
لەنێوان ( ئەو ) و ( من ) دا …!…سەروەر كەریم
لەنێوان ( ئەو ) و ( من ) دا …!
سەروەر كەریم
Sarwar_kareem@yahoo.comژیان هێماكانى خۆى بەزریان سپاردوەو ،
بەهارى تەبەسسوم نایەتەبوون و ،
مانگ وادەى ئاشفتەگیەتى و ،
ڕووناكى خۆى نابەخشێتە كانیاوەكان و ،
وێنەى جێژوانى دولبەران ناگرىَ و ،
زاكیرەى خاڵى .. خاڵى كردووەو ،
گوىَ بەنزاى عەشق نادات …
لەگەڵ ئەستێرەكان سەما ناكات و ،
بەبینینى دەریا توڕەدەبێت .
( ئەو ) خۆى هاوڕیىَ ئازارەو ،
ئیرەیى بەڕەنگى ئەرخەوانى دەبات و ،
دڵى لێوان .. لێو كردوە لەسەهۆڵ و،
لەپاڕانەوەى مەستان بۆئەڤین تێناگات .
( ئەو ) وێناى ئەوینى وونكردووەو ،
ئاشنانییە بەڕشتنى ئەسرینى هەورو ،
بەگریانى ئاو زویر دەبىَ و ،
سرووتەكانى خۆشنودى ئازارى دەداو ،
هیچ ڕەنگىَ ناناسىَ !
( ئەو ) بەتەنیا ئاوازێكى نەژەنراوەو ،
هیچ دانەرێك ناتوانێت نۆتەى بكات و ،
دڵى بەستووى خاوبكاتەوە ..
تا بوون لەسەراب ڕزگارى بێت .
( ئەو ) ى نامۆ بەئیرۆس ،
بگەڕێتەوە باخەكانى ئیرەم و،
دڵى بكاتەوە بەڕەنگى بەفرینى خۆیى و،
ئابى تەمەن بگەڕێنێتەوەو ،
دەریا لەتەشەنە قوتاربكات و ،
هەڵوەداى بینینەوەى مانگ بێت .
ئەودەمانە خەم دەبێتە خەندەو ،
( من ) ى پەرێشان و سەرابى ،
ئاشنا دەبمەوە بەماڵى باران و ،
سەما لەگەڵ هەناسەكانى بادەكەم .
سلێمانى
13/12/2008
ماناى هەندێك ووشە :
تەبەسسوم : زەردەخەنە
ئاشوفتە : پەرێشانى و پەرێشان حاڵى
ئەسرین : فرمێسك
ئاب : مەبەست لەگەڕانەوەى ئەستێرەى بەختە
تەشەنە : تینو