Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
با هه‌بێ … 7…فستق و گۆشت

با هه‌بێ … 7…فستق و گۆشت

Closed
by October 4, 2008 گشتی

 با هەبێ (7)
 فستق و گۆشت
 
 سەنگەر زراری
 sangarzrary@gmail.com

 برادەرێك گوتبووی زۆر قەڵەو بوویمە، دەمەوێ لاواز بم، برادەرەكەشی پێی گوتبوو: باشە خواردن كەم بخۆ، ئەویش گوتبووی: ناتوانم، پێی گوتبوو: مادام وایە تەنها نان و زەڵاتە بخۆ. ئێوارە چووبووە ماڵیان، دەبینێ قاپێكی گەورەی پڕ زەڵاتە كردووە و سێ نانی "تیری"یشی داناوە خەریكە دەیخوات.
 – كاكە ئەوە چییە؟
 – ئەی خۆت پێت نەگوتم نان و زەڵاتە بخۆ؟
 – ئێ باشە توخوا من گوتم ئەو هەمووە بخۆ ماڵت نەڕمێ، بەو شێوەیە چۆن لاواز دەبی؟!!!
 ***
 چەند برادەرێك بووین، دەمانویست شتێكی سارد بخۆین، هەریەكە داوای شتێكمان كرد، یەكێك لە ئێمە گوتی: كاكە من بیبسی و دۆدرمە دەخۆم!! هەر بەڕاستیش "بیبسی" و "دۆدرمە"ی بەیەكەوە خوارد، ئەرێ ئەو دووانە بەیەكەوە دەخورێن؟!
 هیچ شتێك نییە خواردنی كورد رێك بخات، هەندێ جۆر زۆر دەخوات و هەندێكیان ناخوات، هەندێ ژەم دەخوات و هەندێكی نا، بۆ نموونە؛ زۆر كەس بەیانیان نان ناخۆن، لە كاتێكدا بەیانی یەكێكە لە ژەمە بەسوودەكان، تەنانەت بۆ ئەوانەش بەسوودە كە "ریجیم" دەكەن و دەیانەوێ لاواز بن، چونكە ئەوەی ئەو ژەمە دەخوات، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ئێمە لاواز دەبێت نەك قەڵەو، هۆكارەكەشی ئەوەیە: ئەوەی بەیانیان نان نەخوات، ژەمەكانی تر و كاتەكانی تر زیاتر دەخوات، كەواتە قەڵەو دەبێ، جگەلەوە.. بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستی لە ئێوارەی رۆژی پێشترەوە نانت نەخواردووە، ئەمەش ماوەیەكی زۆرە كە نزیكەی (7-8) سەعات دەكات، بەتایبەتیش كە ئێستا رەمەزانە، "پارشێو" جێگەی خواردنی بەیانی دەگرێتەوە، هەندێ كەس "پارشێو" ناخۆن، ئەمەش دەكاتە ئەوەی لە رۆژێكدا یەك ژەم دەخۆن، لەو ماوە درێژەش جەستەی مرۆڤ پێویستی بە خواردن هەیە، بۆیە راستە خەو خۆشە، بەڵام خواردنەكە گرنگترە.
 زانكۆیەكی ئەمەریكی لە لێكۆڵینەوەیەكدا. جۆرەكانی خواردنیان بە گوێرەی پێویستییەكانی لەش، لە شێوەی هەڕەمێك داڕشتووە، لە ریزی خوارەوەی هەڕەمەكەدا ئەو خواردنانەن كە مرۆڤ دەبێ زۆر و بەردەوام بیانخوات، نموونەی ئەمانەش "نان و برنج و پەتاتە و..". لە بەشی دووەمی هەڕەمەكەدا سەوزە و میوە هەیە كە دەبێ كەمتر لەوانەی یەكەم بخورێن، پاشان گۆشت و پاقلەمەنی و  ئەو خواردنانەی لە شیر دروست دەكرێن و هەروەها فستق و گوێزیش، لوتكەی هەڕمەكەش خواردنە چەور و شیرنەمەنییەكانە، لەوانەش: "زەیتوون و پاقلاوە و هەنگوین و…" كە دەبێ ئەمانە بەكەمی بخورێن.
 پرسیار ئەوەیە: كێ لە ئێمە پەیڕەوی لەم رێكخستنە دەكات؟! هەندێ كەس هەموو رۆژێك گۆشت دەخۆن و هەرچی خشتەی دنیا هەیە بە فشەی دادەنێن، سەد سوێند و قورعان بۆ یەكێك بخۆ كە (گۆشت) و (فستق) لە یەك پۆلی خواردن دان، گاڵتەت پێ دەكات، بۆیەش رۆژبەرۆژ نەخۆشییەكان لەناومان زیاد دەبن. جا خۆ ئەگەر پەیڕەوی لەو خواردنانەش بكەین، خواردنەكان هەمووی ئێكسپایەرن و سوودیان نابێ، ئەی كەواتە چی بكەین؟ نازانم؟!!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.