Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
بەرپرسان و كامێرای شاراوە

بەرپرسان و كامێرای شاراوە

Closed
by September 30, 2008 گشتی

 بەرپرسان و كامێرای شاراوە
 سەنگەر زراری

 sangarzrary@gmail.com

 لەم شەوانەدا، یەكێك لە ئەلقەكانی پڕۆگرامی "كامێرای شاراوە" لە كەناڵی ئاسمانی نەورۆز سەرنجی راكێشام، ئەویش لەبەر ئەو هونەر و تەكنیك و ئیشكردنە نا كە لە پرۆگرامەكەدا بەكار هاتبوو، قسە لەسەر ئەوە ناكەم، چونكە هەر لە مۆسیقای تایتڵەوە تێبینینم لەسەری هەیە تا دەگاتە كۆتایی، بەڵام لەم ئەلقەیەدا شێكی دیكە سەرنجی راكێشام، سەرەتا بۆ ئەو كەسانەی كە نەیانبینیووە، بە كورتی رووداوی ئەلقەكە دەگێڕمەوە بۆئەوەی مەبەستەكەم روونتر بێت. كوڕێكی گەنج كەلەمچەیەكی لەدەستە و لە لایەكی رێگایەك وەستاوە، چاوەڕێ دەكات هەر كەسێك كە بەوێدا تێدەپەڕێ، رایدەگرێ و پێی دەڵێ: من بە ئۆتۆمبێل لە منداڵێكم داوە، ئێستاش لە سجن هەڵاتووم، ئەم كەلەمچەیەم بۆ بكەوە، سەرەتا پێی دەڵێ كەلەمچەكەم بۆ بكەوە خێرت دەگاتێ، دواتر پێی دەڵێ: پارەت دەدەمێ، هەوڵ دەدات بە پارە كەسەكان رازی بكات، پێیان دەڵێت: چەند وەرقە بڵێی دەتدەمێ، تا دەگاتە ئەوەی دەڵێ: سەیارەش بڵێی دەتدەمێ بەس كەلەمچەكەم بۆ بكەوە..
 ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە كە هیچ یەكێ لەو خەڵكەی بەوێ دا تێدەپەڕن، رازی نابن كەلەمچەكە لە دەستی كوڕەكە بكەنەوە و دەڵێن "ئێمە ئیشی بێ قانوونی ناكەین". هەندێكیان دەیانگوت "دنیاشمان پێ بدەی ئیشی بێ قانوونی ناكەین". تەنانەت هەندێكیان لەدەست كوڕكە هەڵدەهاتن و لەوێ نەدەمان، هەموو ئەو كەسانەش (وەك دیاربوو) خەڵكی عەوام و هەژار بوون.
 دەكرێ ئەو كەسانەی بەوێدا دەهاتن و تەنانەت یەك كەسیشیان ئامادە نەبوون وەكو خۆیان دەیانگوت "ئیشی بێ قانوونی" بكەن. وەكو سامپل "عینە"یەك لە خەڵكی عەوام تەماشا بكەین، لەمەشەوە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین: زۆربەی خەڵكی هەژاری ئێمە، ئەو كەسانەن كە (هەموو دنیاشیان بدەیتێ ئیشی بێ قانوونی ناكەن).
 جێگای گەشبینییە كە خەڵكی ئێمە بەو جۆرە بیر بكەنەوە و خۆیان لە كاری بێ قانوونی بپارێزن، هەروەها ئەمە ئەوەش دەردەخات كە ئەگەر خەڵك ناچار نەبێت كاری بێ قانوونی بكات، نایكات، كە دەشیكات لەبەر خراپی ئەو سیستەمەیە كە لە ژیانی رۆژانەی ئێمەدا لە دامودەزگا فەرمییەكان پەیڕەو دەكرێت، ئەویش لەبەرئەوەیە دەبینێ بەرپرسێكی دەسترۆیشتوو كارەكانی بە واستە جێبەجێ دەكات، یان بۆی جێبەجێ دەكرێت و مافی ئەمیش دەخوات، لێرەشەوە ئەو ناچار دەبێ وا بكات و رێگایەك بدۆزێتەوە بۆئەوەی كارەكەی بڕوێنێ، بۆ نموونە؛ لە "سەرەگرتن"ێكی سادە لە فەرمانگەیەكەوە تەماشا بكە، كە خەڵكە هەژارەكە دەبینن كەسانێك بە واستە سەرە ناگرن و كارەكەشیان بە ئاسانی رایی دەكرێت، ئەوانیش لەمانەوە فێردەبن هەوڵی ئەوە بدەن واستەیەك بدۆزنەوە و سەرە نەگرن، كەواتە ئەوە بەدەسەڵاتەكانن وا دەكەن خەڵكی سادەش فێربن بەدوای واستەدا بگەڕێن و لەسەر ئەوە رانەوەستن كارەكانیان بەشێوەیەكی یاسایی بۆ ئەنجام بدرێت، نەك خەڵكەكە خۆی فێربووبێ، خەڵك لەمانەوە فێری كاری نایاسایی دەبێ و چاو لەوان دەكات.
 ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەموو خەڵك وەكو پەپوولە و فرشتە تەماشا بكەین و وابزانین كەس لە یاسا لانادات و كاری نایاسایی ناكات، هەڵبەت خەڵكی خراپیش هەن، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەوەندەی بەرپرس و دەستڕۆیشتووەكان خراپن و بەدوای كاری نایاساییەوەن، بە چارەگێكی ئەوە خەڵكی ئاسایی خراپ نین و كاری نایاسایی ناكەن.
 با بێینەوە سەر كامێرای شاراوەكە: ئەم گەنجە هیچ یەكێكیان بە ماڵ و پارە و سەیارە پێ رازی نەكرا كەلەمچەكەی بۆ بكەنەوە، من دەپرسم: ئایا ئەگەر ئەم كامێرای شاراوەیە لەسەر بەرپرسەكان بكرابا و بۆ ئەوان دانرابا و داوای كاری نایاساییان لێ بكرابا، چەندێك لە بەرپرسەكان بە پارە كەلەمچەی دەستی گەنجەكەیان دەكردەوە، یان هەر كارێكی دیكەی نایاساییان دەكرد؟! بەبێ هیچ گومانێك زۆربەیان… ئاخر خۆ رۆژانە ئێمە زۆرێكیان دەبینین بەبێ كامێرای شاراوە و بە ئاشكرا ماڵی خەڵك دەخۆن، جا چ منەتیان بە كامێرای شاراوە هەیە، یاخود تۆ بڵێی لە بەردەم كامێرای شاراوەدا چ شتێكی نوێتریان لێ ئاشكرا بێت كە خەڵك نەیدیتبێ؟!!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.