گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گه‌کان
"گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گه‌کان"
له یادی شه‌شساڵه‌ی دامه‌زراندنی ”چاك”دا، بانگه‌وازێک بۆ هه‌موو ئه‌و ڕێکخراو و هاوڕێیانه‌ی به‌ناوی ”چاك”ه‌وه کار ده‌که‌ن
چه‌ند ساڵێکه و به‌تایبه‌تی دوای کۆنگره‌ی زیندووی ”چاك” له ساڵی 2006 له کۆڵن، له سه‌ره‌تای ساڵدا، یادی دامه‌زراندنی ”چاك” ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت و له ڕاگه‌یاندنه‌کاندا، بڵاو ده‌کرێته‌وه.
دیاره له دوای کۆنگره‌وه، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو کێشه‌یه‌وه که ”چاك” هه‌یبوون، چ ئه‌و کێشانه‌ی که بۆی دروست ده‌کران و چ ئه‌و کێشانه‌ش که به‌ڕاستی هه‌یبوون، بینه‌قاقای ”چاك” گیرابوو و بواری به‌خۆداچوونه‌وه و ووردبوونه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر، که‌م بووبووه‌وه و به‌م جۆره‌ش شپرزه‌یی و پاشاگه‌ردانی به‌سه‌ر "چاك"دا زاڵ بووبوو.
یه‌کێک له‌و بابه‌ته گرنگانه‌ی که پێویستیان به هه‌ڵوێسته هه‌بوو، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی ”چاك” بوو.
لایه‌نی که‌م، له ساڵانی 2007 و 2008 به ناوی ”چاك”ه‌وه له ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه ڕۆژی 6.1.2002 وه‌ك ڕۆژی دامه‌زراندنی ”چاك”، باسی لێوه کراوه و کۆڕ و سیمیناری بۆ به‌ستراوه.
پێم وایه کاتی ئه‌وه هاتووه به‌شێوه‌یه‌کی زانستییانه، خاڵ له‌سه‌ر پیته‌کان دابنرێت و به‌دوای ڕاستییه‌کاندا بگه‌ڕێین و شوێنی شایسته‌ی خۆیان پێ بده‌ین. کاتی ئه‌وه هاتووه بپرسین، به‌ڕاست "ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد (چاك)" که‌ی و له چ ڕۆژێکدا دامه‌زرا.
به‌ڵێ ڕۆژی 6.1.2002 بانگه‌وازێك به ناوی "که‌مپینی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه" له نووسینی هاوڕێی تیكۆشه‌ر و ماندوونه‌ناس کاک سه‌لام عه‌بدوڵڵا، بڵاوکرایه‌وه. ئه‌و بانگه‌وازه، ههنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو وڵاتاندا به یه‌ک ده‌نگی و له ژێر دروشمی هاوبه‌شدا، یاده‌کانی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه و جینۆسایدی ئه‌نفال له‌و ساڵه‌دا، واته ساڵی 2002 بکه‌ینه‌وه و تا ڕاده‌یه‌کی باش ئامانجه‌کانیشی پێکا.
ئه‌و بانگه‌وازه، بانگه‌وازێک بوو بۆ خه‌ڵک و کۆڕ و کۆمه‌ڵ و پارت و ڕێکخراوه‌کان، بۆ په‌یوه‌ستبوون و پێکه‌وه کارکردن له که‌مپینێکی کاتی، بۆ کۆکردنه‌وه و هێزپێدان و گهرموگوڕیدان به یاده‌کانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له ساڵی 2002 دا.
به‌ڵام ئایا "که‌مپینی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه" هه‌ر "چاك" بوو؟! ئایا "که‌مپینی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه" هیچ سیمایه‌کی ڕێکخراوه‌یی هه‌بوو؟! به‌رنامه و په‌یڕه‌وی ناوخۆی هه‌بوو؟! بۆ ناویش بێت، هیچ لیژنه و ده‌سته‌یه‌کی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندی و ڕێکخستن و …. تاد. هه‌بوو؟! هه‌موومان ده‌زانین، وه‌ڵام بۆ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه، نه‌خێر و نه‌خێر و نه‌خێر و نه‌خێره، له‌به‌ر هۆیه‌کی زۆر ساکار، چونکه "که‌مپینی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه" که‌مپین بوو بۆ چالاکیکردن له ساڵی 2002 و نه‌ده‌کرا داوای زیاتری لێ بکرێت. به‌ڵام که‌مپینێکی سه‌رکه‌وتوو بوو و چالاکیی گرنگیشی له زۆرێک له وڵاتاندا ئه‌نجامدا. "چاك"یش له ئه‌نجامی سوودوه‌رگرتن له تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌و که‌مپینه و درککردن به‌وه‌ی که ئامانجی مه‌زن، به کاری ڕێکخراوه‌یی ده‌پێکرێت نه‌ک به که‌مپینی کاتی، دروست بوو.
ئه‌ی که‌واته "ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد (چاك)" که‌ی و له چ ڕۆژێکدا دامه‌زرا؟!
کۆنفرانسی دامه‌زراندنی"ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد (چاك)" له ڕۆژانی 11 و 12.10.2002 دا ساز کرا و له 12.10.2002 کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا و دامه‌زرا.
خۆشحاڵانه هه‌موو دۆکومێننتهکانیش ماون و له‌به‌رده‌ستدان و گه‌ر پێویستی کرد ده‌یخه‌ینه به‌ر چاوی هه‌مووان و ڕاستییه‌کانیش ووردتر ده‌که‌ینه‌وه.
دیاره هۆکاره‌کانی( به‌هه‌ڵه‌داچوون!)ی "چاك"یش له‌م بابه‌ته‌دا زۆرن و ئه‌گه‌ر بوار هه‌بێت، له ده‌رفه‌تێکی تردا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ووردتر بیانخه‌ینه ڕوو.
بۆیه پاش ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه، هیوادارم هه‌موو ئه‌و ڕێکخراو و هاوڕێیانه‌ی که به ناوی ”چاك”ه‌وه کار ده‌که‌ن و خۆیان به درێژه‌پێده‌ری ”چاك” ده‌زانن، ئه‌و هه‌ڵه‌یه له مێژووی دامه‌زراندنی ”چاك”دا ڕاست بکه‌نه‌وه و له ئێستاوه، 12.10.2008 که دوو ڕۆژی تر ده‌کات، وه‌ک شه‌شه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی "چاك" ڕابگه‌یه‌نن و کۆڕ و سیمیناری تایبه‌تی بۆ ساز بکه‌ن. دیاره هه‌رگیز به‌هه‌ڵه‌داچوون تاوان نییه، به‌ڵام درێژه‌دان به‌و هه‌ڵه‌یه و سووربوون له‌سه‌ری، جێگای پرسیار و شایانی قووڵبوونه‌وه و ووردبوونه‌وه‌یه له هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی. له‌به‌رانبه‌ردا ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانمان شایانی ستایشن و ڕاستکردنه‌وه‌ی ڕۆژی دامه‌زراندنی "چاك" یش، ههنگاوێکی سه‌ره‌تایی گرنگمانه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی "چاك" و سه‌رخستنی ڕاستییه‌کان.
پیرۆز بێت یادی شه‌شساڵه‌ی دامه‌زراندنی "چاك"
سالار سۆفی
10.10.2008
salarsofy@yahoo.com