Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دۆزەخ دەگات و ئەم نامەش ناگات

دۆزەخ دەگات و ئەم نامەش ناگات

Closed
by August 20, 2008 ئەدەب

 دۆزەخ دەگات و ئەم نامەش ناگات
هەردى شەفیق

  ئەم ئێوارەش وەك هەرئێوارەكانى تر لەگەڵ دونیایەك لە خەیاڵى مرۆڤ كوژبەرەو كولبەكەى تەنهایی و خەیاڵ دەگەڕێمەوە ،ئێستا بیر لەتۆ دەكەمەوە ئاخۆ لەكام گۆشەو قوزبنى ئەم جیهانە دایت ؟
 ئەمڕۆ ماتۆڕ سوارێك سەرنجى ڕاكێشام لەناو جەنجاڵى شەقامەكەدا مامەڵەى لەگەڵ لەشفرۆشێكدا دەكرد كەوتمە بیرى ئەوەى ئاخۆ ئەو ڕۆحانە چەند بەخۆیان غەریبن تەنها دەیانەوێت ناو گەڵیان تێربكەن ،ناوگەڵیان وهیچى تر نا.تۆ تەماشاكە مرۆڤ بەبىَ پڕكردنەوەى فەراغە ڕۆحیەكانى بونەوەرێكى چەند پەژموردەو مردوە؟مرۆڤ بەبىَ ڕۆح چ دڕندەیەكە ؟؟من دەزانم ئەوەى  لە كوچەو كۆڵانەكاندا بەدوایدا ڕادەكەین ئارەزوە بەڵام لەواقیعدا ئەوەى ڕۆحى ئێمە داواى ئەكات موحیبەتە نەك ئارەزو ,عیشقە نەك سێكس،ئەوەى ڕۆحى ئێمە دەكوژىَ ئارەزوە نەك عیشق.ئەگەرچى عیشق پڕە لەمردن وزیندووبوونەوە و دۆزەخ و عەزابى لێدەڕژىَ بەڵام دۆزەخ وعەزابى عیشق و ئارەزو لەوێدا لەیەكترى جیا دەبنەوە یەكەمیان لەپێناوى زیندو هێشتنەوەى  ڕۆحى مرۆڤدایەو دووەمیان لەپێناوى كوشتنى ڕۆح.
 هەناسەكەم ئەمڕۆ لەنوسینى شیعرێكى تر لێبوومەوە بەنێوى گوڵە ئەستێرە كوژاوەكە ،نازانم بۆچ ئەم ناونیشانەم هەڵبژارد ؟كەوتمە بیرى ئەوەى داخۆ هێشتا دەسوتێت یان كوژاوەتەوە لەناو نائومێدیە كانى خۆیدا ؟یاخود تواوەتەوە لەنێو دڵى عیشقێكى تردا ؟من دەزانم شیعر هەناسەى ڕۆحە هەروەك چۆن لاشەى مرۆڤ بەبێ هەناسە دان دەمرىَ ڕۆحى مرۆڤیش بەبىَ شیعر دەمرىَ هەرئەمەیە حیكمەتى شیعرو خەیاڵ نایەڵێت مردوەكان بمرن،ئاخرتۆ سەیركە ژیان ئایا بۆخۆى پڕنیە لەو مردوانەى دەژین؟دەخۆن، دەڕشێنەوە،جوێن دەدەن یا پڕنیە لەو مرۆڤە پەراوێز خراوانەى نائومێدى تاسەر ئێسقان كوشتونى و فڕىَ داونەتە نێو دونیاى خەیاڵێكى بێسنورو ناكۆتا؟تۆ ئەگەر گۆشەى كوچەو خەیابانەكانى ئەم شارە ببینیت چۆن موعتادەكان  ئالودەى تلیاك و هیرۆین و…هتد بوون دەزانى مروەكان ئەوانە ى ژیانیان جێهێشتوە لەگۆڕدان زۆر لەوانە بەختەوەرترن بێهودەچركاكانى ژیان بۆ مردن ئەژمێرن،لەوانە بەختەوەرترن  نائومێدى وئازار ى ژیان تاسەر ئێسقان نابووتیان ئەكات ،تائەو پەڕى بێهیوایی ئەیان كوژىَ .ڕاستیەكەى ئەشێت ئێمە هەموومان مرۆڤ كوژێكى لێزان وكارامەبین  لەكوشتنى ئەویتردا ،دەزانم ئێستا خەیاڵت بۆ ئەوە دەچێت دەستمان بچێتە خوێنى كەسێكى تر ،نا ئەى میهرەبان تۆنازانى بێئەوەى دەستت بچێتە خوێنى كەسێكى تر ،بێئەوەى چەقۆ گوللە…هتد بەكار بهێنیت كەسێكت كوشتوە و توانیوتە مرۆڤێك بكوژى ،یانى بەئازار بیكوژى ،بەعەزاب گیانى بكێشى،بەموحیبەت بیكوژى ئاخر كوشتن بە موحیبەت لەهەموو مردنە كانى تر ئازار دەرترو سەختترە .دەزانى بۆ؟ لێگەڕى بەناوى كەسى سێیەمەوە قسەبكەم بۆ ئەوەى هەموو ڕۆژێك ئیزرائیل گیانى ئەكێشێت ونامرێت هەموو ڕۆژێك گیانى ئەكێشت وزیندوە بۆ عەزاب كێشان و غەمى عیشق.
 من دەمەوێت پێت بڵێم  تۆ دەتەوێت چى بكەیت لەتەرمى كوژراوێك  بەشەقامەكاندا دێت ودەچێت وتابووتەكەى خۆى وەكو جانتاى سەفەر كردوەتە كۆڵ بىَ ئەوەى هیچ كەسێك لەو خوێنە ى ڕابمێنى لەڕۆحى ئەڕژىَ،بێئەوەى كەس ئەو شوێن پىَ جێماوانە ببینىَ سور بەخوێنى دڵى ،.
 دەزانم بێئەوەى زار بكەیتەوە دەزانم چ دەڵىَ ى،دەڵى خۆشنودى تەنها بۆ ئەو دوو زیندوەیە عاشقی یەكترن و لە خوڵەمێشو سوتان گوڵى سور سەوز ئەكەن ،نا هەناسەكەم ئێمە دوو مردوى نێو ئەم جەنگەڵەین ،دووزیندوى نێو ئەم مەیتخانەین كوامردوەكانى ژیان وزیندوەكانى نێو مەیتخانە دەتوانن لەززەت لەجوانیەكانى عیشق بكەن ؟!مردوەكان تەنها دەتوانن سەیرى برینە كان بكەن ،چاو ببرنە ئومێدى زیندوو بوونەوە  لەكوێشدا لەوڵاتێكدا كەمردن وەك باران ڕەهێڵە ئەكات وەك سواڵكەرێك لەبەرگى پیاو كوژێكدا لەدەرگاى یەك بەیەكى عاشقەكانى شار ئەدات ،وەك میهرەبانێك لەبەرگى دڕندەیەكدا ،یاوەك دڕندەیەك لەبەرگى میهرەبانێكدا دێت و عیشقەكان بەخوێن لەسەر تابلوى حەقیقەت ئەسڕێتەوە .كێشە نیە هەناسەكەم كێشەنیە بابمان سڕێتەوە بەڵام دەترسم دواى ساڵەهاى ساڵیش نەهێڵن كەسێك ،پەیكەرتاشێك  بێتە سەر گۆڕەكەم و وێنەى تۆى لەسەر هەڵكۆڵىَ.
 
 
 7نیوەى دووەمى /2002
 تاران-تجریش
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.