Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو لاوازى دەچێت

پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو لاوازى دەچێت

Closed
by November 10, 2008 گشتی

 پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو لاوازى دەچێت
 عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمكی
 

 ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییانەى كە لەدونیادا بوونى هەیە، لەوڵاتیكەوە بۆ وڵاتێكى تر بێكومان جیاوازى هەیە، بەكوێرەى داب و نەریت و سروشتى ئەو كۆمەڵگایانە دەمێنێت كە چارەنووسى پەیوەندیەكانیان دەست نیشان دەكات و بە تێبەڕبوونى كات و زەمەنیش كاریگەرى راستەوخۆی دەبێ لە شێوەى گۆڕانى پەیوەندییەكان.
     دیارە مەبەستى سەرەكیم لەم بابەتەدا زیاتر دەستنیشان كردنى ئەو خاڵانەیە كە پەیوەندیەكانى كۆمەڵگاى ئێمە لەرابردوودا چۆن بووە و هەنووكەش لە چ دۆخێكدایە باس بكەم، ئاشكرایە لەماوەى رابردوودا ئەو پەیوەندیانەى كە هەبوون پەیوەندییەكان بەگشتى پتەو بووە، و زیاتریش لەسەر ئاستى خزمایەتى و ناوچەچێتى بووە، لایەنە بۆزەتیڤەكانى ئەو پەیوەندیانەش زۆرترین مەحبەت لەنێوان تاكەكاندا هەبووە و هاتوچۆكردنى یەكتر و دەستگردنى ئەو كەسانەى كە لەرووداوێكدا تێدەكەون و پەیوەندییەكى گیان بەگیانى، واتا ئەو پەیوەندیانەى كە دروست بوون پەیوەندییەك بووە بەرژەوەندى دروستى نەكردووە، بەڵكو ئەو هۆكارانە دروستى كردووە كە ئاماژەم پێكرد، لایەنە نێگەتیڤەكانى ئەو پەیوەندیانەى كە لەسەردەمانى رابردوودا هەبووە ئەوەیە كە تەنها مەسەلەى خزمایەتى و شارچێتیان بەئەساس وەرگرتووە و تەنها لەسنوورێكى عەشایەریدا ماوەتەوە و ئەو جۆرە پەیوەندیانەش پەرەى پێنادرێ و پێش ناخرێ و لەسنوورێكدا قەتیس دەمێنێت، كاریگەریەكانیشى سەرچاوەى خۆی لەبیرۆكەى فێوداڵیەتییەوە دەگرێت.
    ئەو پەیوەندییە كۆمەڵاتەتیانەش كە لەرژگارى ئەمڕۆماندا هەن بەرەو لاوازیەك دەڕوات كە بەبڕواى من مەترسیدارە بۆ ئێستا و داهاتووش، چونكە زۆربەى ئەو پەیوەندیانەى كە دروست دەبن زیاتر بەرژەوەندى دروستى دەكات، بێگومان ئەمەش شتێك نییە كە بڵێ هەر لەخۆیەوە دروست بووە، لەمڕۆدا سیستەمى سەرمایەى جیهانى ئیدى لەدونیادا وا لەتاكەكانى كۆمەڵگا دەكات كە تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەكانى خۆیان كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەرەو ژیانێكى تاریك بەرن، چونكە لەكاتێكدا بەرژەوەندى كەوتە پێش كارى ئینسانى ئەوا بزانە ئیدى ژیان بەرەو خراپبوون مل دەنێت، بۆیە تەماشا دەكەى لەو وڵاتانەى كە وەكو وڵاتى پێشكەوتوو دەبینرێ ئیدى پەیوەندى كۆمەڵایەتیان نەماوە و زۆر سارد و سڕن لەپەیوەندییەكانیاندا و تا ئەو ئاستەى ژن و پیاوێك كە بەیەكەوە دەژین تەنها لایەنى غەریزەیە كە گرییان دەداتە یەكەوە و لەو شوێنانەى كە كاریشى تێدا دەكەن دیسان مەسەلەى بەرژەوەندى شەخسى خۆیانە كە پەیوەندیەكان لەگەڵ ئەو كەسانەدا دروست بكەن كە لەگەڵیاندا كار دەكەن، ئەگینا ئیتر هیچ پەیوەندیەكى ئینسانى و كۆمەڵایەتى و مرۆڤدۆستیان نەماوە، بێگومان ئەم دیاردەیەش كە سەرجەم كۆمەڵگاكانى مرۆڤایەتى تەنیوەتەوە كاریگەرى راستەوخۆى هەیە لەكوردستانیشدا، ئاشكرایە كە بەردەوام لەزارى گەورەكانەوە دەبیسین كە باسى رۆژانى رابردوومان بۆ دەكەن خەڵكى لەو سەردەمانەدا جۆن ژیانێكى باشیان بردۆتە سەر كە زۆر بەئیقناع و سادەبوونە، بەڵام لەئێستادا شتەكان هەمووى گۆڕاون ئەگەر بڵێن لەئەنجامى پێشكەوتنى دونیادا پەیوەندیەكان گۆڕاون و لاواز بوونە ئەمەش راست نییە، راستر ئەوەیە كە لە ئەنجامى بەرژەوەندى لاوەكیدا ئەو پەیوەندیانە بەرەو لاوازى دەچن.
    ئەگەر رێگریەكى دروست نەبێت لەپێش شێوە ژیانێكى بەو شێوازە ئەوا حەتمەن لەداهاتوودا ئەو پەیوندیانەى كە ئێستا بوونى هەیە هەر نامێنێت، ئێمەى مرۆڤى رۆژهەڵاتى ناوڕاست خاوەن كولتور و شارستانیەكى تایبەت بەخۆمانین بەتایەتیش وەكو كورد، كە داب و نەریت و كولتور و زمانى تایبەتى خۆمان هەیە ئەو (ێلە رەحمە)ى كە لەئیسلامیشدا باس دەكرىَ بەتەواوى لەئێمەدا هەبووە، بەڵام وا خەریكە بەرەو خرابوون دەچێت، بۆیە پێشگرتن لەژیانێكى بەو شێوازە دەبێتە ئەركى هەموو كەسێكى مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر، چونكە ئێمە وەك مرۆڤ بەپەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانەوە جوانیان، لەبەر ئەوەى تاك بەبىَ كۆمەڵگا نابێت، یان ئەو شێوە ژیانە كە تەنها من بیر لەخۆم بكەمەوە ژیانم خۆش بێ و ئاسوودە بم، وڵات و دەوروبەریشم كاول بێ و دەنگ نەكەم ئەمەش بەبڕواى من جۆریكە لەبىَ ئەخلاقى و لەئەنجامى نەبوونى ویژدانەوە سەرچاوەى خۆى دەگرێت.
      رێگاكانى رێگرتن لەم دیاردەیە زۆرن، جارێكى تر و بەشێوازێكى باشتر دەتوانین رۆحێكى ئینسانى وەبەر پەیوەندیەكانمان بەدەینەوە و نەهێڵین چیدى لەم دۆخە زیاتر بەرەو خراپتر بچێت، بۆ نمونە بەسەردانیكردنى دەوروبەرت بىَ لەخۆشى و ناخۆشیەكاندا بەشداربى، ئەمەش تەنیا بەس نییە، بەڵكو دەبێت خۆشەویستیەكى راستەقینە و دوور لەبەرژەوەندى دروست بێت، بەرژەوەندى لەرۆژى ئەمڕۆماندا حاكمە هەر بۆ نمونە كوڕێك تەنیا لەبەر بەرژەوەندى و بۆ ئەوەى غەریزەى خۆى دابمركێنى بەناوى خۆشەویستیەوە داواى هاوڕیەتى لەكچ دەكات، یان شێوەى سەردانەكان بۆ بەرژەوەندى بێت ئەو دیاردانە بێگومان بەرەو خراپتربوونمان دەبات، بەڵام ئەگەر بێت زۆرینەى خەڵك پێكەوە هەوڵبدەن و شێوەی مامەڵكردنیشیان باش  بێت لەگەڵ دەوروبەریان، یان ئەو پەیوەندیانەى تر كە لەگەڵ خەڵكدا دەیبەسن لەسەر ئەساسى راستى درووست بووبىَ ئەوا  سەركەوتوو دەبین، ئەگەریش بەپێچەوانەوە بوو ئەوا كارەساتێكە بەرەو رێگاى چەوتمان دەبات.
    
 abdulagermiki@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.