Skip to Content

318 Views

سیاسه‌تی هه‌ڵچوو…….كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵچوو!! …  محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

سیاسه‌تی هه‌ڵچوو…….كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵچوو!! … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

Be First!
by September 30, 2016 General, Opinion
image_print

ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ڵك له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بارێكی ده‌روونی زۆر شڵه‌ژاو و ناهاوسه‌نگ ده‌یبه‌نه‌ سه‌ر، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ سه‌ختترینی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ بێ‌ كه‌ به‌ درێژایی 25 ساڵی دوای ڕاپه‌ڕین تێیكه‌وتبێ‌. پێشبینی ئێمه‌ بۆ خۆمان وه‌ك گه‌ل و بۆ رێكخراو و پارته‌ سیاسیه‌كان وه‌ك هه‌ڵسووڕێنه‌رانی باری ئیداری و سیاسی هه‌رێم زۆر له‌ توانای خۆمان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ناچالاك و له‌ توانای ئه‌وانیش وه‌ك حزب و رێكخراوی ناڕێكوپێك زیاتر بوو. ئه‌گه‌ر تۆ پێشبینی سوپه‌رمانانه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ت بكه‌ی و پێشتوابێ‌ له‌ هیچ دانامێنێ‌ و فڵان كه‌س و فیسار كه‌سیش له‌ هه‌موو شتێك سه‌ری ده‌رده‌چێ‌ و عاسێ‌ نابێ‌، ئه‌وا هه‌ر كه‌ له‌ كۆسپێك گیر بوو دووچاری ته‌ریقبوونه‌وه‌ ده‌بێ‌ و تۆش ده‌كه‌ویه‌ بارێكی پڕ له‌ نائومێدیه‌وه‌.
تاكی ئێمه‌ بارێكی گه‌وره‌یان خستبووه‌ سه‌ر شانی سیاسیه‌كان و پێیانوابوو حزب و رێكخراوه‌كان بوونه‌وه‌ری تنین ئاسای ئه‌وتۆن هه‌رچی له‌ ناحه‌زانمان هه‌ن ده‌یانسووتێنن و بۆ خۆشمان ئه‌و شار و ده‌وڵه‌ته‌ ئایدیاڵانه‌ ده‌سازێنن كه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ین به‌ ئومێدیانه‌وه‌ ده‌ژین. سیاسه‌توان و پارته‌كانیشمان هه‌ر كه‌سه‌ گوماناوی و ترساوه‌كه‌ی نێو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان بوون، ئه‌وان كۆكه‌ره‌وه‌ی هێز بوون نه‌ك به‌خشنده‌ی هێز و تواناكانی خۆیان، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك پێشبینیان لێده‌كرا ده‌رنه‌چوون، نه‌یانتوانی له‌ دوا فۆڕمی رێكخراوه‌ییدا كه‌ حزبه‌ و حزبیش فورموولبه‌ندیه‌كی مۆدێرنه‌ خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی سیاسی نوێ‌ كه‌ بۆ فۆڕمی نه‌ته‌وه‌ بسازێ‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ن.
ئه‌وان وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ترساو هێزیان بۆ ئه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌ تا ته‌نها خۆیانی پێ‌ بپارێزن نه‌ك نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌. په‌ڕینه‌وه‌ له‌به‌ری هۆز و عه‌شیره‌ته‌وه‌ بۆ به‌ری نه‌ته‌وه‌، له‌به‌ری تاكه‌ كه‌سه‌وه‌ بۆ به‌ری گروپ و كۆمه‌ڵگه‌ عه‌قڵێكی به‌رهه‌مهێنی هێزی ده‌وێ‌ كه‌ توانای دابه‌شكردنی ئه‌و هێزه‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌دا هه‌بێ‌. هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا ئێمه‌ كه‌سی به‌ هێَزمان زۆرن به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی لاوازمان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كان توانایان له‌به‌ر نه‌ته‌وه‌ بڕیوه‌ و تا ئه‌و ئاسته‌ دۆشیویانه‌ جه‌سته‌یه‌كی سست و له‌ڕیان بۆ هێشتۆته‌وه‌.
كێشه‌ ڕیشه‌ییه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌روونین ئه‌وه‌نده‌ سیاسی نین، نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی باری سیاسی له‌نگ بێ‌ ، باری ده‌روونی ترازاوه‌ و كه‌وتۆته‌ دۆخێكی گوماناوی و پارانۆیی هه‌م له‌ خۆیی و هه‌م له‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری، ئێمه‌ زۆر ده‌مێكه‌ له‌ دۆخێكی گوماناویدا ده‌یبه‌ینه‌ سه‌ر و هه‌رگیز نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌م گومانانه‌مان به‌ عه‌قلانی كه‌ین و رێكیانخه‌ین تاوه‌كو به‌رده‌وام له‌ گومانه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌قین و راستیه‌كان هه‌نگاو بنێین، گومان هیچ كاتێك خاوه‌نه‌كه‌ی ناباته‌ سه‌ر هاوسه‌نگیه‌ك لێیه‌وه‌ ڕایه‌ڵه‌یه‌كی متمانه‌ وه‌ك پێویستیه‌كی حه‌تمی بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ گوزه‌ران هه‌ڵخه‌ین ئه‌گه‌ر پرۆگرامیزه‌یان نه‌كه‌ین و نه‌یانخه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌ڕێژكراوه‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تیا نه‌بێ‌ هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ جه‌سته‌یه‌كی گه‌نیو كه‌ توانای جوله‌ی به‌ملاو به‌ولا له‌ده‌ستداوه‌.
گومانی سرووشتی كه‌ ته‌مه‌نێكی به‌ر له‌ مێژووی له‌ مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه‌، وازی له‌ ئێمه‌ نه‌هێناوه‌ و تا هه‌نووكه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خۆمان به‌ گومانین و له‌ خۆمان ده‌ترسین نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ نه‌یار و ناحه‌زانمان ترس و گومانمان نیه‌. گومان له‌وه‌ی ئایا ئێمه‌ تا سه‌ر له‌م سه‌رزه‌مینه‌ ده‌مێنینه‌وه‌؟، تاسه‌ر وه‌ك هه‌ین ده‌یبه‌ینه‌ سه‌ر؟ تاسه‌ر ……تاد؟، ئه‌م گومان و ترسانه‌ نه‌یانهێشتووه‌ عه‌قڵ له‌ بارێكی ئارامدا بیربكاته‌وه‌ و ئیش بۆ شێوه‌ ژیانێكی دیكه‌ بكا كه‌ چیدی له‌ گوماندا نه‌بین و نه‌ترسین.
مانه‌وه‌ له‌م نائارامیه‌ ده‌روونیه‌ تاكی ئێمه‌ی خستۆته‌ بارێكی سایكۆلۆژی هه‌ڵچوونئامێزه‌وه‌ بواری ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ كه‌ف و كوڵی بۆ ساتێك دامركێته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ تا ئێستاش له‌ دۆخی هه‌ڵچونێكی درێژخایه‌ن ده‌یباته‌ سه‌ر، له‌ هه‌ڵچووندا تاك و ئۆرگان و دامه‌زراوه‌كانی بڕیار ده‌ده‌ن، بڕیار له‌ دۆخی هه‌ڵچوون و سۆزاوی هه‌ر بۆ ده‌مێك ده‌یحه‌سێنێته‌وه‌ و نایباته‌ بارێكی سه‌نگین و هاوسه‌نگ تاسه‌ر متمانه‌ی به‌ بڕیاره‌كانی بێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵچوو كه‌س و پارت و و ئۆرگانی هه‌ڵچوو دێنێته‌ ئارا، له‌ ڕاكردن هه‌ڵچوو، له‌ هێرش هه‌ڵچوو، له‌ خۆشی هه‌ڵچوو، له‌ ناخۆشی هه‌ڵچوو، ئه‌م هه‌ڵچوونانه‌ هیچیان ئه‌رێنی نین، له‌ ئاگایی كه‌سه‌كانه‌وه‌ ناجولێن، زیره‌كی هه‌ڵچوون و هاوسه‌نگیه‌كه‌یمان نیه‌، له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له‌ دۆخی جیاجیای هه‌ڵچوون ده‌یبه‌ینه‌ سه‌ر، ئه‌م دۆخه‌ له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ ئاسایی نیه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی هه‌میشه‌ هه‌ڵچوو بێ‌ ، نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ به‌ری عه‌قڵ و هه‌ر له‌به‌ری سۆز و ویژدان ترازاوی ماوه‌ته‌وه‌.
بونیادی سایكۆلۆژی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زۆر له‌وه‌ شێواوتره‌ به‌ ته‌نها بڕیاری سیاسی و حزبی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێ‌، سیاسیه‌كان رۆشنبیری سایكۆلۆژیان نیه‌ و په‌ی به‌ كێشه‌ و گرفته‌ ده‌روونیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ نابه‌ن، حزبی كوردی ده‌رمانی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی لا نیه‌ و ئه‌م خۆ به‌ هه‌موو شتزانیه‌ له‌ خۆگۆڕانێكی پاڕانۆییه‌ و جۆرێكه‌ له‌و هه‌وا چوونه‌ كه‌وڵه‌ی كه‌ توانای درووستكردنی رووداوێكیان نیه‌ و به‌ شۆكێك یه‌كسه‌ر له‌ هه‌وا به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌.
به‌رهه‌مهێنانی هێز به‌م شێوه‌ هه‌ڵچووناویه‌ نابێ‌، هێز سه‌رچاوه‌كه‌ی ناوه‌كیه‌ و ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویستێكی ته‌واو زانستیه‌ نه‌ك سیاسی، له‌ ناوه‌وه‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هیچیان له‌گه‌ڵ ئاوازی یه‌كتر نین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاڕمۆنیه‌تی جه‌سته‌یه‌كی ئاسایین، گومان جه‌سته‌ی كوردی خواردووه‌ و له‌وه‌ته‌ی هه‌ین هه‌ر ئه‌و گومان و ترسان له‌یه‌كتره‌یه‌ نه‌یكردووینه‌ته‌ هیچ.
له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ جولانه‌وه‌ی سیاسی كورد خۆی له‌ فۆڕمی حزبدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ به‌و ئومێده‌ی ئیدی له‌مه‌ولا ده‌بێ‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ڕێكخراو و سه‌ربه‌خۆ بێنینه‌ ئارا، به‌ڵام تادێ‌ ئامانجی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ ناسیاسیه‌ی ناوی حزبه‌ زیاتر له‌ ملپێكه‌چكردنی تاك به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ‌. ئۆرگانی سیاسی ئێمه‌ ده‌بێ‌ چه‌نده‌ سه‌ربه‌رز و شاناز بێ‌ له‌و كاتانه‌ی كه‌سانێك هه‌میشه‌ ملی خۆیانیان بۆ كه‌چ ده‌كه‌ن؟، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شكستی رێكخراوی سیاسی كوردی چیدی نیه‌ كه‌ پێیوابێ‌ ئاستی خۆشه‌ویستی ئه‌و له‌ نێو جه‌ماوه‌ردا به‌ ئاستی ملكه‌چی ئه‌وانه‌ بۆی.
تابلۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ هیچ وێنه‌یه‌كی روونی شكڵێكی روونمان ناداته‌ ده‌ست، وێنه‌كان زۆر شێواو ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو، گومانی خه‌ڵك تادێ‌ له‌یه‌كتر زیاتر ده‌بێ‌ و كه‌س باوه‌ڕ و متمانه‌ی به‌ یه‌كتر نه‌ماوه‌ و وا خه‌ریكه‌ هێواش هێواش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ترادیسیۆنیه‌ دابونه‌ریتیه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ تاوه‌كو ترسی خۆمانی پێ‌ له‌یه‌كتر بڕه‌وێنینه‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌كتر نه‌ترسین. حزبه‌كان یه‌كتر له‌به‌ری دژ ده‌خوێننه‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ پێیوایه‌ به‌رده‌وام پیلانیان له‌ دژ ده‌گه‌ڕێ‌، هیچیان پێشنیاز و ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كتریان قبوڵ نیه‌ و به‌ ترس و گومانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت میوانداری یه‌كتریش ده‌كه‌ن.
ئه‌م دۆخه‌ دۆڕانێكی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌ (جۆلیان رۆته‌ر) باسی ده‌كا و ئه‌گه‌ر هوشیارنه‌بینه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ره‌سمان پێبێنێ‌، له‌به‌ر یه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ نه‌مانی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینجا سیاسیه‌وه‌ دێته‌ ئارا.
من كه‌سێكی ره‌شبین و نا ئومێد نیم و هه‌میشه‌ پێموابووه‌ باڵانسه‌ ترازاوه‌كان هه‌روا به‌ ترازاوی نامێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیوای لاواز كردووم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ترازانه‌ با به‌ عه‌قڵی خۆمان بێته‌وه‌ هاوسه‌نگی خۆی نه‌ك به‌ سه‌رله‌نوێ‌ نه‌خشاندنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كان كه‌ تا ئێستا ئێمه‌ تیایاندا ژماره‌ی خوێندراوه‌ی ئه‌كتیڤ نین.
ئێمه‌ پێویسته‌ له‌وه‌ هوشیاربینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و خاوه‌ن هه‌ڵوێستمان لێناوه‌ هه‌رگیز نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی له‌ هوشیاری خۆیه‌وه‌ هه‌نگاو بنێ‌، رێكخراو حزبی سیاسی ئیشی ئه‌وه‌یه‌ خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی به‌رهه‌م بێنێ‌ نه‌ك ره‌شبینی و نائومێدی، ئه‌و دۆخه‌ی ئێستامان كه‌مترین رووبه‌ری ئاسووده‌یی تیا ده‌بینرێ‌، زیاترینی نائومێدی گرتوویه‌تیه‌وه‌، گۆڕینی میكانیزمه‌كان ئه‌وه‌نده‌ پێویست نین به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕینی ستراتیژی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان گرنگن، شێوازی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان خوارترین ستایلی ژیانه‌ له‌ دنیادا، گۆڕینی ئه‌م ستایله‌ پێویستی به‌ گۆڕینی بیركردنه‌وه‌ و چوارچێوه‌ مه‌عریفیه‌كانی كاری سیاسی و كولتووری و دینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ سیاسیه‌كان زه‌حمه‌ت بێ‌، به‌ڵام ئه‌سته‌م نیه‌، چوون ئه‌وان له‌ كۆتاییدا نوێنه‌ری ته‌نها خۆیان نین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی تیایدا ده‌ژین بوونێكی هه‌مه‌كی ئه‌وتۆن نابێ‌ كه‌سیانه‌ بیربكه‌نه‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply