Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەو رۆژەی تیایدا ونبوم!… لە عەرەبیەوە: هێمن مەحمود

ئەو رۆژەی تیایدا ونبوم!… لە عەرەبیەوە: هێمن مەحمود

Closed
by January 19, 2008 ئەدەب

   چیرۆكی :
…(ئیسحاق سینجەر*(خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ

 *ئیسحاق سینجەر ، ساڵی 1904 لە پۆڵەندە لەدایكبوە، دوای تەواوكردنی خوێندن و رۆشنبیریی نەتەوەیی هەر لە ساڵی 1935 لە نیۆیۆرك دا گیرساوەتەوە، سەرەتای نوسینیشی بە زمانی (بیدش) دەستپێكرد كە یەكێكە لە زمانە لەناوچوەكانی جولەكەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، ساڵی 1978 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی هێناوە، لەناودارترین كتێبەكانی ( پادشای خەیاڵەكان، رۆژی خۆشبەختی، ونبویەك لە ئەمریكا، خۆشەویستی و مەنفا)
 
  ناسینەوەی من كارێكی قورس نابێت بۆ مرۆڤ، پیاوێك بە چاكەتێكی درێژ و پێڵاوێكی گەورە و كڵاوێكی لول و پان و بە چاویلكەیەكەوە كە تەنها چاوێكیان بە ساغی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش كە خۆر بەناوەراستی ئاسمانەوەیە كەچی ئەم چەترێكی بە دەستەوەیە و بە تەنها لەشەقامەكەوە دەپەڕێتەوە.
 ئەوە منم، پرۆفیسۆر شەلامیل.
 چەند ئاماژەیەكیش هەن كە بىَ هیچ گومان لەسەركردنێك ناسنامەی من وەدیاردەخەن، چونكە هەموجار گیرفانەكانم ئاوساون و پڕن لەرۆژنامە و گۆڤار و لەوانەشە چەند پەڕەكاغەزێك.
 لەگەڵ ئەو هەموو بارەشدا جانتا دەستیەكەم پىَیە،بەڵام بەردەوام هەڵەش دەكەم.
 چل ساڵ زیاترە من لەشاری نیۆیۆرك دەژیم، تاوەكو ئێستاش هەرجارێك بمەوێت بۆ دەرەوەی شاربڕۆم قاچەكانم دەمهێنێتەوە بۆ ناوەڕاستی شار، هەرچی جارێكیش دەمەوێت رووەو رۆژهەڵات بڕۆم خۆم لە رۆژئاوادا دەبینمەوە.هەمیشە دواكەوتوم و كەسیشم نەناسیوەتەوە.
 زۆرجار شتەكانم لەشوێنی خۆیدا دانانێم، سەدان جار لەخۆم دەپرسم قەڵەمەكەم لە كوێدا داناوە؟ دەستەسڕوپارەكانم لەكوێدا داناوە؟دەفتەری ناونیشانەكانم لە كوێ جێهشتوە؟دەتوانن بەو پرۆفیسۆرە وەسفم بكەن كە زاكیرەی كاڵبوەتەوە.
 بۆچەندین ساڵ لەهەمان ئەو زانكۆیە كە فەلسەفەم تیادا وتوتەوە كەچی تاوەكو ئێستاش زۆر بەگرانی ئەو پۆلە دەدۆزمەوە كە وانەی تیادا دەڵێمەوە، تەنانەت مەسعەدە كارەبایەكەش یارییەكی فێڵاوی سەیرم لەگەڵدا دەكات، كاتێك دەمەوێت سەرمبخات بۆ قاتی سەرەوە كەچی دەمگەیەنێتە قاتی خوارەوە.كەم رۆژیش هەیە دەرگاكەی لەسەرم دانەخرێت و بۆم نەكرێتەوە، دەرگای مەسعەدەكان دوژمنێكی خراپمن.
 لەگەڵ گێلێتیە چەسپیو و ونكردنی شتەكانیشمدا، من شتم زۆر لەیاد دەچێتەوە.بۆنمونە كاتێك دەڕۆمە قاوەخانەیەكەوە و پاڵتۆكەم بە چڵاكێكدا هەڵدەواسم كە دێمە دەرەوە بیرم دەچێتەوە، كاتێكیش بیرم دەكەوێتەوە دوای ماوەیەكی زۆر دەمەوێـت بۆی بگەڕێمەوە كەچی وەبیرم نایەتەوە لە كوێ بەجێمهێشتوە، ئیدی بەمجۆرە كڵاوەكانم، و كتێبەكانم، و چەترەكانم، و نوسینەكانم وندەكەم.
 لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە هەندێك جار ماڵ خۆشمان لەبیردەچێت.
 ئێوارەیەكیان لەبەرئەوەی بەپەلەبوم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە تەكسییەكم بە كرێ گرت.
 شۆفیری تەكسیەكە پرسی: بۆ كوێ دەڕۆیت؟ 
 وتم : بۆ ماڵەوە.
 بەسەرسوڕمانەوە پرسی: ماڵتان لە كوێ یە؟
 وەڵامم دایەوە: وە بیرم ناكەوێتەوە.
 پرسی: ناوت چیە؟
 – پرۆفیسۆر شەلامیل
 شۆفێرەكە وتی: پرۆفیسۆر دەتگەیەنمە كابینەی تەلەفونەكە و سەیرێكی دەفتەری ناونیشانەكان بكە و بزانە ماڵتان لە كوێدایە؟
 تا نزیكترین شوێن بردمی و بە تەنیشت دەرمانخانەیەكەوە كابینەیەكی تەلەفونی بۆ دۆزیمەوە، بەڵام هێندە چاوەڕێی نەكردم، من خەریكبو لەدەرگای كابینەكەوە دەرۆشتمە ژورەوە بیرم كەوتەوە كە جانتاكەم لەناو سەیارەكەدا جێهێشتوە.
 بۆیە كەوتمەوە دوای و هاوارمكرد (جانتاكەم، جانتاكەم) بەڵام شۆفێرەكە گوێی لیم نەبوو دوركەوتەوە.
 بەزویی دەفتەری تەلەفوناتەكانم لەناو كابینەكەدا دۆزییەوە، بەڵام كاتێك سەیری پیتی (ش)م كرد سەرنجی ئەوەم دا سەرەڕای لیستێكی درێژ بەناوی(شەلامیل) كەچی ناوی منی تیادا نەبو.لەو ساتەدا ئەوەم بیركەوتەوە كە پێش چەند مانگێك ژنەكەم بریاڕی ئەوەی دابوو كە ناومان لەلیستی تەلەفوناتەكاندا بسڕێتەوە، هۆیەكەشی هەر ئەوەنەبوو كە چەند خوێندكارێكم تەلەفونیان بۆ دەكردم و نیوە شەوان بە ئاگاین دەهێنامەوە، بەڵكو چەند جاریش بە هەڵە داوای (شەلامیل)ێكی دیكەیان كردوە و ژمارەكەیان بە هەڵە لێداوە و بەئاگایان هێناومەتەوە.
 هەموو ئەمانە لەلایەك، بەڵام ئێستا چۆن بتوانم بگەڕێمەوە ماڵەوە؟.
 لەهەندێ جاردا چەند نامەیەكم لە گیرفانەكانمدا هەڵدەگرت كە ناونیشانی خۆمی بەسەرەوەبوو، بەڵام تەنها ئەمڕۆ هەموو گیرفانەكانی خۆمم پاككردبویەوە و فڕێمدابون، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ رۆژی لەدایكبونمەو ژنەكەم هەموو هاورێكانمی بانگكردووە و كێكێكی گەورەی دروستكردوە كە بە مۆم رازاندویەتیەوە.
  ئێستا بیر لەهاورێكانم دەكەمەوە كە لەژورى دانیشتنەكەدا چاوەڕوانی ئەوەدەكەن پیرۆزبایم لێبكەن كەچی من هێشتا لەدەرمانخانەكەدام،لەژیانێكیشدا كە هیچ ئامادەییەكی تیادا نیە بۆ ئەوەی ناونیشانی ئەو شوێنەم وەبیربخاتەوە كە تیایدا دەژیم.
 كتوپڕ ژمارە تەلەفونی،(د.مازەرهید)ی هاوڕێم بیركەوتەوەو بریارمدا تەلەفونی بۆ بكەم بۆ ئەوەی بەهانامەوە بێت، ژمارەكەم لێداوپرسیم:
 – د.مازەرهید لەماڵە؟
 – كچێك وەڵامی دایەوە: نەخێر.
 – ئەی ژنەكەی؟
  – هەردوكیان لە دەرەوەن.
 – لەوانەیە بتوانیت پێم بڵێیت لە كوێ دەیاندۆزمەوە؟
 –  من تەنیا بەخێوكەری مناڵەكانیانم، بەڵام لەوانەیە رۆشتبن بۆ ماڵی پرۆفیسۆر (شەلامیل)، ئایا دەتەوێت قسەیەكیان بۆ بەجێبێڵیت؟ ئینجا وتی تكایە بەڕێزتان كێن؟.
  -پرۆفیسۆر شەلامیل
  – سەعاتێك دەبێت بۆ ماڵی ئێوە رۆشتون.
  پرسیم : دەتوانیت پێم بڵێیت بەدیاریكراوی لە كوێن؟
 – وەك پێم وتی رۆشتون بۆ ماڵ ئێوە؟
 – بەڵام ماڵەكە لە كوێدایە؟
 – وتی: بەدڵنیاییەوە تۆ گاڵتە دەكەیت و، تەلەفونەكەی داخست.
 چەند جارێكی دیكەش هەوڵمدا تەلەفون بۆ ئەو هاورێیانەم بكەم كە ژمارەكانیانم بیردەكەوتەوە، بەڵام هەر كە تەلەفونم بۆ هەركامێك لەوانە دەكرد هەمان وەڵامم وەردەگرت: هەمویان رۆشتون بۆ ماڵ پرۆفیسۆر شەلامیل.
  لەو كاتەوەی كە لەسەر شەقامەكە وەستابوم و بیرم لەوەدەكردەوە چی بكەم، دەستیكرد بە باران بارین، بەخۆمم وت (چەترەكەم) لەكوێیە؟ بەڵام یەكسەر وەڵامەكەیم دەزانی.لە شوێنێكدا بەجێمهێشتوە.
 بەخێرایی خۆم كردە ژێر پاسارێكا بۆ ئەوەی تەڕنەبم، بەڵام زریان و بارانێكی زۆر توندهەڵیكردبو، ئەویش پاش ئەوەی كە بەدرێژایی ئەمڕۆ خۆرەتاو بوو، ئێستا لەم كاتەیا كە چەترەكەم ونكردوە زریانەكە دەستیپێكردوە و واش دەردەكەوێت كە ئەو بەشەی شەویش ماوەتەوە بە هەمان شێوە بێت.
  بۆ ئەوەی هەندێك خۆم خەریكبكەم بیرم لەچەند كێشەیەكی فەلسەفی كۆن كردەوە، ئایا مریشك پێش هێلكە بوە یان هێلكە پێش مریشك؟ هیچ فەیلەسوفێك نیە وەڵامی ئەم پرسیارە ئەزەلییەی دابێتەوە، هەربۆیە دەبێت كە وەڵامێك بۆ ئەوە هەبێت،لەوانەیە، من پرۆفیسۆر شەلامیل قەدەرم وەهابێت ئەو وەڵامە بدەمەوە.
  هێشتا باران بەخوڕ دەبارێ، قاچەكانم تەڕبوبون و سەرما بەجەستەمدا بڵاودەبویەوە، دەستمكرد بە پژمین، هەربۆیە پێویستم بە دەستەسڕێك هەبوو لوتمی پێ پاكبكەمەوە، بەڵام دەستەسەڕەكەشم ونكردبو.لەو كاتەدا سەرنجی سەگێكی رەشی گەورەم دا كە لەژێر بارانەكەدا وەستاوە و هەموو گیانی تەڕبوە و بەچاوانێكی خەمناكەوە لێم دەڕوانێ.
  یەكسەر زانیم كێشەكەی چیە؟ ئەویش سەگێكی سەرگەردانە، ماڵ خۆیانی ونكردوە.
  بەرامبەر ئەو ئاژەڵە بێ تاوانە هەستم بە خۆشەویستییەكی قوڵكرد، هەربۆیە بانگمكرد و بە خێرایی هات بۆ لام.
 وەك چۆن قسە بۆ مرۆڤێك بكەم ئاوەها دەستمكرد بە قسەكردن بۆی ( هاوڕێكەم من و تۆ لەیەك بەلەمداین) وتم ( من شەلامیلی مرۆڤم و تۆش شەلامیلی سەگیت، لەوانەیە ئەمرۆش رۆژی لەدایكبونی تۆ بێت و ئاهەنگێكیشت بۆ حازركرابێت، بەڵام ئەوەتا ئێستا لەژێر بارانەكەدا هەموو گیانت بوە بە ئاوو بەتەنها وەستاوی تا ئەو كاتەی خاوەنەكەت كە زۆر خۆشی دەوێیت هەموو شوێنێكت بەدوا دەگەڕێ، لەوانەشە وەك چۆن من برسیمە تۆش برسیت بێت).
 دەستم بە سەرە تەڕەكەیدا هێنا، كلێكی بۆ لەقاندم، وتم( ئەوەی بەسەر مندا هاتوە بەسەر تۆشدا دێت) ( تاوەكو پێكەوە ماڵەكانمان دەدۆزینەوە دەتپارێزم، ئەگەر خاوەنەكەشت نەدۆزیتەوە لای من دەمێنیتەوە، قاچەكانتم بدەرێ) سەگەكە قاچی راستی بەرزكردەوە، هیچ گومانی تیادا نەبوو كە لەوەی وتم تێگەی.
 كتوپڕ سەیرمكرد تاكسییەك بەرەورومان دێت،لەكات وەستانیشیدا قوڕاوی كردین، دواتر بیستم كەسێك بانگی من دەكات، سەرنجمدا دەرگاكە كرایەوە و یەكێك لە هاوڕێكانم لەبەردەممدا قوت بویەوە، وتی ( شەلامیل، چی دەكەی لێرە، چاوەڕێی كێ دەكەیت؟).
 – پرسیم : بۆ كوێ دەڕۆیت؟
 – بەدڵنیاییەوە بۆ ماڵ ئێوە، ببوەر كە دواكەوتوم،بەڵام بیرم نەبوو، بەهەرحاڵ دواكەوتن باشترە لە هەر نەهاتن، بەڵام تۆ بۆچی لەماڵی خۆتان نیت؟ ئەى ئەم سەگە هی كێیە؟.
 – (هاوارمكرد) خودا تۆی بۆمن ناردوە، چ شەوێكە، ناونیشانی ماڵ خۆمانم لەبیركرد، جانتاكەشم لە تەكسییەكەدا لەبیركرد، ناشزانم لەكوێ چەترەكەم داناوە.
 هاوڕێكەم وتی: شەلامیل، ئەگەر پرۆفیسۆرێكی كەم عەقڵ هەبێت تۆیت.
 كە دەستم نا بە جەرەسی خانوەكەشدا ، ژنەكەم دەرگاكەی كردەوە و بەدەنگی بەرز و بەتوڕەییەكەوە بەسەرمدا وتی: شەلامیل، هەموان چاوەڕوانی تۆدەكەن، لە كوێ بویت؟ ئەی جانتاكە و چەترەكە و پاڵتۆكەت كوا؟ ئەی ئەم سەگە چیە لەگەڵتا؟.
 هەموو هاورێكانم لەدەورم كۆبونەوە و هاواریانكرد:
 لە كوێ بویت؟ هەمومان نیگەرانت بوین، واماندەزانی توشی خراپەیەك هاتویت؟.
 – ژنەكەم دوبارەی كردەوە : ئەم سەگە هی كێیە؟
 – دواجار وتم: نازانم، لەو سەر شەقامە دۆزیومەتەوە، مادام لەگەڵماندایە بە (بو وا) و بانگی بكە.
 – (بو وا) ،بەراستیتە، (ژنەكەم سەركۆنەی كردم) تۆ دەزانی كە پشیلەكەمان رقی لە سەگە، وە چۆن تەیرە بچوكەكانیش لە ترسا نامرن؟
 – وتم : ئەوە سەگێكی بێدەنگە و دەبێتە هاوڕێی پشیلەكە،ئینجا من دڵنیاشم كە تەیرەكان ی خۆشدەوێت، منیش بەتەنیا جێناهێڵم لەژێر بارانەكەدا رەق بیباتەوە چونكە رۆحێكی چاكی هەیە.
 لەو ساتەی كە ئەو قسەیەم كرد، سەگەكە حەو حەوێكی ترسنۆكانەی بۆ كردم، بەڵام پشیلەكە بەخێرایی رایكرد بۆ ژورەكە،هەر كە چاویشی كەوتە سەری،نوشتایەوە و لیك بەدەمیدا هاتە خوارەوە، یەكسەر زانیم كە ئامادەیی ئەوەی تێدایە بە چڕنوكە بچوكەكانییەوە چاوانی دەربێنی، تەیرەكانیش لەناو قەفەسەكانیاندا باڵەكانیان دەدا لەیەك، هەموانیش لەهەمان كاتدا هاواریاندەكرد و غەڵبەغەڵبێكی گەورەی دروستكردبوو.
 ئایا كەسێك دەیەوێت بزانێت سەرئەنجام گەشتین بەچی؟ (بو وا) هێشتا لەگەڵ ئێمەدا دەژی، و لەگەڵ پشیلەكەدا بونەتە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی، تەیرەكانیش وەك ئەوەی سەگەكە ئەسپ بێت فێری ئەوەبون كە بڕۆنە سەرپشتی، هەرچی ژنەكەشم هەیە زۆر لە من زیاتر خۆشیدەوێت، كاتێكیش دەمەوێت لەگەڵ خۆما بیبەمە دەرەوە پێمان دەڵێت:
 – ئێستا، لەگەڕانەوەدا ماڵتان لەبیرنەچێت، مەبەستم لەهەردوكتانە.
 جارێكی دیكە ئەو شانسەم نەبوو كە جانتاكەم بدۆزمەوە، هەروەها چەترەكەم و پاڵتۆكەشم، وەك هەمو فەیلەسوفەكانی پێش خۆشم، بەیەكجاری وازم لەوە هێنا جارێكی دیكە ئەو مەتەڵە وەڵام بدەمەوە كە كێ پێش كامیانە، هێلكە یاخود مریشك؟.
 لەبری ئەوەش دەستم كرد بەنوسینی كتێبێك كە ناوم ناوە (بیرەوەرییەكانی شەلامیل) ئەگەر خوانەخواستە دەستنوسەكەم لەناو سەیارەیەكی تەكسیدا یاخود لەناو چێشتخانەیەكدا یاخود لەسەر كورسیەكی باخچەیەكی گشتیدا لەبیرنەچێت، ئەوا ئەو فرسەتەت بۆ هەڵدەكەوێت كە رۆژێك لە رۆژان بیخوێنیتەوە، بەڵام لەم كاتەدا دەتوانیت وەك نمونە تەنیا ئەم بەشە بخوێنیتەوە.
 Hemnm1979@yahoo.com
 
 سەرچاوە / سایتی ئیلاف
 و.بۆ عەرەبی:  زەعیم تائی
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.