
زنجیره درامای ئاره‌زوو له دیدی بینه‌رێکه‌وه
زنجیره درامای ئاره‌زوو له دیدی بینه‌رێکه‌وه
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
ئێواره‌ی 22.9 یه‌که‌م ئه‌ڵقه‌ی زنجیره دارامای ئاره‌زوو له ههردووکهناڵی کوردسات و کوردستان تیڤێدا له دوو کاتی جیاوازدا نمایشکرا ،وه‌ک ڕاگه‌یه‌نرا ئه‌م زنجیره‌یه له یه‌ک دوو که‌ناڵی دیکه‌ش وه‌ک نه‌ورۆز و قه‌ڵات و سلیمانیش نمایشده‌کرێت.
دراماکهلهنووسینی عه‌باس عه‌بدول ڕه‌زاق و له ده‌رهێنانی ئه‌رسه‌لان ده‌روێشه که هاوکات ڕۆڵی مامۆستا ئه‌حمه‌دیش له دراماکه‌دا وازی ده‌کات،ئه‌رسه‌لان له بواری ده‌رهێناندا که‌سێکی بهئهزموونهو کاره‌کانی ڕابردووی گهواگی ئه‌وه‌ن که جێده‌ستی به سیمای هونه‌ری نواندنی کوردیه‌وه دیاره .
له‌م درامایه‌دا چه‌ندین ئه‌کته‌ری ناودارو به‌توانا به‌شداری تێداده‌که‌ن که ئه‌مه‌ش جۆرێک له هێز ده‌داته کاره‌که.
له میانه‌ی دیتنی ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌مدا چه‌ند سهرنجیکم لادرووست بوو،سه‌رنجه‌کانم وردن لی بۆ کارێکی له‌و جۆره درامایه گرنگن.
نه له بواری شانۆ‌و دراما کارده‌که‌م ونه ڕه‌خنه‌گری ئه‌و بوارهشم ،بۆیه ئه‌م سه‌رنجانه‌ی ده‌یانخه‌مه‌ڕوو وه‌ک بینه‌رێک گوزارشتیان لێوه ده‌که‌م، که بێگومان جیاوزن له ڕه‌خنه‌و سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گرێک یا که‌سێک که کار لهوبوارهدادهکات.
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پیدا سه‌رنجه‌کانم ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌من که له چه‌ند خاڵیکدا چریان ده‌که‌مه‌وه.
1. له‌سه‌رتای ئه‌ڵقه‌که‌دا سواره‌و نازدار به مندالی ده‌بینرێن ،سواره خه‌ریکی به‌رخ له‌وه‌ڕاندنه له ده‌ره‌وه‌ی گوند که به کوردی پێیده‌وترێت[ بهرگهلهوان] .ئه‌مکاره‌ش پتر منداڵ یا هه‌رزه‌کار ده‌یکات به‌هۆی ئه‌وه‌ی کارێکی ئاسانه‌و پێویستی به‌و وزهیهنیهکه بۆ شوانێک پێویسته. له‌وێدا نازدار یاری له ته‌ک به‌رخه‌کاندا ده‌کات و پاشان به‌ده‌م یاریه‌وه نازدار به‌ره‌و گوند ڕاده‌کات و سواره‌ش به دوایدا تا ده‌گه‌نه گوند، به‌پێی ڕاکردنهکهدیاره هه‌ندێک دوورن له گونده‌وه .که ده‌گه‌نه گوند باوکی سواره کاک ئه‌وڵا[زاهیر عه‌لی] ده‌بینن نازدار چه‌ند قسه‌یه‌ک له گه‌ڵ باوکی سواره ده‌کات و ده‌ڕوات، زۆری پێناچێت سواره‌ش ده‌گاته لای باوکی .پاش هه‌ندێك قسه‌کردن باوكی به‌سواره ده‌ڵیت ده‌با بڕۆینه‌وه بۆ ماڵه‌وه .تا ئێره هه‌مووشت ئاساییه گه‌ر بیر له به‌رخه‌کان نه که‌ینه‌وه ،به‌ڵام گه‌ر چه‌ند چرکه‌یه‌ک بگه‌رێینه‌وه بۆ دواوه ده‌رده‌که‌وێت سواره بهرگهلهوانه واته ئاگای له بهرخهکانه و نابێت جێیان بهێڵیت تا نه‌چن به‌ملاولادا . له هیچ شوێنێکیش به‌رخ و مهر به‌ته‌نها جێناهێڵرێن هه‌م له‌به‌ر دزین هه‌م له‌به‌ر گورگ. هاوکات هێنده ئاوه‌زیان نیه تابڵێین قه‌یدی نیه خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆگوند، بۆیه چاکتربوو باوکی سواره کاک ئه‌وڵا خێرا سواره‌ی بگه‌ڕانایه‌ته‌وه بۆ لای به‌رخه‌کان نه‌ک پێکه‌وه بچنه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
2. له دیمه‌نێکی تردا که ماڵی سواره‌یه له ژوره‌وه سواره له‌ته‌ک دایک و باوکی و براکه‌ی دانیشتوون، واپێده‌چێت دوای نان خوردنه و هه‌موو نانیان خواردووه ،چونکه دایکی سواره چایان ده‌داتی. له‌وێدا باوکی سواره به سواره ده‌ڵیت گه‌ر نانه‌که‌ت خوارد بڕۆ بۆ ماڵی مامه ئهنوهرت، له‌گه‌ڵ قسه‌که‌دا دایکی سواره چایه‌ک ده‌خاته به‌رده‌م سواره،ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌ویش نانی خوردوهو چای ده‌کات به‌سه‌ردا که وه‌ک لای کورد‌و ڕۆژهه‌لاتی باوه .بۆیه ده‌بوو پیی بڵێت [کوڕم گه‌ر چاکه‌ت خوارده‌وه بڕۆ بۆ ماڵی مامت].
3. کوێخای گوند[ ئه‌حمه‌د سالار] له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک له به‌رزاییه‌ک ڕاوه‌ستاون چاوه‌ڕێی مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌که‌ن کهکوڕی کوێخایه و له‌شار هاتوه‌ته‌وه‌و بووه‌ته مامۆستای گوند . له‌وێدا کوێخا فه‌رمان ده‌دات که بچن جانتاو شته‌کانی مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ڵگرن، به پێی مهشههدهکهش ته‌نها چه‌ند هه‌نگاوێک دوورن لێیانه‌وه ،که ده‌گه‌نه لایان که‌سێک له ته‌ک مامۆستادایهو جانتاکه‌ی بۆههڵگرتووه که زۆر بچوکه و له‌وه زیاتر هیچی تری پێنیه.به‌رای من ئه‌و مه‌شهه‌ده زیاده‌بوو و هیچ پێویست نه‌بوو.
4. فایه‌قه گێل [یاسین به‌رزنجی] به سه‌باوی هاوسه‌ری ده‌ڵیت لای سپیهدارهکان بووم سه‌یری ئهستێڵهکهم کرد [چوم تا بزانم ئاوه‌که پڕ بووه] ئاو پڕ نابێت به‌ڵکو ئه‌ستێڵ پڕ ده‌بێت له ئاو ،بۆیه له‌ڕووی زمانه‌وانیه‌وه جوانتر بوو بڵێت چووم تابزانم ئه‌ستێڵه‌که پڕ بووه له‌ئاو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێنده‌ی من بزانم ئه‌ستێڵ که وه‌ک عه‌مباری ئاو به‌کار ده‌هێنرێت بۆ زه‌رعات به‌رده‌وام پڕه له ئاو به‌وه‌ی له‌یه‌ککاتدا ئاوی تێدهناو [ له کانیه‌وه بێت یا چ جۆگه] هاوکات ئاویشی لهبهردهروات.
5. ده‌مێک له‌ناو گونداههندێک له ژنه‌کان ڕاوه‌ستاون و سه‌یری هاتنه‌وه‌ی مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌که‌ن که نازداریش یه‌کێکه له نێوانیاندا هه‌روه‌ها خوشکی سواره‌ش که ئه‌وینداری مامۆستا ئه‌حمه‌ده، له پاش که‌میک سهباویش په‌یداده‌بیت ،سه‌باو تانه‌یه‌ک له نازدار ده‌دات و ده‌ڵێت وه‌ڵا له لای سپیهدارهکان بووم . به‌مه ده‌یه‌وێت به نازدار بڵێت که ئاگادارم له ژوانی نێو سپیداره‌کان له گه‌ڵ سواره‌دا .ئه‌مه پاش ئه‌وه‌ی که مێرده‌که‌ی سه‌باو فایه‌قه گێل نازادارو سواره‌ی له‌وێ دیبوو ، به‌ڵام هێشتا فایه‌قه گێل ئه‌م ڕووداوه‌ی بۆ که‌س نه‌گێراوه‌ته‌وه ،ئیدی ئه‌و چۆن زانی نازدارو سواره له ناو سپیهدارهکان له ژواندابوون ؟ پاش ئه‌م مه‌شهه‌ده که سه‌باو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماله‌وه ئه‌وجا فایه‌قی مێردی باسه‌که‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه ، خۆناشکرێت بێژین سه‌باو پێشبینی کردوه ،یا هه‌ستی به‌و کاره‌کردووه .که‌واته لێره‌دا سه‌باو پیش رووداو که‌وت ، بۆیهدهبوو ئه‌و دوو دیمه‌نه پاشوپێش بکرانایه. به‌رای من ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌ق بوو نه‌ده‌بوو به‌سه‌ر ده‌رهێنه‌ردا تێپه‌ڕێت.
6. مامۆستا ئه‌حمه‌د له کاتی وانه گووتنهوهدا له قوتابخانه‌ی گونده‌که‌یان له ناوه‌ڕاستی وانه گووتنهوهدا به خوێندکاره‌کان ده‌ڵێت [ده‌ی کتێبه‌کانتان هه‌ڵگرن]. ده‌مێک که سێک گوێی له‌م وته‌یه ده‌بیت چاوه‌ڕیی ئهوهداکات که بڵیت فه‌موو بڕۆنه‌وه بۆ ماڵه‌وه،که‌چی پاش ئه‌و وته‌یه چه‌ند قوتابیه‌ک هه‌ڵده‌سێنێت بۆ نووسین له‌سه‌ر ته‌خته ڕه‌ش.به‌رای من گونجاوترده‌بوو گه‌ر مامۆستا ئه‌حمه‌د بیگوتایه [ده‌ی کتێبه‌کانتان دابخه‌ن و‌ئێستا له‌سه‌ر ته‌خته‌ره‌ش ده‌نووسین] .
7. له دیمهنێکێتی دیکه‌دا مامۆستا ئه‌حمه‌د به باوکی خۆی ده‌ڵیت ،ده‌بێ {جه‌نابت} کارێک بکه‌یت که ئه‌م کێشه‌یه ته‌شه‌نه نه‌کات و چاره‌سه‌ری بکه‌یت.
من تا ئێستا نه‌مبیستوه کوڕێک به باوکی خۆی بڵێت جه‌نابت با زۆر ڕیزیشی لێبگرێت یا لێی بترسێت. جه‌ناب پتربۆ دهدهروهی بازنه‌ی خێزان به‌کار ده‌هێنرێت نه‌ک له نێوان باوک و کوڕدا.له‌و حاڵه‌دا یا باوکه گیان یا باوکی خۆشه‌ویستم به‌کار ده‌هێنریت.
8. دواخاڵ که گه‌ره‌کمه ئاماژه‌ی پێبده‌م زمانی دراماکه‌یه،وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت چه‌قی ڕووداوه‌کان گوندێکی کوردستانه{سه‌رده‌م دیارنیه} ، دیاره زمانی گوند نشینیش جیاوه‌زه له زمانی شارنشین. ویرای ئه‌مه ههردهڤهرێکی گوندنشینی کوردستان جۆره دیاله‌کتیکێکی تایبه‌تیان هه‌یه که پێی ده‌ئاخافن و خه‌ڵکانی شارنشینیش ده‌توانن تا راده‌یه‌ک دیالهکتیکهکان له‌یه‌ک جیابکه‌نه‌وه .به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێ‌کرد له‌م درامایه‌دا ئه‌کته‌ره‌کان زۆر به‌که‌ماڵی ئیسراحه‌ت شارانه ده‌دوێن وته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌کته‌رێک به‌و جۆره زاراوه یا دیاله‌کتیکه شاریه ده‌دوێت که له ژیانی ڕۆژانه‌یدا قسه‌ی پێده‌کات.ئه‌م خاڵه زۆر به ڕوونی زیاتر له قسه‌ی ئافره‌ته‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت به‌جۆرێک گه‌ر که‌سێک مه‌شهه‌ده‌کان نه‌بینێت وته‌نها گوێی له‌قسه‌کان بێت هیچ هه‌ست ناکات که ئه‌مانه گوندنشینن.خۆ گه‌ر بڵێین گوندێکی نزیک شاره و تێکه‌ڵاویان له‌گه‌ڵ شاردا زۆره ،هه‌ر هێشتا جیاوازی دبێت هه‌بیت.
ده‌بوو ده‌رهێنه‌ر گرنگیه‌کی تایبه‌تی به‌م لایه‌نه بدایه تا دیالۆگه‌کان و ڕووداوه‌کان به باشترین شێوه به‌رجه‌سته بکرانایه .
زۆربه‌مان زۆرێک له زنجیره دراما میسریهکانمان دیوه ئه‌وانه‌ی که رووداوه‌کانیان له‌نێو گونددا ڕووده‌ده‌ن[به‌تایبه‌تی گونده‌کانی ده‌ڤه‌ری ێعیدی میسر] ،ده‌مێک مرۆڤ گوێ بۆ ئاخافتنی ئه‌کته‌ره‌کان شل ده‌کات واهه‌ست ناکات که ئه‌مانه ئه‌کته‌ریی شارین، هێنده ده‌چنه ناو ڕۆڵه‌که‌یانه‌وه به‌تایبه‌تی له ئاخافتندا بینه‌ر سه‌رسام ده‌که‌ن وڕایدهکێشن بۆ قوڵایی ڕووداوه‌کان . ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر زاراوه‌و ئاخافتنیان ده‌گۆڕن به‌ڵکو ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوکه‌وت و بزوه‌ی له‌ش و دستیشیان ته‌واو گوندی ده‌که‌ن که تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.
به‌ڕای من ده‌بوو کاک ئه‌رسه‌لان له‌م لایه‌نه‌وه خۆی ماندوو بکردایه هاوکات هیچ نه‌نگی نه‌ده‌بوو گه‌ر پرسی به هه‌ندێک پیاوانی گوندنشین بکرادایه سه‌باره‌ت با هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ی گوندنشین له هه‌موو ڕوه‌کانه‌وه.
ئه‌م ڕه‌خنانه‌ی من له به‌های داراماکه که‌م ناکاته‌وه چ له‌ڕووی ده‌رهێنان و نواندنه‌وه چ له‌رووی ناوه‌ڕۆکی دراماکه‌وه که خستنه‌رووی کێشه‌یه‌کی زۆر زۆر مه‌ترسیدارو هه‌ستیاری هه‌ڵبژاردووه، ئه‌ویش په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌شه‌کوژی ژنانه که گه‌شتووه‌ته ئاستێک بێده‌نگبوون لێی تاوانه .بۆیه گه‌ره‌که له‌سه‌ر مان پێکه‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی بنه‌برکردنی ئه‌م دیارده قێزه‌وه‌نه بده‌ین ،به‌تایبه‌تی له‌ڕیگه‌ی هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاوه که ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌تونن ئیشی تێدابکه‌ن ، به‌تایبه‌تیش دراما ده‌توانێت ڕۆڵێکی کاریگه‌ر وازی بکات .ئومێده‌وارم ئه‌م زنجیره‌یه کاری به پێزتری به‌دوادابیت و هیوای سه‌رکه‌وتن و ده‌ستخۆشیش بۆ سه‌رجه‌م به‌شداربوانی ئه‌م درامایه، له نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رو ئه‌کته‌رو وێنه‌گرو تاد…
halabja@forum.dk