Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەرنامەى خوانى گەلى كوردستان….پێشڕەو حەمید

بەرنامەى خوانى گەلى كوردستان….پێشڕەو حەمید

Closed
by January 8, 2009 گشتی

 بەرنامەى خوانى گەلى كوردستان
 سەرەتایەك بۆتێكشكاندنەوەى كەسایەتى تاكى كورد
 ( مەپرسە ئارەزوى چى جۆرە خواردنێك دەكەى , بپرسە بۆچى خەڵكى كوردستان  هەژارن )
 پێشڕەو حەمید
 ئینتهازیەتى دەسەڵات و ناعەدالەتییەكانى دەسەڵاتى كوردی هۆكارگەلێَكى گەورەن بۆ  هەژاركردن هەزاران خێزانى كوردى و دروستكردنى  تاك گەلێكى بیمارو تێكشكاو لە كۆمەڵگاى كوردیدا , خودى دەسەڵاتیش لەداوى دروستكردنى ئەو قەیرانانە بۆ ڕەوشى گوزەرانى ( تاك و خێزان ) ى كوردى , هێشتا نابەرپرسانە بەناوى هاوكارى كردن و باشتركردنى ڕەوشى شێواوى ژیانیان لەڕێگەى چەندین كەناڵى جیاوازەوە سەرقاڵى زیاتر تێكشكاندنى ناخى مرۆڤەكانەو  لە ڕێگەى نیشاندانى ئەو مرۆڤانەوە لە شاشەى تەلەفزێونەكانانەوە  و لە ڕوپەڕى ڕۆژنامەكانیاندا , جارێكى تر بانگەشەى پلە دوى مرۆڤ و بەكەم تەماشاكردنى ئەو مرۆڤانەدەكات كە دورن لە دەسەڵاتەوە و نەبونەتە دار دەستى .
 گەرچى هیچ مرۆڤێك ناخوازێت لە ساتێكى هەمو تەمەنیدا بەدەست هەژارییەوە گیرۆدەببێت و داواى هاوكارى بكات بۆ دەربازبونى لەو دۆخە ئازار هێنەرەى كە تێى دەكەوێت ,بەڵام  كەناڵە حیزبیەكان بۆ جوانتر كردن و میكیاژ كردنى ڕِوخسارى دزێوى دەسەڵات و ناعەدالەتیەكانى , مرۆڤەكان دەكەنە نێچیرو بەناوى هاوكارى كردنەوە هێندەى تر لەبەرامبەر ڕەحمى بێویژدانى دەسەڵاتدا بچوكیان دەكەنەوە و هێندەى تر ناخیان تێكدەشكێننەوە , وەك ئەوەى كە لەبەرنامەى ( خوانى تەلەفزێونى گەلى كوردستان ) دا دەیان بینین .
 بەرنامەى خوانى تەلەفزیونى گەلى كوردستان یەكێكە لەو بەرنامانەى ترى دەزگاى ڕاگەیاندنى حیزبى كوردى كە بەناوى هاوكارى كردنەوە هەوڵى تێكشكاندنى كەسایەتى تاكى كوردى ئەدات و هەژارى و دەستكورتى خێزانەكان دەقۆزێتەوە هەندێك كەسیش نائاگایانە ئەو جۆرە هاوكاریكردنانە بە كارێكى باش دەزانن و چەندین خێزانى ترى هەژاریش چاوەڕوانن ستافى ئەو بەرنامەیە بڕۆنە ماڵەكانیان و هاوكارى یەكى ڕەمزى بكرێن ؟! نیشاندانى چەنددیمەنێكى ماڵ و وێنەى ئەو كەسانەى كە پێكەوە خێزانێكى هەژار دروست دەكەن لەسەر شاشەى تەلەفزێون ئەمڕۆ یەكێكە لەترسناكترین كار كە خودى تەلەفزێنى گەلى كوردستان دەیكات و مرۆڤەكان لە ڕوى دەرونى و خێزانى و كۆمەڵایەتیەوە تێك دەشكێنێت ؟ چونكە نیشاندانى دیمەنى خێزانێكى هەژار لەتەلەفزێۆنەوە  نیشاندانى نهێنى چوارچێوەى خێزانێكە , لەكاتێكدا تەواوى خێزانەكان لەنێوان چوار دیواردا بەمەبەستى پاراستنى نهێنێكانینان شتێكیان بونیاد ناوەو ناویان لێناوە ( خانو ) كەچى بەناوى سوكتركردنى بارى گوزەرانى ناخۆشى خێزانەكان زومى كامێرایەك تەواوى نێهێنەیكان دەخاتە سەرشاشە و لەدواى خۆى چەندین خوێندنەوەو  چیرۆك بۆ مرۆڤەكانى ترى كۆمەڵگا بەجێدەهێلێت لەكاتێكدا نیوەى كۆمەلگاى كوردى كار بۆ سوككردن و تڕۆكردنى یەكتر دەكەن .
 سەرە ڕاى بونى ڕێژەیەكى زۆرى هەژارى لەكوردستاندا , هێشتا بەرنامەى ( خوان ) ى تەلەفزێونى گەلى كوردستان نەیتوانییەوە قسە لەسەر ئەو هۆكارانەبكات كە خێزانەكانى هەژار كردوە و لەهیچ بەرنامەیەكیدا پەنجەى نەخستوەتەسەر ئەو هۆكارانەى كە بۆچى دەبێت خێزانێك نانى ژەمێكێان بپێ دابین نەكرێت و كەسە نەخۆشەكانیان لەبەر پێى پارەى ناتوانێت سەردانى نەخۆشخانەبكات بەمەبەستى چارەسەركردنیان ,  لەكاتێكدا  سەروەت و سامانى میللەتێك بەهەدربڕوات و بەهۆى هەڵیسانى ڕێژەى گەندەڵى لەكوردستاندا چینى باڵادەست و چینى مرۆڤەهەژارەكان تادىَ بەرەو زیادكردن دەڕوات ؟
 خوانى تەلەفزێونى گەلى كوردستان بۆچى لەكاتى دواندنى خێزانەكاندا قسەلەسەر ئەو هەمو ناعەدالەتیانەناكات كە دەسەڵاتى كوردى داهێنەریەتى و بۆچى یەكەسەر قسە لەسەر ئەوەدەكات ئاخۆ حەزیان لەچى جۆرە خواردنێكە تا بۆیان ئامادەبكات ؟ بۆمەگەر خودى كەناڵەكە نازانێت هەرلەدواى تەواوبونى بەرنامەكەیان خێزانەكان جارێكى تر برسیان دەبێتەوە و چاوەڕوانى ژەمێكى خۆشتر دەكەن ؟
 ئەگەر بەرنامەى ( خوان ) دەیەوێت دور لەئەجینداى حیزبییەوە كار بۆهاوكارى كردنى خەڵكانى كەم درامەت بكات ئەوا لەبرى ئەوەى وێنەى كەسەكان نیشان بدات و ئیشتهایان تاقى بكاتەوە بەگێرانەوى چیرۆكەكانیان بینەران توشى ئازار بكەن , ئەوا باشترە كە بەرلە هەرشتێك ئەو بەرنامەیە درێژەێنەدەن و ڕایبگرن و ستافى بەرنامەكە ناوى سەرجەم ئەو خێزانانە لاى خۆیان دیكۆمێنێت بكەن و بەشێوەیەكى نێهێنى و دور لەو زومى كامێراوە كۆمەكیان بكەن  , ئەگەر نـا ئەوا با ستافى بەرنامەى ( خوان ) بپرسن (  بۆچى هەمیشە سەر  خوان  هەیە پڕە لە پێكەنین و تێرى , سەر خوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى  ) ئینجا بەردەوام بن لە  تێكشكاندنى كەسایەتى تاكى كوردى .    
 تێبینى/
  ئەم بابەتە لە رۆِژنامەى ( هاوڵاتـى ) ژمارە ( 488 ) ى ڕۆژى چوارشەممە بەروارى ( 7/1/2009 ) لە لاپەرە ( 15 ) دا بڵاو كراوەتەوە .
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.