Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
لە سعودیە خوێندنی مۆسیقا حەرامە…..كرمانج عەلی

لە سعودیە خوێندنی مۆسیقا حەرامە…..كرمانج عەلی

Closed
by December 20, 2008 گشتی

 لە سعودیە خوێندنی مۆسیقا حەرامە
   كرمانج عەلی

 kirmanjali@gmail.com
 
 سعودیە وڵاتیٍكی داخراوی تاریكە، بە پێی یاسای دوور لە سەردەم و مۆدێرن بەڕێوە دەچێ و خەڵكەكەی لەسایەی حوكمی وەهابییەكاندا لە بچووكترین مافی مرۆڤی سەردەم بێبەشن. لەو وڵاتەدا خوێندن و فێرگەكان بە هەمان ئەو دەستوورە كۆنەپەرستانە بەڕێوەدەچن و لە نێو هەناوی ئەو پرۆسەیەدا نەوەی سەلەفی و ئیرهابی، دەستە دەستە، وەبەر دێن.
 لەدوای گۆڕانكارییەكانی جیهان، بەتایبەت دوای هێرشە تێرۆریستییەكانی 11 ی سێپتەمبەر پرۆگرامی خوێندنی سعودیە رەخنەی زۆری لێگیراو لەلایەن زۆر لە شارەزایان و توێژەرەوان بە كارگەی بەرهەمهێنانی ئیرهاب ناوزەدكرا.
 لە سعودیە خوێندنی مۆسیقا نەك هەر حەرامە بەڵكو ئەوەی داواشی بكا لە لایەن پیاوانی ئیسلامییەوە رووبەرووی هێرشی ناڕەوا دەبێتەوە. لەم ماوەیەدا ژنە نووسەریكی بوێری سعودیە بەناوی حەلیمە موزەفەر لە نووسینێكیدا گرنگی خوێندنی مۆسیقای باسكردو هەر لەو نووسینەیدا داوای كردبوو كە پێویستە خوێندكارانی سعودیە لە وڵاتەكەیاندا لە تەك وانەكانی دیكە بیخوێنن. حەلیمە لە بابەتەكەیدا نووسیویەتی مۆسیقا ئاسوودەیی دەروونی بە خوێندكاران دەبەخشێ و پێویستە خوێندكاری سعودی لە مەزنی مۆسیقای بتهۆڤن و مۆزارت تێبگا. هەروەها دەڵێ كاتی ئەوە هاتوە سیفەتی حەرام لەسەر خوێندنی مۆسیقا لابەرین و چیدی توندڕەوی ئیسلامی كۆمەڵگە بەرامبەر مۆسیقا دڕدۆنگ نەكا.
 ئەو قسانەی حەلیمە موزەفەر لەلایەن ئەوكەسانە قبوڵ نەكرا كە دەیانەوێ كۆمەڵگە هەردەم لەتاریكیدا بێ و عەقڵی خەڵك پابەندو پاشكۆی ئەوان بێ، بۆیە حەلیمە وەك هەر نووسەرێكی ئازادیخواز كەوتە بەر هەڵمەتی تانەو تەشەرو قسەی بێبنەمای پیاوانی مینبەری جەهل.
 زانست ئەوەی سەلماندوە كە گوێگرتن لە مۆسیقا دڵنەوایی بە مرۆڤ دەبەخشێ و لە ژیانیدا ئاسوودەی دەكا. لێكۆڵینەوە زانستییەكان ئەمرۆَ نەك هەر لەسەر مرۆڤ، بەڵكو لەسەر گیانەوەران و رووەكیش ئەوە نیشاندەدەن كە مۆسیقا كاریگەری ئەرێنی لەسەر زیندەوەران هەیە. لە ئەوروپا تیمێكی زانستی تاقیكردنەوەیان لەسەر ژمارەیەك مانگا كرد و لە ئەنجامدا دەركەوت ئەوانەی گوێبیستی جۆرێك مۆسیقای تایبەت بوونە بەرهەمی شیریان زیاتر بووە. هەروەها لەسەر رووەكیش ئەو ئەنجامە بەردەست كەوتوە كە مۆسیقای هێمن كاریگەری دەبێ لەسەر گەشەكردنی زیاتری هەندێ جۆری رووەك.
 لەهیچ كونجێكی ئەم دنیا پان و پۆڕە، هیچ فیكرێكی زەمینی و ئاسمانی نیە دژایەتی مۆسیقا بكاو دۆزەخیش بۆ ئەوكەسانە سازو ئامادە بكا كە گوێی لێدەگرن. ئەوە تەنیا لە فیكری شێخە كۆنەپەرست و تەندڕەوەكانی ئیسلامی بوونی هەیە.
 مۆدی حوكمڕانی سعودیە تا ئەو رادەیە تاریك و بێ ترووسكاییە كە تەنانەت خوێندنی مۆسیقاش بە حەرام لەقەڵەم دەدا. ئیدی چاوەڕێی چی دەكەی لە پێگەیاندنی خوێندكارو گەنجی ئەو وڵاتە. هەر لەسایەی ئەو سیستەمەیە ئامارەكان پێمان دەڵێن لە %40ی خۆكوژەكانی ئێراق گەنجی سعودین. بەڵێ لە وڵاتێكدا خوێندنی مۆسیقا حەرام بێ شتێكی ئاساییە ئیرهابی ئیسلامی وەك شێرپەنجە لە دەمارەكانی كۆمەڵگە پەلوپۆ باوێ.
 بەداخەوە كەسانێك هەن بە ناوی دین دەیانەوێ گەنجانی كوردستان فریو بدەن و بە شێوازی چاوبەستەكردن بازاڕ بۆ ئەو جۆرە بیرو یۆچوونە كۆنەپەرستانە خۆش بكەن. بۆیە پێویستە هەوری رەشی سعودیەو وڵاتانی هاوشێوەی ئەوێ ببینین بۆ ئەوەی نرخی خۆری ئازادی و عەلمانیەت و مرۆڤایەتی بزانین.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.