Skip to Content

83 Views

دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا چه‌ند شه‌رمه‌زاره‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا چه‌ند شه‌رمه‌زاره‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

Be First!
by October 4, 2017 General, Opinion
image_print

هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی كوردستان و كه‌ته‌لۆنیا، دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا سه‌لماندی، كه‌ پتر دیموكراسیه‌تێكی سیاسی ئابووری – كاڵاییه‌، نه‌ك دیموكراسیه‌تێكی سیاسی – مرۆیی. دیموكراسیه‌تێكه‌، كه‌ به‌ ئاسانی (به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری كیشوه‌ری خۆیدا) به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كاته‌ قوربانی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندێكی ئابووری – ماددیی سیستمی سه‌رمایه‌داری ئه‌و وڵاتانه‌: فه‌ره‌نسای میراتگری بزاڤی ڕۆشنگه‌ریی، ویستی گه‌لێك پشتگوێ ده‌خا و دروشمه‌ مێژووییه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی له‌ ئازادی و یه‌كسانی له‌بیر ده‌كا. ئه‌مه‌ریكای فیدڕالی پشت له‌ مێژووی جه‌نگی سه‌ربه‌خۆییخوازی خۆی ده‌كا و ئه‌مه‌ بۆ كه‌ته‌لۆنیا و كوردستان به‌ كوفر و گوناحێكی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری ده‌زانێ.

سه‌رله‌به‌ری وڵاتانی ئه‌وروپای پێشكه‌وتن و دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ و نازانم چی و چی… ده‌چنه‌ پاڵ دواكه‌وتووترین و خوێناوییترین ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت و ڕژێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی داگیركه‌ری وه‌ك ئێران و توركیا و عێراق و سوریا و باس له‌ قودسیه‌تی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كه‌ن؛ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ زۆڵه‌ی، كه‌ خۆیان بۆ ئێمه‌یان دروستكرد و به‌سه‌ر ئێمه‌یاندا سه‌پاند (تا ئێستا ڕۆژئاوا به‌رژه‌وه‌نده‌ ئیمپریالیسته‌كانی خۆی به‌ پیرۆز ده‌زانێ، ئه‌گه‌رنا ناچنه‌ پاڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌ دوژمنانه‌ی، كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌لانی وه‌ك كورد و فه‌له‌ستین بخنكێنن). یه‌كێكیان ئه‌و بوێرییه‌ ئه‌خلاقییه‌یان نییه، كه‌ بڵێن گه‌لانی وه‌ك كورد مافی سروشتی مرۆیی دیموكراسی خۆیانه‌، كه‌ بیانه‌وێ بۆخۆیان ئازاد و سه‌ر‌به‌خۆ بژین.‌ ڕه‌نگه‌ ڕوسیای میراتگری قه‌یسه‌ری له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوه‌ستی له‌ هه‌موو وڵاتانی قه‌ڵای دیموكراسی باشتر بێ (ببوورن من هه‌رگیز ناڵێم ڕوسیا وڵاتێكی ئینساندۆسته‌. به‌نموونه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێستا له‌ سوریا ده‌یكا، به‌ربه‌ریه‌تێكی ته‌واوه‌)، كاتێك له‌ته‌ك ئه‌ردۆگان و له‌ كۆشكه‌ سوڵتانییه‌كه‌ی گوتی ئێمه‌ ڕێز له‌ خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد ده‌گرین (ئه‌مه‌ریكا، كه‌ خۆی لێره‌ باڵاده‌سته‌ زۆر كه‌م و زۆر شه‌رمنانه‌ باسی ئه‌م مافه‌ی ئێمه‌ ده‌كا). من نازانم ئه‌گه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری زلهێزه‌كان پێكی بهێنن، ئه‌مه‌ چ یاسایه‌كه‌ و چ پێوه‌ندییه‌كی به‌ مافی مرۆڤ و مافی گه‌لانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ به‌ڵكو ده‌شێ بڵێین، كه‌ ئه‌م یاسایانه‌ یاسای سته‌مكاره‌ به‌هێزه‌كانن، كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ژموونی خۆیان دایانڕشتوون.

هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م ڕه‌خنه‌ ده‌ره‌كییانه‌ ڕه‌خنه‌ ناوه‌كییه‌كانمان له‌سه‌ر تراژیدیای سیاسه‌تی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یێكی ده‌سه‌ڵاتی كوردی لێ ناشارنه‌وه‌؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی،‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ بینای كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و ئابووری كوردستان بكا، به‌ڵكو ئه‌و بینایه‌شی به‌ته‌واویی، له‌ڕێگه‌ی بنكۆڵكردنی ژێرخانی ئابووری و تێكدانی شیرازه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناشیرینكردنی ژیانی ڕۆشنبیریی و بچووككردنه‌وه‌ی مانی دیموكراسی… وێرانكردووه‌.

كه‌واته‌ سه‌رخان و ژێرخانێكی وێران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گوشاری هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كان، چۆن ده‌وڵه‌تی پێ داده‌مه‌زرێ؟ ئایا دیكتاتۆریه‌تی حزبایه‌تی، كه‌ له‌ كوردستاندا به‌ته‌واویی باڵاده‌ست و باوه‌، ده‌توانێ ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنێ؟ یاخود ئه‌مه‌ سه‌دله‌سه‌د هه‌وێنی ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌بار ده‌با؟ ئه‌م پرسیارانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبپه‌رستی هه‌رێمن، با وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌!

به‌ختیار محه‌مه‌د

Previous
Next

Leave a Reply