Skip to Content

313 Views

کاروان کاکەسوور بۆ واز لە نووسین دەهێنێت؟ … سۆران ئازاد

کاروان کاکەسوور بۆ واز لە نووسین دەهێنێت؟ … سۆران ئازاد

Be First!
by August 7, 2017 General, Opinion, Slider
image_print

ئەوانەی لە سەرووی هەوڵدان بۆ مانەوە و گەڕان بە دوای پێناسی سۆسیۆ-کەلتووری، هەوڵ دەدەن بەسەر خۆشیاندا بەرز ببنەوە، وەکو (پیتەر سلۆتەردایک) لە کتێبی (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) ئاماژەی پێ دەدات، ڕووبەڕووی (پەستانی ستوونی- vertical tension) دەبنەوە. هەر لە بنەڕەتدا لەبەر ئەو پەستانەیە، کە ئەوەی تینوویەتی بە مانەوە و پێناسی سۆسیۆ-کەلتووری ناشکێت، تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی سنوورەکانی خۆیشی تێبپەڕێنێت و زیاتر هەڵکشێت. بەڵام دۆخێک ڕێگەمان لێ دەگرێت؛ دۆخەکە ئەوەیە هەرچەند بەرز ببینەوە و لە خۆمان زیاتر هەڵبکشێین، لەوەی بۆمان دیاری کراوە، دواجار نیشتنەوە بۆ خوارەوە پێویستە. ئەگەر نەنیشینەوە، لەو فەزا ناکۆتاییەی بۆشاییدا، ون نابین، بەڵام دەبین بەو. هەر لە ڕاستیدا بوون بە بۆشایی، هیچیەتی یان دەشێت پێی بڵێین هەموویی (ئەوەی هیچ بێت هەمووە و ئەوەی هەمووش بێت، هیچە) ئەو دۆخەیە، کە ئەگەر وەکو رۆحانییەکان قسە بکەین، لێوەی هاتووین. ئێمە هەرچەند بەرەو سەروو هەڵکشێین، لە کۆتاییدا لە زماندا دەژیێن. ئەگەر لەو ماڵەدا، کە زمانە، شوێنمان نەبێتەوە، ئەوا یان ئەوەتە بە خۆمان نامۆ دەبین، یان ئەوەتا تەواوی دنیا نامۆیە بە خۆی، جگە لەوەی، کە دەزانێت نامۆ نییە.
(کاروان کاکەسوور) لە زمانی ئێمەدا تا ئاستێک بەرز بووەتەوە، کە هەرچەند هەوڵی دەدا، زمان نەدەبوو بەوەی، کە دەیویست.

لێرەدا ئەگەر بەشێکی گەورەی کێشەکە ئەوە بێت، کە ئەوانی تر (کە لایەنی گریمانەکراوە) دەستیان بەسەر زماندا گرتووە (کە زمان دەستی بەسەردا ناگیرێت)، ئەوا بەشێکی تری چاوەڕوانییەکانی (کاکەسوور)ن لە دنیای دەرەوە. دیارە ئەوەی لە ئاستێکی بیرکردنەوە بۆ ئاستێکی تر بەرز دەبێتەوە، دەزانێت ئەوانەی بەو ئاستە نەگەیشتوون، توانای تێگەیشنیشیان لە وشە و بیرۆکەکانی ئەو ئاستە جیاوازانەی هۆشیاری لەو ئاستە هەنووکەیەیە، کە تێیدان، نییە.
ئێمە (کاکەسوور) بەو دنیا ئەدەبییە ئاڵۆزە جیاوازەکەیەوە دەناسین. دەزانین، کە لە پشت ئەو کۆمەڵگا و ئاتمۆسفێرەی لە ڕۆمان و چیرۆکەکانیدا دەیانئافرێنێت، دنیای شاراوە و ترسناک هەن، کە زمانی ئێمە پێیان ئاشنا نییە، بەڵکو لێشیان دەترسێت. ئێمە باجی ئەو دنیا ترسناکە دەدەین، چونکە ئەوەی (کاکەسوور) هەوڵی بۆ دەدات، ئەوەیە، کە ئێمە پێی بزانین، کە لە چ دنیایەکی ترسناک دەژین، بەڵام ئەو باجدانە لای ئێمە نەبووەتە هۆی ئەوەی بمانەوێت لێی تێبگەین. (کاکەسوور) ئەو دنیا ترسناکەمان بە هەموو دیوەکانییەوە پێشان دەداتەوە، هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی بیبینین و پێی بزانین و لێی تێبگەین تا لانی کەم باجدانەکەمان ئاسانتر بێت، بەڵام وەهمی پیرۆزکردنی بەهاکان گەورەترە لە بینینی واقیع.

لە ئەدەبی کوردیدا، بەرهەمەکانی (کاکەسوور) ترسناکن. لەناکاو کارەکتەرە جێگیرەکان، کە خەریکی ژیانکردنی خۆیانن بەو هێزە تاریک و نموونەییەی لەناوەوەیاندا دەجووڵێت، سەرتاپێی شتەکان ڕووبەڕووی تێکوپێکدان دەکەنەوە و هەر یەکە و بە دەم سەربوردەی نادیار و ترسناکی خۆیەوە دەڕوات. دیارە هەر لە سەرەتادا، (کاکەسوور) بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (ئەسپیدیلۆن)، بەڵێنی ئەوەی پێ نەداین، کە دنیایەکی ئاراممان لە نووسیندا بۆ دەئافرێنێت، لە کاتێکدا دنیا جگە لە پشتی ئەو ئەسپیدیلۆنەی لەناکاو بە ئاگرکردنەوەیەکی بچووک هەڵدەخزێتەوە و هەمووان نقوومی نێو ئۆقیانووس دەکات، هیچی تر نییە.
کەس ناتوانێت گلەیی لە (ئەسپیدیلۆن) بکات، کە بۆچی هێندە هەستیارە بە ئاگر، وەکو چۆن کەسیش ناتوانێت گلەیی لە سەرنشینەکانی سەر پشتی (ئەسپیدیلۆن) بکات، کە لە دوورگەیەکی ناو ئۆقیانووس دەچێت، نەک گیانەوەرێکی خوڕافی، نیشتوونەتەوە، کە بۆچی ئاگر دەکەنەوە، چونکە ئەوەی جارێک لە سەفەرێکی دورودرێژی ناو ئۆقیانووس بووبێت، کاتێک لە (دوورگەیەک!) پشوو دەدات، هەر دەبێت ئاگرێکیش بکاتەوە. سەرتاپێی سەربووردەی کارەکتەرەکانی (کاکەسوور) بەو ئاگرکردنەوەیە کۆتاییان دێت. لە ڕاستیدا کارەکتەرەکان دەزانن، کە ئەو ئاگرکردنەوەیە دەبێتە هۆی کۆتایی ژیانیان، بەڵام خۆ ئاگریش نەکەنەوە، هەر کۆتاییان دێت، بۆ هەر لە خاڵی یەکەمدا کۆتایی شتێکی بڕیار لەسەردراوی تاک خۆی نەبێت لە سەفەری دوور و درێژ، کە پێی دەڵێن ژیان؟ ئەوە بەو مانایە نایەت، کە خۆیان دەکوژن، لە کاتێکدا بەشێک لەوان خۆیان دەکوژن، بەڵکو بەو مانایە دێت، کە مادام کۆتایی هەر کۆتاییە، بۆچی لەنێوان سەرەتا و کۆتاییدا، یارییەکە بۆ گەشە و یاخیبوونی بەردەوام نەبێت، وەکو تۆڵەیەک هەم لە بوون، ژیان و مردن؟

کارەکتەرەکانی (کاکەسوور) بە زۆر شێوە ئاگر دەکەنەوە؛ دەبینین دەمرن و لە دەشتەکان دەنێژرێن، دەڕۆن بۆ شاخ و یان هەڵخزان لە شاخ یان گووللە، یان ناپاکی لە شۆڕش دەیانکوژێت، جارێکی تر لەگەڵ سۆزانییەک بە سەرخۆشی ئۆتۆمۆبێلەکەیان وەردەگێڕن و دەمردن، جاری واش هەیە هەر لە ماڵەکەی خۆیاندا لە تەمەنێکی گەنج بە ئازاری ژیان دەمرن، یان خۆیان دەکوژن، زۆر دۆخیش هەیە، کە کارەکتەرەکان یەکتر لەناو دەبن، ئەوانەی کۆچ بۆ دەرەوەش دەکەن، هەر بە سەربوردەی نەخوازراو کۆتاییان دێت، لە زۆربەی دۆخەکانیشدا ون دەبن و کەس نازانێت چیان بەسەر دێت، بەڵام هەموو ئەو دۆخانە لە کۆتا بەرهەمی بڵاوکراوەی (ڕێگاکانی ژەهر) دەبنەوە بە یەک، کە چ ئەوەی بە هەر جۆرێک کۆتایی پێ دێت و چ ئەوەی دەژیێت، بە ژەهری ناوەوەی خۆی، کە ژیانە، دەناڵێنێت، چ بژین، بە هەر شێوەیەک بێت، چ بمرین، بە هەر ڕێگەیەک بێت، ئێمە، کە بوونمان هەیە و نییە، بەسەرماندا سەپێندراوە بەدەم ئازاری ئەو ژەهرەی بوونمان بناڵێنین. لێرەدا ئەوەی ئاگر لەسەر پشتی (ئەسپیدیلۆن) دەکاتەوە، کاتێک نقوومی ئاو دەبێت، تووشی هیچ شۆکێک نابێت، مادام بە بوونی لە ژیاندا لە شۆکێکی بەردەوام دایە. ڕێی تێدەچێت بڵێین، کە ئەوانەی دەمرن بۆیە تووشی شۆک دەبن، چونکە بۆیان دەردەکەوێت، کە لەناو شۆکدا ژیاون. ئەوەی دەژیێت ئاگای لەوە نییە لە شۆکدا دەژیێت، بۆیە هەر شتێک دەکات دەرئەنجامی ئەوەیە، کە تێناگات بۆچی هەیە و بۆچی نییە. (کاکەسوور) بە دروستکردنی ئەو شۆکانە دەیەوێت پێمان بڵێت، کە تووشی شۆک نەبین. هەرچەند سەربوردەی کارەکتەرەکان شۆکدارن، بەڵام تووشی شۆکیشمان ناکەن، چونکە لە بنەڕەتدا هەموو بوون و نەبوون شۆکێکە تەواوی وزەیە، کە کەوتووەتە ناو بوون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چونکە ئەزموونێکی دورودرێژی لەگەڵ ئەوەدا هەیە، چۆن شۆک لە بوونماندا پەرشوبڵاو دەبێت، خودی (کاکەسوور) لە ئەنجامی ئەوەی دەزانێت شۆک هێشتا نەیتوانیوە بیرکردنەوەی زمانی ئێمە بجووڵێنێت، لە دەرئەنجامی نائومێدی نەک شۆک، بڕیار دەدات واز لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بهێنێت. (کاکەسوور) هەرچەند بە دروستکردنی ئاتمۆسفێری کۆمەڵایەتی لەناو نووسیندا، یان بە بەرزکردنەوەی پرسیار لە ئاستی ئەوانەی، کە سەرنجی (کاکەسوور)یان ڕاکێشاوە یان بەری کەوتووە (دووبارە سەرنجم لەسەر ئەو نەریتەش هەبووە، تا کار گەیشتە ئەوەی بە حوکمی ڕووکەش و خێرا سەرنجی خۆم دەرببڕم)، هەوڵی داوە لانی کەم ئەو ئاستەی خۆی پێی بیر دەکاتەوە، ببێت بە نەریتێکی ناو زمان و بیرکردنەوەی ئێمە، نەک بە تەنیا تایبەت بێت بەوانەی، لە بەرزاییەکاندا وشەکان دەنێرن.
زمانی بیرکردنەوەی ئێمە لە سێ لایەنەوە هەوڵی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و لە ئاستی بیرکردنەوەی ڕووکەش بۆ ئاستی ئافراندنی ئاتمۆسفێری تایبەت بە خۆی دەگوازرێتەوە، ئەوانیش بە هەوڵەکانی (شێرکۆ بێکەس) لە شیعردا، (د. محەمەد کەمال) بە بەرهەمە فەلسەفییەکانی، سێیەمیشیان لای (کاروان کاکەسوور) هەم بە دنیا ترسناکە ئەدەبییەکەی، هەمیش بە بۆچوون و نووسینە فیکرییەکانی.

(کاکەسوور) درەنگ وازی هێنا، لانی کەم نووسەری داهێنەر ئەگەر ویستی وازهێنانی هەبێت، هەر لە یەکەم شوێندا نانووسێت. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی (کاکەسوور) پێی دەڵێت وازهێنان، وازهێنان نییە، چونکە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی بانگەشەی ئەوەیان نەکردووە، کە واز دەهێنن. ئەگەر (کاکەسوور) بە لایەنێکدا سەرکەتوو دەبێت لەو بڕیارەی، کە داویەتی، بە لایەنێکی تردا شکستی هێناوە، کە تارمایی بەرهەمەکانی هەمیشە لە ئاتمۆسفێری زمان و بیرکردنەوەی ئێمەدا ئامادەیە. مرۆڤ بە درێژایی مێژوو توانیویەتی شەڕی زۆر گەورە بکات، بەڵام لەوەدا سەرکەتوو نەبووە، کە ڕێگە لە تارماییەکان بگرێت لەو کاتەی دەردەکەون. ئەوەی لە دەستی داهێنەرێکی وەکو ئەو دەرچووە، تازە نە بڕیارە بگەڕێتەوە دەستی، نە بڕیاریشە ببنەوە بەوەی، کە پێش بوون، هەبووە.
هیچ داهێنەرێکیش ناتوانێت هێندە نائومێد بێت، ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا خۆی نەزانێت چ داهێنەرێکی گەورەیە.

بە هۆکاری ئەوەی، کە لە ساڵی 2008ەوە پێوەندییەکی دۆستانەی نزیکم لەگەڵ (کاروان کاکەسوور)دا هەیە، کە ئەو پێوەندییە بە زۆر دۆخدا تێپەڕیوە، لەوەی بۆ یەکەمجار بە داواکردنی نووسینی پێشەکی بۆ چاپی دووەمی ڕۆمانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە) چارەنووسی من ئاڕاستەی نووسینی فیکری کرد، لە کاتێکدا ئەو کات من شاعیرێکی سادە و ساکاری تازە پێگەیشتوو بووم، تا لە دواین دۆخی هەنووکەییدا، هەستم بە جیاوازی گەورە دەکرد لەگەڵ بۆچوون و ڕێگاکانی دەربڕینی، کە لە زۆربەی دۆخەکاندا پێوەندیی بە ناجێگیریی بیرکردنەوەکانی منەوە هەبووە، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لەو ئەزموونەی ناو نووسینمان، کە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنەکەی، ئەو ئەزموونەی پێوەندیی بە نووسینەوە هەیە لەنێوانماندا کۆتایی پێ هاتووە، بۆم دەردەکەوێت، کە سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکانی (کاکەسوور) بەشێکی گەورەی پانتایی نووسینەکانی من بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بەڵام ئەزموونی ئەدەبی و هزری (کاکەسوور) هێشتا زۆر دیو و لایەنی ماوە، کە نووسین و ڕەخنە پێویست دەکات ڕۆشنیان بخاتە سەر.

لەگەڵ ئەوەشدا، (کاروان کاکەسوور) بۆ من نە بە تەنیا هاوڕێیەکی زۆر نزیک و خۆشەویستم بووە (لانی کەم دوور و درێژترین ئەزموونی هاوڕێیەتیم لەگەڵ ئەوە)، بەڵکو دوژمنیش بووە، لەو کاتەی، کە پێویستم بە دوژمنێک هەبووە بۆ ئەوەی بتوانم لانی کەم بە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکەم، بمێنم و بەرەو سەروو هەڵکشێم. بۆیە پێناسی من بۆ هاوڕێ ئەوە نییە، کە هەر هاوڕێ بێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەبێت بشبێت بە دوژمن، کاتێک دەزانێت هاوڕێکەی پێویستی بە دوژمنێک هەیە، بەڵام دوژمنێک، کە بە بوونی، فێر دەبین ئارام بین و دیوە قووڵەکانی تری ژیان ببینین، کە لەو کاتەی دوژمنمان نییە، توانای بینینمان نابێت. دیارە مەبەستم لە دوژمن دیوێکی تری هاوڕێیە، نەک هەبوویەکی ڕووخێنەری دژ بە ژیان، وەک ئەوەی ئەوەی ئەو وشەیە لە خۆیدا هەڵی گرتووە. بە هەموو دیوێکەوە، (کاکەسوور) سەرەڕای بیرکردنەوە و جیهانە قووڵەکەی، خاوەن رۆحێکی لێبوردە و پڕ لە خۆشەویستییە، کە هەموو ئەوانەی بە دەورییەوە بوون، هەستیان بە جیاوازی و هێمنی ئەو رۆحە کردووە و تارمایی ئەو رۆحەش هەمیشە ئامادەیی دەبێت.

—————
وێنەکەی سەرەوە:
(کاروان کاکەسوور و سۆران ئازاد، ساڵی 2010 گیراوە)

Previous
Next

Leave a Reply