Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دكتۆرو دیكتاتۆر…..موحسین ئەدیب

دكتۆرو دیكتاتۆر…..موحسین ئەدیب

Closed
by October 24, 2008 گشتی

 دكتۆرو دیكتاتۆر
موحسین ئەدیب

  
 هەفتەى پێشوو تەلەفزیۆنى(الحرە_عراق) راپۆرتێكى لەسەر مانگرتنى دكتۆرەكانى (كەربەلا) پیشاندا، بەگوێرەى راپۆرتەكە هۆكارى مانگرتنیان دەستێوەردانى عەشایرەكان بووە لەكاروبارەكانیان، جۆرى دەستێوەردانەكەش ئەوە بووە چەند حاڵەتَێكى نائاسایى لەلایەن پزیشكەكانەوە بەرامبەر چەند نەخۆشێك ئەنجامدراوەو لەوانە،لەكاتى نەشتەرگەرىو پێدانى چارەسەردا هەڵەى زەقیان ئەنجامداوەو لەبرى چارەسەر زیانێكى زۆریان بەنەخۆشەكان گەیاندووەو نەخۆشێكیش مردووە، بەوتەى نەخۆشو كەسوكاریان پەنایان بردۆتە بەر ئیدارەو دەسەڵاتدارانى پارێزگاكە بەڵام وەك پێویست بەدەمیانەوە نەچوون بۆیە ناچار بوون پەنا بەرنە بەر هۆزەكانیانو دیارە ئەوانیش سەرزەنشتى پزیشكەكانیان كردوە. ئەوەى من دەمەوێت لێرەدا بەكوررتى لەسەرى بوەستم ئەوەیە:
 من دژى ئەوەم كەنەك عەشایر بەڵكو هیچ دەزگایەكى ناپەیوەندیدار دەست وەربداتە هیچ كاروبارێكەوە، بەڵام پرسى سەرەكى لێرەدایە، بۆچى ئەم حاڵەتە سەبارەت بەپزیشك دروست دەبێت؟بۆ نەخۆش پەنا دەباتە بەر دژایەتیكردنى چارەسەركارەكەى؟!.
 لەژێر رۆشنایى مامەڵەى دكتۆرەكانى كوردستاندا وەڵامى ئەو پرسە دەدەمەوە كە لەوانەیە لەكەربەلاش هەمان هۆكارگەل بونیان هەبوبێت:
 1. بەپێچەوانەى ئەخلاقى پیشەكەیان، زۆرینەى دكتۆرەكانى كوردستان وەك عەبدو هاوڵاتى پلە دوو مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكانیان دەكەن.
 2. بەپێچەوانەى ئەوەى كەكارەكەیان تائەو پەڕى مرۆییە، بەڵام بەداخەوە لاى ئێمە بووەتە بازرگانیەكى رووتو ئەوەندەى زۆرینەیان لەهەڵپەى خۆ دەوڵەمەندكردندان، ئەوەندە خەمى چارەسەرى نەخۆشەكانیان نییە، لەمباریەشەوە بەڵگە زۆرن، بەنمونە:
 • لەدەوامى بەیانیانیاندا ئیعازى جۆراوجۆر بەنەخۆش دەدەن كە دواى نیوەڕۆ سەردانیان بكەن!
 • ئەگەر لە كلینكەكەیاندا تواناى بینینى 20نەخۆشیان هەبێت(بۆ نمونە) زیاتر لە50نەخۆش دەبینن!.
 • هەموو نەخۆشێك نهێنى خۆى هەیە، حەز دەكات بەتەنها بێت لەگەڵ پزیشكەكەیدا بۆ ئەوەى بەو پەڕى دڵنیاییەوە باسى نەخۆشیەكەى بكات، بەڵام زۆجار پێكەوە 2-3 نەخۆش دەبینن .
 • مەفروزە پزیشك بەوردى گوىَ لەنەخۆشەكەى بگرێت بەڵام نەخۆشى داماو لەقسەكانى نەبوەتەوە، رەچەتەى عیلاجەكانو فەحسەكان دراوەتە دەستى.
 •  كلینیكى دكتۆرەكان تاقیگەى تایبەتیان هەیە، بۆیە پێویست بێتو نەبێت زۆربەى فەحسەكانى بۆ دەنوسێت.
 3_ زۆرجار هەڵەى فەزیعى دكتۆرو كەمتەرخەمى بوەتە هۆى خراپتركردنى حاڵەتى نەخۆشەكەو مردنیشى، بەڵام ئەوەى لەهیچ روانگەیەكى ئەخلاقىو مرۆییەوە مایەى قەبوڵ نییە، ئەوەیە پەردەپۆش دەكرێت، یان دەكرێتە خەتاى هۆكارێكى دى كەزۆر جار نەخۆشەكەو كەسوكارى نەخۆشەكەش قەرزاربار دەكەن، نە خۆیان ویژدانەیان هەیە دان بەهەڵەكەیاندا بنێنو باربۆى نەخۆشو كەسوكارەكەى بكەنەوە،نە هۆشیارى خەڵكى ئێمەش لەو ئاستەدایە سكاڵا تۆمار بكات، نەدەزگایەكیش هەیە بەرپرسارێتى ئەو مەسەلەیە لەئەستۆ بگرێت، لەوەش مەترسیدارتر ئەگەر سكاڵاش تۆماربكرێت، مەسەلەكە وەك خۆى دەمێنێتەوەو دكتۆرى تۆمەتبار وەك بەرزكى بانان بۆى دەردەچێت، چونكەئەو لیژنەیەى پێكیش دەهێنرێت هەر لەچەند پزیشكێك پێك دێت، بێگومان ئەمەش بێئەنجام دەبێت چونكە پزیشكەكان لەمباریەوە بوونەتە پەناى یەكدینو پشتى پزیشكە هاوپیشەكەیان لە ئەرز نادەن بۆ نەخۆشێكى داماو، چونكە باباى پزیشكى ناو لیژنەكە وێڕاى ئەوەى كە بەداخەوە بەوێژدانێكى پەتییەوە بڕیار نادات، هاوكات لەوەش دەترسێت رۆژێك لەرۆژان خۆشى هەمان هەڵە ئەنجام بدات، بۆیە هەرلە ئێستاوە هەوڵى دروستكردنى پشگیرى دەدات بۆ تاوانەكەى. هەر ئەمەش وایكردوە وێڕاى هەموو ئەو كەمترخەمىو هەڵانەى دكتۆرەكانى ئێمە دەیكەنو نەخۆش بەهۆى نەزانىو كەمتەرخەمیانەوە دەمرێت هێشتا زۆر بەدەگمەن نەبێت نەمان بینى دكتۆرێك سزا بدرێتو بكرێتە پەند بۆ ئەوانى دىو هوشدارى ئەوەیان بدرێتى كەئێوە مەرگو ژیانى خەڵكتان بەدەستە بێدار بن!
 ئەمە دەڵێمو دڵنیاشم لەوەى كە خاوەنى دكتۆر گەلێكى بەویژدانو بەتواناینو بەهیواى ئەوەى ژمارەیان زۆرتر بێت بۆئەوەى هەمان حاڵەتى كەربەلا لێرەش سەر هەڵنەدات.
 
 muhsinadib@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.