ئەفرین کورد بەرەو کوێ دەبات؟؟ … برایم فەڕشی


وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەرجەم مێدیای گرێدراوی ناوەندەکانی سیاسەت، ئاگایان لە وردەکارییەکانی هێرشی عوسمانلییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و شاری ئەفرین هەیە، هەرچەند ئەوان داڕێژەری سەرەکی ئەم پرۆژەیەی ئانکارا نیین، بەڵام بە بێ ئاگاداری ئەوان، رووسیە و وڵاتانی ناوچە ئەم هێرشە نەکراوە. زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە خۆڕاگریی بێ وێنەی ئەفرین تێدەپەڕێ و سەرجەم وڵاتانی جیهان و ناوەندەکانی ناونەتەوەیی هەنگاوێکی جیددییان بۆ کۆتایی پێهێنان هەڵنەگرتووە و بگرە ئەوەی ڕوودەدا دڵخوازی ئەوانیشە، نە لە بەر تورکیا بەلكو لە بەر ستراتێژی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئایا تێکشکانی کوردەکان کە لە باشوور و لە ڕۆژئاوا “هاوپەیمانی” ڕۆژئاوا بوون و هەن، مەبەستی ڕۆژئاواییەکانە؟ یان ستراتێژییەکی مەزنتر لە ئارادایە؟ ئایا تێکشکانی کوردەکان چ سوودێکی بۆ ڕۆژئاوای لائیک هەیە؟ پاڵپشتگرتنی وڵاتی عوسمانی کە چوارناڵ بەرەو ئیسلامی بوون دەچێ، چ سوودێکی بۆ ڕۆژئاوا هەیە؟ ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شوێن چیدا دەگەڕێ؟

گەر جوغرافیای سیاسی چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، واتە پێش هاتنە سەر کاری ئیسلامی شیعە لە ئێران بێنینە بەر نەزەر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە شەڕ و ناکۆکی عەڕەب و ئیسرائیل دۆخێکی سیاسی کەمتر ئاڵۆزی هەبوو. ئێران نەک ئەندامی ناتۆ بەڵکوو وڵاتێک بوو کە سەرمایەکەی لە کۆنسێڕنەکانی جیهانی وەک کروپی ئاڵمان و بانکی جیهانیدا دەسووڕا، نەوت بە نڕخی کەم دەگەیشتە دەست ڕۆژئاواییەکان. بەڵام لە ئێران، عێراق، ئەفغانستان، لیبی و عەڕەبستان و میسر دەنگی نوێ کە جیاواز لە گەڵ سیاسەتی ئامریکا و وڵاتانی سەرەکی ئوروپا بوو دەبیسترا. ئۆپێک وەک ڕێکخراوی کۆنترۆڵکردنی نڕخی نەوت دەوری سیاسی دەگێڕا. سۆویەت لە هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق، سوریا، لیبی و تەنانەت ئێران چەشنێک ئاڵترناتیو بوو لە بەرانبەر ئامریکا و ئورووپییەکان . ئەفغانستان ڕاستەوخۆ چووبووە ژێڕ سەیتەرەی سۆویەت.

ئەمڕۆ هیچکام لەو وڵاتانە وەک خۆیان نەماون. سەرانی ئێران، عێڕاق، لیبی، میسر، ئەفغانستان جگە لە ئێران کوژراون و تیرۆر کراون. ئەو وڵاتانە هەموویان یان لە شەڕدان یان لە شەڕدابوون. ئەمڕۆ عێڕاق، سوریا، ئەفغانستان، لیبی وڵاتێکی یەکگرتوو و سەقامگیر نیین. ڕۆژئاواییەکان دەوری سەرەکی لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتانەدا دەگێڕن و چەشنێک لە کۆلۆنی شێوە نوێ بەڕێوە دەبن، کە نە تەنیا لایەنی سیاسی بەڵکوو، ئابووریی، ستراتێژیک و ئەمنیەتی هەیە.

لە هەموو ئەو چل ساڵەدا، تورکیا دوور لە ئاوری شەڕ بوو، جگە شەڕ لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان. تورکیا دوای ڕووخانی سیستەمی عوسمانی و پارچەپارچەبوونی پاش کۆتایی شەڕیی یەکەمی جیهانی، ملکەچی ئووروپپیەکان و ئامریکا بوو. نئۆفاشیستەکانی کەماڵیست بە درێژایی نزیک سەدەیەک لە ڕێگای دیپلۆماسی و مامەڵاتی ئابووریی و تیجاری ژیان و ئابووریان بەڕێوە دەچوو. بەڵام چۆنیەتی ژیان و دەرامەتی خەڵکی ئەم وڵاتە گەلێک نزمتر بوو لە وڵاتانی خاوەن نەوت وەک عێڕاق، سوریە، ئێران، عەڕەبستان، لیبی و شوێنی تر.
تورکیا لە ڕێگای توریسم، سەنعەتی درووستکردنی شووشە، بەرهەمهێنانی خواردنەوەی ئەڵکۆلی، بازاڕی سێکس، کشت و کاڵ ومەڕداریی کە ئەوەی دوایە کەمتر رێگای بازاڕی ئوروپای بۆ کرابووە، ئابوورییەکەی هەڵدەسووڕا. تورکیا هەم لە لایەنی سیاسی پێویستی بە ئورووپا بوو، هەم لە لایەنی ئابووری و نیزامی. بە میلیارد درامەتی توریسم لە ڕێگای ئوروپییەکان و وڵاتانی دەوروبەرەوە دابین دەبوو.
ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران، سۆویەتی پێشوو، عێراق و سوریە کە هاو سنوور بوون لە گەڵ تورکیا، کرانەوەی دەرگای بەهەشت بوو بەرەو ئابووری تورکیا. ئەمڕۆ جگە لە سەرمایەی ئورووپی سەرمایەی ڕووس و ئێرانی و عەڕەب لە بازاڕ و ئابووری تورکیادا دەوری باڵا دەگێڕن. دەبێ بازاڕ و ئابووری باشووری کوردستانیش بە ئابووری و سیاسەتی تورکیاوە گرێ بدەین، کە هەرکیان سوودی لێوەردەگرن.
ئەوەی تورکیا وادار بە سیاسەتکردن لە گەڵ ئەم وڵاتانە بە کوردی باشورەوە کراوە، دەوری بازاڕ و ئابووری و سەرمایەیە، کە ئەردۆغان لە دەساڵی ڕابووردو، دەستەڵاتی خۆی پێ سەقامگیر کردووە، کە باشترکردنی ژیانی خەڵکیش دەگرێتەوە. بووژانەوەی ئایینی و پەرە ساندنی توێژەکانی مامناوەندی سوونەتی، ڕێک ئێرانی ساڵی ١٣٥٧ دێنێتەوە بیر، توێژگەلێک کە لە سەردەمی کەمالیستەکان لە لایەنی ئابووریی و دینی و سیاسی جێگایان نەبوو.

ئەوەیان نەک پایەی ئابووریی، بەڵکوو پایەیی سیاسی تورکیا و ساختاری ئیداریی- قانوونی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تووشی گۆڕان و قەیران کردووە.سەرجە م گۆڕانکارییەکان ڕیگای بۆ دەرکەوتنی کوردیش لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و مێدیایی لە چەند هێلی سیاسییدا ڕەخساند، کە هەمووی ئەوانە و ناکۆکی لە سیستەمی پێشووی ئاتوتورکی و بیری سیاسی و ئیدئۆلۆژی، قەیرانی تازەتری ناوخۆیی لە گەڵ خۆی هاورد.
سەرهەڵدانی داعش، گرووپە تیروریستیەکانی تری ئیسلامی و دەوری تورکیا لە پاڵپشتی کردنیان، تورکیای بەرەو قەیرانی زۆرتری ناوچەیی و جیهانی کێشا، کە پڕڕەنگکردنی ئیسلامیبوونی حکوومەتی ئاکەپەشی لە سیاسەتدا بە دوادا هات. ئەمە و نائارامییەکانی ناو تورکیا و پەرەساندنی ترۆریسم لە شارەکان، زیانی جیددی بە پایەی سەرەکی ئابووریی, واتە توریسم و لایەنەکانی پێوەندیداری ئابووری گەیاند. هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی سوڵتانی کە خۆی لە خۆیدا چەشنێک زیندووکردنەوەی کارێکتێری عوسمانلییەکانە، ئەوانی ڕووبەڕوی ئوروپا و وڵاتانی دەوروبەر کردۆتەوە، کە ئاڵۆزی لە گەڵ ئامریکا، ئاڵمان و ئوروپا لە لایەک و ئاڵۆزی لە گەڵ ڕووسیە چەند لایەنی ئاڵۆزی سیاسی تورکیا دەنوینێ، کە کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆژئاواییەکان، بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی تورکیا پێک دەهێنن.

تێکەڵبوونی تورکیا لە شەڕی سوریە و هاوپەیمانی لە گەڵ هێزە تروریستییەکان، تورکیای ئارامی، تێکەڵ شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوایی کوردستان و سەر شاری ئەفرین قووڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی، ئابووری، نیزامی بۆ تورکیا بەدوادا دەهێنێ. تورکیا لەم قەیرانە دەرباز نابێ و داگیرکردنی ئەفرین نە تەنیا ڕزگاربوون لە قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆیی تورکیا و کۆتایی هێنان بە مەسەلەی کورد لە تورکیا نییە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە لە درێژخایەن هێزەکانی کورد چ هادەپ کە خۆی بە حزبێکی دێموکراتەکانی تورکیا دەزانێ و چ پ ک ک کە خۆی بە حزبی کوردەکان و هەمیسان دێموکرات و چەپەکانی تورکیا دەزانێ، بەرەو دوو ڕێیانی هەڵبژاردنی سیاسی دەبا. یان ئەوان حزبێکی ناو چوارچێوەی تورکیان، یان حزبێکی کوردی پانتایەکی مەزنترن، بە ناوی کورد و جوگرافیای کوردستان.
لە حاڵەتی یەکەمدا هەم هادەپ و هەم پ ک ک ، یان دەبێ لە حاند هێرش بۆ سەر وڵاتی سوریە کە ڕۆژئاوا ئێستاش هەر سەر بەو وڵاتەیە، بێدەنگ بن یان هاوپەیمان. ئەوان ڕێگای یەکەمیان هەڵبژاردووە.

لە پێوەندی لە گەڵ پرسیارەکەی سەرەتای ئەم نووسراوەیە، ڕۆژئاوا چ دڵخواز چ دڵنەخواز تورکیای بەرەو شەڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کێشاوە، ئەم بەشداربوونە لە درێژخایەندا تورکیا یان بەرەوە هەڵوەشانەوە دەکێشێ، یان بەرەو ملکەچبوونی زۆرتری تورکیا لە حاند ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئوروپا و نەمازە ئاڵمان.
بەشداریی زۆرتر و زۆرتری تورکیا لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یانی دابەزینی هەرچی زۆرتری ئابووری ئەم وڵاتە، یانی موحتاجبوونی هەرچی زۆرتر بە چەک و لۆجستیکی ڕۆژئاوا، یانی پێویستی زۆرتر بە پارەی یەکیەتی ئوروپا، بانکی ئوروپا، بانکی جیهانی. واتە وەزعێکی شێوەی یۆنان کە چەپترین حزبی ئەو وڵاتەی لەحاند بانکی مەرکەزی ئوروپا بە چۆک داهێنا. تورکیا بە سیاسەتی دژی کوردانەی کێشراوەتە گەمەیەکی سیاسی کە چارەنووسی وڵاتەکەی پێوە گرێدراوە.
ئێران وەک وڵاتێکی گەورەی پڕ لە کێشە، کە لە هەموو کێشەکانی ناوچەکە بە هێزی نیزامی، سیاسی و ئابووری بەشدارە، قەیرانەکانی گەیشتۆتە لووتکە و دەستەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە نەماوە.

ئێران نە تەنیا لە ناوچەکە وەک ناوەندی زۆر لە کێشەکان دەناسرێ، بەڵکو وڵاتێکە کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابووردو، سەرەڕای دیپلۆماسی و مامەڵاتی بازرگانی و تیجاڕیی و نیزامی لە گەڵ حکوومەتەکانی ناوچە، پێوەندی سیاسی ئاسایی لە گەڵ جیرانەکانی نەبووە و لە ئاستی ناونەتەوەیش سەرەڕای مامەڵاتی میلیاردی لە گەڵ ڕۆژئاوا، چین، ژاپۆن، ڕووسیە و وڵاتانی تر، توانای ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی لە گەڵ هیچ وڵاتێک نەبووە، هەرچەند سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ئێران سوودی بازرگانی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە هەبووە.
ئێران چ لە ناوچەکە و چ لە ئاستی جیهانی هاوپەیمانی هیچ قوتبێکی سیاسی نییە و خۆی و سیاسەتەکانی تەریک ماونەتەوە و بە دەگمەن لە مامەڵاتی سیاسی و دیپلۆماتیکدا سوودی درێژخایەنی وەرگرتووە و بە پێچەوانە لە کۆتایی هەر مامەڵەیەکی سیاسیدا بۆ ڕاگرتنی حکوومەتەکەی، ملکەچ بووە. هەرچەند لە ماوەی چل ساڵی ڕابووردو، بەردەوام سیاسەتی دەرەوەی خۆی سەرکەوتوانە بە خەڵکەکەی فرۆشتبێ.

ئێران کە ئێستا لە گەڵ قەیرانی قووڵی ئابووریی، بێکاریی، هەژاریی گشتی، ناکۆکی کۆمەڵایەتی، میللی، سیاسی، فەرهەنگی ڕووبەڕو و دەرگیری چەند شەڕیی ناوچەیی بووە، گەیشتۆتە لوتکەی قەیرانەکان و بەرپرسانی ڕەدەباڵا بەردەوام دەیدرکێنن کە توانای چارەسەرکردنی قەیران و گیروگرفتەکانیان نەماوە. ئابووریی وڵاتیش گەیوەتە ئەو خاڵەی کە توانای جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان نەمابێ.

تەرخانکردنی زۆرترین بوودجە بۆ بەشی نیزامی ترس و خۆفی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە دوو لایەنەوە دەردەخات، هەم لە لایەنی ناوخۆ، هەم لایەنی ناوچەکە. بێگوومان ڕەنگدانەوەی ئەم وەزعە هەم لە سیاسەتی ناوچە و هەم جیهان خۆی دەردەخات و ئێرانی ساڵانی داهاتوو نە تەنیا بەرەو سەقامگیربوون ناچێ، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ هەموو ستوونەکانی کە لە چل ساڵی ڕابووردو دامەزرێندراون، لەرزۆک دەبێت و قەیران دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕان، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئێرانی یەکپارچەی ئەمڕۆ لە تۆی هیچ سیاسەتێکدا، درێژخایەن یەکپارچە نامێنێ!
گۆڕانکارییەکانی پاش تێکشکانی داعش، رێفڕاندۆمی باشوور، ڕادەستکردنەوەی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بە بەغدا، هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەفرین، یەک ڕاستی بۆ کورد دەردەخات کە لە سیاسەت و دیپلۆماسی سەردەم دا کلۆڵە، ئەوەش دەردەخات کە ستراتێژی سەرجەم حزبەکانی باشوور، باکوور، ڕۆژئاو و ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی ستراتێژیک شکستی هێناوە.
هەموو ڕووداوەکانی شەش مانگی ڕابووردو، دەریدەخەن کە سیاسەتی کورد لە چوارچێوەی هیچکام لەو وڵاتانە لە بەرانبەر تاران و دمێشق و ئانکارا و بەغدا سەرکەتوو نەبووە و سەرکەوتوو نابێ. باشوور لە ڕیفڕاندۆەوە بۆ سەربەخۆیی گەڕایەوە, گەڕاندرایەوە باوەشی بەغدا. ڕۆژئاوا لە لوتکەی بەرخۆداندا گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی دێمشق و ڕازیبوون بە هاوردنی هێزی تیرۆریستی دێمشق و تاران و رووسیە. باکوور لە حاند سیاسەتی هێرش بۆ ئەفرین ئاچمەز بووە، تەنیا کارێکی کە نوێنەران لە پاڕلەمانی ئانکارا کردیان ئەوە بوو چەند وێنە نیشان بدەن و بقیڕنن کە کۆمەڵکوژی کراوە. پ ک ک بە هەمان شێوە لە حاند ئەفرین و سیاسەتی ئەردۆغان لە ناو تورکیا وکوردستان، یەک دژکردەوەی لە خۆی نیشان نەداوە. ڕۆژهەڵات هەموو هێزی خۆی لە نووسینی چەند شیعر و گۆرانی بۆ ئەفرین نیشان دا.
ئەمڕۆ زۆرتر لە هەر کاتێکی تر دەردەکەوێ کە کورد بەرلەوەی داگیرکراوی هەر کام لەو وڵاتانە بێ، داگیرکراوی بیریی سیاسی و ستراتێژی نەزۆکی خۆیەتی. سیاسەتی هەر چوار وڵاتەکە مانەوەی کورد لەو جەغزە و پارچەپارچەبوونی زۆرترە.
ئەوەی هێزەکانی ئیسلامی هەرچوارپارچە لەببەیک بە بەناو جیهادی ئەردۆغان دەدەنەوە، داڕزانی سیاسەت لە کوردستان دەنوینێ. هێزەکانی ئیسلامی کە بە ئاشکرا پاڵپشتی داعش دژ بە کورد بوون و بە دەستی کوردی داعش لە بەر کامێڕاکان سەری پێشمەرگە لە لەشی جیاکراوە، تێگەیشتنی لە مێژینەی ئەو کوردانە بۆ خەلافەتکردن بە سەر کوردستانەوە نیشان دەدات. ئەوان لە هەر چوارپارچە خەونی خەلافەتی ئیسلامی بە کوردستانەوە دەبینن و دەبنە هاودەستی تاران و ئانکارا و بەغدا و دمێشق و سەعودیە و شوێنی تر. ئەو پۆتانسیلەی کە لە موسڵمانی شیعە و سوونی عەڕەب و ترک و فارسدا هەیە، لە کوردەکەشدا بۆ جیهاد دژی کوردی بەناو ناسیۆنالیست، چەپ، لائیک، دێموکرات، نادێموکرات، کرێکاریی، ناکرێکاری هەیە.
کورد تێکشکاوی کیشەکانی ناوخۆیی خۆی و بێ ستراتێژی و گرێدراویی بە سیاسەتی تاران و ئانکارا و دیمشق و بەغدا و فانتێزی سیاسییە. دەنا ڕۆلەكانی کورد دەتوانن کۆبانی و شەنگال و سنە و کرماشان و ئامێد و کەرکووک ڕزگار کەن و وەک ئەفرین بیپارێزن، ئەوەی وڵات ناپارێزێ، سیاسەتی چەوتی حزبەکان و ڕابەر و حزبە گرێدراوەکانە!
ئەفرین بەرەو دەربازبوون لە ستراتێژێکی کۆنی بێ داهاتوو ڕێنمۆنی دەکات، گەر پەیامی ئەم شارە و خەڵکە کەم وێنەکەی بژنەوین. ئەفرین بەڵگەیەکی زیندووی دۆڕانی سیاسەتی کورد لە یەک سەدەی ڕابووردوە. بانگی ئەفرین ستراتێژی هەمەگیر و هەمەلایەنی کوردستانییە، کە بە پێی قانوونی ئانکارا و تاران و دمێشق و بەغدا داناڕێژدرێ، بە پێی بەرژەوەندیی کورد خۆی لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵۆزییدا دا دەڕێژرێ، یان خۆ لە ستراتێژییەکی ئەوتۆدا دەبینیننەوە، یان خۆمان ڕێگا بۆ تڕاژێدییەکانی داهاتوو خۆش دەکەین/