مسوڵمانان له نیو گیژداوی فه‌توادا
مسوڵمانان له نیو گیژداوی فه‌توادا
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
ماوه‌یه‌که له‌لایه‌ن هه‌ندیک که‌سایه‌تی و مه‌رجه‌عی ئیسلامیه‌وه فه‌توای زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره‌ده‌رده‌چیت که هه‌ندیکیان هێنده ناشایسته‌و ئاستنزمن بوونه‌ته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و تووره‌یی و ڕه‌خنه‌و بێزاری له نیو ڕۆشنبیران و ناوه‌نده‌کانی مافی مرۆڤ له وڵاتانی عه‌ره‌ب و جیهاندا. بڕێکیشیان جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و هه‌ڵوسته‌ن و خاوه‌نه‌کانیان گه‌ره‌کیانه ئیسلام به‌ره‌و لیبرالیه‌ت و عه‌قلانیه‌ت به‌رن .
ئه‌مڕۆ له نیوه‌نده ئیسلامیه‌کاندا شه‌ڕی فه‌توا له نێو ئه‌م دوو بۆچوونه‌دا له ئارادایه، له ئاکامدا ج لایه‌نێک سه‌رکه‌وتووده‌بیت؟ ئه‌و ئاینده وه‌ڵام ده‌داته‌وه ، لێ ده‌توانم هێنده بێژم له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا فه‌توای تووندڕه‌وه‌کان پتر بایه‌خی هه‌یه‌و خێراتر له سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا جێبه‌جێ ده‌کرێت.
له ڕاستیدا فه‌توا تایبه‌ته‌به که‌سانیک که شاره‌زاییه‌کی باشیان له ئایندا له به شه‌کانی قورئان و حه‌دیس وئوسولی فیقدا هه‌بیت. فه‌توا وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بیه‌و له ئیفتاوه هاتوه، به فه‌تواده‌ر ده‌وترێت موفتی.گه‌ر به کوردی لێکیبده‌ینه‌وه ده‌بێته بڕیار یا فه‌رمانێکی ئاینی.ده‌شی فه‌توا بۆ حاڵه‌تێکی تایبه‌ت یا بۆ چه‌ند حاڵه‌تێک ده‌رچیت که په‌یوه‌ندی به‌ژیانی موسوڵمانانه‌وه هه‌یه.
.ده‌شێ له هه‌موو ولاتێکدا لیژنه‌یه‌کی فه‌تواهه‌بیت که ته‌نها بۆ ئه‌وان هه‌بێت
فه‌تواده‌ربکه‌ن.یاخو‌د لیژنه‌یه‌کی فه‌توا که تایبه‌ت بیت به‌هه‌موو موسوڵمانانی جیهان ،وه‌ک ئه‌وه‌ی له سعودیه هه‌یه، گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه چووبم نێوه‌که‌ی [هیئه افتا وارشاد و الدعوه]ه، به‌ڵام دیاره ئه‌وانه‌ی فه‌توا ده‌رده‌که‌ن زۆر گوێ بۆ ئه‌م هه‌یئه‌ته ناگرن ونامه‌یان نا‌خوێننه‌وه،وێرای ئه‌مه‌ش هه‌ندێک جار ئه‌م لیژنه‌یه خۆشیان فه‌توای نادرووست و نابه‌جی ده‌رده‌که‌ن که ده‌بنه هۆی ناڕه‌زایی خه‌ڵک.
ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م حاڵه‌تێکداین که فه‌تواده‌رکردن بووته گاڵته‌جاری هه‌رکه‌سێک سه‌ره‌داوێک له شه‌ریعه‌ت و فیقی ئیسلامی بزانێت ئیدی به‌ئاره‌زووی خۆی فه‌توا به ڕاست و چه‌پداده‌رده‌کات.سه‌یر له‌وه‌دایه زۆر جار ئه‌م فه‌توایانه له‌لایه‌ن که‌سانی ئاینی سه‌ر به هه‌مان مه‌زهه‌ب یا مه‌زهه‌بێکی تر فه‌توایان له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت به پێچه‌وانه‌وه ده‌رکردووه ،سه‌یرتر له‌وه‌دایه هه‌ردوولای دژبه‌یه‌ک بۆ سه‌لماندنی ڕاسی فه‌تواکه‌یان په‌نا بۆ سه‌رچاوه‌کانی ئاینی ئیسلام ده‌به‌ن.
ئه‌ز وای بۆده‌چم فه‌توا کراوه‌ته لاستیکیک هه‌ر که‌سو لایه‌نێکی ئیسلامی به پێی درێژی و کورتی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی به‌کاری ده‌هێنیت، له‌ته‌ک به‌کارهێنانیشیدا چه‌ندین به‌رگی شه‌رعی ده‌که‌ن به‌به‌ردا و دیخه‌نه چوارچیوه‌ی جێبه‌جێکردنه‌وه.
به پێویستی ده‌زانم هه‌ندیک له‌و فه‌توایانه بخه‌مه ڕووکه له‌لایه‌ن که‌سانی وه‌ک شێخ و مه‌لاو زانا‌و مه‌رجه‌ع و گروپه ته‌رۆریسته‌کانه‌وه ده‌رچوون. هاوکات زۆر جێی خۆیه‌تی بزانین ئه‌و فه‌توایانه چ کاریه‌گه‌ریه‌کی ئیجابیان به ژیانی ڕۆژانه‌ی موساڵمانانه‌وه هه‌یه که به هه‌زارو یه‌ک ده‌ردو کێشه‌وه ده‌ناڵێنن.
+فه‌توای حه‌رامکردنی بردنی گوڵ بۆ نه‌خۆش له کاتی سه‌ردانیدا.
+فه‌توای حه‌رامکردنی ماچی هاوسه‌ر له‌کاتی جووتبووندا.
+فه‌توای حه‌رامکردنی ته‌ماشای جه‌سته‌ی هاوسه‌ر له کاتی جووتبووندا.
+فه‌توای حه‌رامکردنی وه‌رزش و مماره‌سه‌کردنی.
+فه‌توای حه‌رامکردنی ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆن و گۆرانیه کلیپکراوه‌کان.
+فه‌توای حه‌رامکردنی وێنه‌گرتن.
+فه‌توای ئیجبارکردنی پۆشینی حیجاب.
+فه‌توای کوشتنی ئه‌و سه‌رتاشانه‌ی به شێوازی ئه‌مریکی و ئه‌وروپی سه‌رچاکده‌که‌ن.
ئه‌و فه‌توایانه‌ی هه‌رای مه‌زنی له نێو مسوڵماناندا نایه‌وه و ڕه‌خنه‌ی تووندی به‌دووی خۆیدا هێنابێت فه‌تواکانی دکتۆر حه‌سه‌ن تورابی و جه‌مال به‌نای برای حه‌سه‌ن به‌نای دامه‌زرێنه‌ری ئه‌خوانه له‌میسر ،ته‌نانه‌ت کار گه‌شته ئه‌وه‌ی که هه‌ندێک له فوقه‌ها تووندره‌ووه‌کان ته‌کفیری جه‌مال به‌نایان کرد به هۆی ئه‌و فه‌تواو بۆچونه لیبرالیانه‌ی خستنیه ڕوو.
نمونه‌ی فه‌تواکانی دکتۆر حه‌سه‌ن تورابی وه‌ک:
+ ڕێگه‌دان به گۆڕینی ئاین له ئیسلامه‌وه بۆ کریستیان.
+ فه‌توای نه‌بوونی عه‌زابی قه‌برو له‌یله‌تول قه‌در.
+ نا پێویستی گۆڕینی ئاین له‌کاتی هاوسه‌رگیری له نێوان موسوڵمان وکه‌سانی سه‌ربه ئاینه‌کانی دیکه‌و پێه‌یوه‌ست نه‌بوونی هاوسه‌رگیر به چونه‌سه‌ر ئاینی ئیسلام.
وه نمونه‌ی فه‌تواکانی جه‌مال به‌ناش ئه‌مانه‌ن:
+حه‌ڵاڵ کردنی ماچ له نێوان کوروکچدا له شوێنه گشتیه‌کاندا.
+فه‌رزنه‌بوونی حیجاب له ئیسلامدا.
+نوێژکردن بۆ ئافره‌ت به بی سه‌رپۆش گه‌ر به‌ته‌نها بوو.
+ درووستی تیکه‌ڵای پیاووئافره‌ت له شوێنی کار‌و شوێنه گشتیه‌کاندا
+ ڕیگه‌دان به ئیمامه‌کردنی پیاوان له لایه‌ن ئافره‌ته‌وه.
+ده‌رنه‌جون له ئیمان به گۆڕینی ئاین له ئیسلامه‌وه بۆ هه‌رئاینێکی دیکه.
یاخو‌د فه‌توای ڕیگه‌نه‌دان به کوشتنی له‌دین لاده‌ر{مرتد} که‌دووساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن شیخی ئه‌زهه‌ره‌وه ده‌رچوو.
لێ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ترین فه‌توا ئه‌وانه‌ن که له‌م ماوه‌یدا له‌لایه‌ن چه‌ند به‌ناو عالمی ئیسلامیه‌وه ده‌رچوون که مشتووـرێکی زۆری له نێوه‌نده ڕۆشنبیریه‌کاندا درووستکردوو به‌توندی وه‌رام درانه‌وه‌و بابه‌تگه‌لیکی زۆریش له باره‌یانه‌وه نووسران.
یه‌کێک له‌و فه‌توایانه له‌لایه‌ن شێخ محمد سالح الحیدانه‌وه ده‌رچوو که شێخێکی سعودیه‌و ،فه‌توای کوشتنی خاوه‌ن و به‌ڕیوه‌به‌رانی که‌ناڵه ئاسمانیه ئه‌ره‌بیه‌کان ، به‌وه‌ی که گوایه له‌و که‌ناڵانه‌وه له ره‌مه‌زاندا فه‌ساد بلاو ده‌که‌نه‌وه.
فه‌توای دووه‌م له‌لایه‌ن شێخێکی وه‌هابی مه‌غربی بوو به‌ناوی یشێخ محمدبن عبدولرحمان المغراوی که گووتی منداڵی 9 ساڵ بۆی هه‌یه شوبکات چونکه توانای نیکاحی له کچێکی 20 ساڵ باشتره.دیاره ئه‌م شێخه ته‌نها له ڕوی نیکاحه‌وه ده‌ڕوانێته مێینه ،وه‌ک ئامێرێکی جنسی حسابی بۆ ده‌کات ،گوی به‌وه‌نادات که به مێرددانی کچێکی 9 ساڵ تاوانێکی گوره‌یه و دابڕینیه‌تی له قۆناغی منداڵی که مافی سروشتی خۆیه‌تی وه‌ک هه‌موو منداڵانی جیهان به‌سه‌ر به‌ریت . گه‌ر ئه‌و شێخه له وڵاته شارستانیه‌کنادا بوایه له‌سه‌ر ئه‌و فه‌توایه‌ی ده‌درایه داداگا.
هه‌روه‌ها فه‌توای شێخ المنجد که شیخێکی سعودیه، له دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا فه‌توای کوشتنی میکی ماوسی ده‌رکرد .فه‌تواکه‌ی نه‌ک هه‌ر میکی ماوس به‌ڵکو هه‌موومشکیکی زیندووش ده‌گرێته‌وه ،به بۆچوونی ئه‌و مشک شه‌یتان ده‌یجوڵینێت و کار بۆ شه‌یتان ده‌کات.[گه‌ر مشک کار بۆ شه‌یتان ده‌کات ئه‌ی بۆ خوا خولقاندویه‌تی؟]
دوا فه‌توا ئه‌وه‌ی شێخ قه‌ره‌زاوی بوو پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌ی [الشریعه و الحیاه] له که‌نالی جه‌زیره . له لێدوانێکی ڕۆژنامیدا شیخ قه‌رره‌زاوی ته‌کفیری شێعه مه‌زهه‌بی کرد‌و و به دارده‌ستی جوله‌که‌ی ناساندن.ئه‌مه‌ش بووه هۆی بارگرژی نێوان شیعه‌و سوونه و تا ئێستاس ئه‌و باسه به‌گه‌رمی ماوه‌ته‌وه .پێده‌چێت هۆکاری ئه‌و فه‌توایه هه‌وله‌کانی ئێران بیت بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه له میسردا که تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و هه‌وڵانه کاری خۆیان کردووه.
له‌کن خۆشمان واته له کوردستان هه‌ست به‌و جیاوازی و ناکۆکیانه ده‌کریت له فه‌توای نێوه‌ند و که‌سه ئاینیه‌کاندا.
لێره‌دا نمونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه که په‌یوه‌سته به ده‌ستبه‌رداربوون له ئیسلام یا ڕونتر بێژم
گۆڕینی باوه‌ڕ له ئیسلامه‌وه بۆ ئاینیکی دیکه‌یه.
سه‌رۆکی لیژنه‌ی فه‌توا له کوردستان بۆ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له ژماره‌ی717 دا ده‌ڵیت{هه‌رکه‌سێک دینه‌که‌ی بگۆڕیت سزای کووشتنه}، به‌ڵام مه‌لا ئه‌یوب له هه‌مان ژماره‌دا ده‌ڵیت {گۆرینی ئاین ئاساییه وه‌ک ئه‌وه وایه له حیزبێکه‌وه بچیته حیزبیکی تر].
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا له‌لایه‌ن هه‌ندیک مه‌لای توونڕه‌وه‌وه چه‌ندین فه‌توای نابه‌جێ و نا ئینسانی ده‌رچوو که هه‌موویان ئاماژه‌ن بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی مرۆڤ ، ده‌ستتێوه‌ردان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک ، ڕێگه‌گرتن له پێشکه‌وتن و شارستانیه‌ت . لی ده‌توانم بێژم له‌ژێر فشاری توێژی ڕۆشنبیرو خه‌ڵکانی عه‌لمانی داکۆکیکه‌ران له ژیانی ئازادی تاراده‌یه‌ک ئه‌و جۆره فه‌توایانه که‌م بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نیه نه‌ماون، ئه‌وه‌ته هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا مه‌لایه‌ک له ده‌ڤه‌ری بادینان به نێوی مه‌لا فه‌رزه‌ند فه‌توایه‌کی خوێناوی ده‌رکرد
بۆ حه‌ڵاڵ که‌ردنی خوێنی برا ئه‌زیدیه‌کان، که ئه‌مه‌ش ناره‌زاییه‌کی زۆری به دووی خۆیدا هێنا، چ له‌لایه‌ن برا ئه‌زیدیه‌کانه‌وه وه ج له‌لایه‌ن نێوه‌ندو که‌سانی ڕووناکبیره‌وه.
به‌ڕای من گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد سنورێک بۆ فه‌تواده‌رکردن دانه‌نێن به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره فه‌توایانه‌ی که بۆنی تووندره‌ویان لێدێت و هانئ تووندووتیژی ده‌ده‌ن و ته‌کفیری که‌سانی ڕۆشنبیرو که‌مایته‌ئاینیه‌کانی دیکه ده‌که‌ن ،ئه‌وا ئاینده‌یه‌کی تاریک چاوه‌ڕیی ڕه‌وشی ته‌بایی و پێکه‌وه ژیانی سه‌رجه‌م کایه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان ده‌کات.
من هیچ جیاوازیه‌ک له نێوان فه‌تواکه‌ی مه‌لا فه‌رزه‌ند و فه‌تواکه‌ی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نابینم که له ده‌ڤه‌ری موسڵ ده‌ریانکرد بۆ حه‌لال کردنی خوێنی هه‌موو کوردێک ،ئیدی ئه‌زیدی بێت یا موسوڵمان ،چونکه هه‌ردوو فه‌تواکه ده‌ڕژێنه هه‌مان جۆگه‌وه‌و هه‌مان مه‌به‌ست ده‌پێکن.
ئه‌مڕۆ جیهانی ئیسلامی به‌گشتی گیرۆده‌ی چه‌ندین گرفت وئارێشه بووه که بنچینه‌یه‌کی مێژوییان هه‌یه له نه‌خوێنده‌واری ،هه‌ژاری ،بێ‌کاری ، خراپی باری ته‌ندرووستی،چه‌وساندنه‌وه‌ی مێیینه، سه‌قه‌تی په‌روه‌رده‌ی منداڵ،نزمی ئاستی ڕۆشنبیری،نه‌بوونی دیموکراتی و تاد.
ڕاسته به‌شیکی زۆری ئه‌م گرفتانه په‌یوه‌ندی به سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هه‌یه ،لێ به‌شێکی زۆریشی ده‌که‌وێنه سه‌رشانی مه‌رجه‌عه ئیسلامیه‌کان به ئه‌حزاب و زانایانی ئیسلامی وخه‌تیب و مه‌لاو موفتی و ئه‌وانی دیکه‌وه. چونکه ئه‌مانیش ده‌سه‌لاتیکی به‌رفراوان و کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هه‌ست و کرداری موسوڵمانان هه‌یه .ده‌بینین ئه‌مانه هێنده‌ی خۆیان به مه‌سه‌له بی بایه‌خ و لاوه‌کیه‌کانه‌وه خه‌ریک کردووه و به‌رده‌وام فه‌توای ئاگرینیان بۆ ده‌دده‌که‌ن هێنده قسه‌یه‌کی خێریان له بۆ گۆڕینی باری گرانی موسوڵمانان نه‌کردووه.ئه‌مه هه‌موو لایه‌نه‌کان ناگرێته‌وه، ڕویداوه له‌م وڵات یا له‌و وڵات بڕێک له ناوه‌ند و کۆمه‌ڵه خیرخوازیه‌کانی سه‌ر به لایه‌نه ئیسامیه‌کان یارمه‌تی هه‌ژارانیان داوه‌و هه‌ندێک کاری خزمه‌تگوزاریان کردووه ،به‌ڵام زۆر جار ده‌رکه‌وتووه کاری ئه‌م کۆمه‌ڵه خێرخوازیانه بۆ مه‌رامێک بووه‌و ئامانجێکی له پشته‌وه بووه، نه‌ک به‌ڕاستی ویستبێتیان گرۆیی هه‌ژاران بکه‌ن.
ئاخر بۆ باوکێکی هه‌ژاری ئیماندار که به‌زه‌حمه‌ت خێزانه‌که‌ی بۆ به‌خێو ده‌کریت،کامه گرنگه بۆی ؟فه‌توای حه‌رامکردنی بردنی گول بۆ نه‌خۆش ،یا فه‌توایه‌ک ،ته‌قه‌لایه‌ک بۆ سوککردنی باری گرانی ژیانی و چاره‌سه‌ری به‌دخۆراکی خێزانه‌که‌ی بکا‌ت؟ یا کامه گرنگه ؟ئه‌وه‌ی که‌له کاتی چونه مزگه‌وتدا پێی ڕاستی یاچه‌پی له‌پێشا بخاته نێو حه‌ره‌می مزگه‌وته‌وه،یاخو‌د چۆن پێداویستیه‌کانی خوێندنی زاڕۆکه‌کانی دابین بکا‌ت؟
یاخو‌د کامه‌یان گرنگه کڕین وهه‌ناردنی 1 ملیۆن سه‌رپۆش بۆ چه‌ند ولاتێکی ئیسلامی که پارساڵ هه‌واڵه‌که‌ی له میدیاکاندا بڵاو بوویه‌وه و ناویان نا [ڕۆژی جیهانی سه‌رپۆش]یاخو‌د به‌و بڕه‌پاره کڕینی خواردن بۆ چه‌ند خێزانێکی هه‌ژاری موسوڵمان؟
له کۆتایدا ده‌پرسم که‌سێکی ئیمانداری ساده که ته‌نها هێنده‌ده‌زانێت ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانی ئیسلام به‌جی بهێنیت و شاره‌زاییه‌کی ئه‌وتۆی له ئیسلامدا نیه، ده‌مێک خۆی له‌به‌رده‌م دووفه‌توای جیاواز‌و دژ به‌یه‌ک له سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاینی ده‌بینێته‌وه ،بڕوا به کامیان بکا‌ت؟ وه‌رامه‌که‌ی جێده‌هێڵم بۆ خاوه‌ن فه‌تواکان.
وا پێده‌چیت موسوڵمانان که‌وتبنه نێو گێژداوێکی مه‌زنی فه‌تواوه که ده‌رچوون له‌و گێژداوه له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا به ئه‌سته‌م ده‌ینم.
halabja@forum.dk