Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هێمن حمەجزا

هێمن حمەجزا

Closed
by December 6, 2008 ئەدەب

 خوَكوشتن… بەخشینى جووتێك باڵە،
 تاگەیشتن بەتەنهایى!
 
 هێمن حمەجزا
 hemnhamajaza@hotmail.com
 
 تادەگەمە لاى توَو
 ورد ورد…
 لەسەرسوچى زەمەنێكى تاریكیتردا،
 خوَم دەكەمەوە بەزەینتا،
 چاوەڕێمبە… تەنهایى!
 تادەگەیەوە خەیاڵم و
 هێواش هێواش…
 لەبێدارى شەوێكى گەرمدا،
 خوَت میقات دەكەیەوە لەسەرخاوبوونەوەى دڵم،
 چاوەڕێتم… تەنهایى!
 ئەى تەنهایى!
 ئێستاش ئەو ئێوارەیەم لەیادناچىَ،
 كەدەتگووت:
 من وخودا، جمكانەیەك بووین!
 وەلىَ ئەو… لەجنسى یوَتوَپیایەو
 منیش… لەجنسى حەقیقەت!
 ئەى تەنهایى… ئەى حەقیقەتم!
 مودێكە،
 دواهەمین سكێچى ڕاڕایت،
 لەئاوێنەى ژورەكەمدا جێدەمێنىَ و
 ناتبینم!
 لەباخچەكەماندا،
 بوَنى دواهەمین دانیشتنت دەكەم و
 ناتگرم!
 دەنگى دواهەمین گوَرانیت،
 بەدیوارى حەوشەكەمانەوە دەبیستم و
 لێم وونى!
 لەیادمە تەنهایى!
 كەهەمیشە دەتگووت:
 من وخودا، پێكەوە گەورەبووین!
 وەلىَ ئەو… لەدڵى هەموو، ئاگرو سەحراو ئاشوبگێڕەكاندایەو
 منیش… تەنها لەدڵى، "با"و باران ونەسیمەكاندا!
 ئەى حەقیقەتم… ئەى تەنهایى!
 مودێكە،
 كوناوكون… وەك جاسوسێكى بەسەلیقە،
 چى تەرمیناڵ و
 چى كتێبخانەو
 چى قاوەخانە هەیە،
 بەدوتا وێڵم و… ناتدوَزمەوە!
 وەك نیگابانێكى گومانكار،
 سەردەكەم بەماڵى شەوداو
 دەستدەنێم بەترپەى دڵى كچانەوەو
 ڕیزى پیاوانى نوێژخوێنت بوَدەگەڕێم و
 ناتدوَزمەوە!
 وەك غەریبەیەكى دڵتەنگ،
 جانتا بەجانتاى موسافیران دەپشكنم و
 دیوار بەدیوارى ماڵان دەنووسم و
 دڵوَپ بەدڵوَپى باران دەخوَمەوەو
 ناتدوَزمەوە!
 ئەى تەنهایى!
 ئەى پیرترین سێبەرى هەمیشەیى من،
 لەژێرباران و
 لەناو توَفانەكاندا!
 توَنەبى،
 جادە چوزانىَ؟
 ئەم پێڵاوە غەریبانەى من،
 تاكوىَ لەگەڵیدا ڕێدەكەن و
 سەریشم،
 چ نەخشەیەكى بوَ هەڵاتن كێشاوە؟
 توَنەبى،
 خودا لەكوێوە ئاگاى لێیە؟
 چ ئیمانێكم لەژێرپێستما كوَكردوَتەوەو
 هەناسەشم،
 بوَنى چ بغوردێكى دوَستانەى لێدىَ؟
 توَنەبى،
 باران چوَن تێدەگات؟
 ئەم ژوورە بچكوَلانەیەى من،
 بەڕەنگى بارینى "توَ" سیخناخەو
 گیرفانەكانیشم،
 چ موَزەخانەیەكن،
 بوَ ئەرشیڤى یادەوەرییە خوساوەكانى… بەرهەتاو؟
 ئەى تەنهایى!
 ئەى نزیكترین دوَستى ناوخەیاڵاتى من،
 لەتاریك ولێڵى ئێواران و
 لەدەستنووسى ئەوەڵینى شیعرەكانمدا!
 هێندە عادەتم پێتەوە كردووە!
 دەڵێى: ئەو گوَرانییە غەمگینانەم،
 كەبەجلكى تەڕەوە نەبێت،
 وتنەوەیان… بەشێكە لەكوفرو
 گوىَ لێگرتنیشیان… بەشێكە لەڕاكردن!
 دەڵێى: ئەو چیروَكە قەمبورانەم،
 كەلەناوفێنكایى سپێداندا نەبێت،
 خوێندنەوەیان… پڕدەمت ئەكات لەیەئس و
 گێڕانەوەشیان… دڵت ئەكات بەشتێك، لەچەشنى بەرد!
 دەڵێى: ئەو وێنە ڕەش وسپیانەم،
 كەلەژێرشەبەنگدا نەبێت،
 تەماشاكردنیان… یادەوەریت، كرم تێى ئەدات و
 هەڵدانەوەشیان… ئومێدت، ژەنگ هەڵدێنىَ!
 ئەى تەنهایى!
 ئەى پڕشنگدارترین ئەستێرەى ناو شەوانى من!
 تەماشاكە بىَ توَ،
 چ هێڵنجدانەوەیەكە… ژیان!
 تەماشاكە بىَ توَ،
 چ سەمایەكى بێڕیتمە… بوون!
 تەماشاكە بىَ توَ،
 چەند ناموَیە خوَر… بەهەڵهاتن!
 چەند غەمگینە دەریا… بەشینایى!
 چەند بێمروەتە باخچە… بەهەڵوەرین!
 خەیاڵت ڕاحەت بىَ، تەنهایى!
 لەگێڕانەوەى ئەو نهێنیانەى،
 كەگووتت:
 من وخودا، لەهەناوى سروشتێكەوە هاتووین!
 وەلىَ ئەو… هێندە ڕوودارە،
 خوَى دەكات بەماڵى سپى هەموو دڵێكداو
 منیش… لەدڵى توَ بەولاوە،
 ماڵى هیچ دڵێكى دى، پێنازانم!
 ئەى تەنهایى… ئەى حەقیقەتم!
 ئێستاكە شەوانە…
 تابوَنى تاریكى نەگرم،
 سەر ناكەمەوە بەماڵداو
 پێڵاوەكانم…
 تاشەڵاڵ نەبێت لەجادە،
 ئیمەیل بوَ هیچ كەسێك نانێرم و
 تادواهەمین جگەرەى نێو پاكەتەكەشم نەكێشم،
 بیر لەمردن… ناكەمەوە!
 كەبیرت دەكەم، تەنهایى!
 ئەى حەقیقەتم،
 ورد ورد…
 تادەگەمەوە لاى توَو
 لەسەرسوچى زەمەنێكى تاریكیتردا،
 خوَم دەكەمەوە بەزەینتا… چاوەڕێمبە!
 ئەى تەنهایى،
 هێواش هێواش…
 تادەگەیەوە خەیاڵم و
 خوَت میقات دەكەیەوە لەسەر خاوبوونەوەى دڵم،
 چاوەڕێتم!
 ئەى تەنهایى… ئەى حەقیقەتم!
 مودێكە،
 شەوانە… درەنگانێك،
 نزیك بەتاریك ولێڵى سپێدان!
 وەك عادەتى هەمیشەیم،
 لەبێداریمدا،
 سنگم… لەدووكەڵى جگەرە پڕدەكەم و
 گوێم… لەژاوەژاوى هەواڵەكان خاڵى دەكەمەوەو
 دەستیشم… لەناو لرفەو سپێتى "با"كاندا دەكێشمەوەو
 بەدیار وڕێنەكانى دایكمەوە… دادەنیشم!
 دایكم،
 هەرگیز شاعیر نەبووە!
 هەرگیز،
 نەشئەشى بەشیعرو
 ئومێدى بەمن و
 خوَشى لەجگەرەش… نەهاتووە!
 وەلىَ دایكم،
 لەشیرینى خەودا… بێئەندازە شاعیرە!
 بێئەندازە،
 خەون… بەجگەرەو
 بەمن و
 بەخوَكوشتنەوە، دەبینىَ و
 بێئەندازەش،
 وڕێنە… بەشیعرو
 بەگوَرانى و
 بەتەنهاییەوە، دەكات!
 ئەمشەو… درەنگانێك،
 نزیك بەتاریك ولێڵى سپێدان!
 وەك عادەتى هەمیشەیم،
 دایكم… هەربەدەم وڕێنەوە،
 وەك ئەوەى گەیشتبێتە دواین دێڕەكانى شیعرێك
 یان…
 سەرەتاى شیعرێكى تازە بخوێنێتەوە!
 بەنەوایەكى ئێجگار ئاسمانییەوە،
 كەزوَرتر بەگوَرانى دەكرد… وەك لەشیعر،
 دەیگووت:
 تەنهایى… لەجێگایەكى زوَر دوورە!
 ئێجگار دوور!
 هێندە دوورە،
 كەمەحاڵە… دوَزینەوەى!
 یان… پێگەیشتنى!
 یان… تەماشاكردنى!
 دایكم… لەقوڵایى خەوندا،
 شاعیرانەتر هاوارى دەكردو
 دەیگووت:
 تەنهایى… لەناوزەرفى ئەونامە داخراوانەدایە،
 كەهێشتاكە نەگەیشتونەتە جىَ!
 تەنهایى… لەناوقورگى ئەوباڵندانەدایە،
 كەهێندە فڕیون،
 گوَرانییان لەبیرچوَتەوە!
 تەنهایى… لەناو بێدەنگى ئەوشەوانەدایە،
 كەلەبەر ئەستێرە،
 ئاسمان… جێگایەكى نییە بوَمانگ!
 دایكم،
 ئەوە عومرێكە هەموو شەوێك،
 وەك بڵێى، تەنها یەك خەون ببینىَ
 یان، تەنها یەك شیعر ئەزبەركا
 یان، تەنها یەك گوَرانى بڵىَ!
 بەر لەهەستانى،
 دروست…
 لەگەڵ تاریك ولێڵى سپێدان!
 وەك ئەوەى بڵێى:
 دواهەمین دوعاى نێوان،
 تاریكى ڕووناكى بخوێنىَ و
 دواهەمین وێردى نێوان،
 خەون وئاگایى بكات!
 بەدەنگێكى نزمتر… لەوتنى گوَرانى و
 بەرزتر… لەخوێندنەوەى شیعرێك،
 دەڵىَ:
 خوَكوشتن… بەخشینى جووتێك باڵە،
 تاگەیشتن بەتەنهایى!
 
 
 
 
 مانگى (5 تا 8 / 2008)
 سلێمانى
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.