Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ بولەنت كەنەش ….ئا:که‌مال چۆمانی

چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ بولەنت كەنەش ….ئا:که‌مال چۆمانی

Closed
by December 25, 2008 گشتی

 سەرنووسەرى تودەى زەمانى توركى: نەتەوەپەرستى توركى، نەتەوەپەرستى دژى دروستكرد
 رۆشنبیرى تورك چۆن لە كورد دەڕوانێت؟
 
 ئاماده‌کردنی: كەمال چۆمانى،

chomani_85@yahoo.com
 
  راگەیاندنى كوردیی، راگەیاندنێكى ناوخۆییە و تا ئێستا نەیتوانیووە كوردستانى باشوور تێبپەڕێنێت و بپڕژێتە وڵاتانى دەوروبەر و جیهان. سەرەڕاى ئەوەى توركیا، سوریا، عەڕەب و وڵاتانى تر هەمیشە لە ململانێدانە لەگەلأ هەرێمى كوردستان و كورد، تا ئێستا راگەیاندنى كوردى نەیتوانیووە شەقامى گشتى ئەو وڵاتانە لە داوا رەواكانى كورد، ئاگادار بكاتەوە. رۆژنامەنووسانى كورد، نەیانتوانیووە لە دیدى نوخبە رۆشنبیرییەكانى فارس، تورك و عەڕەب تێگەیشتنێك هەڵبهێنجن و پردێكى پەیوەندى دروستبكەن لەنێوانییاندا. تورك و دەستەڵاتەكەى بە چاوێكى زۆر دوژمنكارانەوە لە كورد دەڕوانن. ئایا رۆشنبیر و نووسەرانى تورك چۆن لە كورد و كێشەكەى دەڕوانن و چۆن دەڕواننە دۆخى كورد و مافەكانى و ئەگەرى دروستبوونى دەوڵەتى كوردیی؟ ئایا دیدى رۆشنبیرانى تورك هەمان دیدى عەسكەرتارەكانیتیان؟ لەو چاوپێكەوتنەدا، كە لەگەلأ یەكێك لە گەلأ نووسەرە هەرە بەناوبانگ و رۆژنامەنووسە هەرە ناسراوەكانى توركییا و ئەورپاش ئەنجاممان داوە، دەتوانین كەمێك لە بۆچوونەكانییان بەرامبەر كورد بگەین. ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە، لەلایەن دەوڵەتى توركییاوە حیسابێكى گەورە بۆ دید و بۆچوونەكانى دەكرێت. دواى هەوڵدانم، توانیم ئەو چاوپێكەوتنە لەگەلأ بولەنت كەنەش سازبكەم. بولەنت كەنەش، نوسەر و رۆژنامەنووسى بەناوبانگى توركییا و ئەوروپا، ئێستا سەرنووسەرى رۆژنامەى ئینگلیزى بەناوبانگترینى توركییایە"تودەى زەمان". لە نەوەدەكان و سەرەتاى دووهەزارەكان رێكخەرى هەوالأ بوو بۆ هەردوو رۆژنامەى ئینگلیزى توركى، توركیش دەیلى نیوز و زەمان، بەر لەوەى پەیوەندی بكات بە ئاژانسى ئەناتۆلییا و ببێتە بەرپرسى نووسینگەى نیۆڕك. بەر لە پەیوەندیكردن بە تودەى دەیلى زەمان، بولەن سەرنووسەرى توركیش دەیلى بوگەن بوو. ئێستا تودەى دەیلى زەمان، یەكێك لە پڕ خوێنەرترین رۆژنامەكانى توركییایە. وێبسایەتەكەیان بە ملیۆنان خوێنەر لە سەرانسەرى دونیا سەردانی دەكەن. بولەنت بۆ زۆر لە رۆژنامە و گۆڤارەكانى ئەوروپا و ئەمریكاش دەنووسێت. لەسەر پرسی كورد و توركییا و پەكەكە و هەرێمى كوردستان چەند پرسیارێكمان ئاڕاستە كردوون.
 بوڵەنت كەنەش و تودەى زەمان نزیكن لە ئەكەپە و دیدێكى زیاتر ئیسلامییانەیان هەیە. كاتێك داواى چاوپێكەوتنەكەم لێكرد، زۆر خۆشحالأ بوو. ئەوەشى زۆر بە لاوە گرنگ بوو كە پردێكى پەیوەندى رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانى باشوور و توركییا هەبێت بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەییشتن.
  مەرج نییە ئێمە لەگەلأ زۆرێك لەبیر و بۆچوونەكانى بین، بەتایبەت تێڕوانینەكانى بەرامبەر پەكەكە، بەڵام وەك ئیتێكى رۆژنامەنووسى، ئێمە چاوپێكەوتنەكە وەك خۆى بڵاودەكەینەوە.
 ئەم چاوپێكەوتنە بە زمانى ئینگلیزى ئەنجامدراوە و نزیكەى 3 مانگ بە لە ئێستا سازدراوە.
 ستاندەر: كورد و تورك، مێژوویەكى دوور و درێژییان بەیەكەوە هەیە. لە سەردەمى عوسمانییەكان، هەردوو نەتەوە زۆر دۆستى یەكتر بوون. هەرچەندە لە هەندێك كاتدا شەڕیش دژى یەكتر بەرپاركراوە، بەڵام بەشێوەیەكى گشتى دۆستبوونە. لەبەرچى بە هاتنى سێكیۆلاریستەكان "عەلمانییەكان" و گرتنە دەستى دەستەڵات لەلایەن كەمال ئەتاتورك، رەوشى كوردان كەوتە خراپترین دۆخ؟
 بولەنت كەنەش: لەماوەى دەستەڵاتى عوسمانییەكان، نە كێشەى ئەتنى هەبوو نە كێشەى ئایینیی نەتەوەییش بوونى هەبوو. هەرچەندە، دواى شۆڕشى فەڕەنسی، نەتەوایەتى ئەتنى پڕ كاریگەرى بوو هەتا لەناو كۆمەڵگەكانى دەوڵەتى عوسمانیش. ئەوەى زۆرترین كاریگەرى نەتەوەپەرستى لەسەر عوسمانییەكان دروستكرد، گروپى "ئیتیحاد و تەرەقى بوو." سەرەڕاى ئەوەى دەوڵًەتى عوسمانى بنیاتنرابوو لەسەر تایفەگەرى و مەزهەبییەكى ئاشكرا " عوسمانیزم و ئیسلامیزم"، ئیتیحاد و تەرەقى توركییایەكى نەتەوەپەرستى پێگەیاند، وەك كاردانەوەیەك بۆ نەتەوەپەرستى دینیی و ئەتنى لە باڵكان و نیمچە دورگەى عەڕەبى، وەك ئایدۆلۆژیایەك بۆ خۆی. بێگومان نەتەوەپەرستى توركى، نەتەوەپەرستى دژى دروستكرد. ئەتمۆسفیرى ئاشتیش لە هەرێمەكانى پێشووترى دەوڵەتى عوسمانى، لەناوچوون.
 پاش رووخانى دەوڵەتى عوسمانى، دەوڵەتى نوآ "كۆمارى توركییا" بەهۆى پاشماوەكانى بزووتنەوەى ئیتیحاد و تەرەقەى دامەزرێنرا. كەواتە ئەوان ستایڵى نەتەوەپەرستى پارتەكەى خۆیان بەكارهێنا كە رێینەدا كەمە نەتوایەتییەكانى تر لەگەلأ ئەوان بە ئاشتى بژیێن لە ئەناتۆلیا. دروشمى كەمال ئەتاتورك ""Ne Mutlu Türküm Diyene "ئەو مرۆڤە بەختەوەرە كە دەڵێت توركم" دیارترین ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە جییاكارییەى نەتەوەپەرستى. بێگومان ئەو نەتەوەپەرستییە، نەتەوەپەرستى كوردى لە دژ دروستكرد. هەرچۆنێ ئەم نەتەوەپەرستییەى كوردى لە توركییا، لە هەموو خاوەندارییەكى دینیی بەری بوو. نەتەوەپەرستى كوردى لە توركییا، خۆى بە جۆری نەتەوەپەرستى سۆسیالیستیی و چەپگەرایی نیشاندەدا لە شێوەى جیاوازى كۆمۆنیزمى ماركسیستی بۆ ماویزم. هەربۆیە، نەتەوەپەرستى كەمالیزمى توركەكان و چەپە ئەتنییە نەتەوەپەرەستەكانى كوردەكانى ئەناتۆلیا، پردى نێوان تورك و كوردیان رووخاند و كاولكرد. هەرچەندە، ئێمە هێشتا هیوامان ماوە بۆ بنیاتنانەوەى ئەو پردە، چونكە لەنێوان هەردوو كۆمەڵگەدا، بەهایەكى گەورە لەنێوانمان هیە، مەبەستم ئیسلامە. پارێزەرە دینیی و كۆمەڵایەتییەكانى هەردوو كۆمەڵگاكە، هێشتا پەیوەندییەكى توند و تۆڵیان بەیەكەوە هەیە و ئەو پەیوەندییە دەرمانى ئەو فیكرانەیە كە دەیانەوێـ پەیوەندییەكە تێكبشكیچنن، وەك فاشیست و ئەتنیسیسمى ماركسیستیی لە هەردوو لا. لەبەرئەو ئەتنیسیسمە موتەبادیلە، نەك تەنها كوردەكان، بەڵكو توركەكانیش لە ئەناتۆلیا زۆر شتیان لەدەستداوە، وەك ژیانى هەزاران لە منداڵەكانیان.
 ستاندەر: ئیلكەر باشبوگ، سەرۆك ئەڕكانى نوآى سوپاى توركییا، پلانى نوآى هەیە بۆ سوپاى توركیا. ئەو چەند وتەیەكى توندى پێشكەشكرد لە چاوپێكەوتنەكەى لەگەلأ رۆژنامە و چاپەمەنییەكانى توركییا لە چەند هەفتەیەك پێش ئێستا. ئەو پەیامى توندى بۆ حكومەتى هەرێم نارد. لەبەرچى ئەو هیچ جییاوازییەك نابینێت لەنێوان حكومەتى هەرێم و پارتى كرێكاران؟ ئەوە راست نییە كە بڵێین ژەنەڕاڵەكانى بەیەك چاو سەیرى كورد دەكەن لە هەر كوێیەك بن بێجیاوازى؟
 بولەنت كەنەش: نەخێر، من وا بیرناكەمەوە. نەك تەنها سوپاى توركییا، بەڵكو رێژەیەكى زۆرى خەڵكى توركییا بڕوایان وایە، كە پەیوەندییەكى توند و نزیك لەنێوان پەكەكە و حكومەتى هەرێم هەیە لە باكورى عێڕاق. هەروەها هۆى زۆر هەیە خەڵكى تورك وا بیربكاتەوە. یەكەم شت چەكدارانى پەكەكە بەردەوامن بۆ بەكارهێنانى باكورى عێڕاق كە لەژێر دەستەڵاتى حكومەتى هەرێم دایە وەك و چەترێكى هێمن. ئەوان توانیویانە كە هەموو جۆرە پاڵپشتێكى لۆجیستیكى كۆبكەنەوە و خاكى هەرێمیان بەكارهێناوە بۆ هێرشكردنە سەر توركییا. ئێمە "وەك خەڵكى مەدەنى توركییا" ساڵانێكە هیچ یارمەتى و پالپشتییەكمان لە بارزانى و سوپاكەى نەبینیوە لەبەرامبرە پەكەكە. بۆیە سەرەڕاى ئەوەى كە هیچ كەسێ حەز بە بینینى بارزانى و برایانى كورد ناكات كە لەگەلأ چەكدارانى پەكەكە پێكەوە بن، راستییەكان كە لە ساڵانى رابردوو لەگەڵییان ژیاوین، ناچارمان دەكەن بە گومان بین بەرامبەر بە حكومەتى هەرێم. لەبەرئەوە، ئەركى سەرەكى حكومەتى هەرێمى كوردستانە، دوورییەك لەنێوان خۆیى و تیرۆریستانى پەكەكە دروستبكات. ئینجا، برایانمان لە باكورى عێڕاق دەبینین كە هیچ پەیوەندییەك و پەیوەستییەكییان لەگەلأ پەكەكە نییە.
 ستاندەر: كێشە بۆ توركییا چییە ئەگەر بێت و كوردەكان لە عێڕاق مافەكانى خۆیان بەدەستبێنن و هەرێمێكى فیدڕاڵى دیموكراتیك بنیاتبنێن؟ بۆ ئەو كۆمارى توركییا ئەو دیفاكتۆیەى باكورى عێڕاقى پێقبوڵناكرێت؟
 بولەنت كەنەش: بەوپێیەى كە من دەیبینم، سیاسەتیی حكومەتى توركیی، دژى ئەوە نییە كە هەرێمێكى دیموكراتیكى فیدراڵى لە لە باكورى عێڕاق دابمەزرێت. ئەگەر نەتەوەكانى عێڕاق هیچ كێشەیەك نەبینن لەگەلأ فیدڕالیزم، حكومەتى توركیش نابینێت. ئەوەى حكومەتى توركیی دژییەتى، ئەو هەوڵدانە "ماندووبوونە" بێئاكامەیە بۆ دامەزراندنى حكومەتێكى سەربەخۆى كوردیی لە باكوورى عێڕاق. توركییا واهەستدەكات حكومەتى كوردى هیچ چانسێكى لەبەردەم نییە بۆ رزگاربوون، سەرەڕاى ناڕەزایى خەڵكى بەشەكانى ترى وەك "سووریا، ئیران، توركییا و عێڕاق" و هەموو جیهانى عەڕەبیش. هەر ئۆپۆزسیۆنێكى سیاسیی بۆ كوردەكان لەژێر دەستوورى عێڕاقى بۆ كوردەكان قبوڵكراوە لەلایەن توركەكانەوە جگە لە سەربەخۆیى حكومەتى كوردیی. توركییا زۆر حەزى لە یەكێتى نەتەوەیى و ئاشتیی عێڕاقە، هیچ شتێكیش ناوێت، جا ئەوە كێشە نییە شتەكە لە دەرەوەى عێڕاق بێت یان ناوەوەى، بۆ تێكدانى ئەو ئاشتیی و یەكێتییە.
 ستاندەر: پەكەكە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانى مافەكانى كورد لە توركییا. هەر وەك خۆت دەزانیت، كوردەكان لە دۆخێكى خراپ و سەخت لەتوركییا ژیان دەگوزەرێنن. ئەوان هیچ مافێكى سروشتى و سیاسیی و نەتەوایەتیشییان نییە لە توركییا. لەبەرچى توركە رۆشنبیر و نووسەرەكانییان، هێشتا پەكەكە وەك گروپێكى تێرۆریستى دەبینن؟ وا هەستناكەیت ماس مێدیاى تورك كەوتبێتە ژێر هەژموونى ژەنەڕاڵەكان؟
 بولەنت كونەش: با لە منەوە دەستپێبكەیین. من لەژێر كاریگەرى هیچ ژەنەڕاڵێكى توركیدا نیم، تاكو ئێستاش من پەكەكە بە رێكخراوێكى تێرۆریستى دەبینم. هەر رێكخراوێك كە تێرۆر وەك ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەكانى بەكاربێنێت، پێیدەگوترێت "رێكخراوى تێرۆریستی". سەرەڕاى ئەوەى من پەكەكە بە تێرۆریست ناودەبەم، بەڵام هەرگیز "دەتەپە، پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتیك" بە تێرۆریست ناونابەم، سەرەڕاى ئەوەش دەزانم كە پەیوەندییكى توندوتۆلأ لەنێوانییاندا هەیە. هیچ كەس لە توركییا باوەڕى وانییە كە پەكەكە بۆ مافى خۆى هەوڵدەدات.
 ئەو هەڵبژاردنە گشتییەى كە كە لەو دواییانە كرا، پێشانى ئێمەیدا كە رێژەیەكى زۆرى خەڵكى كورد لە باشوورى رۆژهەڵاتى توركییا بڕوایان بە پەكەكە نەماوە كە بەرگرى لەمافى خۆى دەكات، %54 دەنگییان بۆ پارتى داد و گەشەپێدان دا. كوردەكان لە توركییا گروپێكى كەمایەتیی نین، بەڵكو بەشێكى گرنگن لە نەتەوەى ئێمە. خەڵكى ئاسایی هیچ كێشەیەكى لەگەلأ ئەوەدا نییە كە كوردە یان توركە. ژن و ژنخوازى لەنێوان شارە ئەتنییە جیاوازەكان لە توركییا زۆر بەفراوانى بەربڵاوە. بۆ نمونە، من %100 توركم، بەڵام ژنەكەم "Circassian"یە. دوو برایەكانم ژنەكانییان كوردە و مێردى ئامۆزاكانم كوردن. بۆیەش ناتوانى تورك و كورد لەیەكترى جییا بكەیتەوە، نە توركە ژەنەڕاڵەكان "من وا هەستدەكەم هیچ ئامانجێكى لەو جۆرەیان نیی." دەتوانن و نە پەكەكەى تێرۆریستیش.
 ستاندەر: من وەك رۆژنامەنووسێك لە كوردستان، لەكاتى هێرشەكانى توركییا بۆ سەر پەكەكە، لەوە ئاگادار بووم خەلكى سیڤیلى زیاتر كوشت وەك ئەوەى گەریلاى پەكەكەى كوشتبێت. بۆچى ماس مێدیاى تورك لەوەیان بێدەنگ بوو؟
 بولەنت كەنەش: منیش هەروەها ئاگادارى ئۆپەراسیۆنەكانى سنوورى سوپاى توركییا بووم دژى تێرۆریستەكان، من هەرگیز هیچم نەبیست دەربارەى پێكراوانى سیڤیل لە ئۆپەراسیۆنەكە. ئەگەر هیچ پێكراوێك لەوكاتدا هەبووایە، كاردانەوەیەكى رێكخراوەكانى چاودێرى مافى مرۆڤى نێودەوڵەتیمان دەبیست. هەرچۆنێك، لەوكاتەوە هیچ كاردانەوەیەكى لەو جۆرە روویان نەدا. ئەوەى تریش هیچى راست نییە كە مردوویان نیشاندابێت. زیاد لەمەش، هێزەكانى ئاساییش توركیی، حەزناكەن تەداخولى هەرێمى دراوسێكان بكەن ئەگەر پێویست نەكات. ئەگەر بارزانى، بوونى پەكەكە لە لە باكورى عێڕاق كۆتایی پێبێنێت، هیچ كەسێك ئۆپەراسیۆنى سنوورى تر و مەرگى سیڤیلەكانى نابینێت.
 ستاندەر: لەبەرچى حكومەتى توركییا هیچ دانووستانێكى راستەوخۆ لەگەلأ پەكەكە قبوڵناكات؟ لەبەرچى پەكەكە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنى دیموكراتییانەى دەوێت بەڵام توركییا رەتیدەكاتەوە؟ لەبەرچى رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەرانى تورك، چۆن ژەنەڕاڵەكان پەكەكە دەبینن ئەوانیش ئاوا پەكەكە دەبینن؟ پێتوانییە هەندێكیان كەوتبنە ژێر كاریگەرى و هەژموونى ژەنەڕاڵەكان؟
 بولەنت كەنەش: بەڵآ بێگومان بەشێك لە بەناو رۆشنبیر و رۆژنامەنووسە توركیی، لەوانەیە لەژێر كاریگەرى ژنەڕاڵەكان بن. هەرچەندە، ئەوە هیچ لەو فاكتە ناگۆڕێت كە پەكەكە رێكخراوێكى تێرۆریستە. سەرەڕاى ئەوەى من بە تەواوى رۆژنامەیەكى سەربەخۆم، منیش هەروەها دژى هەر پەیوەندییەكى رەسمیم لەگەلأ هەر رێكخراوێكى تێرۆریستیی بە پەكەكەشەوە. باوەڕیم وایە كوردانى توركییا پێویستە هەیكەلێكى یاسایى و نوآ بۆ خۆیان دروستبكەن بۆ ئەوەى تەمسیلییان بكات.  رێكخراوێكى تێرۆریستیی، هیچى نییە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى كوردان بكات. پێشى توركەكان، پێویستە كوردەكان پەكەكە رەتبكەنەوە بە نوێنەرى خۆیانى دانەنێن. كوردەكان موستەحەقى رێكخراوێكى تێرۆریستى نین كە ببێتە نوێنەریان.
 ستاندەر: چارەسەرى داوا و خواستى كوردەكان و كێشەكەیان لە توركییا چییە؟ تۆ دەوڵەتێكى سەربەخۆ بۆ كوردەكان رەوا دەبینى؟ لەبەرچى توركەكان هەموو مافێكییان لە توركیا هەیە بەڵام كوردەكان نییانە؟ لەبەرچى ئەكەپارتى دەڵێت ئیسلامیم و ئەوەش ناكات كە قورئان دەیڵێت؟ لەبەرچى كوردەكان هێشتاش هیچ مافێكی سییاسیی و كولتوورییان نییە؟
 بولەنت كەنەش: توركییا كێشەى تورك و كوردى نیی. توركییا كێشەى دیموكراسى هەیە. من و خێزانەكەم وەك توركێك لە توركییا، گەلێك كێشەمان هەنە، لەبەرئەوەى دیموكراتى توركییا هێشتا پێنەگەییشتووە. تەنها چارەسەر بۆ كێشەى كورد لە توركییا، گەشەكردنى دیموكراتى توركییایە بۆ ئاستى ستانداردە جیهانییەكان بۆ دیموكراتى. لە توركییایەكى دیموكراتى راستیی، وەك ئێمە هەموومان، برا كوردەكانمان هیچ كێشەیەكى سەرەكییان نابێت. دەوڵەتى سەربەخۆى كوردى لە سەر خاكى توركییا، ئەمڕۆ نەگونجاوە و نەگونجاویش دەبێت بۆ تا هەتایە. بۆچى؟ بەسادەیى لەبەرئەوەى, كورد و توركەكان تێكەڵاوى یەكتر بوونە و هەتا ئەگەر تۆ بتەوێت وڵات دابەشبكەییت و وڵاتێك بدەیتە كوردەكان، كوردەكانى توركییا دژ بەو پلانە كاردانەوە ئەنجام دەدەن. كوردەكان تەنەها لە بەشێكى ئەو وڵاتە ناژیێن، ئەوان لە هەموو شوێنێكى توركییا دەژیێن. دانیشتووانى كورد لە شارەكانى رۆژئاواى توركیا، زۆر زیاترن لە هەرێمەكانى رۆژهەڵات و باشوورى رۆژهەڵات. چۆن كوردەكان دەتوانن دەوڵەتێكى سەربەخۆیان هەبێت؟ چى روودەدات بۆ دانیشتووانى كورد لە رۆژئاواى وڵات؟ ئەمە چارەسەرێكى راستەقینە نییە. تەنها چارەسەر  دیموكراتیزەبوونى زیاترى توركییایە كە رێز بگرێت لە هەموو جۆرەكانى مافى مرۆڤ و ئازادییە تاكەكەسییەكان.
 ستاندەر: ئەكەپارتى دەتوانێت چیبكات بۆ كوردەكان؟ لەبەرچى ژەنەڕاڵەكان دەیانەوێت دەتەپە دابخەن؟ پارتە یاساییەكانى كورد لە سڵانى رابردوو رووبەڕووى داخستن بونەتەوە، پێتوانییە ئەوە كارى نادیموكراتییانەیە؟ پێتوانییە كە ئەگەر توركییا بییەوێت ببێتە ئەندامى یەكێتى ئەوروپا پێویستە كێشەى كورد چارەسەر بكات، وەك رۆشنبیرى كورد دەڵێت "رێگاى توركیا بۆ یەكێتى ئەوروپا بە دیاربەكردایە"؟
  بولەنت كەنەش: ئەكەپارتى پێویستە دیموكراتى توركى پەرەپێبدات بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد. هیچ شتێكى تر پێویست نییە جگە لەمە. بەداخەوە، نە دیموكراتى توركى و نە تێگەییشتنى بیرۆكراسى دەوڵەت "قەزا و عەسكەرى"، ئامادەى بەرەوپێشچوون نین بۆ دژایەتیكردنى داخستنى پارتە سیاسییەكان. بەبیرت بێت تا ئەو ماوانەى پێشوو، پارتى دەستەڵاتداریش لە ژێر هەڕەشەى داخستن بوو. كەواتە كێشەى داخستن تەنها كێشەى كوردەكان نییە، بەڵكو كێشەى توركەكانیشە. ئێمە پێویستە دژى هەموو جۆرە كەیسێكى داخستن بین دژى پارتە یاسایى و مەدەنییەكان وەك ئەكەپارتى و دەتەپە. دەزگاى مێدیاى من، دژى داخستنى دەتەپەشە. دەیڵێمەوە، تاكە چارەسەر بۆ كێشەكانى توركییا، گەشەپێكردن و بەروەپێشبردنى دیموكراسییە.
 ستاندەر: ئەڕگەنەكۆن پێیگوتین، كە باوەڕى نەتەوەپەرستیی زۆر زیانبەخشە بۆ مرۆڤایەتى، عەدالەت و دۆستایەتى، تێڕوانینت بۆ گروپە قەومییەكان چییە؟
 بولەنت كەنەش: خەباتى دیموكراسیی توركیی، خەبات دژى هەموو نیۆنەتەوەپەرستەكان و بزووتنەوە فاشیستەكان دەگرێتەوە، لەنێویاندا دژى رێكخراوى تێرۆریستى نایاسایی و نهێنى ئەڕگەنەكۆن. ئەوە بۆ ئێمە جێى سەرسوڕهێنان بوو كە زانیمان رێكخراوە تێرۆریستەكانى "پەكەكە، حیزبوڵا، DHKP/C، حیزبى تەحریر و İBDA-C" پەیوەندییەكى توندیان لەگەلأ ئەڕگەنەكۆن هەیە. هەموو بزوتنەوە شۆڤێنیستەكان وەك و ئەڕگەنەكۆن و نیۆنەتەوەپەرستەكان (ulusalcılık)، یان هەر رێكخراوێكى ترى تێرۆریست وەك و پەكەكە، زیانبەخشن بەتەواوى مرۆڤایەتى بێ هیچ جیاكارییەك بۆ هەر رێكخراوێكى ئەتنى و ئایینى.
 ستاندەر: پێتوانییە ئێستا كاتى ئەوەبێت رۆشنبیران، بیرمەندان و هەموو رۆژنامەنووسان یان خەڵكى ترى خوێندەوار لە توركییا و كوردستان هەوڵبدەن بۆ جەختكردنەوە لەسەر دۆستایەتیی و پەستانخستنە سەر هێزى گفتوگى دیموكراتیك زیاتر لە هانابردن بۆ چەك؟ هەوڵەكانى تۆ لە توركیا بۆ ئەو پرسانە چین؟
 بولەنت كەنەش: من وەك رۆشنبیرێك، دوا شت كە دەتوانم پەسندى بكەم بۆ تەعبیر كردن لە خۆم، چەكە. هەرچۆنێكبێت، ئەگەر هەندێك كەس هەبوون چەكدار بوون و پڕ چەك بوون ئامانجییان لە تۆ گرت بۆ ئەوەى بتكوژن، ئەوا هیچ هەڵبژاردنێكت لەبەردەم نامێنێت جگە لە بەرگریكردن لە خۆت و ئەگریش گونجا هێرشكەران بكوژیت. بارودۆخەكە لە توركیا بەو شێوەیە. ئەگەر رێكخراوى تێرۆریست چەكەكانى فڕێبدات و خۆى حەلبكات، هاوڵاتییە كوردەكانمان نوێنەرى شەرعى خۆیان دادەنێن بۆ ئەوەى لەسەر مێزى دەستەڵات دابنیشن. لە راستیدا، پێویست ناكات لەسەر مێز دابنیشیت بۆ گفتوگۆكردن، كورد و توركەكان پێویستە تێبكۆشن دژى هێزە دژە دیموكراتەكان بۆ گەشەپێكردنى دیموكراسى توركیی بۆ گەییشتن بە وڵاتێكى پڕئاشتى و بێ جیاوازى دژى هەر بەشێكى ناو كۆمەڵگە. تۆ وا هەستدەكەیت تەنها ئەو بەشەى ناو كۆمەڵگەى توركى كە كێشەى هەیە كوردە؟ نەخێر، هەروەها بەشى پارێزكارى ناو كۆمەڵگەى توركیی، زۆر كێشەى جیاكارى هەیە. هەر چۆنێك بێت، هیچ كام لە ئێمە، هەوڵى چارەسەركردنى كێشەكانمان نادەین لەڕێی چەكەوە یان ئەنجامدانى كردەوەى تێرۆریستى وەك پەكەكە دەیكات. كەواتە هەموومان پێویستە هەموو تواناكانى خۆمان بخەینە گەڕ بۆ دیموكراتیزەكردنى تەواوى توركیا و وڵاتى تۆش "كوردستانى عێڕاق". تۆ هەستدەكەیت حكومەتى هەرێمى كوردستان دیموكراتییە؟!!
  
  
 ئەم چاوپێكەوتنە لە ژمارە 29ى گۆڤارى ستاندەر، بڵاوكراوەتەوە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.