Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حیكمەتەكانی ئاو و ناڕێكی دابەشكردنی ئاوی كوردستان

حیكمەتەكانی ئاو و ناڕێكی دابەشكردنی ئاوی كوردستان

Closed
by September 24, 2008 گشتی

 حیكمەتەكانی ئاو و ناڕێكی دابەشكردنی ئاوی كوردستان
سەنگەر زراری

 "هەموو ئەشچن بە خنكان و لە وشكیشە مەلەی مەخلوق"
       مەحوی

 بە پێی راپۆرتێكی جیهانی، 21 شاری گەورەی جیهان هەڕەشەی ئەوەیان لەسەرە كە تا چەند دەیەی داهاتوو بكەونە ژێر ئاو، لەوانەش شارەكانی وەكو "نیویۆرك"ی ئەمەریكا و "قاهیرە" و "ئەسكەندەریە"ی میسر و چەند شارێكی وڵاتانی ئەوروپا و هیند و چین.
 لەبەرامبەردا چەند وڵاتێك بەهۆی وشكەساڵی تووشی زەرەر و زیانی زۆر هاتوون، لەهەموویان نزیكتر ئەو كوردستانەیە كە ئێمە تێیدا دەژین، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا كوردستان لەبەر نەبوونی ئاو، بێ ئاوە؟ یان لەبەر ئەوەیە كە ئاوەكە بەڕێكوپێكی دابەش ناكرێت؟.
 شارستانییەتە گەورەكانی مرۆڤایەتی لە شوێنە بێ ئاوەكان دروست نەبوونە و تەنانەت هەندێ لە شارستانییەتەكان بەناوی ئاوەكانیانەوە ناسراون، "شارستانییەتی نیل" و "شارستانییەتی دۆڵی دوو رووبار" شایەدی ئەوەن.
 باوەڕم بەوە نییە لە كوردستان وشكەساڵی هەبێ، چونكە 50% ی ئاوی هەموو عێراق لە كوردستانە، ئەمە جگە لەو ئاوەی كە لە توركیاوە دێت و بە پێی ریككەوتنی ئەم دواییەی نێوان "مالیكی" و "ئەردۆگان" رێی لێناگیرێت و بەردەوام بۆ عێراق دەنێردرێت، لە كاتێكدا توركیا (22) بەنداوی دروست كردبوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاوەی كە بۆ عێراق دێت، ئەگەر توركیا بەڵێنەكەشی نەگەیەنێتە جێ و ئاوەكەشی بگرێتەوە، ئەوا ئاوی كوردستان بەشی خۆمان دەكات، چونكە كوردستان بە ئاو دەوڵەمەندە، راستە باران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر نەباریووە یان كەم باریووە، بەڵام ئێمە جگە لە باران چەند "زێ"یەك و ئاوی ژێرزەویشمان هەیە، بۆیە ئەوەی لە كوردستان هەیە بێ ئاوی و وشكەساڵی نییە، بەڵكو نەبوونی میكانزمێكی گونجاو و سیستەمێكی رێكوپێكی دابەشكردنی ئاوە.
 حیكمەتی ئاو لەوەدایە كە پێویستی بە هاوسەنگی هەیە، نابێ لەڕادەی پێویستی خۆی نە زیاد بكات و نە كەم، پێویستە ئێمەش زیانەكانی كەمبوونی ئاو و زیادبوونی ئاو بزانین، هەم لەسەر مرۆڤ و هەم لەسەر هەسارەی زەوی، چونكە مرۆڤ و زەوی لەڕووی پێكهاتە و دابەشكردنی ئاو، زۆر لەیەكدی دەچن، سێ بەشی گۆی زەوی لە ئاو پێكهاتووە، سێ بەشی لەشی مرۆڤیش لە ئاو پێكهاتووە، بە زیادبوونی ئاو لە زەوی هەر وڵاتێك، لافاو هەڵدەستێت و ئاوەدانییەكان زەرەرمەند دەبن، بە زیادبوونی ئاو لە لەشی مرۆڤ، مرۆڤ تووشی پەستانی خوێن و سەرئێشە دەكات و زەرەر بە گورچیلەكانی دەگات، بە نەبوونی ئاو لە هەر پارچە زەویەك، وشكەساڵی دروست دەبێت و زۆرجاریش جەنگ لە نێوان وڵاتان بەرپا دەبێت، بە كەمبوونی ئاو لە لەشی مرۆڤ پەستانی خوێن كەم دەبێت و گورچیلەكانی مرۆڤ لەكار دەكەون.
 "مەحوی" گەورە هەر زوو لەم نیوەدێڕەی سەرەوە گوتوویەتی ئەگەر ئاو زۆر بێت یان كەم هەر مرۆڤ دەخنكێنێ، ئەگەر زۆر بێت مرۆڤ لەناویدا دەخنكێت و ئەگەر كەمیش بێت لەتینوان دەخنكێ، ئەی ئێمە لە كوردستان دەبێ چۆن بخنكێین؟ ئایا لەبەر ئەو بێ ئاویەی كە ئێستا دروست بووە؟ یان لەكاتێكدا ئاوە زۆرەكەی هەمانە بە هەڵە بەكار بێت و لافاو دروست بێت و ئێمەش لەناویدا بخنكێین؟!!!
 

  sangarzrary@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.