جەناب و قوربان و بەڕێز …. بەکر ئەحمەد


لە ماوەی پانزەساڵی بەرنامەپەخشکردن و کارکردن وەک بێژەر لە ڕادیۆی هاوپشتی، کۆمەڵێک یادگار و رووداوی سەرنجڕاکێش و تێبینی هەن کە تا ئێستاش نەمپەرژاوە ئاوڕدانەوەیان لەبەرانبەردا بکەم. یەکێك لەو تێبینییانە چۆنێتی ناوبردن و بانگردنی ئەو کەسانە بوون کە گفتوگۆی ڕادیۆییم لەگەڵدا ئەنجامم دەدان.
لەو ماوە درێژەدا، کەسانێکی زۆری دەسەلاتی سیاسی و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و نووسەرانی کورد لە ڕادیۆوە ئاخاوتنییان لەگەڵدا کراوە.

لە زۆر حاڵەتدا دەمویست کەسەکان بەناوی خۆیانەوە ناوبەرم. بەڵام لە شوێنێکی ئاخاوتنەکەدا، کولتووری باوی کۆمەلگا لە ناخی منیشدا قووتدەبووەوە و دەستەواژەکانی، مامۆستای بەرێز، کاک کۆسرەت، بەڕێز کاکە حەمە یان هەر ناو و ناونیشانێکی دیکە کە بە میشکی هەمووماندا دێت، بەسەرزاردا وژەی دەکرد.
ئولوف پاڵمەی سوید لە ساڵی ١٩٦٧ دا بە ڕۆژنامەنووسان دەلێت: بە ناوی خۆمەوە بانگم بکەن! تەنها ئولوف و بەس.

من شەخسی خۆم هیچ ئاخاوتنێک و چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیم نەدیوە، مەزهەری خالقی و ناسری ڕەزازی و نێچیروان بارزانی بە ناوی خۆیانەوە بانگبکات.
مامۆستای گەورە و جەنابی سەرۆکی حوکمەت و دەیەها ناو و ناونیشانی دیکە لە گوێچکەی هەمووماندا دەزرنگێتەوە. بە کورتییەکەی، لە زمانی کوردیدا هێشتاش کارێکی ئاسان نییە لە ئاخاوتن لەگەڵ کەسێکی دیار و نادیاردا بە ناوی خۆیەوە بانگی بکەیت و هیچ پێشگرێکی جەناب و قوربان و بەڕێزی بۆ دانەنێیت.

من پێموایە تا ئێستاش قوتابیی ناتوانێت بە مامۆستاکەی بڵێ: شلێر یان ئازاد. مامۆستا شلێر و مامۆستا ئازاد تاکە شیوازی ئاخاوتنی قوتابییانە لەگەڵ مامۆستادا.
هەتا مەقام و پلەو پایەکانی ئینسانیش بەرزتربێتەوە، ناو و ناونیشانەکانیش ئاسانتر نابنەوە و جەنابی بەڕێوەبەر و دوکتۆر فڵانەکەس دەبنە ناوی یەکەمی کەسی بانگکراو.
پوختەی قسەی من ئەوەیە: کەی ئینسان دەبێتەوە بە خۆیی و ڕاناوی “تۆ”، جێگای “ئێوە” دەگرێتەوە و مامۆستا و جەنابی دوکتۆر و بەرێوەبەر دەبنەوە بە کەسەکانی خۆیان.

ئەم باسە ڕەنگە بۆ زۆر کەس پەیوەندی بە ئاداب و ئوسوڵی ئاخاوتنی کۆمەڵگاوە هەبێت و پرسیارێکی دیموکراتی نەبێت. بۆ من هەم سەروکاری لەگەڵ ئادابدا هەیە و هاوکاتیش پەیوەندییەکی سەیری لەگەڵ دروستبوونی تاکی ئازاد و بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراتی و یەکسانییدا هەیە.
لە وڵاتێکی وەک سویددا، تەنها بە “پاشا”ی سوید دەوترێت ئێوە. ئەگینا سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرە باڵاکانی گەورەترین کۆمپانیاکان بە ناوی خۆیانەوە بانگدەکرێن و بەکارهێنانی دەربڕینی “ئێوە” وەک سووکایەتییەک سەرنجدەدرێ.
بەلام بەوەی هێشتا، نموونەکانم لە سویددا دەسوڕێتەوە، باشترە نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لەمێژووی سوید بهێنمەوە کە پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەیە.

ڕیفۆرمی “تۆ”

لە مانگی حەوتی ١٩٦٧دا، “بروور ڕێکسێد” دەبێتە بەڕێوەبەری باڵای یەکێک لە دەستگا گەورە دەوڵەتییەکانی سوید و لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ کرێکار و کارمەندانی ئەو دەستگایەدا، بانگەوازی هەموان دەکات کە بە “بروور” بانگی بکەن و هەرچی ناونیشانی سەرکار هەیە، وەلا بنرێت.
سەیر ئەوەیە: سکرتێرەی یەکەم برگیتا و بەرێوەبەری بەشی ژمێریاری پاتریک و سەرۆکی بەشی تەلەفۆنات ناوی بەکارهاتووی سەرکاری ڕۆژانەی کارمەندانی نەک هەر ئەم شوێنە، بەڵکو زۆربەی شوێنی کارەکانی دیکەی سوید بوو لەو زەمەنەدا. واتا هیچ کەسێک بە ناوی خۆیەوە بانگنەدەکرا و ناونیشانی وەزیفەکە دەخرایە پێش ناوی کارمەند یان کرێکار.

لەسەر کاردا، ئینسان نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو یەکتری بە تۆ و ناوی خۆیەوە بانگبکات. ئەوەی بروور ڕێکسید دەیکات ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیدا دەبێتەوە بە بروور و بە ناوی خۆیەوە بانگدەکرێت.
بە کوردییەکەی: تۆ لە ئاسیا سێڵدا کارمەندی پرسگە بیت و بە فاروقی مەلاموستەفا بڵێێ: فاروق. بە بێ جەناب و کاک فاروق و قوربان و هەموو ئەو دەستەواژانەی لە مێشکدا هەن.

مێرتا نوردنفێلت کە کارمەندی دەستگاکەی بروور ڕیکسێدە دەڵێ: من لە ئاخاوتن لەگەڵ دایک و باوکمدا، تۆم بەکارنەدەهێنا و بە دایە و بابە بانگم دەکردن. بە دایک و باوکی هاوڕێکانیشم دەوت: پوورێ یان مامە.
بەڵام بۆ ئاخاوتن لەگەڵ کارمەندانی دەستگاکەدا، لیستی درێژی ناو و مەقام هەبوو کە نەدەکرا هەڵەی تیادا بکرێت. بۆیە کاتێک قسە لە گەشەکردن بەکارهێنانی “تۆ”وە دەکرێت لە سویددا، بروور ڕێکسێد، وەک یەکێك لە فیگورە تایبەتییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە سەرنج دەدرێت و شانسی ئەوەی پێدەدرێت لە پەیوەند بەوەی کە کاتێک ناوی ڕیفۆرمی تۆ دەهێنرێت، ناوی ئەویش دێتە پێش.
بە کورتییەکەی: ڕیفۆرمی تۆ، ئەو چاکسازییە زمانەوانییەیە کە لە سویددا ئەنجامدەدرێت و لە ئاخاوتنی ئینسانەکاندا تۆ جێگای ناونیشان و ئێوە و پێشگرو پاشگرەکانی دیکە دەگرێتەوە.

پڕۆفیسۆری زمانەکانی باکوور، “ئوللێ یوسفسۆن” لە دانشگای ستۆکهۆڵم دەڵێ: دوو سەرچاوەی گەورە لە پشت پەرەسەندنی ریفۆرمی تۆوەیە لە سوید.
یەکەمیان: گەشەی دیموکراسی و یەکسانیخوازی کە لە کۆتایی شەستەکانی ئەوروپادا لە پەرەگرتنی خۆیدا بوو بە هۆی بزووتنەوەی ٦٨ وە، دووەمیشیان: کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی دێیە بەرەو شارەکان کە بە ئۆربانیزەیشن ناودەبرێت.

لە دۆخی یەکەمیاندا، گەشەی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی ئینسان دەخاتەوە مەرکەز و ناو و ناونیشانەکانی لێدەکاتەوە و دەکرێتەوە بە خۆ. کۆششێک بۆ سەرنجدان لە ئینسان وەک ئەوەی هەیە بێ ئەوەی بەرزی و نزمییە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی، لە ماهیەتی ئینسان کەمبکاتەوە. لانی کەم لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەدا.
لە دۆخی دووەمیشیاندا، کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی دێ بۆ شار، جۆرێک لە پێکەوەژیانی قورستری هێنایە پێش کە ئاسان نەبوو بۆ خەلکی تازەی شارەکان ئەو هەموو ناو و ناونیشانە زۆرانە لەبەرکەن و لە کاتی ئاخاوتندا ڕیعایەتی بکەن.

لە دێهاتدا، بە هۆی بەرتەسکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زانینی ناو و ناونیشانەکانەوە دەکرا بزانرێت کێ کچی کێەو ئامۆزای ئاغا کێە و سەپانی ماڵی فلانە کەس ناوی چییە.

لە زۆربوونی دەمووچاوەکان و قەڵەباڵغبوونی شارەکاندا، ئیمکانی پەیڕەویکردن لە کۆد و کولتوورێکی زمانەوانی بەمجۆرەی کە لە دێهاتدا هەبوو، یان پلەو مەقامە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلگای چینایەتی و بازاڕێکی قەلەباڵغتر هێنابوویە پێش، کارێکی ئاسان نەبوو.

کۆمەلگای کوردی و تۆ

نەبوونەوەی مامۆستا سەردار بە سەردار و دوکتۆر مەحمود بە مەحمود و عالییەخان بە عالییە، بەرلەوەی نیشاندانی کۆد و کولتووری کۆمەلگا بێت کە ڕێز سەرتاپای تەنیوە، ئاماژەی ونبوونی تاکێکە کە دەبوایە بە ناو و ناونیشانی خۆیەوە دەرکەوێت.
بانگکردن و ناونیشانەکانی سەرەوە، بەرلەوەی حەکایەتی ڕیزداری کۆمەلگایەکمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەو زیندانەیە کە بە ناوی ڕێزەوە لە دەوری تاک دانراوە. بۆ ئەوەی تاکیش ببێتەوە بە خاوەنی خۆ، دەبێ لە کۆت و پێوەندەکانی ئەم جۆرە ڕێزە خۆی رزگاربکات.
لەم ناو و ناونیشان هێنانەدا، ڕێز ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ وەک خۆی دەرکەوێت.

لە دایکنەبوونی تاک لە کۆمەلگای کوردیدا، دەکرێ لە دەیەها شکڵی جۆراوجۆری کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نیشان بدات. پەردەکانی ڕێز کە ناو و ناونیشانەکانی دەوری ناوی داپۆشیوە، هیچ شتێک نییە، جگە لە کۆششێکی ئامانجدارانەی کۆنسیرڤاتیڤانە بۆ دەمپێداخستنی تاکێک کە ئیلهام لەخۆیەوە وەردەگرێت و دەکرێ تێروانینێکی تەواو ڕێزدارانەش بۆ ئاخاوتنی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیدا بدۆزێتەوە بێ ئەوەی دەم وچاو و ناوی ڕاستەقینەی خۆی ونبکات. واتا ڕێز لێرەیە تا ڕێ لە لەدایکبوونی تاکێک بگرێت کە دەکرێ پێناسێکی دیکە بۆ رێز بدۆزێتەوە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنجە، پرۆسەی کۆچی دێیە بۆ شار کە وەک هۆکاری گرنگی پەرەسەندنی چەمکی “تۆ”ی بەرانبەر “ئێوە”یە لە شارەکاندا ئاماژەی پێدەدرێت. بە تایبەت لە دۆخی سویددا.

ئەم وێنەیە لە کوردستاندا تەواو پێچەوانەیە.

بە بیرم دێ، کاتێک دەربڕینی سوپاس دەبێتە وێردی سەرزاری خەڵکی شار، شەپۆلێک نوکتەی “لادێ”یانەی لەبەرانبەردا قوتدەکرێتەوە.
دەڵێن کابرایەک خەڵکی لادێ دێ بۆ شار و لە کاتی فرۆشتنی شتومەکەکانیدا، خەڵکی بەس سوپاسی دەکەن. لە ئێوارەدا کە دەچێتەوە بۆ دێ و لێیدەپرسن شتەکانی بە چەند فرۆشتووە، لە وەلامدا دەلێ: بەس سوپاسم وەرگرتووە.
با نموونەیەکی دی لە کۆششی شار لە کاتی بەریەککەوتنی خەلکی دێدا بێنمەوە. “بەڕێز” دەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستانە لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە. بەڕێز فەرموو، بەڕێز بەخێر بێت، بەڕێز چیتان دەوێ، هتد

کاتێک گەڕامەوە کوردستان و ئەم هەموو بەرێزفڕێدانەم لە ژیانی رۆژانەدا بینی، تووشی بیرکردنەوەیەکی سەیر بووم. چی دەبوو ئەگەر: فەرموو چیت دەوێ وەک خۆی بەکاربهێنرایە و بەڕێزی لە پێشەوە دانەنرایە، بێگوومان دەستەواژەی بەڕێز، جێگای ناوی کەسی کڕیار دەگرێتەوە.

ئەگەر دێهات بوایە، هەمووان ناوی یەکترییان دەزانی و بە مامۆستا فلانە کەس و حاجی عەلی و ئایشەخان جێگای پڕدەکرایەوە. بەلام بەوەی ئەم ئاخاوتنە لە شاردا ڕوودەدات و کەسی کڕیار نازانرێت کێیە، بەڕێز دێت و ڕزگارمان دەکات. ئاخر ناکڕێت ناوی هەموو کڕیارەکان بزانرێت. واتا بەڕێز بەرلەوەی نیشاندانی ڕێز بێت لەکەسێکی نەناسراو، ناوێکە و دێت و شوێنی ناو و ناونیشانی ڕاستەقینەی کڕیار دەگرێتەوە.
ئەوەی کە ئینسان لە سویددا بە تۆ و ناوی خۆیەوە لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ بەرانبەردا ئاخاوتندەکات، ئاسناکردنەوەی ئاخاوتن و لابردنی ڕیگرییە کولتووری و چینایەتییەکانە و بوونەوەی ئینسانە بە خۆی.

لە دۆخی سوپاس و بەڕێزی شارەکانی کوردستاندا، ‌هێندەی شار بەم دەربڕین و دەستەواژانەوە خەریکی خۆجیاکردنەوەیە لە دێهات، هێندە بەشوێن دروستکردنی تاکێکی ئازادەوە نییە کە شار دەبوایە لە گەورەکردن و پێگەیاندنیدا، لانکەیەکی گرنگ بوایە. بەڵکو هێشتاش بە چەک وکەرەستەکانی زمانی “لادێ”وە، خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لە دێ.

بە زمانێکی دی: ئەگەر لە دیهاتدا، ناو و ناونیشانەکان دیارن و دەزانرێ کێن و پلەو مەقامەکان و سنوورەکانی ڕێز و بێڕێزی لە زمان و پراکتیکەکانی دیکەی ڕۆژانەدا بە زەقی خۆیان نیشاندەدەن، ئەوا لە کاتی قەڵەباڵغی شارەکاندا ناکرێ پەیڕەوی لەهەمان کۆد و کولتووری زمانەوانی بکرێت و قسەبکرێت.
بۆیە بەکارهێنانی بەڕێز لە زمانی شارەکانی کوردستاندا، هیچ نییە جگە لە وەرگرتنی کولتووری ڕێزی دێ و گواستنەوەی بۆ ئاخاوتنی ناو شار لە دۆخێکدا کە دەموچاوەکان نادیارترن و دەکرا ببنەوە بە خۆیان و لەو هەموو کۆدە کولتووریی و چینایەتییەیانەی دێ ڕزگاربکرانایە، پرۆسەیەک کە لەگەڵ گەشەی زۆربەی شارەکاندا بینراوە و لە دۆخی کوردستاندا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە لەوە دەچێت کە دێ و کولتووری دێ شار لووشدەدات و بە هەمان پێوەرەکانی دێهاتەوە ئاخاوتن ئەنجامدەدرێت. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تۆ لە ئاخاوتندا وندەبێت و ناوو ناونیشانەکان جێگای تۆ دەگرنەوە.
ئەگەر هۆکاری کۆچی دێ بۆ ناوشارەکان لە دۆخی سویددا بەڕێوەبەری قوتابخانە دەکات بە “ویلیام”ێک و تایتڵی کارەکەی لێدەکاتەوە، ئەوا لە زمانی کوردیدا، نەک هەر نایکاتەوە بە “مودیری قوتابخانە”، بەڵکو ناونیشانی “بەڕێز مودیری قوتابخانە”ی پێدەبەخشێت و دەیکات بە کائینێک کە هەموو شتێکە خۆی نەبێت بە ناوی خۆوە.

بێگومان ونبوونی تێڕوانینێکی یەکسانیخوازانە بۆ کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆمەلگای چینایەتی و تێروانینێکی دیموکراتی ساغ و سەلیم لە کۆمەلگادا بۆ ئینسان، کولتووری بانگنەکردن بە “تۆ”ی لە کۆمەلگای کوردیدا هێندەی دی، لاوازتر کردووە. ئەگەر گەشەی دیموکراسی و تەشەنەکردنی بیروباوەڕی یەکسانیخوازانە هۆکارێکی دیکەی گەشەی ریفۆرمی تۆی کۆمەلگای سویدە، ئەوە لە کۆمەلگای کوردیدا، بە زەقی غیابی ئەم لایەنە هەستپێدەکرێت.

* بروانە گۆڤاری پوبلیکت Publikt گۆڤاری یەکێتی کارمەندانی دەولەتی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٧