Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
زەوى بە دەورى تەنیاییى مندا دەسوڕێتەوە…

زەوى بە دەورى تەنیاییى مندا دەسوڕێتەوە…

Closed
by November 14, 2008 ئەدەب

 زەوى بە دەورى تەنیاییى مندا دەسوڕێتەوە
 منیش بە دەورى سەوزاییى باخچەكانى تۆ
 
 ڕابەر فاریق
 
 نێرگز
 
 قولانج بەقولانج، بست بەبست
 ڕامدەپێچێ بەرەو ئەمدیوو بۆنى پوونگ و
 هاتوچۆى ڕەنگى ڕێحان و
 چەخماخەى شیرینى هەنار
 ئێوارەیەك، ستیانى لێو سەوزی خوێن و
 كلى ڕەشى نازك و
 پەڕێكى زەرد وەكوو باڵى،
 خەمێكى سپی وەك كلوو،
 مشتێك پێكەنینى سەما،
 قومێك ئاوى نەشۆردراو
 دەهێنىَ بۆ ژوورى خەیاڵى هەڵفڕیوى كۆترییم
 جارجارەیش وەك تەمێكى تەنك/ تەمێكى ڕوون
 لەبن بیناییى قەڵممدا، هەڵدەكشىَ
 تا دەگات بەئەوبەرى نەبینین و بین
 منیش وەك جەللادترین دەست
 لەنێوانى پەنجەكانى ڕوانینی ئازارمدا، دەیگوشم و هەر دەیگوشم
 تاكوو وشك دەبێتەوە و
 لەلێوارى سێبەرى نایلۆنى هەوا 
 لەكاڵییدا وشكبوونى دەپشكوێ و،
 دەچێتە باوەشى (با)وە. 
 
 لەشكرى هەڵاڵە
 
 لەسیلەى باخەكانەوە
 تاقمێك لەهەڵاڵە دێن
 بەچەكانێك لێوانلێون لەبەتاڵیى
 لێوانلێون لەفیشەكى نێرگزگرتوو
 بەشمەكانێك، هەڵكێشراو لەهاڵاوى نیگەرانیى
 تژین… تژین… لەسەمایەك: پڕ لەكڵپەى ڕووتبوونەوە
 تۆ و شوعلەى باران لەگەڵیان،
 تۆ و هێشوویەك خەیاڵى ئاو،
 تۆ و سێبەرى مزرى نەسیم،
 تۆ و تۆرانى تریفە لەمانگ،
 تۆ و نازى شۆردراوى باخچە،
 تۆ و لەنجەى جۆگەى بەر دەرگەى بێتاقەتیى   
 پەیتا… پەیتا… وەكوو ترپە
 بەشێنەیى،
 ڕووەو مەنزڵگەى دڵم دێن
 زەمیلەیەك لەتەئەممولى ئایئاى و  
 فنجانێك لەتەڕیى هەوا، 
 پیاڵەیەك لەبۆنى نێرگز،
 سەبەتەیەك… لەنیگاى سەوزى پوونگ دێنن. 
 لەخۆشییان،
 ڕیشۆڵەیەك دەنووك دەدا لەڕوومەتى كزەبای ژان
 ئەم ئازارەیش، نەرمە نەرمە دەم دەنێتە دەمى فلووت
 دووریى دێتەوە تەنیشتم،
 لەتەك نیو سێبەرى خۆمدام
 لەتەك دووكەڵى سیگارى هەڵم و 
 ماچى بەجێماوى بن لێوت دادەنیشم
 چاك و چۆنیى لەگەڵ داڵغەیەكت دەكەم
 كتوپڕیش،
 خەونێك دێتە نێو سەرتەوە، من دەیبینم.  
 
 دەریا
 
 ئەى دەریا،
 من بەنێو شەپۆڵەكانى تۆدا ڕەتدەبم
 لەسەر سنگى هاژە و تۆفانەكانت ڕادەكشێم
 چەند پەرداخێك لەخەیاڵت دەخۆمەوە
 لەسەر كورسیى دەنگى ئاوت دادەنیشم
 سۆز لەشنەى هەرگیز هەڵنەكردووت دەچنم
 برینى دڵۆپە بیمارەكانت بەشكستى باران دەپێچمەوە
 هەڵمت دەكەم بەشمەكم،
 بەقوڵاییتدا هەڵدەزنێم.
 لەگەڵ دووكەڵى كەشتییەكانت دەچمە پیاسە 
 بەپەیكى گریان،
 نامەى لەئاو هەڵكێشراوت بۆ سەوزایى و زریان دەبەم
 دەمم دەنێم بەشمشاڵى ئازارتەوە
 قۆڵ دەكەمە قۆڵى پێت 
 پێڵاوى سپیت لەماڵى (با)دا بەجىَ دەهێڵم
 تا دەبی بەپەیكەر
 من پەیكەرم
 تۆش دەریا.
 لەلێوارى غوربەتیتدا وەستاوم
 كۆشم پڕە لەوردە ئاو و پارچە زنە
 تۆیش نایەی،
 نایەی، بەدیار پڕووشەكانمەوە دابنیشی
 نایەی، ئاشتم بكەیتەوە لەگەڵ باخ، باخى تووڕە و موسافیر
 نایەی، پەنجەم پڕ بكەی لەدرەخت
 زمانم بچنى لەتامى سێو، سێوى سپیى
 هەڵواسراو بەلقى گوناه.
 قوولاپ گیر دەكەم لەگەرووى نائومێدیت
 فلووتی بێزاریت دەژەنم، 
 تۆیش بێئاگای
 بێئاگای، لەتۆرانى بیابان و بێباكیى كەنار
 بێئاگای، لەنازى ئێوارە و شوعلەى بەیانیانی شەونم 
 بێئاگای، لەتەریقبوونەوەى مێلاقە و ژاكانى تریفە… 
 بێئاگای، چوون ئەوپەڕی مەستیی شەراب.  
   
 rabarfariq@yahoo.com
  هەولێر/ 2006
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.