Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
من و ئه‌و ..!….سه‌روه‌ر که‌ریم

من و ئه‌و ..!….سه‌روه‌ر که‌ریم

Closed
by September 24, 2008 ئەدەب

 من و ئەو …!
 سەروەر كەریم

 
زۆرگرانە شیعر بتوانێ پێناسەى ئەو بکات !
تا ڕەنگى بەفر نەناسین و ،
ئاشنا نەبین بەگریانى هەورو ،
لەماناى ئاوێزان بوونى مانگ و دەریانەگەین .
ئەستەمە وێنەى ڕوخسارى بکێشین ..
ئەوێک ، لەگەڵ وەرزى باران نایەت و ،
ناچێتە دیدەنى باخچەکان و،
حەز بەبینینى ئاونگى بەیان ناکات .
بەبینینى پەلکەزێڕینە توڕەدەبێت و ،
گوێ بۆگۆرانیەکانى ژیان ناگرێت .
ئەو تەنها خۆى نهێنى ماناى بوونە و ،
ئەو تەنها خۆى بەفرەو ،
کەس وادەى بارینى نازانێ ؟
ئەمێستا من هەموو وەرزێکى زستان ..
چاوەڕوانى ئاوس بوونى هەوردەکەم ،
تابۆ تەنیا جارێک بەفر ببارێنێ و ،
هەموو زەمین بکاتە ڕەنگى خۆى و ،
من و مانگ و دەریا لەخۆیا بتوێنێتەوە و ،
یەکەمین چیرۆکى عەشقى بەفر ،
بچێتە ناو فەرهەنگى ژیان و ،
کەناریەکان لەخەوى قوڵى نائومێدى بەئاگابێن و ،
بەدەنگیان باخچەکان پڕبکەن لەئاواز .
ئاى چاوەڕوانى وادەى بەفر !
کەى دەبارێتە ناو ڕوحمەوە و ؟
ئەم تەمەنە پڕلەنامۆییەم ،
بەڕەنگى خۆت سپى دەکەیتەوە و…
دەمبەیتەوە ماڵەکانى خۆشنودى و ،
سەمایەک بەڕوحم دەکەیت .
Sarwar_kareem@yahoo.com
sarwarkareem@gmail.com
سلێمانى
19/9/2008

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.