جیهان لە چنگى ئیمپراتۆردا – 5 – … سمکۆ عەبدولکەریم


بەشى پێنجەم…….

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دواى پاشەکشەپێکردنى وڵاتانى زلهێزى ئەوروپا لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى و دواتریش رووبەڕووبوونەوەى بیر و دەسەڵاتى کۆمەنیزم لە سەرتاسەرى جیهاندا کە یەکێتى سۆڤیەتى جاران سەرکردایەتى دەکرد، لە هەمانکاتیشدا سنووردارکردنى، دواتریش شکستپێهێنانى بیرى عروبەى عەرەبى لە دواى پەنجاکانى سەدەى رابردوو، بەسەرکردایەتى (جەمال عەبدولناسر) دەسەڵات و هەیمەنەى ئەمریکا گەیشتە چلەپۆپەى، بۆیە قسەکردن لە ئەمریکاى دواى ئەم قۆناغە باڵایە، بۆتە یەکێک لەو باسە گەرم و گۆڕە سیاسیانەى، نێوخۆى ئەمریکا، بەشێوەیەک لە سەرئاستى جیهانیشدا بۆتە مەسەلەیەکى پڕ بایەخ.

هەندێ لە مێژوونووسان و بیرمەندانى سیاسى، ئێمپراتۆرییەتەکەى ئێستاى ئەمریکا دەشوبهێنن بە ئیمپراتۆرییەتەکەى جارانى بەریتانیا، کە چۆن ئەو ئیمپراتۆرییەتەى کە بەوە ناسرا بوو، خۆرى لێئاوانابێت تووشى داڕوخان بوو، ، ئاواش ئیمپراتۆرییەتەکەى ئەمریکا کە بە دەسەڵاتدارى موتلەقى جیهان ناسراوە، دوور یان نزیک دووچارى هەمان چارەنووس دەبێتەوە “لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتى بەریتانیا رۆژێ لە رۆژان چارەگى خاکى دونیا بەدەستەوە بوو، کە نزیکەى چارەگى دانیشتوانى جیهانی پێکدەهێنا، لە بەرامبەر ئەوەدا ئەو زەوییەى کە ئێستا ئەمریکا لەسەرییەتى لەنێوان سەدا شەش بۆ سەدا حەوتى روبەرى گۆى زەوییە، دانیشتوانەکەشى لە سەدا پێنچ تێپەڕناکات” بەڵام لە رووى ئابورییەوە، بەرهەمى ئابوورى ئەمریکا دەگاتە چارەگى بەرهەمى دونیا، کە لە ساڵى (1969) وە تاکو ئێستا بە شێوەیەکى گشتى جێگیرە.

(رۆبێرت کاجان) لە نووسینەکانیدا زۆر بە توندى ئەوە رەت دەکاتەوە کە ئەمریکا لە لێوارى غلۆربوونەوەیەکى حەتمیدا بێت، بەشێوەیەک لە وتارەکانى (ئۆباما)ى سەرۆکى پێشووى ئەمریکاشدا ئەو مەترسییە هەستى پێدەکرێت، ئاماژەکانى ئەو مەترسییەش، جگە لەو وتارانەى لەوبارەوە نووسراون، زیاتر لە قسەکانى (ئۆباما) دا دەرکەوتوون.
ئۆباما لە یەکێ لە وتارەکانیدا لە ساڵى (2012) بە ئاوازێکى بەرزى دەنگی و جۆرێک لە بزەى باوەڕ بە خۆبوونەوە وتى: “ئەوانەى دەڵێن ئەمریکا لە دارووخاندایە، نازانن چى دەڵێن” ئەمەش بە پشت بەستن بە بۆچوونەکانى مێژوو نووسى
ئەمریکى (رۆبێرت کاجان) کاتێک وتارێکى بەناونیشانى ( ئەفسانەى داڕوخانى ئەمریکا) لە گۆڤارى (نیو ریپۆبلیک) ى ئەمریکى بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەى زۆرى هەبوو.
ئۆباما لە پەراوێزى ئەم وتارەى (کاجان)دا کە هەندێ چاودێرى سیاسى جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ پێوەدەبینن، دەیهەوێ بەگژ هەموو ئەو بۆچوونانەدا بچێتەوە کە باس لە داڕوخانى ئەمریکا دەکەن.

بە پێى هەندێ سەرچاوە، ئۆباما لە دانیشتنێکى تایبەتدا زۆر بە وردى و خاڵ بەخاڵ گفتوگۆى لەسەر ئەم وتارەى (کاجان) کردوە و باوەڕى بە بۆچوونەکانى هەبووە، بەڵام (کاجان) کە دواتر ئەو تێگەیشتن و بۆچوونانەى خۆى لە چوارچێوەى کتێبێکدا بە ناوى (جیهانێک کە ئەمریکا دروستى کردوە) فراوانتر دەربڕى، بەشێوەیەک رەخنە لە ئۆباما دەگرێت، کە کردەوەو بڕیارەکانى پێچەوانەى دەربڕینەکانییەتى، بە تایبەتى ئەوەى کە پەیوەندى بە رەوشى سوریاوە هەیە، لەم رووەوە رەخنە لە سیاسەتى ئەمریکا دەگرێت، لە بەرامبەر دەست تێوەرنەدان و پشتیوانی نەکردنى، گەل و سوپاى ئازادى سوریا.

لە مێژووى ئەمریکادا هەمیشە نووسەرو بیرمەندانى ئەم وڵاتە رۆلێکى بەرچاو دەبینن لە داڕشتن و دیاریکردنى نەخشەى سیاسى ئەم وڵاتە، بۆیە بەردەوام لەپشتەوەى زۆر لە سەرۆکەکانى ئەمریکا بیرمەندێک هەیە.
ئەمریکا لە زۆر بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی پشت بەبیردۆزە داهێنراوەکانیان دەبەستێت، هەر لەکتێبەکەی سامۆئیل هنتگتۆن (پێکدادانی شارستانییەتەکان) و کتێبەکەی فۆکۆیاما (کۆتایی مێژوو) بگرە تادەگاتە کتێبەکەی (ناتان شارانسکی /کێشەى دیموکراسی/هێزی ئازادی بۆ زاڵبوون بەسەر ستەمی تیرۆر) کە زۆر لەنووسەرە سیاسییەکان ئەم دوو کتێبەی پێشتر وەک بناغەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا دەناسێنن، هەروەک ئاماژەیەکی زۆریش بۆ ئەوە دەکرێ‌ کە جورج بۆش زۆر سەرسام بووە بەم کتێبەی (ناتان شارانسکی) .

بە شێوەیەک (ناتان) باس لەو سودفەیە دەکات کە کتێبەکەى خۆى، لە سەرمێزى کۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەو کاتى ئەمریکا بینیوە، سەرسامابووە، بەوەى کە (کۆندالیزا) باسى ئەوەى بۆ کردوە کە (جورج بوش) مۆلەتى یەک هەفتەى پێداوە بۆ ئەوەى لەم ماوەیەدا ئەم کتێبە بخوێنێتەوە .
زۆر لە نووسەرو سیاستمەدارانیش بەکارهێنانى دەستەواژەى (فوضى الخلاقة) لە کاتى خۆیدا کە هەڵایەکى زۆرى نایەوە، بۆ بیرى ئەم کتێبەى (ناتان شارانسکى) دەگەڕێننەوە، بەومانایەى کە (شارانسکى) رایگەیاندوە: “عەرەب و موسلمانان، تا ئێستا لە ئاستى دیموکراتییەتدا نین” ئەم بیردۆزەش زیاتر لە دواى رووداوەکەى 11-ى سپتێمبەرى 2001 سەری هەڵدا و ئەمریکاى لەوە بە ئاگا هێنایەوە، کە ڕقێک خەریکە رۆژ بە رۆژ لە بەرامبەریدا ئەستورتر دەبێت، هەمووانیش باش هەست بەو ڕقە دەکەن، جورج بوش لە دواى 11-ى سپتێمبەر وتى: “دوژمنەکانمان رقیان لە ئازادیمانە”

فەرید زەکەریا خاوەنى کتێبى(جیهان دواى ئەمریکا و تۆماس فریدمان) لە کتێبەکەى بە ناوى (That Used to Be Us) دوو لەو نووسەرانەن کە (کاجان) زۆر بە توندى بۆچوونەکانیان لە بارەى ئایندەى ئەمریکا رەتدەکاتەوە، بە تایبەتى ئەو بۆچوونانەى وێنەى ئەمریکا وانیشان دەدەن، کە ئەمریکا خاوەنى هێزە، بەڵام ئۆباما بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات، وەک ئەوەى لە لێوارى داڕوخاندا بێت.
هەموو ئەوانەى داکۆکى لە بەردەوامى هەیمەنەى ئەمریکا دەکەن، پێیان وایە ئەمە جگە لە وەهمێکى بەتاڵ، شتێکى تر نییە، ئەمەش بە پشت بەستن بەو مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێویەى، کە ئەمریکا پێدا تێپەڕیوە. نمونەش بەوە دێننەوە، کە ئەمریکا بە سێ قەیرانى ئابوورى خنکێنەردا تێپەڕیوە، قەیرانەکانى ساڵى (1910، 1930، 1970)، دواى ئەم قەیرانانەش، ئەمریکا هەموو جارێک بەهێزتر لە جاران دەرکەوتۆتەوە.

لە گۆشەیەکى ترى مێژووییەوە مێژوونووسان تەمەنى ئیمپراتۆرییەت بە چەند قۆناغێکى یەک لە دواى یەک هەڵدەسەنگێنن، نەک چەند ساڵێکى کەم. بۆیە هەموو ئەوەى لە بارەى ئەمریکاوە دەوترێت، دەکرێ لە گۆشەى سیاسى ترەوە لێیبڕوانرێ، بە تایبەتى ئێستا، کە ئەمریکا بە قۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەستیار، هاوشێوەى قەیرانى کوباى ساڵى 1962، کاتێک بە ناچارى کەوتە بەردەم ئەگەرى رووبەڕووبونەوە لە گەڵ یەکێتى سۆڤییەت، ئێستاش جارێکى تر لە گەڵ روسیا ڕووبەڕو دەبێتەوە.