وە پێمان دەڵێن ( گەندەڵى و چەتگەرایى و شەهەوەت بازیى و خیانەتكردن ) پرۆژەمانە و كەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هەر هاوڕێ یەكى ( سۆران ) یش وەك سۆران  ( ووشە یەك ) دورلەخواستى ئێمە بكاتەهەوێنى نوسینى ( وتارێك ) وەك سۆران لەجامەتاریكەكانى ئۆتۆمبیلەكانمانەوە ( گوللە ) بارانى دەكەین .
 كوشتنى سۆران جگە لەوەى هێزى زیاتر بە( قەڵەمەكانمان ) دەبەخشێت , بەهەمان شێوەش تاقى كردنەوەیەكە و بەردەوام بون بۆ بڕینى قۆناغەكانى  ئەو تاقیكردنەوەیەو  قوربانى زیاترى دەوێت و دڵنیاشم كە تا ( گەندەڵكاران و شەهوەت بازان و چەتەكان ) ى ناو دەسەڵات لە ( ووشە )  بترسن دەیان ( سۆران ) ى تر دەبنە قوربانى ئازیەتى خویان و سنگیان دەكەوێتە بەر دەستڕێژى گوللەى ئەو بونەوەرە تێكشكاوە ترسنۆكانەوە .
 سڵاو لە وشەى ئازاد , سڵاو لە قەلەمەئازاكان , سڵاو لە شەهیدى قەڵەم ( سۆرانى مامەحەمە ) .
 peshrawhameed@gmail.com
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.