Skip to Content

142 Views

سەردانی ئەردۆغان بۆ لای پاپا لە ڤاتیکان …. د. جاسم خۆشناو

سەردانی ئەردۆغان بۆ لای پاپا لە ڤاتیکان …. د. جاسم خۆشناو

Be First!
by February 18, 2018 General, Opinion, Slider
image_print

سەرەتا

پەیوەندی نێوان ڤاتیکان و تورکیا زۆر کۆنە، بۆ دروستبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانلی و داگیرکردنی قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپڕاتۆری رۆمانی رۆژهەلات لە سالی 1453 زا دەگەرێتەوە. لەم کاتەوە تاکو ئێستا بەرزو نزمی و تال و شیرنی بە خۆیەوە بینیووە. لەم سیاسەت و دیپلۆماسیە ڤاتیکان بە دوو ئاراستە کاری کردووە:
– پارێزگاری لە کیانی کریستیانەکان و مانەوەیان لە ناوچەکانی بالادەستی ئیسلام، بە تایبەتی مێزۆپۆتامیا و شام و فەلستین، هەروەها رێگریکردن لە گەشەوە بلاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ئەوروپا.
– بەکار هێنانی ئیمپڕتۆری عوسمانلی بۆ ریگریکردن لە گەشەی ئاینزای ئۆرتۆدۆکس کە خۆیان لە ژێر بالی سیاسەتی قەیسەری روس گردکردبووەوە.

بە پێی ئەدەبیاتی ئیتالی تورکەکان لە رووی ئایینەوە سەر بە رێبازی توندڕەوە بوون، ئێستاش چەندەها مەسەل و قسەی پێشینان، سەبارەت بە دڕندەیی تورک، لە ئیتالیا باون. لە راستیدا ئەم وێنەیە لە ئەدەبیات و مێژووی کوردیش، تا ئێستا، وجودی هەیە.
قەتل و عام و جینۆسایدی ئەرمەنکان لە سالانی 1915 – 1918، بە بیانوی ئایین و جیهاد و پاشان گریگەکان لە سالانی 199 – 1922… هتد لوتکەی ئەم توندڕەوی و دڕندەییە پیشان دەدەن. بە پێی ئامارەکان، ئەمڕۆ، 2018، لە هەموو تورکیا کریستیانەکان ژمارەیان ناگەویتە سەد هەزار کەس. تاکو ئێستا تورکیا دان بە کەنیسە و دامەزراوە کریستیانیەکان نانێت، ریگە نادات ئەمانە مال و مولکیان بەناو بێت. لە قوتابخانەکان باسی ئاینی مەسیح و کارەساتی ئەرمەن و کریستیانەکان ناکرێت.

لەم سەد سالە بە هەزاران کەنیسەو شوێنە ئاینیەکانی مەسیح، لە تورکیا، خاپور کراون، زۆر بە زەحمەت رێگە بە دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی کەنیسەیەک دەدن. ئەمەش پێچەوانەی پەیمانی لۆزانە، 1923 ،کە ئازادی ئایینی، بەکارهێنانی زمان لە کایە گشتی و تایبەتیەکان، بوونی قوتابخانەی ئایینی و رۆژنامە و چاپەمەنی و مولک و مال و… هتد بۆ کەمینە ئایینیەکان دابین دەکات.
لەم چەند سالانە، لە تورکیا، زیاد لە جارێک قەشەو پیاوە ئاینیەکانی مەسیح تیڕۆرکراون، بۆ نموونە.

لە 13/5/1981 مێهمەت عەلی ئەجا هەولی تیڕۆرکردنی پاپا جۆڤانی پاۆلۆی دووەمی لە گۆڕەپانی ڤاتیکاندا، چەند گوللەیەکی لە پاپادا بەلام خۆشبەختانە نەمرد. پاشان پاپا لێی خۆش بوو و بە بەر لێبوردن کەوت. عەلی ئەجا، سەر بە گروپە تورکە ناسیۆنالیستەکان، “گورگە بۆرەلان” بوو.

لە شوباتی 2006 لە تەرابزۆن قەشەیەکیان، بە ناوی دۆن ئەندرێیە سانتۆڕۆ Don Andrea Santoro
بە هاواری الله اکبر، تیرۆر کرد.
لە مارسی 2007، لە مێرسین، گەنجێک، بە چەقۆ و الله اکبر، هێرشێ کردە سەر دوو قەشە، رۆبێرتۆ فێڕاری و هێنری لەیلەک، Roberto Ferrari, Henry Leylek
لە دیسەمبەری 2007 هێڕش کرایە سەر قەشەی شاری ئەزمیر، ئەدریانۆ فڕانکی Adriano Franchi و بە موعجیزە لە مردن رزگاری بوو.
لە هاوینی 2010 گەورە قەشە، ئەسقەف، لویجی پادۆڤێسێ Luigi Padovese تیڕۆڕکرا.
ئەو کەسانەی، موسولمان، ئایینیان بۆ کریستیان دەگۆڕن رووبەڕووی هەڕەشە و مەرگ و شاربەدەربوون دەبنەوە. لە نزیکەوە ئاگاداری کارەساتی ئافرەتێکی تورک، لەگەل هاوژینە ئیتالیەکەیم، جگە لە دەسەلاتی سیاسی باسی توندڕەی کۆمەلگای تورکیان بۆم کردووە.

لە سالی 2014 قەداسەتی پاپا باسی “جینۆسایدی ئەرمەن”ەکانی کرد میدیاکانی تورکیا هێرشێکی ناسیۆنال تیڕۆڕیستیان کردە سەر پاپا و ڤاتیکان، تەنانەت شەخسی ئەردۆگان، وەزیری دەرەوە و وەزیری کاروباری ئایینی، بە زمانێکی زۆر بازاڕی و دوور لە ئەتەکیتی دەولەتداری، هێرشیان کردە سەر. لە کاتەک قەداسەتی پاپا زۆر بە شەرمنانە و لاواز باسی ئەو جینۆسایدەی کرد و بەبێ ئەوەی بە دەنگێکی بەرز ئیدانەی بکات و تاوانەکەی بخاتە ئەستۆی تورکیا. وەک ناڕەزایی تورکیا سەفیری خۆی، مێهمەت پاچەچێ، بانگی وولات کردەوە و لەگەل سەردانی ئەردۆگان گەڕایەوە ڤاتیکان. پاپا لە حوزەیرانی 2016 زیارەتی “مێمۆریالی جینۆسایدی ئەرمەن- Tzitzernakaberd”ی کرد و ناوی تورکیای نەهێنا . ئێستا کە بالێز پاچەجی گەڕاوەتەوە، بە قسەی هەندێ سەرچاوە، تورکیا بەلێنی داوە “ئەرشیڤ”ەکانی، سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان، بخاتە بەردەست مێژوونووس، توێژەرو پسپۆراکانی بواری کۆمەلکوژی.

تاکو ئێستا، نزیکەی، 30 دەولەت لە پەرلەمان، USA تیا نیە، باس و دانیان بە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن ناوە بەلام لەسەر ئاستی یاسایی و دیبلۆماسی هیچ کارێکی کۆنکرێتیان نەناوە، تەنها لە فەڕەنسا بە پێ یاسا هەر کەسێک “ئینکاری لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان” بکات ئەوە بە 3 سال زیندانی دەکرێت، ئەو یاسایەش زۆر بە تووندی رەخنەباران کراوە. بە پێچەوانەوە لە تورکیا هەر کەسێک، بە ئاشکرا، باسی قەتل و عامی ئەرمەنەکان بکات و یان باسی گوناه و دەست هەبوونی دەولەتی عوسمانی بکات ئەوە بەلای کەمی سزاکەی 3 سالە.
ئەمە لە کاتێکە کە ئەرمینیا دەولەتە و لە کۆنەوە لۆبی ئەرمەنی لە دیاسپۆرا بە هێزە و کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەیان دەکەن.
لەگەل بەرپابوونی شەڕی نێوخۆی سوریا لە سالی 2011، لای هەمووان ئاشکرایە، تورکیا بە هەموو توانای خۆی پالپشتی لە گروپە توندڕەو و تیڕۆریستەکان دەکات. بە سەدان بەلگەی تێوەگلانی تورکیا لە دروستکردن و یارمەتیدانی رێکخراوی تیڕۆڕیستی داعش هەیە کەچی تاکو ئێستا، کۆمەلگەی نێودەولەتی وەک پێویست گلەیی و سەرکۆنەی تورکیای نەکردووە.
تورکیا، بە ئاشکرا، سالانە و رۆژانە پێشێلی رێکەوتن و پەیمانە نێودەولەتتیەکانی سەبارەت بە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆف، کەمایەتی ئێتنی وئایینیەکان، ململانێی چەکداری و … هتد دەکات کەچی، ئەوەندەی من ئاگاداربم، ئەم پیشێلکاریانە لە لایەن کۆمەلەی گشتی یو ئێن، کۆمسیۆن و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، کۆمیتەی خاچی سوری نێودەلەتی، کۆمیتەی ئەوروپی دژی ئەشکەنجە و…. تاد ئیدانە نەکراون.

لەگەل ئەمانەش، تورکیا، ئێستا، وولاتێکی ئیسلامی زۆر توندڕەوە، خۆی بە رابەری وولاتە تورکزمانەکان، تا رادەیەکیش، ئیسلامەکان پیشان دەدات.
بۆیە ناکرێت یان ئەستەمە تورکیا، بەهۆی هەلکەوتەی جیۆپۆلیتیک و ئایینی، لە دونیایەکی فرەجەمسەری وەک ئەم قۆناغەی مێژوو. لە لایەن دامەزراوەیەکی وەک ڤاتیکان، کە رێبەری و سەرپەرشتی و ئیدارەی جیهانی مەسیحیەت دەکات، پشتگوێ و فەرامۆش بکرێت.
لای هەمووان ئاشکرایە دیبلۆماسیەتی ڤاتیکان لە هی ئەوانیتر کۆنتر و درێژتر و بە ئەزموونترە، بە ئەسپایی و زۆر لە سەرخۆ و نهێنی هەنگاو دەنێت، زۆر بە دەگمەن کارو چالاکیەکان دەخرێنە بەردەم میدیاکار و رای گشتی. ڤاتیکان، لە هەموو لایەک، زیاتر ئاگاداری بارودۆخی ناهەمواری تورکیا و کوشتاری رۆژانەی کوردە لەم وولاتە، بە دلنیایەوە نیگەرانە و لە پشت پەردە را و بۆچوونی خۆی بە کاربەدەستانی ئەم وولاتە رادەگەیەنێ.

فەلەستین و قودس

فەلەستین، بۆ کریستیانەکان، لانەی حەزرەتی مەسیح و شوینی پیرۆزە، ئیسلامەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە. ناوە ناوە تورکیا، بە تایبەتی لەسەردەمی ئەردۆگان، خۆی بە خەلیفەی موسلمانان پیشان دەدات، بە قسە و هەڕەشە، بانگەشەی پاراستنی فەلەستین دەکات کە قودس پایتەختەکەی بێت. لە هەمان کات پەیوەندیەکی تووند و تۆڵی لەگەل ئیسرائیل هەیە.
لە رۆژی 6/12/2017 سەرۆکی وولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دۆنالد تڕەمپ، رایگەیاند کە ئەوان سەفارەتەکەیان لە تەلەبیب، بۆ قودس، دەگوازنەوە. ئەمەش ناڕەزایەتیەکی بەربلاوی، لەسەر ئاستی جیهان، بە خۆوە بینی، وولاتانی عەرەبی و ئیسلامی و یەکیتی ئەوروپا و ڤاتیکان، بە قسە، دژایەتی خۆیان راگەیاند.
ئەردۆگان هەول دەدات ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و شکستە دیبلۆماسیەکانی پێ بشاریتەوە، رۆژی 7 و 29 دیسەمبەر پەیوەندی تەلیفۆنی بە پاپا دەکات داوا دەکات چاوی بە پاپا بکەوێت خۆی داوەتی ڤاتیکان دەکات. ئەمە جاری یەکەمە سەرۆک کۆماری تورکیا، بە خۆی، داوای هاتن بۆ ڤاتیکان بکات. لە سالی 1959زا جەلال بەیاری سەرۆک کۆماری تورکیا، لە هەل و مەرجێکی جیاوازتر، سەردانی ڤاتیکانی کردووە. لەم سەردانەی بەیار هەردوو لا بڕیاری ئالوگۆرێ سەفارەتیاندا.
بە پێی هەوالە فەرمیەکانی ڤاتیکان پاپا و ئەردۆگان کۆکن لەسەر ئەوەی قودس ببێتە پایتەختی دوو دەولەتی ئیسرایل و فەلەستین، چارەسەری کێشەکانیش دەبێ لە چوارچێوەی بریارەکانی یو ئێن، بە تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش، بێت.
واتە مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان بۆ ڤاتیکان بریتی بوو لە:
1. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلام خۆی بە دەمڕاست و خەلیفەی ئیسلام پیشان بدات، تورکیا ئێستا سەرۆکایەتی “کۆنفرانسی وولاتانی موسلمان” دەکات.
2. بە هاتن بۆ ڤاتیکان و لای پاپا وا خۆی پیشان بدات کە کەسێکی ئاشتیخوازە، هەولی چارەسەری کێشەی فەلەستین – ئیسرائیل، لە رێگەی دیالۆگ و پرنسیپ و یاسا نێودەولەتیەکان دەدات.
3. لەسەر ئاستی نێوخۆ هەول دەدات شکستەکانی بشارێتەوە خۆی بە کەسایەتیەکی جیهانی و نێودەولەتی پیشان بدات. گیانی ناسیۆنالیزم و پان تورکی و ئیسلامی توندڕەو گەشە پێبدات و لە دەورەی خۆی کۆ بکاتەوە. ئەردۆگان زۆر جار، وەکو ئیمام، پێشنوێژی دەکات، لەسەر قەبران، لە کاتی ناشتنی تەرمی سەربارزە کوژراوەکان لە شەڕی کورد، دەبتە واعیز و قورئان خوێن. ئەمەشی بۆ جۆشدانی هاولاتیانە بەلام نیشانەی لاوازی و شکستی حوکمڕانیە.
لە مێژووی نوێی تورکیا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا پێشلکاری مافی مرۆڤ و کاولکاری لە تورکیا و باکوری کوردستان رووی نەداوە، تورکیای ئەردۆگان بۆتە زیندانێکی گەورە، سەدان هەزار کەس، لە هەموو توێژ و چینەکان، بە بیانۆی جیا جیا خراونەتە بەندیخانەکان، سوکایەتیان پێ دەکریت و ئەشکەنجە دەدرێن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەلاتی ئەردۆگان زۆر لاوازە، هەڕەشەی روخان و لەناوچوونی زۆر لەسەرە.
ئەردۆگان وەک کەسێکی نەخۆشی دەروون هار دێتە پێش چاو، بۆ مانەوەی لەدەسەلات ئامادەیە، لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ، پەت پەتانی بکات و بە بەردەوامی سەنگەر و هاوپەیمانی بگۆڕێت، لەگەل مسڕ، ئێران، سوریام عێراق، لیبیا، ئەرمەنیا، یۆنان، رووسیا، تەنانەت وولاتانی ناتۆ رۆژەک دۆست و هاوپەیمانە و رۆژێکیتر نەیار و دوژمن.


سەردانی ڤاتیکان و چاوپێکەوتن لەگەل پاپا

هەفتەیەک پێش گەیشتنی ئەردۆگان زۆربەی میدیاکانی ئیتالیا باسی هاتنی “میوانێکی ناوەخت و بە گرفت” یان کرد. پەرلەمانی ئیتالیا لە 27/12/2017 هەلوەشاوەتەوە و حکومەتیش دەستی لە کار کێشاوەتەوە و کار بەرێکەرە، لە 4/3/2018 هەلبژاردنی سیاسی دەکرێت. واتە میدیا و رای گشتی زۆر بە کەمی ئاگایان لە سەردانەکە بوو.
سەعاتی 19ی رۆژی 4/2/2018، ئەردۆگان و وفدە یاوەرەکەی، بە پێی هەوالی تەلەفیزۆنەکان، گەیشتە شاری رۆما، بە فەرمی هیچ لایەن و کەسایەتی دەولەتی ئیتالیا و ڤاتیکان لە پێشوازی ئامادە نەبوون. کەنالی تەفزیۆنی دەولەت Raiuno کە زۆرترین بینەری هەیە، لە هەوالەکانی سەعاتی 20 ووتی “ئەردۆگانی دیکتاتۆر بە سەردانێک گەیشتە ئیتالیا ..هتد” و هێچ وێنەو مەراسیمی گەیشتنەکەی پشان نەدا، بە هەمان شێوە کەنالەکانیتری راگەیاند، ئەمەش لینکی کەنالی یەکی ئیتالیە.
http://www.tg1.rai.it/dl/tg1/2010/edizioni/ContentSet-9b6e0cba-4bef-4aef-8cf0-9f7f665b7dfb-tg1.html?item=undefined
ئەردوگان لە هاتنەکەی، جگە لە ژن و کچ و زاواکەی کۆمەلە وەزیر (دەرەوە، بەرگری، وزە، بازرگانی و… هتد)و پیاوی ئایینی و سەرمایەداری وولاتەکەی لەگەل خۆی هێنابوو. دیارە ئیشی زۆری لەسە رکراوە.
ئەردۆگان دوو رۆژ پێش سەفەرەکەی چاوپێکەوتنێکی دوورو درێژی لەگەل ئاژانسی دەنگ و باسی دەولەت، ئانسا Ansa بە دەنگ و رەنگ بوو کە دەبوایە پێش هاتنەکە بلاو بکرێتەوە کەچی دوای هاتنەکە بلاوکرایەوە، ئەمەش نیشانەی دوو دلی و ئینتیهازیەتی حکومەتی ئیتالیا پیشان دەدات.
ئەردۆگان، لەم چاوپێکەوتنە، جەختی لەسەر 3 خال کردۆتەوە:
1. داوا و هەڕەشە دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی ئەوروپا تورکیا بە ئەندام وەربگرێت، هەر دواخستنێکیتر جێگەی قەبول نیە. ئەمە خالی لاوازی ئەدۆگان و تورکیایە، ناکرێت تۆ هەڕەشە بکەی، پێویستە رێز لە پرنسیپ و پێوەرەکانی ئەم “یەکێتی”یە بگریت و بە کردەوە جێبەجێیان بکەیت.
2. كێشەی فەلەستین و قودس، لەگەل ڤاتیکان و پاپا جۆرە هاوپەیمانیەک دروست بکات بۆ ئەوەی خۆی لە دوورە پەرێزی نێودەولەتی رزگار بکات، وەک دەلێن “لە دەرگا دەیانخستە دەرەوەو لە پەنجەرە دەهاتەوە ژوورەوە” . وەک لە دواوە باسی دەکەین لەم هەولە هیچی بەدەست نەهێنا.
3. شەڕی دژە تیڕۆر، ئەردۆگان لە چاوپیێەوتنەکە دەیەوێت بە رای گشتی و ئیتالیا بلێت تورکیا شەڕی دژە تیڕۆر دەکات، هیچ جیاوازیەک لە نێوان داعش و پ. ک.ک، پەیەدە و یەپەگە نیە. لە راستی ئەوەیان لاوازترین خال و سیاسەتی ئەردۆگانە، کەم لایەن و رای گشتی و میدا جیهانیەکان “بەم درۆیە دەلین ئامین”.

ئەردۆگان نیازێکی شاراوەشی هەبوو کە بریتی بوو لەوەی لەگەل دەولەت و کۆمپانیاکانی ئیتالیا کۆمەلە رێکەوتن واژۆ بکات و کردی تاکو سیمپاتیە و لایەنگریان بۆ لای خۆی رابکێشێت و دەرزێک بخاتە نێو وولاتانی یەکێتی ئەوروپا. بەلام لەمەش سەرکەوتوو نەبوو.

رۆژی 5 شوبات، ئەردۆگان، بە خۆی شاندە یاوەرەکەی، لە رۆژێکی باراناوی و بارودۆخێکی ئەمنی زۆر تووند گەیشتە ڤاتیکان و لە مەڕاسیمێکی دیپلۆماتی گەورەو بە تەدارەک پێشوازی لێکرا. ئەگەر حیساب بۆ ئەم مەڕاسیمە سولتانیە بکەین گومانی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆگان دەبێ زۆر ئیمتیازی بە ڤاتیکان دابێت و هەندێ پرۆتۆکۆل، لە بەرژەوەندی ڤاتیکان، واژۆ کرابن.
بە فەرمی ئەردۆگان و شاندەکە لەگەل پاپا، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، کاردینال پیێترۆ پەڕۆلین Pietro Parolin و ..هتد چاوپێکەوتن و وتووێژیان کرد. بەیاننامەیەکی زۆر کورت لە ئاژانسی ڤاتیکان و رۆژنامەی سەرەکی، ئۆسێرڤاتۆرێ رۆمانۆ Osservatore Romano بە ستونێکی چەند دێری ئاماژەی بۆ کراوە کە ئەمە دەقەکەیەتی.
“لە کەش و هەوایەکی دۆستانە باسی پەیوەندی نێوان تورکیا و ڤاتیکان کرا. باسی بارودۆخی نێوخۆی و کەمینەی کاتۆلیکیەکانی تورکیا کرا. باسی ئیلتیزامی پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و گیروگرفتەکانی ئەم پرۆسەیە کرا. پاشان باسی وەزعی رۆژهەلاتی ناڤین کرا، بە تایبەتی ئاماژە بە ستاتوسی قودس کرا کە هەولی سەقامگیری ئاشتی و ئارامی دەڤەرەکە بدرێت، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان بە لە بەرچاوگرتن لە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و شەرعیەتی نێودەولەتی”.
ئەمە تاکە بەیاننامە و وێنەی پاپا و ئەردۆگانە وەک لە لاپەڕەی 1، رۆژی 5-6 شوبات بەرچاو دەکەوێت. وێنەی پاپا و ئەردۆگان لە بنەوە، لە لای چەپ.
بە دڵنیایەوە هەندێ پڕۆتۆکۆل ئیمزا کراون کە لەوانیە لە ئایندە بلاوبکرینەوە یان ئاماژەیان بۆ بکرێت.

هەمان رۆژ پاپا چاوی بە قەشەو ڤێسکۆڤ و پیاوە ئاینیەکانی مەسیح، بە تایبەتی کلدانیەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕست کەوت کە ژمارەیان 23 کەسە، وێنەکەیان لە دەستە راستە، لە خوارەوەی رۆژنامەکە. ئەمەش خشتەی ناوی چاوپێکەوتنەکانی پاپا، هی رۆژی 5 شوبات. وەک لە ناوەکان دیارە، جگە ل ئەرپگان، قەشەکانی هەولیر، بەغدا، دیاربەکر، تاران، دیمەشق … هتد تیایە.
لە هەمان رۆژ لە ڤاتیکان کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر شەهیدانی ئایینی مەسیح و ستەمی کریستیانەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوو. واتە قەداسەتی پاپا و ڤاتیکان زۆر زۆر باش ئاگاداری بارۆدۆخی مافی مرۆڤ، ئازادیە سەرەکیەکانی مرۆڤ و ژیانی کریستیانەکانە، بە تایبەت لە عێراق، سوریا، تورکیا، مسڕ و لوبنان. ئەم نەهامەتیانەی ئەم سالانەی دوایی و سەرهەلدان و هاتنی داعش بە پلان و کۆمەک و دەسیسەی تورکیا بووە.

ئەردۆگان ئەم دیاریانەی بۆ پاپا هێنابوو:

– وێنە و تابلۆیەکی شاری ئەستەنبۆل کە بە فەخفوری و سیرامیک، لەسەردەمی سولتان سلێمانی قانونی (1494-1566)، کراوە.
– ژیاننامە و دیوانی شاعیرو فەیلەسوفی ئێرانی جەلالەددینی رۆمی، بەناوی “مەسنەوی” کە لە 4 بەرگ لپێک هاتووە.
قەداسەتی پاپا، فرانجێسکۆ Papa Francesco لە بەرامبەر ئەم دیاریانە پێشکەشی ئەردۆگان دەکات.
– تابلۆیەکی کەنیسەی گەورەی ڤاتیکان کە لەگەل سیمای ئێستا جیاوازە،
– مەدالیایەک کە بە قسەی پاپا وێنەی مەلائیکەی ئاشتی لەسەر نەخشکراوە. پاپا بە ئەردۆگانی ووت “ئەم فریشتەیە شەیتان و جنۆکەی شەڕانگێژی دەخنکێنی، سیمبولی جیهانێکی پڕ لە ئاشتی و عەدالەتە”.
– کتێبێکی ئەنجلۆ رۆنکالی Angelo Roncalli (1881 – 1963) کە لە سالانی 1935 – 1944 لە تورکیا نوێنەری ڤاتیکان بوو، لە 1958 تا مردنی پاپای ڤاتیکان بوو، بە دۆستی تورک ناسرابوو، پێشکەشی ئەردۆگان کرد.

هەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانی ئاگادار نووسیوویانە پاپا، بە تایبەتی وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، زۆر بە روونی “نیگەرانی و پەرێشانی خۆیان بە دژی هیرشی تورکیا بۆسەر عەفرین” دەربڕیووەو داوا “راگرتن و کشانەوە لەشکری تورکیان کردووە”.
بە پێی زانیارری و بلاوکراوەکانی کەنیسە کە لە شارەکانی ئیتالیا دەستی ئێمە کەوتووە ئەم بۆچوونەی سەرەوە پشت راست دەکەنەوە. لە هەندێ لەو بلاوکراونە بە پۆزەتیڤ باسی “پەیدە، یەپەگە و یەپەژە” کراوە و داواکراوە ڤاتیکان هەموو هەولەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ کۆتایهێنان بەم تراژیدیایە. لە راستی هەموو رۆژنامەکان ئاماژەیان بەوەو کردووە کە بە دلنیایەوە لە چاوپێکەوتنەکان ڤاتیکان نیگەرانی خۆی لە دژی دەستدریژی بۆسەر عەفرین و رۆژئاوا دەربڕیووە.

ئەرۆغان تابلۆیەک لە شاری ئەستەنبول پێشکەشی پاپا دەکات کە هی سەردەمی سولتان سولەیمانی قانونیە، لەگەل دیوانی شاعیری و فەیلەسوفی گەورەی ئێرانی، مەولانا جەلالەددینی رۆمی (1207 ئەفغانستان – 1273 زا قۆنیای تورکیا )، شاکارە بەناوبانگەکە “مەسنەوی” و لەگەل ژیاننامەکەی.

قەداسەتی پاپا تابلۆی ڤاتیکان و مەدالیەکە کە لەسەرە مێزەکەیە پێشکەشی ئەردۆگان دەکات، بۆی باس دەکات. مەدالیەکە ئاماژەیە بۆ “نەهێشتنی شەڕانگێژی و دونیایەکی ئاشتیخواز و عەدالەت پەروەر “.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارە یەکێک لە کچەکانم هاتە لام و سەیری ئەم وێنەیەی کرد و بە ئیتالی ووتی”بابە ئەردۆگان شەڕی لە دەم و چاو دەبارێ”.

وێنەی ئەو مەدالیەی پاپا پێشکەشی ئەردۆگانی کرد.

رۆژی 1 شوبات بانگەوازێکی بە پەلە و پڕ لە رێز و مرۆڤدۆستیم ئاراستەی قەداسەتی پاپا کرد، لسەر پەیەجەکی خۆم بلاوم کردەوە، پاشان دەمودەست لەسەر دوو سایتی فەرمی ڤاتیکان دابەزاند، لە سەرەتا بۆ ماوەی سەعاتیک رایانگرت و پاشان بلاوکرایەوەو ئێستاش ماوە، هەمان شت بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رەاونەکرد. داوامکردبوو کە لەم بارودۆخەی دەسدرێژی و هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت لە عەفرین، بە گونجاوی نازانم پێشوازی لە دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆگان بکرێت، هەموو لایەکیش ئاگاداری بارودۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی نێوخۆی تورکیان.. رۆژانە بە دەیان و سەدان هاولاتی سیڤیل لە باکور و رۆژئاوا دەبنە قوربانی بوردومانی تورکیا … تکام وایە، هەتا زووە، ئەم سەردان و پێشوازیکردنە هەلوەشیننەوە، رای گشتی ومۆڕال و شەرعیەتی نێودەولەتی دەستخۆشی و پشتگیریتان دەکەن….. هتد.

هاتنەکە لە هەلومەرجێکی تایبەت بوو، پەرلەمان و حکومەتی ئیتالیا هەلوەشاوەو کاربەرێکەرن، خەریکی هەلمەتی هەلبژاردنن بۆ 4 نەورۆزی 2018. لەگەل ئەوەش زیاد لە 100 پەرلەمنتار، دادوەری گەورە، نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەکادیم و مامۆستای زانکۆ نارەڕەزایی خۆیان پیشاندا، داواینکرد “ئێمە لەگەل ئەم سەردان و پێشوازیە نین و رەتدەکەینەوە بەلام ئەگەر هەر کرا ئەوە تکایە نیگەرانی و ناڕەزایی ئێمە و خۆتان ، سەبارەت بە دەستدرێژی و هێرشی بۆ سەر رۆژئاوا، بە سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندەکەی بگەیەنن…. هتد”.

رۆژی 30/1/2018 لە سێناتی ئیتالیا دیبەیتێک بە ناوی “رۆژاڤا لە سوریا شکستی بە داعش هێنا، ئەی ئێستا؟” ، بە دەیان ئەندام پەرلەمان، رۆژنامەنوس و بە بەشداری ئاسیە عەبدولا، لە رێگەی سکایپ، ئەنجامدرا و دەنگێکی زۆریدایەوە.
لە زۆربەی شارەکانی ئیتالیا خۆپیشاندان و دیبەیت و سیمینار سازکران و بەردەوامن، لە زۆر ئەنجومەنی شارەوانی و پەرلەمانی هەرێمەکان، کە ژمارەیان 20، بریار و راسپاردە لە دژی دەستدرێژی تورکیا بۆسەر عەفرین پەسەند کران و بە تێپەڕبوونی کات کۆمەلانی خەلک و بە جۆش و خرۆشتر ئیدانەی تورکیا دەکەن و هاوکاری و پالپشتی بۆ رۆژئاوا دەردەبڕن.

لەم شارەی من لێی دەژیم، پیزە Pisa لە 22/1 تا 10/02/2018 3 جار خۆپیشاندانی جەماوەری و 2 دیبەیت کراوە، رۆژی 29/1/2018 ئەنجومەنی شارەوانی بە بڕیار و راسپاردە ئیدانەی هیرشی تورکیای کردو داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە داعش کرد… هتد.

پاپا و مەلاکانی ئیسلام

زۆربەی مەلاکانی ئیسلام، لە کوردستان، وەک پێویست و ئازایانە ئیدانەی هێرش و کوشتار و کاولکاری سوپای تورکیایان نەکردووە، هەندێکێش ئەردۆگانیان بە خەلیفەی موسلمانان ناوبرد و پالپشت وپاساوی ناشەرعیان بۆ هیانەیەوە و خۆیان روو رەشی دونیا قیامەت کرد. داواکارین لە مامۆستا و زانایانی ئایینی پەیامی ئاشتی و ئاشتەوایی و هاوکاری و بەتەنگەوە هاتنی یەکتری و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی کوردستان و رێزگرتن لە پرنسیپ و بەهاکانی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی بلاو بکەنەوە. داواکارین، بە تایبەتی ئەوانەی کرمانجی و تورکی زمانن، وتار و خوتبەکانیان تەرخان بکەن بۆ ریسواکردنی ئەردۆگان و رژێمەکەی، هانی کۆمەلانی خەلکی کوردستانی باکور بدەن کە هەر جۆرە هاوکاری و کارکردنێک، بە تایبەتی جآشایەتی و ئەوانەی لە ریزی پۆلیس و سوپا و… هتد، کاردەکەن خیانەت لە گەل و نیشتمان دەکەن. ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و فەرموودەکانی پێغەمبەرە. دیفاعکردن لە نیشتمان، لە گەل و سەروەت و سامانی سروشتی و کولتوری ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی هەموو کەسێکە، بە تایبەتی لەم کاتە ناسکە کە ئەردۆگانی فاشیست دەستی بە پەلامار و کوشتاری گەلەکامان، لە هەموو پارچەکان وولاتەکەمان کردووە، پێویستە مامۆستایان، لە تەک شەڕڤان و گەریلە و پێشمەرگە رۆلی ئایینی وئینساندۆستی مێژووییان ببینن.

ڤاتیکان و دامەزراوەکانی، بە تایبەتی پیاوە ئاینیەکان، هەمیشە دژایەتی خۆیان بۆ شەڕ و شەڕانگێژی دەبڕیووەو بەردەوامن.
پاپا فرانچێسکۆ، لە سالی 1936 لە بوێنس ئایرێس – ئەرجەنتین لە دایک بووە، لە سالانی 1960 – 1980 لە ژێر دیکتاتۆر و رژێمی سەربازی ژیانی بەسەر بردووە، ئازارێکی زۆر بەدەستی ئەم رژێمانە چەشتووە، خەباتێکی زۆری بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەلایەتی کردووە، بە قەولی خۆمان “پێشمەرگەی دێرینە” و لە شاریش چالاکانە بەشداری لە خەباتی نهێنی و بە ئاشکرا کردووە. واتە زۆر لە نزیکەوە لە ئازارو مەرگەساتی ئەو گەل و کەمایەتیانە دەگات کە گیرۆدەی رژێمی فاشیست و شەڕانگێژی بوون.
هەر کەسەک کات و ئارەزووی هەبێت دەتوانێ تەماشای فلیمی “بە فڕانچێسکۆ یان فڕانسیس بانگم بکەن Chiamatemi Francesco و بە ئینگلیزی Call mi Francis بکات، فیلمێکە باسی ژیانی پاپا دەکات کە چۆن دژی فاشیست و زۆرداری خەباتی کردووە، هەمیشە لەگەل هەژار و دانیشتوانی گەرەکەکانی گێمەدێ و تەجاوز ژیانی بەسەر بردووە، لە سالی 2015 لە ئیتالیا بەرهەم هاتووە.

هێچ پاسا و مەنتیقێک نیە پاپا فرانچێسکۆ چاوپۆشی لە رەفتارە چەپەلەکانی سولتان و دیکتاتۆر ئەردۆگان بکات، بە دلنیایەوە نەیکردووەو ناشیکات بەلام وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ڤاتیکان رێگە، ئامرازو پرۆتۆکۆلی تایبەتی خۆی هەیە تا نیگەرانیەکانی لێوە دەربڕێ.
لە ئایاری 1987 راپۆرتێکم بۆ ڤاتیکان نووسی و لە رێگەی گەورە قەشەی شارەکەم، ڤێسکۆڤۆی شاری پیزە و سەرۆکی دامەزراوەی کاریتاسی ئیتالی، دۆن ئەنتۆنیۆ چێکۆنی، کە هەر لەم شارە دەژیا و دۆستێکی زۆر نزیکم بوو رەوانە کرد. دوای 40 رۆژێ، لە لایەن سکرتاریەتی پاپا، وەلامەکەم بەدەست گەیشتەوە و نووسراوە “نامەکەت گەیشتە دەستی قەداسەتی پاپا و زۆر خەمبارە بەو زانیاری و هەوالانەی باست کردووە. قەداسەتی پاپا دوعای خێر دەکات تاکو ئاشتی و ئارامی بۆ میللەتەکەت بگەڕێتەوە …. هتد”.
لە 12/01/1991 لە شاری رۆما، بە وتارێک، بەشداری خۆپیشاندانێک، بۆ ئاشتی و دژی ئەگەری بەرپابوونی شەڕی رزگارکردنی کوەیت، کرد کە زیاد لە دوو سەد هەزار کەس بەشداریان تیا کرد، لە کۆتایی ووتارەکە روم کردە قەداسەتی پاپا بۆ ئەوەی تراژیدیا و مەینەت و ئازارەکانی گەلی کوردستان لە بیر نەکات و نوێژو دوعای خێرمان بۆ بکات .. تاد”. دوای یەک رۆژ رۆژنامەنووسێکی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ڤاتیکان پەیوەندی پێوە کردم بۆ چاوپێکەوتن، تاکو ئیستا ناوەو ناوە پەیوەندی و موقابەلەم لەگەل دەکەن، دواجار سەبارەت بە ریفرۆندۆمەکەی 25 ئەیلولی 2017 بوو.

لە سالای 1994 داوام لێکرا لە دەرگای ڤاتیکان بدەین بۆ ئەوەی پێشوازی لە شاندێکی باکوری کوردستان بکرێت، ئەوکات کورد لە ئیتالیا زۆر کەم بوو و .. ئەوەبوو لە 14 نۆڤەمبەری 1994 شاندێک بە سەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو د. عیسمەت شەرف ڤانلی سەردانی ڤاتیکانیان کردو چاویان بە قەداسەتی پاپپای ئەوکات کەوت و یاداشتێکان، بە زمانی فەرەنسی، دایە دەستی پاپا و کۆپیەکم لە ئەرشیڤ پاراستووە. لە دوای هاتنی بەرێز ئۆجالان بۆ ئیتالیا، لە نۆڤەمبەری 1998، ناوە ناوە شاندی کوردی سەردانی ڤاتیکانیان کردووە و هەندێجاریش چاویان بە پاپا کەوتووە. باسی سەردانی کاربەدەستانی بە ناو حکومەت – ئیدارەی باشور ناکەین.

لە ماوەی ژیانم لە ئیتالیا زۆر قەشە و پیاوی ئایینی کریستیانیزم ناسیووە، بە گشتی کراوەو تۆلێرانستن، بۆ برایەتی، ئاشتی و یەکسانی و عەدالەت کارد دەکەن. ئەو هەموو ئاوارانەی روو لە ئەوروپا دەکەن، بە خەلکی کوردستانیش، ئەگەر یارمەتی و باوەشی گەرمی کەنیسە نەبێت زۆریان لە برسان و سەرما و سۆل و نەخۆشی دەمرن.

حوکومەتی ئیتالیا

بە پێی رۆژنامەکان حوکومەتی ئیتالیا حەزینەکردووە لەم هەلومەرجە ئەردۆگان سەردانی وولات بکات بەلام لەبەر ئەوەی ئەردۆگان، بە فەرمی، بۆ ڤاتیکان دێت “ناچار”بوون پێشوازی لێبکەن. لەگەل ئەمەشدا ئەردۆگان لە لایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بە کامیل پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی، پێشوازی لێکرا.
کاتی خۆی لە 13/11/1998 کاتێک رێبەری پ . ک. ک. گەیشتە ئیتالیا حکومەتی تورکیا زۆر بە دڕندەیی هێرشی کردە سەر ئیتالیا وداوای رادەستکردنەوەی بەرێز ئۆجالانیان کرد بەلام، لە سەرەتا، حکومەتی ئیتالیا جگە لە رەتکردنەوەی داواکە وا خۆی پیشاندا کە بەرگەی گەف و هەڕەشەکان دەگرێت. لە تورکیا هەلمەتێکی سەرتاسەری دژی ئیتالیا بەر پا کرا، بایکۆتی کالای ئیتالی و گەشتکردن بۆ ئیتالیا راگەیندرا… هتد. ئەمە لە کاتێک بوو کە پەیوەندی ئەم دوو وولاتە ریشەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە، زۆربەی یاسا مەدەنی و پێنالیەکانی سەردەمی مۆسۆلینی، فاشیزمی ئیتالی، کت و مت لە تورکیا کۆپی کران.
لەژێر فشاری سیاسی و ئابوری ئیتالیا ناچارکرا مافی پەنابەری بە ئۆجالان نەدات، سەرگوزەشتەی ئۆدیسێی رێبەری پ. ک و گەلە کۆمەکی دەزگا موخابەراتیە نێودەولەتیەکان و دەستگیرکردنەکەی، لایەن کەسانی پسپۆر و بە ئاگاتر، زۆری لەسەر نووسراوە و سالانە، لە 15 شوبات بە خۆپیشاندان و پرۆتیست و دیبەیت و داستانی گەریلاکان یادی دەکریتەوە. بۆیە پێویست ناکات ئێمە، جگە لە دووبارە ئیدانە و مەحکومکردنی ئۆپێڕاسیۆنی فڕاندنی بەرێز ئۆجالان، هیچی لەسەر بنووسین
لە راستی پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیتالی – تورکیا زۆر بەهێزە، ئێستا زیاد 1500 کۆمپانیای گەورە و بچووکی ئیتالیا لە تورکیا کار دەکەن و رۆلی گرنگیان لە گەشەی ئابوری ئەم وولاتە هەیە، گومژەی هەناردەو هاوردەی هەردوو وولات خۆی لە 20 ملیار یوڕۆ دەدات، ئەردۆگان لە چاپوێکەوتنەکانی پێش و کاتی سەردانەکە رایگەیاند کە دەیەوێت لە سالی 2022 بگەوێتە 30 ملیارد. لەم سەردانەش ژمارەیەک رێکەوتن و پرۆژەی بازرگانی و بیزنس واژۆکراون. دیارە ئەردۆگان ئیمتیازی باشی بە کۆمپانیاکانی ئیتالیا داوە و بۆ ئەوەی دەرزێک بخاتە نیو وولاتانی یەکیتی ئەوروپا و وا خۆی پیشان بدات کە دوورە پەرێز و بە تەنها نیە و هیچ ترسەکی لە ئیمباڕگی سەر وولاتەکەی نیە. ئەردۆگان بۆ مانەوەی لە دەسەلات ئامادەیە مولک و سامانی وولاتەکەی، وەک زۆربەی دیکتاتۆرەکان، هەرزان فرۆش بکات تەنها بۆ ئەوەی، بە روالەت، دۆست و هاوپەیمان بۆ خۆی بدۆزێتەوە
وەک لە پێشەوە ئاماژەی بۆ کرا کە ئەردۆگان لەگەل شاندێکی بالا و فراوان سەردانی کرد، رۆژنامەکانی ئیتالی باسی واژۆکردنی چەند کۆنتراکتی چەک و کەلوپەلی سەربازی، بە بەهای 2 میلیارد دۆلار، کرد. دیارە ئەم رێکەوتنانە، هەموویان، پێش سەردانەکە کاریان لەسەر کراوە. ئەردۆگان و شاندەکەی ئەم دوو رۆژەی لە رۆما میوانی هۆتێلی “ئێکسێلسوار Excelsior ” بوون کە لە سالی 2015 ووالاتی قەتەڕ کڕیوویەتی. هەر رۆژی 5 شوبات، لەم هۆتێلە، دوور لە چاوی میدیاکان، ئەردۆگان لەگەل سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانی ئیتالی کۆبوەوە.

ئەردۆگان و کۆمەلگای نێودەولەتی.

ئەردۆگان لە پرۆژەی دەرزخستەنە نێو یەکێتی ئەروپا ، لەبەر ئەم هۆیانە، سەرکەوتوو نەبوو:
1.رۆژی 6 شوبات، بەر پرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، فێدێریکا مۆغێرینی، لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند کە “ئێمە زۆر نیگەرانین لە کردنەوەی بەرەیەکیتری تورکیا لە باکوری سوریا، وولاتێک کە سالانێکی زۆرە گیرۆدەی جەنگی نێوخۆ بووە، ئەم کردەوانە دەرئەنجامی سیاسی زۆر خراپیان لە ناوچەکە دەبێت”. لە کۆتایی هۆشیاریدایە ئەردۆگا کە “تەنها چارەسەری سیاسی زامنی ئاسایش و سەقامگیری تورکیا دەکات”.
2. رۆژی 8 شوبات پەرلەمانی ئەوروپا بریارێکی دوورو درێژی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا و هێرش بۆسەر رۆژئاوا، بە زۆرینەی دەنگ، پەسەند کرد، هەر حکومەت و دەولەتێکی خاوەن مۆڕال ئەگەر ئەم بریارە بخوێنێتەوە پێویستە شەرم دایگرێت کە هاوپەیمانی، سەربازی و بازرگانی، دەولەتێکی وەک تورکیای ئەردۆگانە.
پەرلەمانئ ئەوروپی لە بڕیارەکە، زۆر بە کورتی، ئاماژە بەوە دەکات:
– هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و یەپەگە هەڕەشە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری نآوچەکە دروست دەکات.
– حوکومەتی تورکیا، لە رێگەی پۆلیسی نێودەولەتی – ئینتەرپۆل، نیازی گرتن و رادەستکردنەوەی نەیارە سیاسیەکانی دهەیە.
– مافکانی مرۆڤ، لە هەموو ئاستەکان و هی هەموو چین و توێژەکان، پێشێل کراون، ئازادیەکان بەرتەسک بوونەتەوە.
– هەازاران پارێزەر، رۆژنامەنوس، میدیاکار، نووسەر و ئەدیب، چالاکوانی کۆمەلگەی مەدەنی … تاد خراونەتە زیندان.
– سەرۆکی زیاد لە 100 شارو شارۆچکە و 10 پارێزگاری هەلبژێردراو لەلاین هاوولاتیان، زۆربەیان سەر با پارتی هەدەپەن، گیراون یان لە پۆستەکەیان دوورخراونەتەوە و بە کەسانی سەر بە حوکومەت پڕ کراونەتەوە.
– کەمایەتی کریستیان قوربانی راونان و چەوسانەوەیەکی دڕندە بوون کە لە لایەن حکومەت و مەئمورەکان ئەنجام دەدەرێن، سامانی کولتوریان لەبەرامبەر هەڕەشەی، بە یەکجاری، لەناچووندایە، لەوەتەی ئەردۆگان و ئاکەپە گەیشتوونەتە دەسەلات پرۆسەی توندڕەوی و بە رادیکالبوونی ئیسلام پەرەی زۆری سەندووە.
– ریفۆرمی دەستوری تورکیا، لەسەر ئاستی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە.
– داوا لە وولاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا بهێنن.
– داوا لە تورکیا دەکات، دەست بەجێ، ئاگر بەس رابگەیەنێت وسوپاکەی لە سوریا بکێشێتەوە، ئیدانەی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی تورکیا دەکات.
– داوای هەموار و هەلوشانەوەی “یاسای دژە تیڕۆر” دەکات کە بە زۆری دژی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکرات و کەمایەتیەکان بەکار دێت.
پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات ئەم بڕیار و راسپاردانە بۆ جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن، بەرپرسی بالای سیاسەتی دەرەوە، کۆنسل، کۆمسیۆن، حکومەت و پەرلەمانی وولاتانی یەکێتی ئەوروپا و حکومەت و پەرلەمانی تورکیا رەوانە بکێت.

لە ئیتالیا، ئەوەندەی من ئاگاداربم، لە 5 پەرلەمانی هەرێمەکان، کە ژمارەی دانیشتوانیان خۆی لە 20 ملیۆن کەس دەدات لەگەل زیاد لە 20 ئەنجوومەنی شارەوانیەکان بریاری ئیدانەی هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا پەسەند کروان، هاوسۆزی و هاوکاریان بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی بۆ رۆژاڤا دەربیووە.
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئیتالیا خۆپیشاندانی ناڕەزایی و کۆڕو سێمینار سەبارەت بە دەستدرێژی و پەلاماری تورکیا بۆسەر گەلی کورد ئەنجامدراون.
لەم سەردانەی ئەردۆگان بە سەدان رۆژنامەنووس و میدیاکاری بیانی ئامادەبوون، لە رۆژی 5 شوبات، رۆژی سەردانی ئەردۆگان، نیوەی کوچە و کۆلانەکانی شاری رۆما داخرابوون و 3500 پۆلیس و سەرباز و قەناس ئەرکی ئەمنیەتیان پێ سپێردرابوو، بە قسەی رۆژنامەکان ژمارەیەک کۆماندۆ و قەناسی تورکیاش بەشدار بوون.
ئەم میدیاکارانە، بە شی هەر زۆری، باسی فاشیەتی ئەردۆگان دەستدرێژی سوپای تورکیایان بۆ سەر رۆژاڤا کرد، لە 4 شوێنی رۆما خۆپیشاندان و سیتین بەڕێوە دەچوون، لەبەر ئەوە سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ لای پاپا و حوکومەتی ئیالیا زۆر بە کەمی ئاماژەی بۆ کرا.
هەر لەبەر ئەوە ئەردۆگان لەم سەردانە هیچ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی نەکرد، تەنانەت سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرانی ئیتالیا، بە فەرمی، راگەیاندن و بەیاننامەیان بلاونەکردەوە.
لەبەر ئەوە دەتوانین، بە بێ دوو دلی، بلێین کە سەردانەکەی ئەردۆگا بۆ ڤاتیکان و ئیتالیا زیانی لە قازانجی زیاتر بووە.
لەسەر ئاستی سیاسی نێودەولەتی تورکیا لە پآشەکشە و لەدەستدانی سەنگ و هێزدایە:
– بەرخۆدانی رۆژاڤا، بە تایبەتی لە عەفرین، لە لوتکەی فیداکاری و جوامێریدایە، سوپاسی تورکیا و داعشە هاوپەیمان و جاشەکانی، لە رووی مەعنەوی، بەزیوون و بە هۆی کوشتاری مەدەنی ریسوا بوون.
– رووسیا، لە زاری وەزیری دەرەوە لاڤرۆڤ، زیاد لە جارێ رایگەیاندووە کە “بەبێ بەشداری پێکردنی کورد، هاولاتی رەسەن و پێکهاتەی سەرەکی، کێشەی سوریا چەرەسەر نابێت و، پێویستە زامنی مافەکانیان بکرێت”. ئەمە بۆ خۆی شکستێکی گەورەی ستراتیژی ئەردۆگان پیشاندەدات کە بە هەموو هێزو توانای هەولی رەتکردنەوەو دوورخستنەوەی کوردی داوەو دەدات.
– نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستێفان دێ میستورا، رایگەیانددوە “بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و بە ئاشتیانەی کێشەی سوریا پێویستە کورد بەشداری لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی نێودەولەتیەکان بکات .. هتد”.
– هاوپەیمانی نێودەولەتی، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ناتۆ، لە زۆر بۆنە و کۆڕو کۆبوونەوە، بە ئاشکرا، دەلێن “پەلاماری تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و شەڕی عەفرین دەبێت هۆی سەرهەلدانەوەی داعش، داوادەکەن هەموو هەولەکان لە دژی رێکخراوی تیڕۆریستی داعش چڕ بکرێنەوە نەک لە دژی کورد لە باکوری سوریا”.
– قەداسەتی پاپاش، بە زمان و مێتۆدی خۆی، داوای چارەسەرێکی بە ئاشتی و سیاسیانەی کرد کە ئاشتەوایی سەرتاسەری دابین بکات.
– سەبارەت بە فەلەستین و قودس تورکیا، تەنها قسە دەکات، هیچ سەنگ و کێش و رۆلی کاریگەری لەسەر ئەم دۆزە ئالۆزو ناسکە نیە و نابێت.
ئەوە چەند رۆژێکە ئیتالیا و تورکیا، لەسەر قوبرس، شیر وتیر لەیەکتر دەسوون. لە 8 شوبات تورکیا رێگەی لە کۆمپانیایەکی گەورەی دەولەت، ئێنی ENI ئیتالیا، گرتووە کە بە هاوبەشی کۆمپانیای تۆتالی Total فەرەنسی، کاری پشکین و بیر لێدان بۆ دۆزینەوەی نەوت گاز لە ئاوەکانی قوبرس بکات. ئەم وولاتە، قوبرس، لە سالی 1974 لە لایەن تورکیا، بەشی باکور، داگیر کراوە. وەک دەلێن ” مانگی هەنگوینی نێوان تورکیا و ئیتالیا هەفتەیەکی نەخایاند…!” کەشتیە جەنگیەکانی تورکیا خۆیان لە کەنارەکانی قوبڕس نزیک کردۆتەوەو رێگەیان لە کەشتیە ئیالیەکان گرتووە کە دورگە دەستکردەکان بگەونە ئاوەکان تاکو بنکەی کار کردن دابنیێن و دەست بە کاری پشکنین بکەن. ئەردۆگان گەف و هەرەشە دەکات و دەلێ “رێگە بەکەس نادەین کاری پشکین، بەبێ رەزامەندی قوبرسی تورکیا، بکات و هۆشداریش دەدەم کە ئەم پرۆژەیە هەڕەشە لە قوبرسی باکور و تورکیا دەکات بۆیە داواکارم کەس سەبری ئیمە تاقی نەکاتەوە و هێلی سور نەبەزینیت”. لە راستی ئەردۆگان، وەک لە کوردستانی باشور، لە ەێگەی حوکومەتی کارتۆنی ، لە قوبرسی باکوری تورک نەژاد، دەست بەسەر سامانی نەوت و گاز بگرێت.

ئەردۆگان دەزانێت کە پشکنین و بیرلێدان بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز لە دوور مەودا خزمەت بە قوبرسی یۆنانی دەکات و دەىیتە هۆی پێشکەوتن و بوژانەوەی ئەو بەشە، ئەگەری یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە، تورک و یونانی، نزیک دەکاتەوە. تورکیا حەز بەو یەکگرتنەوەیە ناکات و دژی دەوەستێتەوە. دەسەلات و رژێمی ئەردۆگان لەسەر ململانێ و گرژبوونی پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەولەتیەکان ئیدامە بە ژیانی خۆی دەدات. ترسێکی زۆریان لە ئاشتی و ئارامی نێوخۆو دەڤەرەکە هەیە، بۆیە هەولی دروستکردن و فو لێکردنی ئەم جۆرە گرژیانە دەدات.

ئیتالیاش سورە لەسەر دانانی ئەم دورگە دەستکردانەو دەستکردن بە پشکینن و بیرلێدان و باوەڕیشی وایە ئەم چالاکیانە لە سنوری یاسای نێودەولەتی ئەنجام دەدرێت.
لەم گرژیە نوێیە هەموو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پالپشتی لە ئیتالیا و قوبڕسی یونانی دەکەن، واتە تورکیا “دوو سەشی لەدەست تۆپیە”.
سەرۆکی کۆمسیۆن ژان کلود یونکەر Jan Claude Juncker و کونسلی یەکێتی ئەوروپا، دۆنالد توشک Donal Tusk، بە تووندی نیگەرانی خۆیان بەرامبەر هەلوێست و هەڕەشەکانی تورکیا راگەیاندووە و دەلێنن قابیلی قەبول نیە هەڕەشە لە هیچ وواتێکی ئەندام بکرێت، سکرتێری “ناتۆ”ش هاتۆتە دەنگ و داوا لە تورکیا دەکەن ریز لە پرنسیپ و شەرعیەتی نێودەولەتی بگیرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپی، ئەنتۆنیۆ تەیانی Antonio Tajani، دەلێ “بە شەخسی لەگەل سەرۆکی قوبرس پەیوەندیم کرد، هاوکاری و پالپشتی هەموو یەکێتیم پێ راگەیاند، لەم قەیرانە ئەوە تورکیایە پێشێلی یاسای نیودەولەتی دەکات، سوود لەم گەف و هەڕەشانە نابینی…. هتد”.

ئەگەر بە چاوێکی واقیعی و لۆجیک تەماشا بکەین، بە بۆچوونی من، دەبینین هەرگیز تورکیا وەک ئەمڕۆ هەستی بە شکست، لاوازی و تەنیایی و بێ دۆست و هاوپەیمان نەکردووە. تورکیا دەیان هاوولاتی ئەوروپی، بە بیانوی هیچ و پوچ، خستۆتە زیندان و وەک بارمتە رەفتاریان لەگەل دەکات، واتە هەرەشە لە وولاتەکانیان دەکات تا ملکەچی داخوازیەکانی ئەردۆگانی دیکتاتۆربن. ئەم رەفتارەش لە یاسای نێودەولەتی بە تاوان و کاری “تیڕۆڕیست”ی لە قەلەمدراوە. کار گەیشتە ئەوەی ئەردۆگان، بە زمانی بازاڕی و شەقاوچیانە، پێی لە بەڕەکە زیاتر درێژ بکات و بلێ ” هێشتا ئەمەریکا شەقازلەی عوسمانلی نە خواردووە… هتد “. هەر بۆیە لە زۆر لاوە، لە سەر ئاستی نێوخۆی تورکیا و دەرەوە، داواکاری و دەنگی “راگرتن و وەستاندن”ی ئەردۆگان، هەتا زووە، لە بەرزبوونەودایە.

Previous
Next

Leave a Reply