Skip to Content

335 Views

فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ….. ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن

فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ….. ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن

Be First!
image_print

-وه‌رگێڕانی له‌ سویدییه‌وه‌: نوری که‌ریم
بێریڤان جەمال حەمەسەعید……

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە نووسینی ‘ئۆلف بروبێری و له‌یف ئیریکسۆن’ــە، یەکێکە لەو کۆمەڵە کتێبەی کە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

مه‌رگی فادیمه‌، هه‌ر تراجیدیای رۆمێو و جولێتی شکسپیری سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م نییه، کە به‌ ته‌نیا ناکۆکی و ناته‌بایی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی چینی جیاوازی له‌ خۆگرتبێت، کاره‌ساتی ئه‌و، چیرۆکی دڵته‌زێنی ئه‌و، بەیەک نەگەیشتنی دوو خۆشەویست نه‌بوو، به‌ڵکو بە شەڵاڵ خوێنکردنی ئەو بە دەستی باوکی له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا، کارەساتێک بوو لە کۆمەڵگای سوید کەوت و لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە. درامای ئه‌و، چیرۆکی تاکه‌ که‌س و بنه‌ماڵەیەک نه‌بوو، شۆکێک بوو سیاسه‌تمه‌دارانی سویدی به‌ خه‌به‌ر هێنایەوە، تا دان بەو ڕاستییەدا بنێن، که بە‌ سه‌دان کچ و ژنی گه‌نجی وه‌کو فادیمە، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی باوک، برا، مامدان، تا بکەونە خۆیان و پرسی شەرف بە هەند وەربگرن و لەو پەیوەندەدا، چاو بە یاسا و ڕێساکانیاندا بخشێننەوە. داستانی ئەوینی فادیمە بۆ کوڕێک لە دەرەوەی بنەماڵە و پێداگری ئەو لەسەر ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، بەڕەی لەژێر پێی داب و نه‌ریتی خێڵه‌کییانه‌ی کوردەواری ده‌رهێنا و لایەنگرانی هزری پیاوسالاری شەرمەزار کرد. فادیمە، نەک هەر ئەو “سۆزانی” نەبوو، وەک ئەوەی باوکی لەکاتی پەلامار و تەقەلێکردنەکەیدا هاواری لێدەکات، بەڵکو کچێکی ئازاو و بوێر بوو، ده‌نگێک بوو ببووە‌ هێمای ئازادی و یه‌کسانی به‌بێ لەبەرچاوگرتنی جێنده‌ر، ئایین و نه‌ژاد. لایه‌نگری تێکەڵبوون و دژ به‌ په‌راویزخستن بوو. هه‌ر ئه‌و تاسه‌ و بوێریه‌ی بوو بۆ ژیان، بووه هۆی لەدەستدانی ژیانی. ‌بێگومان کوشتنی فادیمه لە ئاکامی هه‌ڵچونێکی دەروونی یان دڵپیسیه‌وه‌ نەبوو، بەڵکو وەک باقی کوشتنە ناموسییەکانی تر، پلانداڕێژراو بوو، کەسوکاری پێیهەڵساو و کۆمەڵانی بەرینی کوردەواری پشتیوانیان لێکرد.

‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، لە وەرگێڕانی ‘نوری کەریم’ــە لە زمانی سویدییەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لەو زنجیرە کتێبانەی کە وەرگێڕ لەسەر پرسی یەکسانیخوازی ژنان کردوونی بە کوردی، کە بریتین لە: کچانی خوا ــ جێراڵدین بروکس، گوڵێک له‌ بیابانی ئه‌فریقا ــ واریس دیریه، زینده‌سووتێنراو ــ سوعاد، به‌بێ کچه‌که‌م، هه‌رگیز نا ــ بیتی مه‌حمودی، کچه سه‌ماکه‌ره‌کانی لاهور ــ لویس براون و ئافرەت لەژێر ڕکێفی ئاینەکاندا ــ ئۆفێلیا بێنسۆن و جێریمی ستانگروم. هەموو ئەم کتێبانە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراون و ئاستی بڵاوبوونەوەیان جیهانی بووە.

بۆ ناساندنی ‘فادیمه‌ ساهینداڵ، کوشتن و کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا’، دەگەڕێمەوە بۆ پێشەکی کتێبەکە وەرگێڕدراوەکە، کە وەرگێڕ نووسیویەتی.
ڕۆژی بیست و دووی کانوونی دووەمی 2002، بۆ من وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی وا بوو. بەیانی زوو کاتژمێری شەش چووبوومە دەرەوە بۆ کار و چواری ئێوارێش، خۆم گەیاندە قوتابخانەی بنەڕەتی کچەکەم بۆئەوەی لەگەڵ خۆم بیبەمە ماڵەوە. هەر وەکو ئێوارانی تر، تەلەفیزیۆنم داگیرساند و پێکەوە بە دیار بەرنامەی منداڵانەوە دانیشتین. زەنگی تەلەفون لێیدا، چووم بۆ وەڵامدانەوە و گفتوگۆ درێژەی کێشا. لەپڕ کچەکەم هاواری لێکردم بچم بۆ لای. ئەوەندەی نەبرد ئەو هات بۆ لام، بەچاوانی پڕ فرمێسک و قورگی پڕگریانەوە، شتێکی پێوتم تێینەگەیشتم. زۆر ترسام و پێموت چی بووە، دیسانەوە قسەکەی بۆ دووبارە کردمەوە، “فادیمە بەدەستی باوکی کوژراوە”. لەگەڵ ئەوەی هەواڵێکی پڕکارەسات بوو، بەڵام پێمسەیر بوو، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵە، فادیمە لە کوێوە دەناسێت و بۆ دەبێت پەیوەندی بە خۆی و منەوە هەبێت.

کوشتنی فادیمە ساهینداڵ، بوو بە هەواڵی یەکەمی تەواوی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنی سوید و پاش هەواڵەکانیش قسەوباس هەر لەسەر ئەم تاوانە بوو. کوشتنی کچێک لەلایەن باوکییەوە، لەپەیوەند بە کێشەیەکی نامووسیدا، لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی بەهەند وەردەگیرێت و ویستی بەرابەرخوازی لە ئاستێکی بەرزدایە، هەتا بە بەراورد بە باقی وڵاتانی ئەوروپا، بە کارەساتێکی ئاسایی چاوی لێناکرێت. لەگەڵ ئەوەش فادیمە کەسێکی نەناس نەبوو بۆ کۆمەڵگاکە، وەک هەزاران قوربانی تری کوشتنی نامووسی، کە تەنیا ناوێک یان ناو و وێنەیەکن ئەگەر ناونیشانێکیان هەبێت. فادیمە خەباتگێڕێکی نەبەزی لێهاتووی سەنگەری پێشەوەی بەرابەرخوازی بوو، دەنگی ناڕەزایەتی هەزاران کچی پەنابەر بوو، کە بەدەست دابونەریتی نامووسپەرستییەوە دەناڵێنن. لەدژی ئەم نایەکسانییە، پڕ بەدەنگی زوڵاڵی لەناو پەرلەماندا هاواری کرد، ڕۆیشتە بەردەم کامێرای تەلەفیزیۆنەکان، مایکی ڕادیۆکانی بەدەستەوە گرت و کەم ڕۆژنامە و گۆڤار نەما، چەند لاپەڕەیەکی تێیدا ڕەشنەکاتەوە. کوشتنەکەشی ئەم چالاکییانەی بەو پەڕی گەیاند، کاردانەوە بەرامبەر ئەم تراجیدیایە، سنووری سویدی بەزاند و بوو بە هەوڵێکی جیهانی. فادیمە ئێستا بووە بە سیمبولی ناڕەزایەتی و هەموو ساڵێک لە یادی کوشتنیدا، لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەم چالاکییانە لە ئاستێکی سەراسەری و باڵاتردا بەڕێوە دەبرێن. لەبەرامبەردا، زۆربەی ڕەوەندی کوردی لە سوید، بەدەستپێشخەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان (ڕێکخراوێکی فەرهەنگییە، کە نوێنەران و لایەنگرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەکەی کوردستانی تێدایە)، سەرسەختانە دژی ئەم چالاکییانە دەوەستنەوە و بەتایبەتی لە کاتی کوشتنەکەیدا، فادیمەیان تاوانبار کرد بەوەی پێی لە بەڕەی دابونەریتی کوردەواری زێتر ڕاکێشاوە، حەیای کوردی بردووە و …. ئەم کێشمەکێشە تاکو ئیمڕۆ بەردەوامە. چالاکییەکانی فادیمە، کوشتنەکەی و دادگایییەک کە بەدوایدا هات، کاریگەرییەکی هەمەلایەنەی داناوە لەسەر کۆمەڵگا. ئەگەر لەلایەک ئاستی ئاگاهی و هەڵوێستی سیاسی لەسەر ئەم کێشەیە بەرز کردەوە، ئەوا لەبەرامبەردا ڕووی ڕاستەقینەی دابونەریتی پیاوسالاری لەنێو بەشێکی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردیدا هەڵماڵی و تەکنیکێکی تازەی ژنکوژی هێنایەکایەوە بەناوی ‘کچانی باڵکۆنی’1.
دە ساڵ دواتر، کچەکەم چوو بۆ هەمان کۆلێژ و هەمان زانکۆی فادیمە ساهینداڵ لە ئوستەرشۆند. لە یەکەم ڕۆژی چوونیدا بۆ کۆلیژەکە لەگەڵ باقی خوێنکارانی قبووڵکراو، لەلایەن ڕاگر و مامۆستایانەوە گەشتێکیان پێدەکرێت بەناو کولێژەکەدا بۆ ناساندنی. کاتێک کە خۆیان دەکەن بە یەکێک لە ساڵۆنەکانی وانەخوێندندا، ڕاگرەکە ڕوو بە قوتابیان دەڵێت، “ئەمە ئەو ساڵۆنەیە کە فادیمە ساهینداڵ دوا وەرزی خوێندنی تێیدا خوێندووە”. وەک کچەکەم بۆی گێڕامەوە، “لەپڕ بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەمووماندا، بزە و خەندەی سەر لێوان جێگەی دا بە داخێکی قووڵ، کە لە ڕووخساری هاوپۆلەکانمدا بۆم دەرکەوت، فادیمە لە دڵی هەر هەموواندا کەسایەتییەکی نەمرە”.

بەبۆنەی هاتنە پێشەوەی یادی دە ساڵەی کوشتنەکەی، هەواڵی داتاشینی پەیکەری فادیمە لەلایەن شارەوانی شاری ئۆپسالای نیشینگەی فادیمەوە، بڵاو بۆوە. بوو بە هەراوهوریا و دەنگی ناڕەزایەتی نامووسپەرستان بەرز بۆوە بەوەی، “کە دروستکردنی پەیکەر بۆ کچێکی کوردی کۆژراو بەدەستی باوکی، مایەی شەرمەزارییە بۆ ئێمەی کورد”. نوێنەرانی شارەوانی ڕێکوڕەوان وەڵامیان دانەوە، کە “بەڵێ، ئێمە بۆ ئۆلوف پاڵمە2 پەیکەرمان دروستکردووە و بۆ فادیمەش دروستی دەکەین. بەڵێ، ئەمە ڕسوایییە بۆ دابونەریتی نامووسپەرستی و پارێزەرانی”.

لە مەڕاسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری فادیمە، لەگەڵ سەدان کەس بەشداریم کرد. گوێم دەگرت لە وتاری وەزیری هاوپەیوەستی بەم بۆنەوە، لەپڕ چاوم بە کچێک کەوت کە بۆم نائاشنا نەبوو، زۆرم لە خۆم کرد تا ناسیمەوە، سونگوڵی خوشکی فادیمە بوو، کە نزیک دە ساڵ لەوەوپێش دەبوو لە دادگادا بینیبووم، ڕووبەڕوو و چاوبەچاو بەرامبەر بکوژی خوشکەکەی، ڕەحیمی باوکی، لەنێوان پارێزەری بەرگری، کە یەکێک لە نووسەرانی ئەم کتێبە و پارێزەری گشتی دانیشتبوو. تەواو ژاکاو و لە پەلوپۆ کەوتبوو، بەڵام لە گورگێکی بریندارکراو دەچوو، کە بەو پەڕی دڕندەییەوە پەلامار دەدا، لەدژی باوکی سەرشکستە شایەتی دەدا. لە قووڵایی دەروونی خۆمدا بووم، ژنێک کە تا ئاستێک بە یەکتری ئاشنا بووین و لە کۆبوونەوەی ژناندا بینیبووم، بە چرپە پرسیارێکی لێکردم، “ئەگەر خەڵک لە کوردستاندا، بۆ هەر قوربانییەکی کوشتنی نامووسی پەیکەرێک دروستبکات، ئاخۆ دەبێت چەند دانە دابتاشێت؟” ماوەیەکی ویست تا وەڵامم دایەوە، “ئەو پەڕی یەک یان دوو دانە”. “مەبەستت ئەوەیە کە لەهەر مەیدان و چوارڕێگایەکدا”، ژنە هاوڕێکەم وتی. ” نا، مەبەستم لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانە. ئەگەر هاتوو دەسەڵات لە کۆمەڵگادا، ژن لە مەیدانەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەر نەکات، هەر ڕۆژە یاسا و ڕێسایەک دەرنەکات بۆ هێشتنەوەی ژێردەستەیی ئافرەتان، شەو و ڕۆژ مەلای مزگەوتەکان بەرنەداتە گیانی کچان، بکوژانی کوشتنی نامووسی لەجیاتی دەستخۆشی و بەڵگە هۆنینەوە بۆیان، لە چواردیواری زینداندا حوکمی هەمیشەیییان بۆ دەربکات، خەڵکانێکی وەک ئەمانە دێنە ئاراوە، کە هەر ڕۆژەی بەشێوەیەک لەبەرامبەر نایەکسانیدا دەوەستنەوە، ئیتر ئەوسا کێ دەوێرێت ژنکوژی بکات”.

تەواوی ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە، کاردانەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای سویدە بەرامبەر بە کوشتنی فادیمە ساهینداڵ. مەبەستی منیش لە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی هەر ئەوەیە، چونکو پێموایە لە کوردستاندا، ئەو خێزانانەی کە دەستیان دەچێتە خوێناوی کچەکانیانەوە، زۆر دەگمەنن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، بە قبووڵکردن و ڕەزایەتدان کاردانەوەی خۆیان پیشاندەدەن. لەم پەیوەندەدا، لە ساڵی 2012دا، ماریانە سپانەر لە مێزگردی ئافتۆنبلادت دەنووسێت: “فادیــــمە تا حەز بکەیت، نەبەز و جوان بوو. بـــــەڵام ئابڕووی خێزانەکەی و خزمەکانی خۆی بردبوو. کەسوکاریشی ئێجگار زۆر بوون. لەوانەیە سێ سەد کەس لە سوید و هەر زۆر زێتریش لە زێدی باوباپیرانی. ئەوانە بێشمار بوون کە داوای گەڕانەوەی ئەم ئابڕوویەیان دەکرد. ئەوە باوکی بوو کە دەستی چووە خوێناوییەوە. بەڵام ئەوە داوای گەلێک خەڵک بوو، کە خوێناوەکەی بخورێتەوە”.

…………………………………………………………………….

پەراوێز:

1. کچانی باڵکۆن: تەکنیکێکی تازه‌ی کچکوشتنه‌، هه‌ر وه‌کو تەکنیکی په‌ره‌مێزته‌قینه‌وه‌کانی کوردستان یان به‌سه‌ردا کەتنه‌ ناو ته‌نووره‌وه‌ له‌ فه‌له‌ستین. ئه‌م شێوه‌ تازه‌یه‌ له‌ داهێنانی په‌نابه‌رانی دانیشتووی سویده‌. له‌م شێوه‌یه‌دا کچانی به‌سزمان، “هه‌ر له‌خۆوه”‌ له‌ باڵکۆنی خانووه‌ نهۆمییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ خواره‌وه‌ و گیانیان ده‌رده‌چێت. لایه‌نی “ئه‌رێنی” ئه‌م داهێنانە تازه‌یه‌ ئه‌وه‌یه،‌ که‌ پۆلیس چه‌ند گومانی هه‌بێت لەسەر ئەوەی‌ ئه‌م کوشتنه‌ پلانداڕێژراوه،‌ به‌ڵام زۆر سەختە بۆی بتوانێت بیسەلمێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ی کوشتنی کوردییه‌وه‌‌ بۆ نموونه‌ (ئه‌گه‌ر واژه‌ی میدیای سوید به‌کار بهێنین، له‌ئاکامی زۆر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ناو په‌نابه‌رانی کورددا)، که‌ تێیدا کوشتنه‌که‌ به‌ئاشکرا پلانداڕیژراوه‌ و بکوژ به‌پێی خۆی ده‌چێت بۆ لای پۆلیس یان پۆلیس ئەو زەحمەتە دەکێشت ده‌چێت بۆ لای.

2. ئۆلۆف پاڵمە Olof Palme: (1927 ــ 1968) سەرکردەیەکی سیاسی سویدی بووە، سەرۆکی پارتی سوسیال دەیموکراتی سوید بووە لە ساڵی 1968وە. لە نێوان ساڵی 1969 ــ 1976 و 1982 تا ڕۆژی کوشتنەکەی لە ساڵی 1986دا، سەرۆکوەزیرانی سوید بووە. یەکێک بووە لە بەشداربوونی ناڕەزایەتی دژی کوشتاری ئەمریکا لە ڤێتنام.

Previous
Next

Leave a Reply