Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پیلانە نهێنەیەكانى ناو بانگێشتەكەى مەلابەختیار

پیلانە نهێنەیەكانى ناو بانگێشتەكەى مەلابەختیار

Closed
by November 4, 2008 گشتی

 پیلانە نهێنەیەكانى ناو بانگێشتەكەى مەلابەختیار
  كاروان نەجمەدین

 
 مەلا بەختیار پەتى تەحەمولى پچڕاو لە ژمارە 198ى ڕۆژى  دووشەممە 13\10\2008 ى هەفتەنامەىچاودێرەوە داوا لە نەوشیروان مستەفا دەكات ڕوبەڕو لەشاشەى تەلەفیزیۆنەكانەوە قسەبكەن . ئەم هەڵوێستەى مەلابەختیار دواى ئەو كومەڵە وتارانە دێت كە نەوشیروان مستەفا تیایاندا كەوتۆتەڕەخنە لە حیزب و حكومەتێك كەخۆى بنچینەى داناوە بەڵام ئەمڕۆ " ناكۆكى" پەیداكردوە  ، لێرەدا ناچمە سەر هۆكارى ناكۆكیەكانى نەوشیروان مستەفا لەگەڵ (ی ن ك) ، بەڵام ئەوەى جێگەى مەبەستە داواكەى مەلا بەختیارە لە نەوشیروان ، خۆ ئەگەر ئەم داوایەى مەلابەختیار لەلایەن نەوشیروانەوە قبوڵ بكرێت ئەم دوهاوڕىَ و هاوپیشە كۆنە لەكەناڵەكانى تەلەفیزۆنەوە بكەونە هەڵدانەوەى پەردە لەكردەوەكانى 31 ساڵى ڕابردوى یەكدى ئەبێت چى دیكە زیاد ببێت لەسەر ئەومێژوەى حیزبەكەیان و ئەودوانە كە لاى خەڵك زانراوە، تۆبڵى ئەم دوانە شتێكیان هەبێت لەبەرژەوەندى خەڵكدا بوبێت تا یەكێكیان ئیسپاتى بكات ئەو باشتر خزمەتى خەڵكى دەكرد ئەگەر ئەوى دیكەیان نەبوایە ؟!!  ، بەقەولى مەلابەختیار *( "31 ساڵە لەنزیكەوە یەك دەناسن لەناو سەدان ڕوداو ، كۆبونەوە ، سەركەوتن و شكست ، مفاوەزات لەگەڵ حكومەتان ، پیلانى ئاشكرا و نهێنى ، زیندان و ڕەفتارى نا جوامێرانە و پێشێلكردنى مافى ئازادى لە سەدان تێكۆشەر بە خۆشمەوە " ) ، تۆبڵى ئەم دوو هاو پیشەیە ڕۆژێك لەڕۆژان لەسەر مافەكانى خەڵى كوردستان ناكۆكیەكیان هەبوبێت و ئێستا بیانەوێت پەردەى لەسەر لادەن ؟!! یان دەكەونە هەلادانەوەى پەردە لەسەر ئەوپیلانانەى 31 ساڵە بۆسەركوتى ئەحزابى سیاسى و قەتڵى عامكردنى نەیارنى حیزبەكەیان دایانڕشتوە و بەڵام وەك قڕناقىَ و پشتئاشان عەلەنى و بەبەرچاوى خەڵكەوە نەبوە ، بڵێى مەلابەختیار ئاگاداری ئەوە نەبوبێت كە حیزبەكەى خەریكى عەمالەت بوە بۆ جمهورى كۆنەپەرستى ئیران و پاسداریان بردە سەر بیرە نەوتەكان و دڵڕەنجاوى حكومەتى بەعس لە مفاوەزاتدا بگێڕێتەوە بۆ بڕیارى تاكڕەوانەى نەوشیروان مستەفاى هاوڕێى  ،یان تەنیا بڕیار بە نەوشیروان مستەفابوبێت بۆ هەێرشكردنە سەر ئەحزابەكان كە حیزب نەما لە شاخ بەپول كادرو چەكدارەكانیان لە لایەن حیزبەكەى مەلابەختیار و نەوشیروانەوە نەكوژرێن و "ئەتك" نەكرێن ، ئەمانەو و سەدانى دیكە لە كارنامەى حیزبەكەى ئەو دو بەلوتفەن كە ئەمڕۆ دەیانەوێت كێشەكانیان بە " دیالۆگى سەردەمیانە " لەڕێگەى هەڵدانەوەى فایلە ڕەشەكانیانەوە چارەسەر بكەن .
 هەمووخەڵكى كوردستان كونیە و كارنامەى ئەم دوانە شارەزان ، هەموو خەڵكى دەزانن كە كوشتنى كۆمۆنیستەكان لەلایەن یەكێتى نیشتمانیەوە یەكێكى دیكە لە كارنامەى ڕەشى حیزبەكەى ئەوانە چونكە بەڕۆژى ڕۆناك بەبەرچاوى خەڵكەوە ئەنجامدراو جمهورى ئیسلامى ئیرانیش دەستخۆشانەى لێكردن ،جەنابى مەلابەختیاریش شانازى پێوەكرد ، ڕاكردن بۆ بەغداد و كەتن لە حزورى ێەدامى خوێنڕێژدا بەوێنەوە لە زۆر نوسراوەدا دەبینرێت ، ماچكردنى گەردنى خوێناوى ێەدام لەلایەن سەرۆكى حیزبەكەیانەوە ، قڕناقى و پشتئاشان ، شەڕى ناوخۆ ، حیزب و گروپ و تاكەكەسى موخالفى حیزبەكەیان نەما خوێناوى نەكەن ، بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى كۆمۆڵگا  ئەمانە هەمووى بەبەرچاوى خەڵكەوە بوە ، بۆ نەوشیروان و مەلابەختیار دێن لە تەلەفیزیون بۆ خەڵكى باس دەكەن ؟!! خەڵك ئەمانەى هەموو لەبەرە، بەڵام وادیارە ئەمانە هەموى لەچوارچێوەى ئەو پیلانە ئاشكرایانەن كە مەلابەختیار خۆى دەڵێت  . ئەى پیلانە نهێنیەكان چین ؟!! كام حیزب و لایەنى دیكە ماوە بە پیلانى نهێنى هێرشى بكەنە سەر ؟ ، چەند وریا ى دیكە كوژراوە بەپیلانى نهێنى ؟ ، "ڕەفتارى نا جوامێرانە" لەگەڵ كىَ كراوە و لەشەخ چەند كەسى دیكە بەدەردەكەى مەلابەختیار چوە ؟ ،  جمهورى ئیسلامى  ئیران بۆكام  ناوچەى دیكەى كوردستان و  بۆسەر كامە ( ئۆپوزسیۆنى ئیرانى ) بە پیلانى نهێنى هێنراوە ؟ ، وەختێك دەچونە حزورى " كاربەدەستانى میرى " لەبەغداد چى پیلانێكى نهێنیان جێبەجىَ كردوە ؟ ، چەنێكى دیكە لە سەروەتى كۆمەڵگا و پاروى دەمى خەڵك دزراوە ؟ ،  ئەمانەو سەدان پرسیارى دیكە  لەناو ئەو پیلانە نهێنیەدا جێگەى دەبێتەوە كە مەلابەختیار  لەماوەى 31 ساڵدا لە حیزبێكدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفاى هاوڕێدا ئاگایان لێیەتى ، ئەمە پەردەى ئەوشانۆیە دەبوو كە لەشاشەكانى تەلەفیزیۆنە وە لەسەر داواى مەلابەختیار پێشكەش دەكرا؟! .
 پێموانیە هیچ یەكێك لە مەلابەختیار و نەوشیروان مستەفا لەسەر كارنامەى سیاسى  و ستراتیجى حیزبەكەیان خیلاف و گرفتێكیان هەبێت ، لەیەكەمین ڕۆژەكانى سەرهەڵدانیانەوە چاویانبڕیوەتە بەشێك لە دەسەڵات كە لەحكومەتى مەركەزى عیراقەوە پێیان دەبەخشرێت لە ژێرناوى ئۆتۆنۆمى و فیدراڵیزم دا ، كە هەریەكێك لەو دوو كەسە لە چەندین جێگە و بە وتە و بەنوسین تاسەر ئێسقان لایەنگرى خۆیان بۆ ئەو جۆرە تەرحانەى كە لە مەركەزیان نزیك دەكاتەوەدەربڕیوە و هەر حیزبەكەشیان لەسەرئەم ئەساسە بنیات نراوە ،  هەر ئەم دەلیلەش واى لە نەوشیروان مستەفا كرد كە ئەوداوایە ڕتبكاتەوە ، چونكە نەوشیروان مستەفا ڕەنگە بەپێى تەجروبەكانى باشتر بزانێت كە ئەگەر لەگەڵ مەلابەختیار بێنە سەر تەلەفیزیۆن  باسى چى بكەن ؟! ، ئەو مێژووەى 31ساڵەى مەلا بەختیار باسى دەكات لاى هەموو خەڵك ڕۆشنە ، ئەوەى بۆ خەڵك ناڕۆشنە پیلانە نهێنیەكانە ، ئەو پیلانە ئاشكراكانیان جگە لە سەركوت شتێكى دیكە نەبوە داخۆ دەبێت نهێنیەكان چى بن ؟!.
 كەم جار هەیە گوێبیستى مەلابەختایار ببیت سەرزارەكى خۆى وەك لایەنگرى شەفافیەت و ئازادى ڕادەربڕین ڕانەگەیەنێت ، كەئەوەندە شەفاف خواز و ئازادیخوازە نەوشیروانى بۆچیە بۆخۆى پیلانە نهێنیەكان ئاشكرا ناكات ؟ خۆى وتەنەى ( ئەوە عەرز و ئەوەش گەز ).
 
 karwanmj@yahoo.com
 
 
 * مەلا بەختیار / نەشیروان مستەفا با ڕوبەڕو قسەبكەین /  هەفتەنامەى چاودێر  ژمارە 198 ى دووشەممە  13\10\ 2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.