گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هیوا قادردا
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هیوا قادردا
"بێ به‌شبوونی من له منداڵی به‌شێکه له بێبه‌شبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ژیان"
ئامادەكردنى / شاخەوان سدیق
هیوا یەكێكە لەو نوسەرانەى كە هەمیشە خوێنەرەكانى دەكاتە دیلى خۆی‌و لەگەڵ خوێنەوەى چەند دێڕێكیدا ئیتر دەبێت تا كۆتاى نوسینەكە سەفەرێكى دورودرێژى خەیاڵى لەگەڵدا بكەیت. دواین ڕۆمانى هیوا ڕۆمانى منداڵێك لە سەرمانگ بوو كە من لە خوێنەوەى ئەم ڕۆمانەدا توشى ئەم حاڵەتە بووم جا بۆ قسەكردن لەسەر ئەم ڕۆمانەو چەند كەرەستەیەكى ئیشكردنى كەى هیوا لە بوارى نویندا پێم خۆش‌بوو ئەم دیدارەى لەگەڵ دا سازبدەم.
شاخه‌وان: زۆر له نووسینه‌کانت پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی له منداڵی داگیرکردووه و ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ دنیایه‌کی پڕ له به‌رائه‌ت, ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ندێک له‌و ساتانه‌ی که له منداڵی‌دا سه‌رنجیان ڕاکێشاوی وه‌ک (خاڵخاڵۆکه)، له هه‌ندێک شوێندا سوێندی پی ئه‌خۆیی. دواین کاریشت ڕۆمانێکه به‌ناوی (مناڵێک له‌سه‌ر مانگه) ئایا ئه‌مه بێبه‌شبوون و مه‌حروم بوونت نییه له منداڵی خۆت؟ تاوا هه‌ستبکه‌یت که مناڵیه‌کی ئاساییت نه‌بووه؟ یان تۆ چیت له مناڵی و دنیای مناڵی ئه‌وێت؟
هیوا قادر: شێوه ژیانی منداڵی من هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ منداڵانی تری هاوته‌مه‌نی خۆمدا نه‌بووه، هه‌موومان منداڵانی ناو جه‌نگه‌کان بووین و هه‌ر زوو منداڵیمان به‌جێهێشت و گه‌وره‌بووین. دواتریش مژده‌کانی گه‌وره‌بوون نه‌یتوانی هه‌قی ئه‌و به‌جێهێشتنه خێرایه‌ی منداڵیمان بۆ بکاته‌وه، گه‌وره‌ی له‌سه‌رده‌می جه‌نگدا وه‌ک کردنه‌وه‌ی ده‌رگای جه‌هه‌نم وایه له‌سه‌ر ژیان، کاتێک گه‌وره‌ی ده‌بێته به‌رده‌وامی ژیان له‌سه‌ر خه‌ره‌ندی جه‌هه‌نم ئیتر ئینسان هیچ ئومیدێکی به ژیان نامینێت.
دیاره من پێموایه منداڵی یادوه‌ری یه‌که‌مه، وه‌ک چۆن له‌دایکبوونی ئه‌ستێره و مانگه‌کان زاده‌ی یه‌که‌م ته‌قینه‌وه گه‌وره‌که‌ی گه‌ردوونن، ئاوهاش منداڵی به‌ریه‌که‌وتنی هه‌ستی ئینسانییه به بینینی شته‌کان و جه‌بری یاساکان و تێگه‌یشتنیان. منداڵی یه‌که‌م ساته‌وه‌ختی سه‌رسامییه‌کانه به دنیا، نووسه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانتر ده‌ستی بگات به‌و سه‌رسامیانه و درێژه به خه‌یاڵ و ئه‌زموونی نووسینی خۆی بدات، هه‌ندێک جار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ منداڵی. به‌ڵام وه‌ستان ته‌نها له‌به‌رده‌م سه‌رسامی منداڵی‌دا به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه دنیا سه‌رله‌نوێ دروستبکه‌یته‌وه، قه‌تیسمان له‌ناو ئه‌و سه‌رسامییه‌دا ریسکی گه‌وره‌ی بۆ نووسه‌ران هه‌یه که دواتر ڕه‌نگه بیانخاته به‌رده‌م تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه به‌رامبه‌ر به دنیا.
به‌شێک له کارکردنی من له ناو خه‌یاڵاتی منداڵی‌دا له‌هه‌مان ئه‌و سیسته‌می ناولێنانانه ده‌چێت که منداڵات سه‌ره‌تا دێن و ناوی مێرووه‌کان و باڵداره‌کان ده‌نێن،
وه‌ک چۆن پێشووتریش له شوێنێکی تردا هێمام بۆ ئه‌م خاڵه کردووه، ئه‌ویش به بڕوای من ئه‌وه‌یه که ئه‌وه منداڵانن سه‌ره‌تا ناوی مێرووه‌کان و باڵداره‌کان ده‌نێن، یاخود که‌سانێکن که پڕن له خه‌یاڵ و رۆحیه‌تی منداڵانه، تۆ سه‌یری ناوی باڵداره‌کان بکه، خاڵخاڵۆکه، حاجی له‌قله‌ق، کولله حاجی، کڵاوکوڕه، په‌پووسڵێمانکه، کوکوختی، که‌نه‌سمه، په‌ڕه‌سێلکه و ده‌یان ناوی تر، ئه‌م سیسته‌می ناونانه له‌ناو زمانه‌کانی تری دنیاشدا هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و زمانانه‌ی که وه‌ک زمانی کوردی ره‌گیان له‌ناو کۆمه‌ڵگای فیوداڵیدا ڕۆچووه.
دیاره سوێندخواردنی منداڵێک به خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک، لای من گه‌وره‌تره له سوێندخواردن به خودا، چونکه خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک له لای منداڵ له خودا جوانتر و نزیکه ده‌ست تره، ئه‌م ته‌وزیفکردنه له شیعری مندا ڕه‌نگه زیاتر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رۆحه منداڵزه‌ده‌ییه‌م که له‌گه‌ڵ شته بچوکه‌کاندا هه‌مه.
تۆ هێمات بۆ ناونیشانی ڕۆمانه‌که‌م کرد "منداڵێک له‌سه‌ر مانگه"، ئه‌م ناونیشانه په‌یوه‌ندی به‌خایاڵ و ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که‌وه‌یه، که له‌وێدا خه‌یاڵی منداڵیک ده‌بێته به‌شێک له ته‌وه‌ره‌ی چه‌قی چیرۆکه‌کان و فه‌نتازیاکان.
بێ به‌شبوونی من له منداڵی به‌شێکه له بێبه‌شبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ژیان، کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه کۆمه‌ڵگه‌ی ناو جه‌نگه یه‌کبه‌دوای یه‌که‌کانه، ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه له‌ناو جه‌نگه‌کاندایه و خۆی ده‌پارێزێت تا نه‌فه‌وتێت، به‌ڵام من پێموایه جه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دوای مانه‌وه و نه‌فه‌وتانی له‌ناو جه‌نگه‌کاندا هێشتا ده‌ستی پێنه‌کردووه، ئه‌و جه‌نگه‌ش جه‌نگی خۆیه‌تی له گه‌ڵ خۆیدا، جه‌نگی خۆ داماڵینیه‌تی له هه‌موو یادوه‌رییه‌کانی، ئه‌و یادوه‌ریانه‌ی ته‌نها هی جه‌نگن نه‌ک ژیان، ئێمه پیویستمان به یادوه‌رییه‌ک هه‌یه که ژیانی تێدابێت و له ده‌ره‌وه‌ی سێبه‌ری جه‌نگه‌کانه‌وه بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژیان قابیلی ئه‌وه‌بێت هه‌وڵی بۆبده‌یت و بۆی بژیت.
له ڕاستیدا قسه‌کردن له‌سه‌ر منداڵی، ناشێ و نابێت بێ قسه‌کردن له‌سه‌ر سیسته‌می کۆمه‌ڵگا و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی که کۆمه‌ڵگا پڕده‌که‌ن له ترس و دواتریش ده‌بێته له‌ده‌ستدانی قۆناغی منداڵی له‌لای ئینسانه‌کان، دیاره ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌ش هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه.
شاخه‌وان: کۆی ئیش‌کردنی تۆ هه‌م وه‌ک بابه‌ت و هه‌م وه‌ک تێما ئیشکردنێکی فراوانه له‌سه‌ر یادوه‌ری به‌تایبه‌ت ئه‌مه له سه‌فه‌رنامه‌که‌تدا به ئاشکرا ئه‌یبینین. ئایه یادوه‌ری بوونی ئه‌و هاوڕێیه‌یه که هه‌میشه له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌ژی و له ژیانی ڕۆژانه‌تدا ئاڕاسته‌ت ئه‌کات به‌ره‌و داهاتوو؟ یان ته‌نها که‌ره‌سته‌یه‌که که تۆ ده‌ته‌وه‌ێت وه‌ک بابه‌ت کاری له‌سه‌ر بکه‌ی، ئایا یادوه‌ری بۆ تۆ چییه؟
هیوا قادر: دیاره بوونی هه‌ره به‌شی گه‌وره‌ی زمان یادوه‌رییه، که ئه‌ده‌بیش کارکردنبێت له زماندا ئه‌وا مه‌حاڵه تۆ ئه‌ده‌بێک به‌رهه‌مبهێنیت بێ باسکردنی یادوه‌ریی.
ئه‌و تێمایه‌شی که کتێبی سه‌فه‌رنامه‌ی له‌سه‌ر بنیاتنراوه باسکردنی چیرۆکه‌کانی ڕابردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌ی که له‌و کتێبه‌دا هه‌یه شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌که تایبه‌ته به چیرۆکی سه‌فه‌ر، بۆیه نه‌ده‌کرا له‌ده‌ره‌وه‌ی یادوه‌رییه‌وه ئه‌و کتێبه به جۆرێکی تر بنووسرایه‌ته‌وه.
تۆ بڕوانه به‌رهه‌می زۆرینه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی دنیا که له‌ناو جه‌نگه‌کاندا ژیاون، زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان قسه‌کردنه له‌سه‌ر یادوه‌ریی ئه‌و جه‌نگانه و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی که ئینسانه‌کان چه‌شتوویانه، بۆیه ئاساییه من وه‌ک نووسه‌رێکی کورد یادوه‌ریم که‌ره‌سته‌یه‌کی گرنگ بێت بۆ نووسین. من زۆرجار خۆم به‌به‌ردێکی په‌رێو و ساردبۆوه‌ی بورکانێک دێته پێش چاو که گه‌یشتبێتمه ئه‌و په‌ڕی دنیا و له‌وێوه دیسانه‌وه باسی خۆم و ترس و مه‌رگ و ته‌مه‌ناکانم بگێڕمه‌وه بۆ ژیان.
ژیان له‌گه‌ڵ یادوه‌ریدا له مه‌نفا و له‌ناو وڵات‌دا جیاوازی زۆره، به‌شێکی هه‌ره خه‌مناک و ته‌نهای ژیانی ناو مه‌نفا نه‌توانینه له ده‌ستبه‌رداربوون له یادوه‌ری ڕۆژانی ڕابردووی ناو وڵات. چونکه یادوه‌ری زۆرینه‌ی جار بریتییه له‌و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ی که ده‌یده‌یته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپێی خۆت له ئێستادا ببینیت، بێ ڕێکه‌وتنێکی عه‌قڵیانه له‌گه‌ڵ یادوه‌ریدا له مه‌نفادا زۆر زه‌حمه‌ته له ئێستایه‌کدا بتوانیت بژیت که تێیدا وه‌ستاویت. به‌ڵام ئه‌م ڕێکه‌وتنه هه‌ندێک جار شکست ده‌هێنێت کاتێک که عه‌قڵ توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی بێچه‌ندوچوونی نییه له‌به‌رده‌م شاعیرێکدا. ئیدی لێره‌وه مه‌نفا ده‌بێته نا شوێنێک که له نێوان عه‌قڵ و شیعرییه‌تدا هه‌ڵده‌واسرێت.
زۆرینه‌ی ترسی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ژیانیان له مه‌نفادا گوزه‌راندووه، به‌شێکی گه‌وره‌ی بڕیاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات له‌و ترسه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، که ناتوانن و زاتی ئه‌وه ناکه‌ن ئه‌و ترسه هه‌ژێنه‌ره بژین، که‌ساتی یه‌که‌م به‌ریه‌که‌وتنه‌وه دروستی ده‌کات له بینینه‌وه‌ی وڵات‌دا، ترسی فه‌وتانی جوانیه‌کان، گۆڕانی جێگاکان، پیربوونی ئینسانه‌کان، گۆڕانی هاوڕێکان و هه‌زاران ورده شتی تر.
تۆ بڕوانه نامه‌که‌ی نالی که هه‌مووی پرسیاره له مانه‌وه‌ی جوانییه‌کانی شوێن، چه‌نده سیخناخه به‌و ترسه‌ی که شوێنه‌کان و دیمه‌نه‌کان و که‌سه‌کان وه‌ک خۆیان نه‌مابن.
به‌ریه‌ککه‌وتنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و یادوه‌ریانه‌ی که ئێستا وه‌ک خۆیان نه‌ماون له ناو وڵات‌دا که‌مێک ئه‌هوه‌نتر و مایه‌ی قبوڵکردنه له‌چاو به‌ریه‌ککه‌وتنی نووسه‌رێک که‌له‌مه‌نفادا ده‌ژی، به‌ڵام لای نووسه‌رێکی مه‌نفا ئه‌و گۆڕانانه قابیلی قبوڵکردن نین، چونکه نووسه‌ری ناو مه‌نفا هه‌میشه خه‌ونێکی هه‌یه که خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌یه، که جیاوازه له خه‌ونی نووسه‌ری ناو وڵات. گه‌ڕانه‌وه‌ش له زۆرینه‌ی حاڵه‌تدا واتا ده‌ستکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که به‌جێهێڵراون، تۆ ببینه دڵڕه‌قی پیشاندانی ڕاستییه عه‌قڵانییه‌کان و گێڕانه‌وه‌یان له وه‌ڵامه‌که‌ی سالمدا بۆ نالی، چه‌نده په‌یوه‌ندی به درکاندنی ڕاستییه‌وه هه‌یه هێنده‌ش په‌یوه‌ندی به‌هه‌ستنه‌کردنی سالمه‌وه هه‌یه که نازانێت ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه چه‌نده خورپه‌یه‌کی گورچکبڕ له‌لای نالی دروستده‌کات. بۆیه ناکرێت یادوه‌ری سالم و نالی که یه‌ک یادوه‌رییه وه‌ک یه‌ک ته‌ماشا بکه‌ین، گه‌ر وا بکه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بپرسین ئه‌ی بۆچی سالم له پێشدا نامه‌یه‌کی وای بۆ نالی نه‌نووسی و باسی سلێمانی تێدا نه‌کرد. ئه‌وه ئه‌و پرسیاره شیعرییانه‌ی نالییه وا له سالم ده‌کات که قوڵتر وه‌ک له‌وه‌ی که هه‌یه هه‌ست به‌و هه‌مو گۆڕان و تێکچوونانه بکات، هه‌م له ئاستی شوێن و هه‌م له ئاستی ئینسانه‌کاندا.
شاخه‌وان: وه‌ک هه‌موو تاکێکی ئه‌م وڵاته به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانت پڕبووه له ئازار‌و نه‌هامه‌تی وه‌ک له سه‌فه‌رنامه‌دا به‌وردی باست لێوه‌کردووه، به تایبه‌ت له ڕۆژانی ڕه‌په‌ڕیندا که چه‌ندین جۆر له توندوتیژی و خوێن و کوشتنت بینیوه، ئێستاش له وڵاتێکی ته‌کنه‌لۆجی زبردا له ڕووی ڕۆحییه‌وه ده‌ژیت، به‌ڵام له شیعردا زۆر ئینسان دۆست و ناسک و نه‌رمیت، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک هه‌میشه ده‌ڵێم ئه‌م پیاوه به‌م هه‌موو ناسکییه‌وه چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵده‌کات، ئایا شیعر ئه‌م ناسکییه ئه‌خوازێ؟ یاخود بینینی ئه‌و هه‌موو توندوتیژی و نه‌هامه‌تییه تۆیان به‌ره‌و ئه‌و ناسکییه بردووه؟.
هیوا قادر: من نازانم تا چ ئاستێک ناسکم یان نا! پێشموانییه ئه‌و ناسکییه‌ی که تۆ باسی ده‌که‌یت مه‌رجێک بێت شیعر له شاعیری داوابکات،
به‌ڵکه ئه‌و ناسکییه‌ی که تۆ ده‌یبینیت به‌رهه‌می به‌شێک له‌و بیرکردنه‌وانه‌ی منن له دنیا و شته‌کانی ده‌ورووبه‌رم، هه‌روه‌ها له خۆم و ته‌مه‌ناکانم و که‌سایه‌تیم، لێشتناشارمه‌وه من ساڵانێکی زۆره شیعر هه‌ر بۆ خۆم ده‌نووسم و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له خه‌یاڵمدا خوێنه‌رێک نییه بڵێم من بۆ ئه‌م خوێنه‌ره ده‌نووسم، وه‌ک چۆن سۆفییه‌ک ڕوو له خودای خۆی ده‌کات و دنیای پێ مه‌به‌ست نییه، منیش ڕوو له دڵی خۆم ده‌که‌م و خوێنه‌رم پێ مه‌به‌ست نییه. به‌ڵام ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه که حورمه‌تی خوێنه‌ره‌کانم نه‌گرم، نه‌خێر، به‌ڵکه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه من پێش هه‌رچ که‌س بۆ خۆم ده‌نووسم.
ئێمه هه‌موومان به‌شێکی زۆری ژیانمان کاره‌ساته‌کان و ڕووداوه ناخۆشه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردوویانه، هه‌ریه‌که‌شمان به‌دوای ئه‌و هاوسه‌نگی و ئیقاعانه‌دا ده‌گه‌ڕێین که ئه‌و کاره‌ساتانه له ناوماندا دروستیان کردووه تا سه‌رله‌نوێ ژیانمان هاوسه‌نگیربکه‌ینه‌وه. من پێموایه ئه‌م شێوازی بیرکردنه‌وه و نووسینانه‌ی من بۆ خۆم هاوسه‌نگییه‌که له‌گه‌ڵ دنیادا، ئه‌مه‌ش بۆ من گه‌وره‌ترین سوکناییه له‌به‌رده‌م ئه‌و ته‌نهاییه گه‌وره و ترسێنه‌ره‌دا که قه‌ده‌ری ئینسانه‌کانه.
من له‌سه‌ره‌تایه‌کی زۆر زووه‌وه به‌ته‌نهایی ئاشنابووم، زوو تێگه‌یشتم که ئینسان بوونه‌وه‌رێکی ته‌نهایه، هه‌موو داهێنان و شته سوکنابه‌خشه‌کانی ده‌وروبه‌ریشی بۆ کوشتنی ئه‌و ته‌نهاییه‌یه، یاخود ڕاستره بڵێم بۆ خۆشاردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی له‌و ته‌نهاییه،
دیاره من ده‌زانم ژیان ناشیرینه، جه‌نگ و کوشتن و دڵڕه‌قی ئینسان بێ سنوور و ناکۆتایه، به‌ڵام خۆ جوانیش هه‌یه، ئازادی بچکۆله و خه‌یاڵیش هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی من وه‌ک شاعیرێک به‌رده‌وام بژیم پێویستم به خه‌یاڵ و جوانییه، پێویستم به سه‌رکێشییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌وێوه خۆم بخه‌مه‌وه ناو ژیان، ئه‌و ژیانه‌ی که تۆ ناوی ده‌به‌یت به ژیانی پڕ له نه‌هامه‌تی و جه‌نگ و برسێتی، دیاره من وه‌ک شاعیرێک ئه‌م کاره ده‌که‌م نه‌ک وه‌ک شۆڕشگێڕێک و فریادڕه‌سێک، یاخود وه‌ک جه‌نگسازێک. من ئێستا له‌سه‌رده‌مێکدا شاعیرم، که شاعیران نه پێغه‌مبه‌رن نا فریادڕه‌سن نه شۆڕشگێڕن نه پیاوماقوڵانن، به‌ڵکه ئینسانه ته‌نها و سه‌یره‌کانن که هه‌میشه له‌شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ خۆیان و ئه‌و سیسته‌مانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگاکانی خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌میشه شاعیربن.
من به‌م شێوه‌یه هاوسه‌نگی خۆم له‌گه‌ڵ خۆم و دنیای ده‌ره‌وه‌دا ڕاده‌گرم، ئه‌مه ته‌نها هونه‌رێکه که بیزانم، بۆ که‌س نا بۆ خۆم، واقوڕمانی من به دیار زیکزیکه‌یه‌که‌وه له ئێواره‌یه‌کی ته‌نهادا کفر نییه، فڕینی خه‌یاڵی من به‌دیار په‌ڕێکی که‌وتوی کۆترێکه‌وه زه‌ره‌ر له که‌س نادات. من ناتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌و ئینسانانه‌دا یاربم که ده‌میان پره له مژده، من بۆ خۆم هه‌ڵگری هیچ مژده‌یه‌ک نیم بۆ تۆی خوێنه‌ر، ته‌نها ره‌نگه بتوانم ئه‌و ته‌نهاییه‌ی خۆتت پێ‌بناسێنم که له ڕێی ناسینییه‌وه تۆ بتوانیت پرسیاره وجودی و له کۆتا نه‌هاتووه‌کانی خۆتی تێدا بکه‌یت.
من نازانم گه‌ر کوڕی ناو جه‌نگه‌کان نه‌بوومایه، ئاوا وه‌ک ئێستا بیرم ده‌کرده‌وه یان نا، ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌مه‌ت بده‌مه‌وه. من که‌سێکم له ژیانمدا هه‌رگیز ئیره‌یم به که‌سانی تر نه‌بردووه، ته‌نها به خۆم نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه نازانم گه‌ر وا نه‌ژیامایه وا بیرم ده‌کرده‌وه یان نا.
دیاره ڕاسته وێنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوا وێنه‌یه‌کی ئامێرئاسا و دوکه‌ڵاویی و عقڵانییه‌ته، به‌ڵام سروشت له‌م دنیایه‌دا له ده‌ره‌وه‌ی ژیانه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌شێکه له پێکهاته گه‌وره‌کانی ژیان، دیاره سروشت له خۆرئاوادا سروشتێکی ده‌ستلێدراوه، واتا ڕێڕه‌وی هیچ ڕووبارێک له هه‌موو خۆرئاوادا نا‌بینیت ده‌ستکاری نه‌کرابێت، ئه‌و حاڵه‌ته به‌رایی و دڕییه‌ی نه‌ماوه که له جوانی سروشتی کوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه که پارێزگاریکردن له سروشت فه‌رامۆشکرابێت، به پێچه‌وانه‌وه، من ئه‌وه‌نده‌ی سروشتی جوانی ئه‌وروپا به خۆم و ژیانی ناساندومه‌ته‌وه ڕه‌نگه تا ئه‌و کاته‌ی له کوردستان بووبم هێنده سروشتی ئه‌وێ هێزی جوانی پێنه‌به‌خشیبم.
هه‌ڵکردنی منیش له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا په‌یوه‌ندی به خودی خۆمه‌وه هه‌یه، چونکه تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆمدا له ئاشتیدام، من له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خودانه‌ی تردا که له‌ناو مندا هه‌ن په‌یمانێکی ئاشتیمان به‌ستووه، وه پێشموایه بۆ ئه‌وه‌ی ئینسان باشتر خۆی بناسێت ده‌بێت پێشوه‌خت بکه‌وێته دیالۆگه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و خودانه‌ی که له ڕۆحیدان و هه‌میشه ناکۆکن له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان و هه‌ستکردن به گوناه ژیانی نه‌شێوێنێت، تاکو نوسینیش ببێته به‌شێک له دروستکردنی ئه‌و هارمۆنییه‌ته‌ی که وا له ئینسان ده‌کات بژی، پێویسته ئینسان له‌گه‌ڵ خوده جیاوازه‌کانی ناو خۆیدا تا ئه‌توانێت کۆک و ئاشتبێت.
شاخه‌وان: به‌داخه‌وه له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌نده پچوک بۆته‌وه که له‌بری قسه‌کردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک و ته‌کنیک و فۆرم له ده‌قدا قسه له لێکچوون و دزیی و لاسایکردنه‌وه ده‌کرێت، که ئه‌مه‌ش وای کردووه پرۆسه‌ی داهێنان له‌م وڵاته‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر لاوازبێت. هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانه پێیان وایه تۆ زۆر ئیش له‌سه‌ر سوهراب ده‌که‌یت و له هه‌ندێک شوێن له ده‌قه‌کانتا ته‌واو ئه‌وی، من وه‌ک خه‌وێنه‌رێکی به‌رده‌وامی ده‌قه‌کانی تۆ تائێستا هه‌سم به‌مه‌نه‌کردووه‌و نه‌م دیوه، به‌ڵام پێمخۆشه وه‌ڵامی تۆ له‌سه‌ر ئه‌مه بزانم، ئایا سوهراب چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر بوونی شیعرییه‌ت لای تۆ هه‌یه؟
هیوا قادر: دیاره هه‌مووان ئازادن چی ده‌ڵێن، به‌ڵام به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ش هه‌ریه‌که‌یان به‌رپرسیارن له‌و جۆره سه‌رنجانه‌ی که ده‌ریده‌بڕن. بۆ من ئه‌و قسانه هیچ گرنگییه‌کیان نییه و نایانکڕم، من له‌به‌ر خاتری دڵی خۆم شاعیرم نه‌ک که‌سی تر، له‌به‌ر خاتری سه‌رسوڕمانی سه‌ری خۆم خاوه‌نی ئه‌م پرسیارانه‌م نه‌ک که‌سی تر، که ئه‌مه‌ش ده‌ڵێم ده‌زانم ئه‌م ده‌ربڕینه‌م لێدانی ئه‌و سه‌رمایه ڕه‌مزییه‌یه که نووسه‌ران له کوردستان شانازی پێوه‌ده‌که‌ن، من پێموایه ده‌بێت چیتر نووسه‌ربوون نه‌بێته کوێخا بوون و پێغه‌مبه‌رایه‌تی. نووسه‌ربوون چالاکییه‌کی ئینسانییه و تایبه‌ته به ئینسان خۆیه‌وه و هیچی تر. که‌س ناتوانێت لاف به‌سه‌ر ئینسانێکی تردا لیبدات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نووسه‌ره، نووسه‌ر ده‌بێت بزانێت ئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت لافی نووسه‌ربوونی به‌سه‌ردا بدات ئه‌وه‌ی به‌رامه‌رییه‌تی که ئینسانه.
له‌ڕاستیدا سوهراب هه‌رگیز له مه‌حوی و ڕامبۆ و گونار ئه‌کیلۆف و هیرمان هیسه و دیستۆیفسکی و مارکیز و ئیبن عه‌ره‌بی و ئه‌دۆنیس و چه‌ندانی تر گرنگتر نه‌بووه بۆ من. من وه‌ک شاعیر پێکهاته‌یه‌کم له هه‌موو ئه‌زموون و داهێنانه جوانه‌کانی پیش خۆم، هه‌رچ کاتێکیش به‌رهه‌مێکی داهێنه‌رانه ده‌خوێنمه‌وه ئه‌وه‌نده خۆش حاڵ ده‌بم چاوم پڕده‌بێت له فرمێسک و وا هه‌ست ده‌که‌م خۆم نووسیومه. ڕاسته من ماوه‌یه‌ک سوهرابم خوێندۆته‌وه ئه‌ویش به کوردی نه‌ک به فارسی، به‌ڵام هه‌رچ کاتێک هه‌ستمکردبێت له‌ژێر کاریگه‌ری هه‌رچ نووسه‌رێکدا بووبێتم ئه‌وا به‌هه‌مان هێزی خۆشه‌ویستییه‌وه وسیتومه به‌زوترین کات بێمه ده‌رێ و وابکه‌م له‌که‌س نه‌چم له خۆم نه‌بێت.
به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم دیوێکی تری ئه‌و تۆمه‌تبارکردنه کوردییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه هه‌رچ کاتێک له دنیای کوردی‌دا نووسه‌رێک جیاوازتر له‌وانی تر ده‌رکه‌وێت، ئه‌وا ئه‌و جۆره ناونانانه‌ی لێده‌نرێت، ئه‌مه‌ش خۆدزینه‌وه‌یه له قسه‌کردنی جدی نه‌ک په‌رێشانبوون بۆ بینینی جوانی. پێموایه له‌م جۆره تۆمه‌تبارکردنه زۆره و پێویست ناکات نمونه‌ی هیچ کام له‌و نووسه‌رانه‌ی پیش خۆم بهێنمه‌وه.
شاخه‌وان: ئه‌دۆنیس ده‌ڵێ: مانا قه‌سیده دیاری ناکات، به‌ڵکو مانا ده‌بێت که‌شفبکرێت، قه‌سیده ده‌نوسرێت ئینجا مانا خۆی دروستده‌بێت. لای تۆ بوونی ناوه‌ڕۆک وه‌ک بابه‌ت شیعرت پێ ئه‌نووسێت یان شیعره‌که خۆی ده‌نوسرێت بێ ئه‌وه‌ی تۆ ئاگات لێبێت و ته‌ده‌خولی تیا بکه‌یت، دواتر مانا له شیعره‌که‌دا بۆ دروست ده‌بێت، مه‌به‌ستمه بڵێم تاچه‌ند ئیش له‌سه‌ر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆک ده‌که‌یت له کاتی نووسیندا؟
هیوا قادر: قسه‌که‌ی ئه‌دۆنیس ڕاسته، قه‌سیده دوای نووسینی ده‌بێته کانگای مانا، هه‌موو قه‌سیده‌یه‌کی جوان هه‌ڵگری چه‌ندان مانای جیاواز و له‌یه‌کنه‌چووه، که‌م جار ڕێده‌که‌وێت شاعیرێک بێت و پێش نووسینی قه‌سیده‌یه‌ک هه‌موو هێڵه سه‌ره‌کیه‌کانی قه‌سیده‌که‌ی بزانێت، شتی وا هه‌رگیز نییه و نابێت، چونکه ئه‌وه‌ی له له‌حزه‌یه‌کدا له‌لای شاعیرێک دروستده‌بێت به ملیۆنان له‌حزه‌ی نه‌بینراوی تره‌وه ڕایه‌ڵکراوه که په‌یوه‌ندیان به ئه‌زموون و ئاستی ڕۆشنبیری و پرسیاره ئه‌زه‌لیه‌کانی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، ئیدی چۆن ده‌کرێت ئه‌م کرده ئالۆزه ئاوا بخوێنرێته‌وه و پێشوه‌خت ده‌ستنیشانبکرێت.
من بۆ خۆم به‌ته‌واوه‌تی نازانم چۆن قه‌سیده‌یه‌ک دروستده‌بێت، ئه‌وه‌نده نه‌بێت ئه‌و وزه ناوه‌کییه‌ی قه‌سیده ده‌ناسمه‌وه که هه‌ڵگری چه‌ندان ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی پرسیاره‌کانه له ساتی نووسینیدا، لێره‌وه ئیدی کاری من یاریکردنه له‌ناو ته‌کنیک و ڕیکخستنی ئه‌و مۆسیقا ناوه‌کییه‌ی که هه‌موو بونیاتی قه‌سیده‌که ده‌به‌ستێت به‌یه‌که‌وه.
هه‌رگیز ناکرێت داهێنان وه‌ک کارێکی مه‌سله‌کی سه‌یربکرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسه‌ره خاوه‌نی گه‌وره‌تری ئه‌زمونیش بێت، هه‌میشه داهێنان گرێدراوه به دنیایه‌ک ڕایه‌ڵی ده‌زووله‌یی نه‌بینراوه‌وه که له دنیای نووسه‌ره‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات، که دیاره ئه‌زموونی ئه‌ویش درێژکراوه‌ی ئه‌زموونی داهێنه‌رانه‌ی پێش خۆیه‌تی. بۆیه ده‌کرێت بڵێین هیچ داهێنانێک له نه‌بوونه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت.
ئه‌ده‌ب به گشتی ماڵی شێوازه جیاوازه‌کانه، به‌بێ شێواز شتێک نییه ناوی ئه‌ده‌ب بێت، ئیش‌کردنی زۆریش له‌سه‌ر مانا له قه‌سیده‌دا، ئه‌و سنووره نادیارانه‌ی تر ده‌کوژێت که ده‌کرێت هه‌ڵگری وزه‌یه‌کی وابن که مانای جۆراوجۆریان دواتر تێدا دروستببێت، بۆیه ئه‌و کارکردنه زۆره له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک ده‌بێته هۆی سنوردارکردنی شێواز که ئه‌مه‌ش ئه‌و وزه ناوه‌کییه‌ی ناو قه‌سیده سنوردارده‌کات، له‌ڕاستیدا ئه‌مه حاڵه‌تێکی زۆر ئاڵۆزه و زه‌حمه‌ته هه‌رگیز قاڵبێکی یه‌کڕایی بۆ بکرێت. چونکه له ئاستێکی تریشدا هه‌موو شێوه گوزارشتکردنێکی زمانه‌وانی نووسه‌ر هه‌ڵگری جۆرێکی به‌رایی شێوازه که ناکرێت به‌راوردبکرێت به‌نووسه‌رانی تر. له کۆتایشدا هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی پێکه‌وه نووسینێک به‌رهه‌مدێنێت دواتر ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌که‌وێته‌وه به‌رده‌م چه‌ندان کرده‌ی کیمیایی تر له‌به‌رده‌م خوێنه‌ره جیاوازه‌کاندا، بۆیه هه‌رگیز ناکرێت نه‌خشه‌ی قه‌سیده‌یه‌ک پێش نووسینی و پیش خوێندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه دیاری‌بکرێت، ئه‌مه کارێکی نه‌کرده‌یه. ئه‌وه‌شی ده‌یه‌وێت ئه‌م کاره بکات، له وزه‌ی نادیاری داهێنان تێناگات.
شاخه‌وان: دواین ڕۆمانت "مناڵێک له‌سه‌ر مانگه" ئه‌زمونیکی نوێ بوو به کۆمه‌ڵێک ته‌کنیکی نوێوه، که تێیدا سیحری گێڕانه‌وه بریتییه له گه‌مه‌کردنێکی زمانه‌وانیانه له نێوان ڕاوی گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که و خوێنه‌ر‌دا. هه‌ستده‌که‌یت تا چه‌ند ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه به‌شێک له دنیای که‌سایه‌تی هیوان؟ یان به ڕاکێشانی خوێنه‌ر بۆ ناو ڕووداوه‌کان تاچه‌ند ده‌ته‌وێت خوێنه‌ر ڕابکێشیته ناو دنیا تایبه‌تیه‌که‌ی خۆته‌وه؟ تۆ ده‌ته‌وێت له‌م ڕۆمانه‌دا چی بڵێیت به خوێنه‌ر؟
هیوا قادر: له ڕاستیدا زه‌حمه‌ته ڕۆمانێک کورت بکه‌یته‌وه بۆ ته‌نها دێڕێک، یان بۆ چه‌ند حه‌کایه‌تێک و بڵێیت ئه‌م ڕۆمانه باسی ئه‌وه ده‌کات و ده‌یه‌وێت ئه‌وه بڵێت.
ناشکرێت نهێنی زمانی سه‌دان دێڕ کورتبکه‌یته‌وه، من له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌وڵمداوه له‌سه‌ر نهێنی ئه‌و رێکه‌وتانه قسه‌بکه‌م که جاری واهه‌یه سه‌رله‌به‌ری ژیانی ئینسان ده‌گۆڕێت، یان ئه‌و کاتانه‌ی که دنیا له‌ناو فه‌نتازیاکاندایه ئینسان چه‌نده ده‌توانێت که‌شفی هۆکاره‌کانی بوونی خۆی بکات له ژیاندا. چه‌ند جورئه‌تی پرسیارکردنی له خودای خۆی هه‌یه، دیاره ده‌یان شتی وردی تر که تێکه‌ڵه‌یه‌کن له شیعرییه‌ت و گێڕانه‌وه له‌م ڕۆمانه و که‌سایه‌تییه‌کانیدا، به‌ڕاستی بۆ من زۆر قورسه وه‌ک نووسه‌ره‌که‌ی باسیان لێوه بکه‌م.
بێگومان به‌دیوێکی تریشدا ئه‌م ڕۆمانه به‌شێک له دنیای من پێکده‌هێنێت، له‌هه‌ردوو ئاستی ته‌مه‌ننا و بووندا، چونکه تۆ نا‌توانیت هه‌میشه خودێکی تربیت له نووسیندا، هه‌ندێک جار خۆتیت و هه‌ندێک جار ئه‌وی تر، ئه‌وێک که ڕه‌نگه هه‌ر ته‌مه‌نای خۆتبێت که وابیت، چونکه ئه‌ویش خالقه‌که‌ی هه‌ر تۆیت.
شاخه‌وان: ئه‌م ڕۆمانه‌ت به‌داخه‌وه وه‌ک هه‌موو ئه‌و کتێبانه‌ی تر که له‌م وڵاته‌دا ده‌رده‌چن زۆر نه‌خوێنرایه‌وه له مانا گشتییه‌که‌یدا، ته‌نها هه‌ندێک نووسین نه‌بێت له‌م لاو له‌و لا له‌سه‌ری نووسران که ئه‌ویش زیاتر ناساندنێکی سادابوو نه‌وک خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی قوڵ، تۆ تا چه‌ند ئه‌و نووسینانه‌ت بینیوه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسینانه چی ده‌ڵێیت؟
هیوا قادر: له ڕاستیدا هه‌موو ڕووداوه‌کان له دنیای ئێمه‌دا به بێ ده‌نگی تێده‌په‌ڕن، به‌تایبه‌تی کتێبه‌کان، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به سیسته‌می کۆمه‌ڵگه و هۆشیاری ئینسانه‌کان و کۆڵه‌واری میدیاوه هه‌یه.
هه‌روه‌ها خراپی دابه‌شکردن و چاپی کتێبه‌که‌ش له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی "چوارچراوه" هۆکارێک بوون بۆ خراپ گه‌یشتنه ده‌ستی خوێنه‌ران.
دیاره چه‌ند نووسینێک له‌سه‌ر ڕۆمانه‌که نووسران و من سوپاسی هه‌موولایان ده‌که‌م، به‌ڵام به گشتی جگه له نووسینێکی شیرین کاف، هه‌موو ئه‌وانی تر جۆرێک له تێنه‌گه‌یشتن و به‌دحاڵی بوونی تێدابوو.
شاخه‌وان: مه‌رگ به درێژایی نوسینه‌کانت یه‌کێکه له پرسیاره جدییه‌کانت، ئه‌کرێت بزانین پرسی نه‌مری واده‌کات هه‌میشه ئه‌م پرسیاره لات تۆ دووباره بێته‌وه؟ یان ترسانه له مه‌رگ خۆی وه‌ک کردارێکی فیزیکی که تێیدا کۆتایی یه‌کجاره‌کی به‌بوونی هیوا دێت؟ یان مه‌رگ بۆ تۆ و لای تۆ چییه؟
هیوا قادر: هه‌ره پرسیاری وجودیی و سه‌ره‌تایی مرۆڤی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه، پرسیاره له بوونی مه‌رگ، بوونی مه‌رگ هه‌ره هۆکاری گه‌وره‌ی هه‌موو ڕووداوه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تییه. بوونی مه‌رگ له پشتی دروستبوونی هه‌موو دینه‌کانه‌وه‌یه، گه‌ر مه‌رگ نه‌بوایه دینه‌کان دروست نه‌ده‌بوون، ڕه‌نگه گه‌ر مه‌رگ نه‌بوایه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیش به‌م شێوه‌یه‌ی که ئێستا هه‌یه نه‌بوونایه. له‌و کاته‌وه‌ی که ئینسان تێگه‌یشت ناتوانێت نه‌مری له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌ست بهێنێت که‌وته دروستکردنی ئه‌و خه‌یاڵات و ته‌مه‌نایانه‌ی خۆی بۆ ژیانێکی تر له دوای مه‌رگ، به‌و شێوه‌یه دینه‌کان بوونه مه‌کۆی دروستکردنی مژده‌ی بوونی ژیانێکی تر له دوای مه‌رگ بۆ ئینسان. من نازانم گه‌ر دین و مژده‌کانیان نه‌بوونایه ده‌بوو هه‌موو مرۆڤایه‌تی چۆن بژیایه و چۆن ڕووبه‌ڕووی مه‌رگی خۆی ببوایه‌ته‌وه.
دیاره مه‌رگ لای من داماڵراوه له هه‌موو ئه‌و مژدانه‌ی که دینه‌کان پێیانه بۆ ئینسان، بۆیه له‌نێوان مه‌رگی من و مه‌رگی که‌سێکی دینداردا ته‌نهایی هه‌یه، ئه‌م ته‌نهاییه هه‌میشه لای من پڕپڕه له پرسیار. هه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌شه واده‌کات له شیعری مندا مه‌رگ پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بێت، من ناتوانم وه‌ک ئینسانێکی دیندار مه‌رگ قبوڵبکه‌م، چونکه مه‌رگ لای من حه‌ق نییه، به‌ڵام لای که‌سێکی دیندار حه‌قه.
باسکردنی من له مه‌رگ، باسکردنی ته‌نهایی ئینسانه، ئه‌و ئینسانه‌ی وه‌ک تۆزی ئه‌ستێره‌کان له‌ناو که‌وندا دێت و ده‌ڕوات. هه‌رگیز پرسیاری مه‌رگ وه‌ڵامێکی یه‌کجاره‌کی نییه، چونکه هێنده‌ی ژماره‌ی جیاوازی ئینسانه‌کان پرسیار له مه‌رگ هه‌یه، هێنده‌ی ئه‌و جیاوازیانه‌ش وه‌ڵامی جیاجیا و دژ به‌یه‌ک و ناکۆتا هه‌یه.
ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی پرسیاری مه‌رگ له لای من هۆی خۆشه‌ویستی من بێت بۆ ژیان و بۆ ئینسان، یاخود ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به تێڕوانینی گه‌نجانه‌ی منه‌وه هه‌بێت بۆ ژیان، که واده‌کات هێنده باسی مردن بکه‌م. چونکه پێموایه به‌شێکی گه‌وره‌ی قۆناغی پیری بریتییه له ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مردن‌دا، به‌ڵام گه‌نجی هه‌رگیز ئاماده نییه سازش له‌گه‌ڵ مردن‌دا بکات چونکه ئه‌و خۆی به به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیان ده‌زانێت.