Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاشووریە سەرگەردانەكە…

ئاشووریە سەرگەردانەكە…

Closed
by January 4, 2009 ئەدەب

 ئاشووریە سەرگەردانەكە…
 هەڵبژاردەیەك لە شیعری
 ســەرگـــــــــــــــۆن پۆڵـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــس
 
 پێشەكی ووەرگێڕان:
  غەفور ساڵح عەبدوڵا

 
 
 (یەكێكیان  لەوەدا سەركەووتوو بوو
 كە رووپۆشەكە لەسەر  رووخساری زایسی خوداوەند هەڵبرێت.
 بەڵام چی بینی ؟ سەیری سەیرانی بینی، رێك خودی
 خۆی بینی)….
 -نۆڤالیس-  
 
 
 لە تەپەی  مەلا عەبدوڵاوە  بۆ  كالیفۆڕنیا…
 
 سەرگۆن پۆڵس ، كە لە تەپەی مەلا عەبدوڵاوە فڕی بۆ كالیفۆڕنیا و لەوێشەوە بەرەو هەموو جیهان و، بووە (رامبۆ)ی كەركوك و، دواجاریش هی عێراق، هەر ئەویش بوو كە وەكو (رامبۆ ) ژیانی بە دانیشتنەوە بەسەربرد ، وەكو فریشتە لەسەر كورسی سەرتاشێك.. لە ساڵی 1944 لە شاروچكەی حەبانیە لە دایك بووە. لە   ساڵی 1956 خێزانەكەی گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك ولە گەڕەكی ( تەپەی مەلا عەبدوڵا) نشتەجێ بوون ، كە گەڕەكێكی تێكەڵە لە كورد وئاشووریە و ، تاك وتەرا  توركمانی تیا بووە، ئیستاش بەتەنها هەر كورد وئاشووری تیایە. سەرگۆن پۆڵس، زمانی عەرەبی وكوردی وتوركمانی و ئاشوری دەزانی ، بەڵام هەر بەعەرەبی  نووسیوە، وەكو هاورێ كوردەكانی : سەڵاح فایەق ومحێدین زەنگنە و زوهدی داوودی و ئەنوەر غەسانی و یوسف حەیدەری ، كە سەرگۆن شیعرێكی لە یادی كە لە ساڵی 1993 لە بەغدا كۆچی دوایی كرد نووسیبوو، بە ناونیشانی(هاتم بۆ لات لەوێوە) ،  تەبعەن سەرگۆن بۆ هەموو هاورێكانی كەركوكی شیعری پێشكەش كردون وەكو وەفایەك ، وەكو مۆئەید راوی وجەلیل قەیسی و فازڵ عەزاوی و، جان دەمۆ .. سەرگۆن پۆڵس بووە یەكێك لە (گروپی كەركوك) كە رۆڵێكی باشیان گێرا لە بزووتنەوەی تازەگەری لە شیعرو ئەدەبی عیراقی عەرەبیدا، زۆربەشیان كورد بوون .گروپەكەش لەمانە پێكهاتبوو: قەشە یوسف سەعید، فازڵ گەلۆ (عەزاوی)،  ئەنوەر مەحمود سامی (الغسانی)،موئەیەد جەمیل شوكری(راوی)، سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ ،
    یوسف حەیدەری، محێ دین زەنگنە، جەلیل خەلیل (القیسی)، سەڵاح فایەق، زوهدی داوودی و قەحتان هورمزی. زۆربەی گروپەكەش دوای 14ی تەمموز جگە قەحتانی توركمان نەبێت ، پەیوەندیان كردبوو بە حیزبی شیوعی عێراقەوە..  گروپەكە زۆربەیان عێراقیان بەجێهێشت بوو  ، جگە، جان دەمۆ و، یوسف حەیدری و جەلیل قەیسی نەبێ ، كە ساڵی 2006 بە نەخۆشی لە كەركوك كۆچی دوایی كرد، محێ دین زەنگنەش  لە باقووبە دەژیا و ئیستایش لە سلێمانی نشتەجێ یە ولەدەزگای سەردەم كاردەكات .. سەڵاح فایەق دوای كۆدەتاكەی 1963 هەڵدێ بۆ شاخ و دەبێتە پێشمەرگە  ، ساڵی 1964 دەگەرێتەوە بۆ كەركوك ودەبێتە سەرباز و ساڵی 1976 دەچێت بۆ سوریا و لەویشەوە بۆ بەریتانیا ئەنجاش بۆ فلیپین.    موئەید راوی دوای 14ی تەمموز 1958 مامۆستا بوو لەگوندی (كڵاوقووت) ی ناو شوان ، دێی هەقەكان ، ساڵی 1970 چوو بۆ بەیروت و لە وێشەوە بۆ ئەڵمانیا، فازڵ عەزاوی 1977 چوو بۆ ئەڵمانیا  ،  سەرگۆنیش بۆ ئەمریكا، زوهدی داوودی 1967 چوو بۆئەڵمانیا، ئەنوەر غەسانی1968 چوو بۆ ئەڵمانیا و دواجار بۆ كۆستاریكا.. یوسف حەیدەریش تا كۆچی دوایی لە بەغدا دەژیا .(جان)یش بە قەلەندەری وهەمیشە مەست و بێ مەسرەف لە نێوان كەركوك و بەغدا دەژیا.لە سەرەتای هەشتاكان لە بەغدا ، لە گەڵ برادەرێكی عەرەب هات بۆ شوێنی حەوانەوەم لە ناوچەی جادریە، دوای خواردنەوە چوو لەسەر نوێنەكەم پاڵ كەوێت، بەڵام ئەوەندەی خواردبووە، رژابوەوە سەر نوێنەكە، ئیدی تا درەنگێك لەگەڵما مایەوە، ئەوەندەم زانی جان بۆی دەرچوو بوو. زۆرجار بە داخەوە لە جادەكانی بەغدا ئەم داهێنەرە گەورەیەم دەبینی سواڵی دەكرد ، چەند نەعلەتم لە گەردوون دەكرد، كە ئەمە قەدەری داهێنەرەكان بێت !، (جان) لەبەر مەستی زاكیرەیشی نەمابوو ، بە دەگمەن ناسیاوو دۆستەكانی خۆی دەناسیەوە. بەر لەوەی لەسەرەتای نەوەدەكان سەفەر بكات بۆ عەممان و لەوێشەوە بۆلای براكەی لە ئوسترالیا وكۆچی دوایی بكات ، بە رێكەوت ساڵی 1992 لە چایخانەیەك لە كەركوك بەرامبەر سینەما (عەلەمەین)  چاوم پێكەوتەوە ، بە تەواوی فەوتابوو ، رەنگی مردنی لێ نیشتبوو… ( فازڵ عەزاوی ) لە كتێبی –رۆحی زیندو- الروح الحیە-  ناوی گروپەكەی ناوە برادەرانی بەدكاریی(اێدقا ْ السو ْ) .(یوسف الخال) لە گۆڤاری (شیعر)  چەند شیعرێكی بۆ (سەرگۆن)  بڵاوكردەوَتەوە . ساڵی1967بە پێ لە رێگای بیابانەوە دەچێت بۆ لوبنان ، چونكە سەربازی هەڵاتوو بوو، ئەمەیش دووبارەكردنەوەی ئەزموونەكەی (رامبۆ)یە كە، بە پێ هەموو ئەوروپای تەی كردبوو ، سەرگۆن لەوێ یەكسەر دەچێتە كتێبخانەی ئەمریكی و داوای كتێبەكانی گروپی (پینتیكس) ئەمریكی دەكات ، كە دواجار بوون بە هاوریێ. لەوانە، ئالن گینیسبێرگ ، گریگوَری كۆرسۆ، پۆپ كۆفمان ، لۆرانس فیرلنگینی،  گاری سنایدەر و، فایلێك دەربارەیان ئامادە دەكات. لە وێشەوە دەروا بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە سان فرانسیسكۆ نشتەجێ دەبێت، دوای ئەوەیش دەكەوێتە گەڕان لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپا . دواجار بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەكی بەرلین لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر 2007 رۆحە پڕ ئەشكەنجەكەی ئازاد بوو . (سەعدی یوسف) دەڵێ :  سەرگۆن پۆڵس تاكە شاعیری عێراقە.. (ئونسی الحاج) دەڵێ: سەرگۆن پۆڵس لە عێراق رایكردبوو ، هات بۆ لوبنان  لەوێشەوە  فڕی بۆ كالیفۆرنیا، لە كالیفۆرنیاش لە هەر كوێیەك بووایە دەیچریكاند . تا لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا نیشتەوە. ئەم ئاشووریە سەرگەردانە بە هیچ كەسێك نادرێت  ئەگەر ئاشووری بێ ، یان شاعیر بێ ، یان عێراقی بێ ، یان  سەرگەردان بێ، نادرێت بەهیچ كەسێك ، تەنها بەم دێڕە نەبێت: ( مەرگ لەگەڵ خۆیدا رادەكێشێت). یان راستتر ژیان لەدوای خۆیەوە رادەكێشێت..(محەمەد بنیس) :دەڵێ سەرگۆن رۆژی لە شوێنێك بەسەر دەبرد و شەویش لە شوێنێكی دیكە، چونكە شوێنی راستەقینە بۆ ئەو قەێیدە بوو..(فازڵ عەزاوی) دەڵێ: سەرگۆن لەو یەكەم ساتەوە كە ناسیم وەك شاعیرێكی راستەقینە ناسیم، لەساڵی1958 لە چایخانەیەك لە گەڕەكی (قۆریە) لە  كەركوك ، هێشتا قوتابی بووین، هەر لەوێ شیعرە سەرەتایەكانی خۆی نیشاندام كە نووسیبوونی. ئیدی زۆرجار پێكەوە دەبووین ، لە چایخانەكانی كەركوك، یان لە ژوورەكەی خۆی لە خانووی كەس وكارەكەی  كە لە گەڕەكی(تەپە) بوو، لە پشتی باخچەی (ام الربیعین) بوو، نزیكی چایخانەكە بوو _ ئەو چایخانەیە ئیستا شوێنەكەی تەلار و سوپەرماركێتە-غ-. زۆرجار لەوێ بلیاردمان دەكرد، یان شەترەنج لە پاڵ گەمەی شیعردا، بە چەندین سەعات لەو ژوورە كە دەكەوتە دامێنی حەوشەكەوە دادەنیشتین  و، دەمانخوێندەوە وشیعرەكانی جیهانمان شیدەكردەوە، لە گەڵ خواردنەوەی چای دا  كە دایكی پێشكەشی دەكردین. ئیدی دوای ئەوە كە چووم بۆ زانكۆ بۆ بەغدا، هەركاتێ سەرگۆن بهاتبایە بۆ بەغدا دەچوو بۆ ماڵی خزمانی لە گەڕەكی(دۆرە) و، زۆربەی كاتیشی لە گەڵ من بەسەر دەبرد و، ئەم چایخانە و ئەو چایخانەمان دەكردو لەم شەقام بۆ ئەو شەقام. لەوانەیە سەرگۆن تاكە كەس بووبێت كە نەمدەتوانی جگە لە شیعر باسی هیچی دیكەی لەگەڵ بكەم . دوای چل ساڵ  كە لە ( سەنعا ْ ) لە یەمەن بۆ میهرەجانی شیعر دەعوەت كرابووین ، سەرگۆن پێی ووتم(( دەبینیت ؟ وەختی خۆی كە لە چایخانەی (ئەتڵەس) لە كەركوك دانیشتبووین –ئەم چایخانەیەش ئیستا بەدەردی چایخانەی  قۆریە چووە –غ-  ،  بیرمان لەوەش ناكردەوە كە شیعر تەنانەت بمانگەیەنێتە (سەنعا)ش، بەڵام ئەوەتا كردی ، لەمەدا بە سیحر ناچێت ؟!))..
 سەرگۆن پۆڵس، كاتێ هەواڵی دەدەنێ كە سینەما (سندباد)یان روخانووە لە بەغدا، لە كۆتایی  حەفتاكانی سەدەی رابردوو  رووخانیان و جێگاكەی ببووە مەزادخانە ، دیارە سەرگۆن ئەو سەردمەی لە گەڵ –اێدقا ْ السو ْ- لەعێراق بوون، دەچوونە ئەو سینەمایە ، دەیان فلیمی وەكو: قەمووری نۆتردام و سپارتاكۆس و شەمشون ودەلیلەیان بینیوە  ، شیوەنێكی بۆ دەنووسێ:
 ئەوان سینەما سندبادیان ڕووخان !
 ئای  چ زیانێكە،
  ئیدی لەمەودوا كێ دەچێتە دەریاوە و، كێ
 چاوی بە پیرەمێردی دەریا دەكەوێت ؟
 بەڵام دیارە كەس نەبوو كە هەواڵ بداتە سەرگۆن و بڵێت ، چایخانەكانی (قۆریە) و (ئەتڵەس) و ( شاترلو) و(ئەحمەد ئاغا) وقەڵای شارەكەتیان رووخان، دەبوو چ چامەگەلێكی بۆیان بنووسیبایە و چ شیوەنێكی كردبایە؟! بە تایبەتی قەڵای كەركوك و، ئیستاش كەس نیە لەخوارەوەی ببێتە بەردێك.
 ( قەلعەنن دیبندە، بیر داش ئۆڵایدم.
  گێلەنە گیدانە یوڵداش ئۆڵایدم)..
 واتا لەژێر قەڵا بەردێك بوومایە و،.  ببوومایە بەهاورێی هاموشۆكەران..
 سەرگۆن وەكو فازڵ دەڵێ حەزی بە ئیش و فەرمان بەرێوەبردن نەبووە، هەموو ژیانی خۆی بۆ شیعر  تەرخان كردبوو. گوایە بە ڕای ئەو شیعر و ئیش كردن رێكناكەون، بۆ ئەوەی ببیتە شاعیر دەبێ ژیانت هەمووی ببەخشیتە شیعر. سەرگۆن لەو ماوە درێژەی كە  لە سان فرانسیسكۆ بەسەری برد هەستی بە تەنهایی دەكرد و، هەمیشە هەوڵیدەدا لە بەندیخانە ئەمریكیەكەی هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە هاورێكانی. (كازم جیهاد) دەڵێ: شیعری عەرەبی لە گەڵ سەرگۆن حاڵەتێكی بە خۆیەوە بینی كە لەمەوبەر بەخۆیەوە نەیبینیبوو، مەگەر بە دەگمەن . ئەویش حاڵەتی ئەو شاعیرەی ژیان و ڕەگی بیرو سەرجەم هێزی مرۆڤایەتی خۆی تەرخان كردبوو بە تەنها بۆ شیعر…(ئەسكەندەر حەبەش ) دەڵێ: سەرگۆن یەكێكە لەوانەی كە دەیانخوێنیتەوە و بەدرێژایی ژیانت لەگەڵت دا دەمیننەوە.. (خالد المعالى ) دەڵێ : سەرگۆن  شاعیرێك بوو بێ پارەیی و خۆشەویستی شێتی كرد..( ماجید سامەڕائی) دەڵێ: قەسیدەی دەنووسی و بیری ناكردەوە چی دەخوات ، یان چۆن دەژی و،  شەو لە كوێ دەخەوێت و، كاتێ لە خوێندنەوەی كارێكی شیعری شاعیرێك نووقم دەبوو ، هی شاعیرێك جگە خۆی  ، خۆی لە چێژێكدا دەبینی بێ سنوور ، خوێندنەوەو نووسین لە لای ئەو كاری داهێنان بوون و خودی داهێنەرانەی خۆی تیا دەدۆزیەوە، لەمەشدا خودی داهێنەرانەی خۆی بەدیدەهێنا.. ئەنجام سەرگۆن پۆڵس چووە نێو ئەو لاكێشە تاریكەی عەدەمەوە، كە پێی دەڵێین مەرگ وخۆی دەیووت ئەوە تاكە حەقیقەتێكی رەقی بوونە..(فالح عبدالجبار) دەڵێ: سەرگۆن پۆڵس  لەشاری كەركوكی نەوت گەورە بوو، لە خێزانێكی ئاشووری مەسیحی ، خێزانێكی تەواو هەژار ، لە شارێكی راوەستاو لە سەر دەریایەكی نەوت،  سەرگۆن لە شارێكی تێكەڵەی ئەتنی وكەلتور گەشەی كرد :كورد و توركمان و ئاشووری و عەرەب و ئینگلیز ، بەڵێ ئینگلیز خاوەن و فەرمانبەرانی كۆمپانیای نەوت. كۆمپانیای نەوت  بەبێ مەبەست خزمەتێكی چاكی سەرگۆنی كرد، چونكە گەورەترین دامەزراوی وەرگێڕان بوو، بۆ دابینی كردنی پێویستیەكانی ، ئەوە بوو گۆڤاری (العاملون فی النفگ) ی دەركرد و جەبرا ئیبراهیم جەبرا سەرنووسەری بوو . سەرجەم گروپی كەركوك لەو رێگایەوە فێری زمانی ئینگلیزی بوون. دوای كۆدەتاكەی 1963 گروپەكە كەركوكیان بەجێهێشت و دابارینە سەر بەغدا و ئاسۆی فراوانتریان لەبەردەم كرایەوە..جیهانی یەكەمی سەرگۆن كۆزمۆپۆڵیتی بوو، وەكو هەر رووناكبیرێك، پاڵەوانەكانی دۆیستۆیڤیسكی و فرۆید و بەلزاك و فۆكنەر و سارتەر و كامۆ و عەزرا پاوەند و كاڤاڤیس وئیلیەت و رامبۆ و بۆدلێر بوو.. سەرگۆن ئەم  لە هیچ جێگایەك دانەمەزراوە،  لە كۆچێكی بەردەوام بوو، لە گەڕانەوە بۆ رابردوو، و لە تێپەڕكردنی داهێنانی پەخشانی و شیعری خۆیدا بوو، ئەوی نشتەجێ لە (شاری لەكوێ ؟) و خۆراكی قووتی زەوی بوو. سەرگۆن بە رووتی لە بەهەشتی لەبیرچوونەوە دەركرابوو، بۆ بەهەشتی وشە، ئەو شوێنەی كە سەگەكان بەوەڕزیەوە، بەچڕنووكە مرۆڤایەتیەكانیان گەمە لەگەڵ خۆردا دەكەن. تەنانەت تۆزێك مەدحی سەگیش دەكات . بەو دەستە دەینووسی كە وازی لێ هێنابوو، دەرۆیشت و دەستی خستبووە پشتی ، وەكو تەزبیح گەمەی بەكۆتەكانی دەكرد.  لەلای ئەو رۆژ نەیدەكردە یەك نانی بەغدایی و ،  بەداخەوە جوانترین ژنیش لە جیهاندا دەیكردە گریان. گۆشەگیریی ئیغتیێاب كردبوو، وەك بڵێی پاكیزەیەكی سەرگەردانە لە شارێكی بۆردومان كراو، دەرگاكانی بە سەر دۆڵەكاندا شۆربوونەتەوە..ئەمانەی دوایی قسەی سەرگۆن خۆیەتی. سەرگۆن لە غوربەتا بێ ژن وماڵ و بێ كوڕ ومەئوا سەری نایەوە. ئەم بەرهەمانەی لەپاش بەجێماوە:
 1- گەیشتن بە شاری كوێ 1985
 2-  ژیان نزیك ئەكرۆپۆڵ  1988
 3- یەكەم و دوایی    1992
 4- چرا بەدەست لە شەوی گورگان  1996
 5- ئەگەر لە گەمیەكەی نوح نووستبووی 1998
 6- سەربووردی كەسایەتی بە ناونیشانی( شایەتەكانی سەر رۆخ)
 7- رەقیمەكان  بۆ رۆحی گەردوون .هەڵبژاردەیەكە لە شیعرەكانی بە زمانی ئەڵمانی.
 8- بە ئینگلیزی دیوانێكی دەرچووە  لە لایەن گۆڤاری (پانیپاڵ)ەوە، بە ناونیشانی (چەقۆ تیژكەر) ئەدۆنیس پێشەكی بۆ
        نووسیوە.
       9-  دوای مردنیشی دیوانی(ئێسقانێكی دیكە بۆ سەگی خێڵ) لە خانەی (الجمل ) دەرچوو…
 سەرگۆن پۆڵس، بەم شیعرە جوانتر لە خۆی دەدوێت:
 ئەوە منم
  سرتەیەك نیە
 ئەرێ ئەوانەی لێرە بوون مردن؟
 نە ووشەیەك.
 زمان  دێت
 یان چاوەروانی یان هێرش؟
 یان خۆدزینەوە لە…
 وەكو ئەم بێدەنگیە
 كاتێ پشكۆی هەڵچوونم  رادەماڵم
 تا دەستەویەخەیەكی غەریزی دامدەگرێت:وەكو گای كێڵگەكان دەلەوەڕم
 من نەبوخودنەسرم
 وەرزەكان وەكو گژوگیای دژوێن بۆم فڕێدەدرێن و، زار فڕێدەدەمە
 ناو بیری وەرزەكانەوە
 تا نهێنیەك هەڵماڵم
 كە ئەشكەنجەم دەدات؟
 بەدرێژایی شەو ئەشكەنجەم دەدات ، قوولەی كەڵەشێری
 سەربڕاو.
 تا نهێنیەكە هەڵماڵم و
 گوێم لە ژاوەژاوی گەردوونەكان بێت؟
 ( شیوەنێكەو
 پیێان ووتین: زەماوەندە)
 سوپای خەم بە زنجیر رامدەكێشێت و
 زەمان جڵەوی عەرەبەنچیەكە دەگرێتە دەست
 سێبەرەكان پێشمان دەكەون
 لەدوامانەوە:
 هەموو ئەوانە و، هەموو كەسێك
 (زەمان درێژە)، كابرا ووتی .
 خۆر لە سەر ئەم موشەمایەی
 سەر خوانەكەمە
 رۆژێكە وەكو رووخساری خوا هیچ رۆژێك نایگاتێ
 وورشەكانی لە ژێر چاوما دەمێننەوە و، تابن
  وەكو  ڕم  دەمسمێ
 ئەوە خۆری منەو
 ژوورەكەم، ماڵەكەم  پڕدەكات، وەكو گەمی ئارام
 بەباری دیاریەوە لە هەزارلۆغانە سەفەر دەكات.
 خۆر لەسەر قاپلەمەكەمەو
 لە راستی دا  قاپلەمەكەشم بەتاڵە:
 دەنكە زەیتوون،پاشماوەی قەڕنابیت، ئێسقانێك..
 ئەو پاشماوەیانە
 لە پێویستیمان زیاد نەبوون..
 پارچەیەك هەموو رۆژێ، توێكڵێك
 فرێی دەدەینە گێژەنی شەپۆلەوە-قاپلەمەكە بە بەتاڵی دەمێنێتەوەو
 چەقۆكە،چەتاڵەكە دەمێنێ و
 برسێتیم ، ئینتەلابوونمە..
          *
 خۆر ، یان لیمۆیەك
 لە سەر رووی گۆمە بە قەوزە داپۆشراوەكە
  مەلە دەكات
 بەردێك فرێدەدەمە نێو  تۆپەڵەكانیانەوە
 دەلەرێنەوە، جارێكە ، و قووڵاییەكان بڵقە بڵق دەكەن.
 بڵقی وەهەمە پەرتبووەكان
 پاراوەكان كە رووداوەكان بەرجەستەی نەكردوون
  ئەو ژاوە ژاوانەی كە لە ئیعرابا شوێنیان نیە
 چاوچنۆكیەكان، دەهلیزەكان، بەڵێنەكانی دادپەروەریی
 (بە بەختیاریی)
 كەفی ووشەكان لەبۆری واتای
 مێژووەكان و
 كەسێك هەیە فەبرەكەیان بكات و، بە لاستیك بیانسرێنەوە-
 تا بمێنین.
 پیاوەكە ووتی 🙁 هیوا بەسەرچوو
                      ئازار زیاد بوو)
 قوربانیەكەیان لەنێوان
 چوار ئەسپی سەركێش
 بەستەوە.
 سەربازەكان سەرخۆش دەبن. جەنازەیەك لە پشتی گردەكەوە
 رەت بوو. ئایا بەربەریە پێشینەكان
 لەودیوی دەریاوە هاتن؟
 ئایا هاتن ؟
 تەنانەت ئەگەر شوورا چینیەكەشمان دروست كرد هەر دەووترێ: هاتن.
  ئەوان لە ئێمەن و، تێماندان. دوا كەسمان هات
 بۆ ئەوەی بمانخاتە پێكەنین و، بمانگرێنێت و..
 شوورایەك لە كارەسات لە دەورمان دروست كات، بەڵام ، هەر دەمێنین.
 لە ووڵاتی باتاگۆنیا (با)یەك هەیە
 پێی دەڵێن(گسكی خوا)،
 (با)یەك
 دەمەوێ هەڵكات، بە درێژایی رۆژهەڵات
 لە شڕەوپڕە گوڵینەكانیەوەو
 رۆژئاوای چەكدار بە خۆشگوزەرانی: دەمەوێ هەڵیبژێرم
 تا بۆ من بێ
 میوانداری شیتایەتیەكەی بكەم
 چونكە رۆژان وناوەكان گسك دەدات
 روخساری جیهانمان وەكو زبڵدانێك گسك دەدات
 تا لۆچە قووڵەكان لە ژێر
 تۆپەڵی بۆیاغ و
 خوێن و،تاوان و
 شەوەكان, ئاشكرا بن.
 وەرە ، ئەی (با)یەكە
 گسكی خوداوەند، پێشكەوە.
 پیاوەكە ووتی. پیاوەكە ووتی
 بەرد فڕێمەدە گۆمەكەوەو
 لە دەرگا مەدە لەودیوەوە كەس نیە
  جگە ئەمە نەبێ
 مردوە زیندوەكە دابەشە  جار بەجار  لە خۆیدا ، بە بێ خۆم
 زایەڵەكە دێت:
 ئەرێ مردن. ئەوانەی لێرە بوون.
             *
 ئەو یەكە هات كە دەڵێ و،ئەویتر بێ دەنگ دەبێت.
 ئەوە دەڕواو، ئەوەی هاتووە لێرەیە.
 نێوانیان
 وشەیەكە، یان سرتەیەكە،
  نێوانیان چەند رووبارە و رێیانكرد، ئەرتەشەكان تەپڵەكان پێشیان دەكەون و
 كەسیش بە ئاگانەهاتەوە
 نێوانیان قیژەی مەلۆتكەكەیە، بەسەر نووكی ڕمەوە
 لەدەستی یەكەم سەرباز كە سەرخۆشی كوێری كردبوو
 دەرگای ماڵەَكە لاكەل دەكات.
 نیوانیان(موستەفعیلن)، یان لەوانەیە(موتەفاعیلن ) بێ (*)
 نێوانیان جگە لەمن كەسی دیكە نیە:
 ئەوە منم .
 23/1/2007
                      
 كورسی
 كورسیەكەی باپیرەم هێشتا
 لەسەر دیوارەكانی ئۆرۆك
 دەلەرێتەوە
 لە ژێریەوە رووبارێك تێ دەپەرێت و
 زیندو و مردوەكان تیا
 گینگڵ دەدەن..
 ****
 كورسی قامیش
 
 (1)
 كورسیەكی قامیش
 لەسەر لێواری هەڵدێرێكدا
 لارە لار دەكات
 ئەوەی كە پێش تۆزیك لەسەری دانیشتبووم ..
 
 هەر بەتەنها ئەم هەنگاوە بنێم
 ناكرێت ئیمرۆ وەكو دوێنێ بێت
 ئەگەریش هاتوو نەگەم بە هیچ شوێنێك..
 
 ئیمرۆ پێغەمبەرایەتیم
 بە پۆستە بۆ هات، پۆستەكەم وەرگرت
 بەڵام زەرفەكەم نەكردەوە..
 
 پێغەمبەرایەتیەكی زۆر
 كە لەم رۆژانە لە بازاڕەكاندا باون
 دواجاریش ژمارەی كوژراوەكان لە زۆر بووندان.
 
 گوێ بگرە، ئەمە دوا دەنگە
 ئەگەر گوێ نەگریت ،  لەمەودوا  ئیدی چ دەنگێك نیە
 نە بانگەوازچیەك هەیە و، نە گەروویەك.
 
 ئەگەر نەتتوانی بنووی ، مەنوو: لەوێ ، ئەگەر بزانی
 جیهانێك تەواوەتی هەیە لە نەنووستن، چاوەرێتە.
 
 گوێ بگرە ئەم هەواڵە هاتووە
 شاران پڕدەبن لە ماتەمینی پشووی بێوەژنان
 جادەكان پڕن لە جەنازە.
 
 ئەستێرەیەك دەكەوێتە خوارە، سەری كوژراوێك
 لە نێو گەمیەكان دەكەوێتە سەرئاو
 بۆقێكی بە قیڕە لێرەیە.
 مارمێلكێك لەوێ خەون دەبینێ
 
 چیاكان جوولانەوە و هەرەسیان هێنا
 چەند جیهانێك بە تەواوەتی لەسەرسەری خنكاوەكانن
 لەگەڵ ئەوەشدا مشكەكان هاتنەوە جارێكی دیكە پاپۆرەكە پڕدەكەنەوە..
 
 هاژەیەك شەو پڕدەكات
 ئەوەی كوژراوەكان تیا هەڵناسنەوە
 تا بە پەنجەكانیان ئاماژە بكەن بۆ بكوژەكە.
 
 خودەی بەتاڵی سەربازێك
 هاتووە تا مەرگ تیا نشتەجێ بێ، دوای ئەویش خۆڵ هات
 پاشان جاڵجاڵۆكە هات.
 
 لە سەر قەراغی بیرەكە:
 سەرداری شەو ، بۆقی دوورەكان
 رێبوارێك لە ژێر سێبەری دارخورما شت ومەكی رادەخات و گوێ دەگرێت.
 
 (2)
 لەم رۆژە زریاناویەدا ، وەكو خۆم
 نەوڕسێك لەسەر پەرژینێك نشتووەتەوە چاوەرێی ماسیەكە
 یان هەرشتیكی دیكە دەریا بیبەخشێت..
 
 رووخساری گەمژەكان و
 دەنگی مەلە كەلاكخۆرەكان لەدەورمن
 چۆن گەیشتم ، كێ ئەم شوێنەی پێ نیشان دام؟
 
 من خاوەنی ئەم كوێچكەماسیەم و
 هەموو رۆژێك مرواری تیا دەدۆزمەوەو، جارێكی دیكە
 فرێ ی دەدەمە دەریاوە.
 
 هەموو رۆژێك ،چاوەرێی شتێ دەكەم ، یان كەسێك و
 دەزانم ئەوەی بڕوات ، دێتەوە
 هەركەسێك بێت ، حەتمەن دەڕوات..
 
 تینوویەتیم قووڵترە لە بیرەكە
 ئەم سەتڵە كونە ـ لەرێگەی خۆیەوە بۆ بنی بیرەكە
 خۆی دەكێشێت بە دیوارەكاندا
 هەرگیز پڕ نابێت…
 
 بەربوونەوەیەك لە شەوداو، گوێمان لە تەرمێكە
 بەهەموو قورسایی ئادەمیانەی خۆیەوە، خۆی دەكێشێ بە شۆستەكەدا
 ئەوە ئەو مامەیەیە كە لە ئاهەنگی جەنگ گەڕاوەتەوە.
 
 منم كە بەم قاڵدرمەیەدا سەردەكەوم، چەند كەسێ پێش من سەركەوتووە
 پارچەی نهێنی هەڵدەگرمەوە لە سەر هەر فەرشێك و
 پێ دەنێم بەسەر پارچەكانی چیرۆكێكدا..
 
 ئەوە سەحەرە، بینایەكان رووناك دەبنەوە
 لە ئەمریكا گژوگیا بەئاگادێتەوە
 هەر پەلكە گیایەك شێتێكی بیردەكەوێتەوە كە ناوی (واڵت وایتمان) ە..
 
 من بۆ رێكخستنی شیوەن ناشێم
 سەرەرای ئەوەی مردووم زۆرن و، گۆڕەكانیان
  لە دەشتاییەكان بڵاوبوونەتەوە، گورگ هەڵیان دەدڕێت.
 
   هەندێ ووشە هەن ، دەبێ هەبن
 بۆ ئەوەی گەردوون بەردەوام بێت، هەر یەكێكیان جیهانێكی خەسڵەتی تەواوی هەیە
 هەر یەكێكیان هەسارەیەكە.
 
 چغە لە سەگی خێڵ دەكەم
 بۆ ئەوەی بە قورسكە و دان بردنەڕیچەوە بگەرێتەوە بۆ كولیتەكەی و،
 ئەم ئێسقانەی دەدەمێ..
 
 خۆزیا ووشەكان دەمردن
 خۆزیا دەرگاكانی شار دەكرانەوە بۆ چەقەڵەكان
 تاهەموو رۆژێك ئەم ئێسقانە بدەم بە سەگی خێڵ.
 
 (3)
 دەروێشێكیان نایە چاڵ
 دەستی لە گۆرەوە دەرچوو
 بە دەنكی تەزبیحەكە گەمەی كرد.
 
 منم لە شەوێكی درەنگدا دێم
 تا لەدەرگا بدات و
 نازانێ كێ خاوەن ماڵە..
 
 بەندەرێك لە وشە دەنووسم
 تا ئەو پاپۆرانە تیا لەنگەر بگرن كە دەریا خیانەتی لێكردن
 وەكو وورچێك  لە ئەشكەوتەكەم لەدرێژەخەوی خۆیدا دەتلێتەوە.
 
 كێ من بوو
 بەر لەوەی ببم؟ من كێ بووم
 بەرلەوەی ببێ بە من؟ كێ بووم؟ بە كێ دەبم؟
 
 ئاگر ، بەبێ ئەو هیچ روونادات
 شایانی باسكردن بێ، بە بێ ئەو لەپڕ خەوتووەكان هەڵناسن
 بۆ ئەوەی لە شەقامەكانی شار رێبكەن..
 
 خوانێك ، بەڵام بۆ كەسێكی دیكە دانراوە
 جیهانێك، بەڵام سێبەری دەكەوێتە سەر دنیای من
 زریانێك لەوپەڕی دنیاو، منیش… بەری زریان كەوتووم.
 قومێك ئاو، هەركە هەڵیدەقوڕێنی، ئاماژەیەك
 دەبینی لە رێگای تینوویەتیدا..
 
 لە كوێ یە؟ ئەمریكا لە كوێ یە كە لەدەریا پەڕیەوە
 تا منی خەوناوی بۆی بێم؟ ئایا ئەمریكاكەی (وایتمان)
   بە مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێنێتەوە؟..
 
 تەزبیحێك لە موروی پشتم
 لە دەستی خواپەرستێكی بە پەرۆشدایە
 لە گەڕانەوەی خۆی ناكەوێت تا پەرستگاكە دەرووخێت..
 
 نهێنیەك خەون دەبینێ كە بەسەر
 سیبەرا بەرزبێتەوە.سێبەر خەون دەبینێ
 كە بەسەر نهێنیدا بەرزبێتەوە،جیهانەكان وون دەبن .رێگاكانیان لەبەر دەستە.دژواریەكان.
 ئای چ گەشتێكە.
 مردو وزیندو وان لە مەیخانەی سیدۆری
 كێ پێویستی بە خوداوەندە؟
 
 كورسیەكەی باپیرەم  بەامبەر پەنجەرەكە دەلەرێتەوە
 لەسەر دیوارەكانی ئۆرۆك دەلەرێتەوە
 بەبەتاڵییش دەلەرێتەوە، كەسی لەسەر دانەنشتووە…
 
 *****
 رۆژ لە كەركوك
 
 مانگاكان لە سێبەری پاڵاوگاكە نووستوون
 بۆ ئەوەی شیر بژەنن، كاوێژی حوشترخۆر ودڕك وداڵ  بكەن و
 قەلەرەشەكان لەبیرەكەمان
 كە بە پارچە شووشە پەرژین دراوە
 لەسەر نووكی باڵە زەلیلەكان
 نزیك دەبنەوە
 وەك بڵێی دیارین
 لە نەوتی رەش ومازووت
 كە( بیرەكان) لە هەناوی سووتاوی خۆیانەوە تووڕیان داوە
 لەو شوێنەی هەزارلۆغانەیەكی زیوینی بۆریەكان درێژدەبنەوەو
 گڕ لە كێڵگەكانی (ئای پی سی)بە شەوو رۆژ بەرز دەبنەوە.
 لەوێ خۆر خۆی لەسەر پشت دەگەوزێنێ
 لە شوشەی بۆری پەنجەرەوە ماسیەك دوا هەناسە دەدا
 لەوێ جیهان وەكو گەمیە كۆنەكەی نوح دیارە ، كاتێ دوا ماڵئاوایی لە دوا رۆخ دەكات
 لەوانەیە ژنێك خۆی بكات بە ژوورا
 لە هاوشانی پەرژینەكە لە یەكێك لە ماڵەكان شتێكی هەڵگرتبێ
 سینیەكی لەسەر دەستە بەخەنە رەنگكراوەكانیەتی
 بە خاولیەكی خاوێن داپۆشراوە، وەكو تارماییەكی خوێواوی
 جووتە نەعلەكەی تۆزوگەرد دەشێلێ
 بەڵام كپی ناشكێنێ..
 جەستەی مار
 دەكشێ لەدەوری چڵێكی خشخاشی
 پەڕە سوور بە خاوخلیچكی ، لەودیوی دوكانی
 ئەو ئەرمەنیەیەی كە خەوی نیوەرۆ بردویەتیەوە
 سەرە سپیەكەی خستوەتە سەر دەفتەری قەرزەكانی
 چاویلكە پزیشكیەكانی لە ناو تای تەرازووەكەیە
 بەتەنها، بەتەنها وەكو زونارێكی زیندوو لە مورو
 كاكۆلی نیوەرۆ دەرازێنیتەوە 
 بێ دەنگی قووڵترە لە بیرەكە
 لەم لایە دوورەی شارەكەوە..
 سەگەكان بۆنی مەنجەڵ دەكەن بە لەباقەتەوە
 لەسێبەری دیوارەكان و،بۆریەكە ژەنگی گرتووە
  لەسەرەخۆ دڵۆپ دڵۆپ دەتكێتە فنجانێكی شكاوەوە.
 ****
 خەونی كۆڵهەڵگرێك لە سەر پردەكەی قەڵا
 
 (بۆ جەلیل قەیسی لە كەركوك)
 
 
 دەڵێن ئەوە خەمە
 وەكو تێزاب دڵ  كون دەكات و
 وای لێدەكات وەكو تارمایی بەدەوری ماڵەكەی خۆیدا بخولێتەوە
 بەشكو چاوی پێ ی دەكەوێت، تا لە بەردەمیدا بۆ جارێكی دیكە سۆزەكانی هەڵدەرێژێ
 وەكو  شووشەیەكی لەمەی گرانبا پڕ،سوخمەیەكی ژێر عەبای شتە بە تامەكان
 ئەگەر خەیاڵی كرد موچڕكێكی پیا دێت و، دەگری
 هەركە بیری دەكەوێتەوە..
 لەبەر چاوی شتەكان تێكەڵ دەبن ، وەكو نەخشەیەك رێبوارێكی تێ لێهاتوو
  بیخوێنێتەوە، هەندێ جار دوێنێ ی بیردەكەوێتەوە
 وەك بڵێی رووداوەكانی هی ئەو نین.
 كێ داوای لێكرد شت و مەكەكانی هەڵگرێ و، لە چ سووچێك  پێچیكردەوە
 یان پێچی نەكردەوە، لە چ رێگاو بانێك هاتووچۆی كرد.
 ئایا هەتاو بوو
 یان باران دەباری..
 بالۆرەكە باوە ، بەرێزێكی گاڵتەجارەوە
 ئیستا پێی دەڵێن ئاغا یان بەگ
 لە پشتیەوە بە ریشەكانی خۆیان پێ دەكەنن
 هەركاتێ بە داڵغەوە رەت بووایە وگۆرانێكی دەووت:
 ((قەلعەنن دیبندە
 بیر داش ئۆڵایدم))،
 خۆزگە بەردێك بوومایە
 لە ژێر قەڵا
 خۆزگە قەڵا بە بەرزی دەمایەوە
 منیش بەردێك بوومایە لە تەمەڵەكەی..
 دەڵین(( ئەوەی نەدیتراوە ئەو دیویەتی))
 یان ئەوەتا قەڵا بە ماسوولكە ئەستوورەكانی ئەو سەرسامە
  بۆ جارێكی كۆسكەوتوو ،نوێنەكەی بۆ كردوەتەوە
 بەڵام ،چۆن كوێرێك بە پێڵوەكانی دەست دەدات
 لە پاڵتۆی پێغەمبەر و، بۆ یەكەم جار رووناكی داگیریان دەكات
 ئەو رۆژرەی كیژەكەی بینی ، ئەو رۆژەی گالیسكەیەك لەبەردەمیا وەستا
 -لێخوڕەكەی لە خانەكە دراوسێیەتی-خانمێك لێی دابەزی
 سەری بە قژێكی زەرد تاجدار كردبوو
 هەركاتێ خۆر لێی بدات ئەم چاوەكانی بۆ ناخی دەكەونەخوارەوە
 كارەكەرێك لە دوای خانمەكەوەیە
 ئاماژەی پیدا
 نزیك بێتەوە-
 لەسەر ئەو پردەی بۆ قەڵای كەركوك دەچێت
 كە دەروانێتە سەر ئەو رووبارەی بە ووشكی بەناوبانگە !
 قەڵاكەی  بەهەزاران پیلكانە
 زنجیركراوەكە ، سەدان جار پیاندا هەڵگژاوە
  ئەو خانوانەی لەسەر پشتی هەڵگرتووە
 كە ژنان تیا وەكو داڵە مێینە لە پەنجەرە بەرزەكانەوە خۆیان لەتەل داوە
 یان لەو بورجانەوە دەرواننە هامشۆكەران
 هەر دەنكێك كێشانەكەری خۆی هەیە، ئا ئەمە وادەی ئەوە..
 سوپاس ئەی ئەو گالیسكەوانەی كە قەدەرەكان ناردی
 خوا جەزات بداتەوە, جەزات بداتەوە
 بەڵام بۆ منت هەڵبژاردو
 چۆن ئەمرۆ بگەرێمەوە بۆ شوێنەكەی خۆم
 كە هەمبوو بەرلەوەی تۆ ببینم؟
 خۆزكە قەڵا بەبەرزی دەمایەوە
 خۆزكە تاجم نەدەبینی
 ئەرێ كەواتە قەرەبووە
 ئەی سەرداری زیان و قازانجەكان
 لەبری پاشماوەی رۆژە قرچۆكەكان و
 كێ سووەكە دەژمێرێ وكێ حیسابەكەمان دەدات؟
 خۆزگە قەلا..
                                    كێ ؟
 ..من لە تەمەڵەكەیدا بەردێكم.
 كارەكەرەكە لە كونی دەرگاكەوە درهەمێكی پێدا
 لەو شوێنەی بەحەپەساوی هەڵنووت و چاوی بریبووە دەستی و
 كارەكەرەكە بە لەپە خەناویەكەی دای لە پشتی
 تەپ و تۆز لە لبادە قورسەكەیەوە بەرز بوەوە..
 …………………………………………………………………. 
 ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 (*):ناوی دوو كێشن لە بەحری شیعری عەرەبی و ناكرێن بەكوردی..
                 
 
 سەرچاوەكان
 1- دیوانی( یەكەم و دوایی).
 2- دیوانی (ئێسقانێكی دیكە بۆ سەگی خێڵ)
 3- دیوانی (چرابەدەست لە شەوی گورگان).
 4- رۆژنامەی (الحیاە) رۆژی  24/10/2007
 5- روح الحیە    فاچل العزاوی
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.