
کچێک چه‌شنی حیکایه‌ت
کچێک چه‌شنی حیکایه‌ت
پێشکه‌شه به گیانی پیرۆزی دوعا له به‌عشیقه
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
باوه‌ڕم پێده‌که‌ن گه‌ر پێتان بڵێم
ئیمڕۆ کچێکم بینی چه‌شنی دوعا
باڵای وه‌کو حیکایه‌ت
پڕبوو له وشه
باوه‌ڕم پێبکه‌ن ئه‌وه ئه‌و بوو
دوعا
له مه‌یدانی شار هه‌ڵده‌ستایه‌وه و
به‌ره‌و رووم ده‌هات
نه‌من ئهسحابهم و
نه به‌عشیقه‌ش جێنزرگه
دوعا بوو له مه‌یدانی شار ده‌هاته‌وه
بانگی کچ و کوڕی شاری ده‌کرد
"وه‌رن با پێکه‌وه ئه‌م به‌ردانه بدوێنین
هه‌ر یه‌که‌یان په‌یڤێکه و
کۆمه‌ڵێ مانای له‌ناوخۆی هه‌ڵگرتووه
وه‌رن با له مانای شاراوه‌ی به‌رد رابمێنین"
ئه‌وه ئه‌و بوو
دوعا
له مه‌یدانی شار هه‌ڵده‌سایه‌وه و
به‌ره‌و رووم ده‌هات
سه‌به‌ته‌یه‌کی که‌سکی پێ‌بوو
پڕ له جریوه‌ی ئه‌ستێره
کراسێکی له‌به‌ربوو
چنراو به پووله‌که‌ی ئه‌ڤین
ته‌نووره‌یه‌ک پڕ له هێلی منداڵی
رووخساری تژی له خه‌ون و
باڵای چه‌شنی حیکایه‌ت
پڕ له وشه
دوعا بوو له مه‌یدانی شار هه‌ڵده‌سایه‌وه
ئه‌وبوو هاته به‌رامبه‌رم
له گیرفانی به‌ردێکی ده‌رهێنا
ده‌ستی درێژ کرد و
دوعایه‌كی خوێند
ئه‌و دوعای خوێند و
به‌رد شه‌قی برد
بوو به ده‌ریایه‌کی سور
شار شه‌پۆڵی ده‌دا له ته‌م
شه‌پۆڵی ده‌دا له به‌رد
شه‌پۆڵی ده‌دا له گوناه
شه‌پۆلێ ده‌دا له تاوان
باوه‌ڕم پێبکه‌ن ئه‌وه ئه‌و بوو
دوعا بوو
هات و سواری به‌له‌مێکی سپی بوو
بسکی ئاڵی شه‌پۆڵه‌کانی داده‌هێنا و
به‌رز به‌رز ده‌فڕی
به‌سه‌ر مه‌یدانی شاردا ده‌سوڕایه‌وه و
دوعای ده‌کرد
بۆ سه‌لامه‌تیی رۆحی شار
شاریش غه‌رقی به‌رد بوو
به‌رد وه‌کو دڵی پیاوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره
به‌رد وه‌کو چاوی ته‌ماشاکه‌ر
به‌رد وه‌کو ده‌ستی چه‌پڵه لێده‌ر
به‌رد وه‌کو ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه
تژی له زرمه‌ی که‌وتن
تژی له بۆکڕووزی جه‌سته
تژی له شکانی دوعاکان
ئه‌وه ئه‌و بوو
دوعا
له مه‌یدانی شار ده‌هاته‌وه
ده‌ستێکی درێژ کرد و
به‌ردێکی دادهستم
وشه‌یه‌ک
نه‌من ده‌توانم بیگرم
نه ئێوه ده‌توانن بیخوێننه‌وه
ته‌نها ئه‌و
دوعا
له زمانی به‌ر تێده‌گا و
له ده‌سته‌کانمان ده‌پاڕێته‌وه
نه‌رمتر بدوێن
له چاوه‌کانمان ده‌پاڕێیه‌وه میهره‌بانانه بڕوانن
له وتن ده‌پاڕێته‌وه
فه‌زایه‌ک له بێده‌نگی دابڕێژێ
بۆ ستایش له سۆزی به‌رد
ئه‌وه ئه‌و بوو
کچێك چه‌شنی دوعا
باڵای وه‌کو حیکایه‌ت
پڕ له وشه
له مه‌یدانی شار هه‌ڵده‌سایه‌وه
چاوه‌کانتان داخه‌ن و
دوعایه‌ک بخوێنن
چوارده‌ورتان پڕه له دوعا
وڵات پڕه له تارمایی دوعاکان
باوه‌ڕم پێبکه‌ن
ئه‌وه ئه‌و بوو
دوعا بوو
له مه‌یدانی شار هه‌ڵده‌سایه‌وه و
چه‌شنی حیکایه‌ت
سه‌رگوزه‌شته‌ی ئێمه
سه‌رگوزه‌شته‌ی به‌ردی ده‌گێڕایه‌وه
کوردستان، ئۆکتۆبه‌ری 2008