
ماڵت ئاوا، دیاری قه‌راخی، گه‌وره‌ت کردین
ماڵت ئاوا، دیاری قه‌راخی، گه‌وره‌ت کردین
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئێواره‌ی شه‌ممه، ڕێکه‌وتی 15/11/2008 هونه‌رمه‌ند (دیاری قه‌ره‌داغی) کۆنسێرتێکی بۆ کوردانی کۆبنهاون و ده‌وروبه‌ری له هۆلی (ڤیفتن)ی سه‌ر به‌شاره‌وانیی (غۆده‌وا) سازکرد. شوێنه‌که هه‌م سینه‌مایه‌و هه‌م هۆڵێکه بۆ بۆنه‌کان. ده‌وڵه‌مه‌نده به که‌لوپه‌لی ده‌نگ و ڕووناکی.
له‌م ئێواره کۆنسێرته‌دا نزیکه‌ی 300 کوردێک له‌وانه خاوه‌نی چیژو سه‌لیقه‌ی هونه‌ریین، ئاماده‌بوون. پێشتر گه‌لێك ئاهه‌نگی موسیک و سه‌مای کوردی (هه‌ڵپه‌ڕکێ)له‌م شاره سازکراوه. به‌ڵام ئه‌مه‌یان وه‌ک هیچکام له‌وانه‌ی پێشتر نه‌بوو. له‌ڕاستیدا به‌ده‌ر له‌م بۆنه‌یه‌و له کۆنسێرته نایابه‌که‌ی جووته هونه‌رمه‌ندی هێژا (تاراجاف و عه‌دنان که‌ریم) ئه‌وانی دیکه (ئه‌وانه‌ی دیومن) زیاتر گه‌ڕه‌لاوژه بوون. بۆ ناووداوی کورد، وه‌ک میلله‌تێکی ته‌مه‌ن هازاران ساڵ نیشانه‌ی بێ زه‌وقی دواکه‌وتن بوون.
له‌م ئێواره کۆنسێرته‌دا، به‌سه‌راوردی شانۆ‌که‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی هونه‌ریی، له‌نێو گه‌واڵه‌ی ته‌م و ڕۆشناییدا، به‌دریژایی کۆنسێرته‌که، ئاڵای کوردستان ده‌شه‌کایه‌وه. تیپێکی شه‌ش که‌سی، مووسیکیان بۆ کاکه دیاری ده‌ژه‌ند، شایانی ده‌نگ و هونه‌ره‌که‌ی ئه‌و بوون. دوان له‌و موسیک زانانه (کاکه گۆران و کاکه دانا) کوردانی دانیمارک و دوانیشیان بیانی بوون. یه‌کێکیان به‌ڕه‌گه‌ز فارس و ئه‌وی دیکه‌یان عاره‌ب. سه‌رنج بده سیاسییه‌کان به‌رده‌وام سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌ویان قایم و کونبڕ ده‌که‌ن و تۆویی فیتنه‌و دووبه‌ره‌کی له‌نێو گه‌لاندا ده‌چێنن، هونه‌رمه‌ندانیش سنوور ناناسن و بازی به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن، گه‌لان له‌سه‌ر خوانی ئاهه‌نگه‌کانیان کۆده‌که‌نه‌وه!
به‌نده گه‌لێک ئاهه‌نگی کوردیم له‌ده‌رو ناوه‌وه‌ی وڵات بینیوه. وه‌لێ ئه‌مه یه‌که‌م جارمه ببینم، تیپی موسیک له‌گه‌ل یه‌کداو له‌ته‌ک هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژدا به‌و ڕاده‌یه گونجاوو هارمۆنی بن. پێم وایه کاکه دیاری له کوردستانیش موسیکزانی له‌و ئازیزانه چاکتری ده‌ست ناکه‌وێ. ئه‌م تیپه که پێده‌چوو کاک گۆرانی ئیبراهیم خه‌یات سه‌رپه‌رشتی کردبێت، جێی سه‌رنجی ته‌واوی ئاماده‌بووان بوو.
دیاری قه‌ره‌داخی هونه‌رمه‌ندێکی ئاسان نییه. ده‌بێ حسابی وردی بۆ بکرێت. ئه‌و ئاماده‌بوونێکی به‌هێزی له‌سه‌ر شانۆ هه‌بوو. توانیبووی به‌که‌سێتی و ده‌نگی خۆش و کاریگه‌ری جووڵه‌کانی، که به‌هێز گوزارشتی له‌شیعرو ئاوازه‌کان ده‌کردو له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیا، به هاوکاریی ئه‌و تیمه نه‌جیبه‌ی یاوه‌ری، که ببووه زه‌مینه‌یه‌کی شیاو بۆ ده‌نگی، ڕاسته‌وخۆ کار له‌ناخی ئاماده‌بووان بکات. ئه‌و کاری له‌ویژدان و ناخ و زه‌ینمان ده‌کرد و ئازاره‌کانی نیشتمانی بیرده‌هێناینه‌وه. له‌کاتێدا هه‌ندێک گورانیبێژ (له‌گه‌ڵ ڕێزمدا)، ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌کی کاتی کارمان تێبکه‌ن و بمانهێننه هه‌له‌که سه‌ماو شان هه‌ڵته‌کاندن.
کاک دیاری هونه‌رمه‌نده. ئه‌و زانیوێتی که بناغه‌ی گۆرانی به‌شیعر ده‌ست پێده‌کات. بۆیه هاتووه جوانترین شیعری له‌شاعیرانی وه‌ک (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) که زیندووترین شاعیری (شیعری گۆرانی)ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌و ته‌واو شاره‌زای بواره‌که‌ی خۆیه‌تی، خواستووه. هه‌روه‌ها له هێژایان حه‌سیب قه‌راخی و عه‌بدوڵڵا په‌شێو و…
ده‌ستووری شانۆی برێخت، چۆن بینه‌ر به‌شداری شانۆییه‌که‌ی ده‌کات، کاکه دیاریش به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی کردبووه شه‌ریکی خۆی. واته ئه‌وان ته‌نیا گوێگر نه‌بوون که ڕه‌نگه دۆخێکی بڕێک نه‌رێنی بێت، به‌ڵكو ئه‌و هاتبوو ئاماده‌بووانی کردبووه هاوبه‌شی خۆی و هه‌ندێک کۆپله‌ی ئاسانی به‌ڕه‌وڕوو ده‌کردنه‌وه. له‌ڕاستیشدا ئه‌و به‌ته‌نیا گۆرانی بێژێکی ئاسایی و ڕه‌وته‌نی نه‌بوو، به‌ڵکو کاکه دیاری، به‌هه‌ندێک وته‌ی ساده، له‌وانه‌ی زوو ڕێگه‌ی دڵ ده‌ۆزنه‌وه؛ توانی به‌ئاسانی ئه‌و په‌رده سایکۆلۆجییه‌ی نێوان خۆی و ئاماده‌بووان، که یه‌که‌م جار بوو به‌رامبه‌ریان ده‌وه‌ستا، بسڕێته‌وه‌و وه‌ک کوڕی ماڵێ، مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا ده‌کردن.
به‌سه‌رێکی دیکه. ئێمه‌ی گوێدێر کاتێک به(پله‌ی باک) گوێمان له‌چه‌ند گۆرانییه‌کی کاکه دیاری بوو. له‌وه‌ش حاڵی بووین که ئه‌م هونه‌رمه‌نده چه‌ند، ها به‌ته‌نگ کوالیتی، یان بابڵێین چلۆنایه‌تیی به‌رهه‌مه‌کانی خۆیه‌وه. ئه‌و هاتبوو له هه‌ندێک میلۆدیدا، گۆرانییه‌که‌ی به‌چه‌ندین (ئیفێکت)ی ده‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند کردبوو، وه‌ک گریان و قیژه‌ی خه‌ڵکی زاره‌تره‌ک و لایه‌لایه‌ی به‌سۆزی دایک و… هه‌موو ئه‌م ئیفێکتانه پێکه‌وه، ته‌واو له‌خزمه‌تی میلۆدییه‌کانیدا بوون. به‌پێزتر، هونه‌ریترو ده‌وڵه‌مه‌ندتری کردبوون. ئه‌نجامیش کاریگه‌ریی پتریان له‌ویژدانی بیسته‌ری هه‌ڵوه‌دا ده‌کرد. به‌تایبه‌ت میلۆدییه‌کان له‌و جۆره نه‌بوون که‌بریتین له ته‌نیا ڕسته‌یه‌کی کورتی موسیک، له‌وانه‌ی لێکدا لێکدا وه‌ک خه‌ڕک له‌که‌ناڵه بازاڕییه‌کانه‌وه، ده‌درێنه‌وه به‌گویی بیسته‌ردا. به‌ڵکو میلۆدیی فره ڕسته‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و له جیی خۆیدا سوودیشی له ئاوازی میللی بینیبوو.
جێی وتنه، کاکه دیاری ڕای تایبه‌تی خۆی له‌مه‌ڕ موسیک و گۆرانی کوردی هه‌یه‌و ڕاکانی بێ پێچ و په‌نا ده‌رده‌بڕێت و له‌م ڕاشکاوییه‌شدا پێشخستنی هونه‌ره‌که‌ی له‌ڕووی چلۆنایه‌تیه‌وه له‌لا مه‌به‌سته. ده‌کرێ خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر کتێبه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند، به‌ناوی ((چه‌ند دیدێک به‌نێو گۆرانیی و میوزیکی کوردی‌دا/ ده‌زگای موزیک و که‌له‌پووری کورد/ هه‌ولێر/2007))
دیاری قه‌راخی بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی سێ سه‌عاتان به‌ئاوازه خۆشه‌کانی، ده‌روونی ئێمه‌ی گوێگرانی خۆی، له‌خه‌وش پاک کرده‌ووه. بۆ دنیایه‌ک، تژی له سۆز‌و خۆشه‌ویستیی و به‌ته‌نگه‌وه هاتنی نیشتمان په‌لی گرتین و له یه‌کدی نزیک خستینه‌وه. ئێمه‌ی په‌ڕاگه‌نده‌و هه‌ریه‌که له‌قورنه‌یه‌ک خزاوی، له‌سه‌ر خوانی ئاوازه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کۆکرده‌وه. له‌و ساتانه‌دا هزرو ئاوه‌زمان ته‌نیا لای خۆشه‌ویستی و سۆزبه‌ندی بوو. هه‌موو پێکه‌وه چه‌پڵه‌مان بۆ لێده‌دا. هه‌موو پێکه‌وه، به‌ده‌م شنه‌ی شه‌پۆلی ئاوازه‌کانییه‌وه خۆمان ڕاده‌ژه‌ند.. ماڵت ئاوا کاکه دیاریی قه‌راخی گه‌وره‌ت کردین.
کۆبهاون
2008.11.17